سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

داهاتوی بەرەی تەحریر شام لە كابینەكەی جۆ بایدندا بە كوێ دەگات؟

21/01/2021


بەرەی تەحریر شام (بەرەی نوسرەی پێشوتر) لە چەند مانگی رابردودا هەوڵیداوە خۆی بە گروپێكی میانڕەو نەك گروپێكی»جیهادی» لە نێو گروپەكانی تردا پیشان بدات، تا بەوجۆرە لە لیستی گروپە تیرۆریستییەكانی ئەمریكا بێتە دەرەوە.

لەم روەوە، «ئەبو محەمەد جوڵانی» دامەزرێنەر و سەركردەی گروپەكە، ژمارەیەك لەسەرانی توندڕەو بە تایبەت ئەوانەی سوری نین دەركردوە و هەوڵیداوە شوێن پێی خۆی لەئیدلب بەهێز بكات تا پیشانی بدات هێزێكی ناوخۆییە لە ناوچەكەدا كە خەڵكی مەدەنیش پشتیوانی لێدەكەن.

هاوكات ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەم دواییانەدا چەند هێرشێكی كردە سەر گروپی «حراس الدین» كە پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ قاعیدە هەیە و لەگەڵ «تەحریر شام» چەند جار روبەڕو بونەتەوە. زۆرێك لە سەرانی ئەو گروپە ئەوانەن كە لە جۆڵانی و تەحریر شام جیابونەتەوە.

هێرشی بەردەوام بۆ سەر گروپە نەیارەكانی تەحریر شام و سەركردەكەی لەلایەن ئەمریكاوە، ببوە هۆی ئەوەی زۆرێك پێشبینی بكەن كە بەگۆڕانكارییە مەیدانییەكان، ئەمریكا و روسیا و توركیا لەهەوڵی رەوایەتی پێدانی تەحریر شام و دەسەڵاتەكەین لە باكوری سوریا.

لەكۆتایی مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردو، ئەمریكا رایگەیاند پاداشتی هەر كەسێك دەكات كە زانیاریان لەبارەی شوێنی «ئەبو محەمەد جۆڵانی» بداتێ. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە تویتێكدا رایگەیاند؛ «هاوڵاتیان تاوانەكانی گروپی بەرەی نوسرە لە بیر ناكەن.»

زۆرێك لەچاودێرانی دۆخی سوریا، ئەو هەنگاوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكایان بەغافڵگیر و هۆكاری سەرلێشێوانی جوڵانی زانی. بەتایبەت كە لە مانگی شوباتی ساڵی رابردو، «جەمیز جێفری» نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا رایگەیاندبو بەرەی تەحریر شام ماوەیەكی زۆرە كە وەك هەڕەشەیەكی نێودەوڵەتی ناژمێردرێت.

لەدوای ئەو لێدوانەی جێفری، جوڵانی لەگەڵ گروپی نێودەوڵەتی قەیران كۆبۆوە و بەجەختكردنەوەی پەیوەندییەكەی لەگەڵ قاعیدە، بڵێنی دا كە خاكی سوریا نابێتە شوێنی هیچ هێرشێكی دەرەكی.
بەهاتنە سەركاری «جۆ بایدن» سەرۆكی نوێی ئەمریكا، چاوەڕێ دەكرێت كە جارێكی دیكە پەیوەندی جوڵانی و ئەمریكا تێكبچێت و هیچ جۆرە لێك تێگەیشتنێك لە نێوانیاندا نەیەتە ئاراوە. بەمەش رەنگە بایدن دۆسێی ئەو گروپە بداتە روسیا و توركیا.

لە لایەكی دیكەوە، تا ئێستا توركیا هیچ پەیوەندییەكی ئەوتۆی لەگەڵ تەحریر شام نەبوە، بە جۆرێك نە هێرشی كردونەتە سەر، نە لە رێی چەكدارەكانی لە سوریا مامەڵەی لەگەڵ كردون، بەڵام روسیا تا ئێستا چەندین جار هێرشی كردۆتە سەر بەرەی تەحریر شام، بەم جۆرە هەر جۆرە پێگە پێدانێك بە تەحریر شام، پەیوەستە بە لێكتێگەیشتنی روسیا و توركیا لە سوریا.

خاڵكی گرنگ و كۆتایی لە بارەی دوایی هاتنی پێگە و رۆڵی تەحریر شام لە سوریا، ئەوەیە كە بەبێ رون بونەوەی ئایندەی گروپە توندڕەوەكانی دیكە، لەوانە «حزبی تركستانی ئیسلامی» و «حراس الدین» لە كردن نایەت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە داهاتویەكی نزیكدا ئەگەری دابەشبونی تەحریر شام چ لە ئەنجامی لێك تێگەیشتنی توركیا و روسیا، چ لە دەرەنجامی رۆڵی یەكلایەنەی ئەمریكا لە سوریا لە ئارادایە.
سەرچاوە/ كوردستانی نوێ‌

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.