سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

گورگە بۆرەكانی توركیا لە كەركوك نمایش دەكەن

21/01/2021


لە ماوەی چەند مانگی ڕابردو وڵاتانی ئەوروپا بە وردی كار لەسەر قەدەغەكردنی ڕێكخراوی "گورگە بۆرەكان" دەكەن، كە بە ڕێكخراوێكی نهێنی توركە ڕەگەزپەرستە ئیسلامییەكان دادەنرێ، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕۆژانی ڕابردو سەرۆكی بەرەی توركمانی و چەند ئەندامێكی هێزەكانی توركمان ئاماژەی گورگە بۆرەكانیان بەرز كردوەتەوە و وێنەیان لە میدیاكان بڵاوكراوەتەوە، ئەمەش ناڕەزایی پێكهاتەكانی تری كەركوكی لێ كەوتوەتەوە.

ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی لە سەردانی بۆ بارەگەكانی هێزی "درعی كەركوك، فەوجی شەهیدانی توركمانی سەر بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی" لە شارەدێ و گوندەكانی توركمان لە دەوروبەری شاری كەركوك، لەگەڵ ژمارەیەكی هێزەكان وێنەی گرتوە و هێمای گورگی بۆریان بە پەنجەكانیان بەرز كردوەتەوە.

ئەو ئاماژەیە كە بریتییە لە بەرزكردنەوەی دەست و نوشتاندنەوەی دو پەنجەی ناوەڕاست و پەنجە گەورە و هێشتنەوەی پەنجەی بچوك و پەنجەی شایەتومان بە وەستاوی، كە هێمای گروپی گورگی بۆرە و نیشانەیە بۆ ڕەگەزپەرستی و شانازیكردن بە توركبون و بە گرنگتر زانینی تورك لە گەلانی تر، ئەمە یەكەمجار نییە كە بەرپرسێكی حزبی توركمان ئەو هێمایە بەرز بكاتەوە، پێشتریش نیازی میعمار ئۆغلۆ ئەندامی توركمان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە نێو دانیشتنی پەرلەمان ئەو هێمایەی بەرز كردەوە، كە كاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا.

ئەو جموجۆڵەی ئەرشەد ساڵحی و بەسەركردنەوەی هێزەكانی توركمان و بەرزكردنەوەی ئەو هێمایە، هاوكات بو لەگەڵ هاتنی خلوسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا بۆ عێراق و كۆبونەوەی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی بەغدا و هەرێمی كوردستان.

خلوسی ئاكار دوای تەواوبونی دیدارەكانی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، سەردانی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە هەولێر كرد و دوپاتی كردەوە، لەگەڵ حكومەتی عێراق ڕێككەوتون، بۆ بە ئامانج گرتنی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و بە هەماهەنگی و هاوبەشی هەردولا.

ئاماژەی بەوەشكرد، قۆناغی داهاتو بەرەوپێشچونی گرنگ و گەورەی لێ دەكەوێتەوە لە نێوان بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە، توركیا زۆر بە چڕی و وردی كار دەكات، بۆ دەركردنی سەرجەم هێزەكانی پەكەكە لە چیای شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری.

توركیا لە دوای ڕوخانی بەعسەوە گرنگی زۆر بە كەركوك و توركمانەكانی كەركوك دەدات و وەك بیانو و هۆكارێك بۆ دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی عێراق و تەنانەت سوریایش توركمانەكان بەكاردەهێنێت، تا لەو ڕێیەوە هەژمون و پێگەی خۆی لەو دو وڵاتە بەهێزتر و فرەوانتر بكات.

پێشتر لە چەندان بۆنەدا سەرۆك كۆماری توركیا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە نەیانشاردوەتەوە و بە ئاسایی لە میدیاكانەوە لێدوان دەدەن و كەركوك بە شارێكی توركمانی دادەنێن، دواجاریش ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی توركیا لەبارەی كەركوكەوە وتی، بەڵێ لە كەركوك كورد و عەرەب بونیان هەیە، بەڵام ناسنامەی فەرمی و بنەڕەتی شارەكە توركمانییە.

چاودێران و شارەزایانیش دەڵێن، ساڵحی بە بەرزكردنەوەی هێمای گورگی بۆر دەیەوێ كێشە و ناكۆكییەكان لە كەركوك قوڵتر بكاتەوە، چونكە عەرەب و كوردەكانی پارێزگەكە بە توندی ناڕەزایی بەرانبەر بەو هەنگاوەی بەرەی توركمانی دەردەبڕن و سەركۆنەی دەكەن.

ڕۆژنامەی "العرب" لە ڕاپۆرتەكەی لەوبارەوە دەڵێ، بەرزكردنەوەی ئاماژەی گورگی بۆر لەلایەن ئەرشەد ساڵحی و چەكدارەكانی تری توركمانەوە، نیشانەی ئەوەیە كە بەرگری لە نیشتمانی توركەكان دەكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە كە توركمانەكان لە هەڵبژاردنی ڕابردوی عێراق تەنیا سێ كورسی كەركوكیان بردوەتەوە، لە كۆی 13 كورسی پارێزگەكە.

ڕێكخراوی گورگە بۆرەكان مێژوی دروستبونی بۆ 60 ساڵ پێش ئێستە دەگەڕێتەوە و سەرەتایش عەلی یەدلەب ئارسلان توركش ئەفسەری پێشوی سوپای توركیا ئەو ڕێكخراوەی دامەزراند و ئەو هێمای دەست بەرزكردنەوەشی بۆ ئەندامانی ڕێكخراوەكە دانا.

بە ڕێكخراوێكی نەتەوەپەرست و توندڕەو ناودەبرێ، كە خەریكی ستەمكردنن بە نهێنی لە كورد و ئەرمەن و یۆنانی و عەلەوی و كریستیانەكان كە لە توركیا و ناوچەكان بونیان هەیە، باوەڕیان بە كوشتن و خوێنڕێژیییە و چەندان تۆمەتی ترسناكیان لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا ئاراستە كراوە، بە تایبەت هەوڵی كوشتنی پاپا یوحەننا پۆلسی دوەم لە 1981 و بەشداریان لە شەڕی چەكدارە تیرۆریستەكانی چیچان لە دژی ڕوسیا، هاوكات بە نهێنی چەك و كەلوپەلی سەربازی بۆ هاوپەیمانەكانیان دەگوێزنەوە، بەوهۆیەوە لە فڕەنسا و نەمسا قەدەغەكراوە و ئەڵمانیا و وڵاتانی تریش هەوڵی قەدەغەكردنی ئەو ڕێكخراوە فاشیست و توندڕۆیە دەدەن لە وڵاتەكانیان، چونكە سەرچاوەی نائارامی و ئاژاوەن لە ئەوروپا.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.