سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دەربارەى عەقڵى باو

18/01/2021


وەلید عومەر

سەرچاوە: وێبسایتی گروپی نێگەتیڤ

 

عەقڵى باو, هەست و شعورى باو, درکى باو, فامى زۆرینە (common sense), هەم وەک چەمکێکى ڕەسمى لەناو مێژووى بیرکردنەوەدا کارى لەسەر کراوە و هەم زۆرجاریش وەک پۆلى پێچەوانەى بیرکردنەوە باسکراوە. واتە وەک ڕووبەرێک کە بیرکردنەوە دەوەستێت, حیکمەتى عەمەلى و ئەزموونى پێشینان و ڕەفتارى ڕۆژانەیی دەبێتە تاکە سەرچاوەى هەڵسوڕاندنى خەڵک.

 سنورى نێوان «تیۆر»(تیۆر لە «»دا), و دەرەوەى تیۆر, سنورێکى نەگۆڕ نیە بەڵکو تەنک و پێچەڵپێچە. واتە, کێشەى سنورى نێوان عەقڵى تیۆرى و عەقڵى باو ئەوە نیە زۆر دوورن لەیەک, بەڵکو بەپێچەوانەوە کێشەکە نزیکییەکەیانە. بەم پێیە, کۆمۆن‌سێنس, ناوى کێشەیەکە, کێشەى سنورێک, و زۆرى دەوێت بنکۆڵبکرێت, بەڵام چاریشمان نیە جگە لەوەى دەست لەو کێشەیە وەردەین. هەروەها بۆ ئەوەى عەقڵى باو, بەر ناونانى عەقڵى باو خۆى نەکەوێتەوە ئەوا هەر وا باشتر بێت ناوى کێشەکە بە کۆمۆن‌سێنس‌ بهێڵرێتەوە(لانیکەم بۆ ماوەیەکى کاتى).

کۆمۆن‌سێنس‌, بە واتایەکى تایبەت عەقڵێکى ساکارە, شتەکان زوو دەگۆڕێتە سەر کڵێشە, کورتکردنەوەش یاساى زێڕینى ئەوە. هەتا گەر بێتو نەڵێین, کورتکردنەوە(Reduce) کرۆکەکەیەتى. بۆنمونە: زۆرجار کەسێک لە ڕووبەرى کۆمۆن‌سێنس‌ەوە خۆى دەکات بەناو باسێکى تیۆرییدا و دەڵێت: «بەکورتییەکەى مەبەست لەوەیە...». یان دەوترێت «کورتەى مەبەست لەمە زیاتر نیە...». کورتکردنەوە جار هەیە ڕەوایەتیی خۆى هەیە, جۆرێک لە ڕوونبوونەوەى دەمودەست پێویستە, بەڵام ئەم حاڵەتانە ئاوارتەن و چەشنى کۆمۆن‌سێنس‌ ڕێسا نین. کورتکردنەوە و سادەکردنەوە, قرتاندنى کۆمەڵێک ختووە و هەنگاوى ئاڵۆزترە کە وەک ئەڵقەیەکى ونبوو بەڵام کارا و کاریگەر لەناو باسێکدا کاردەکەن. بەڵام کۆمۆن‌سێنس‌ خۆى کەشێک دەڕەخسێنێت کە شتەکان بەشێوەى خۆڕسک کورتببنەوە, هەتا گەر بێتو بکەرێکى ڕوونیش نەبێت ئەو پرسانە کورت و ساکاربکاتەوە. ئەم باسە, ڕیشەى دەچێتەوە سەر باسى "بونیاد" و "سياق" و "دۆخى بابەتى" و هتد كە ڕێساکان بەبێ دەستوەردانى ڕاستەوخۆى بکەرەکان و مرۆڤەکانیش هەر باسەکان هەڵدەسوڕێنن. لەلایەکى ترەوە, زۆرجاریش بە کۆمۆن‌سێنس‌, دەوترێت عەقڵى سەلیم, ئەم سەلیمبوونە گەرچى لەڕواڵەتدا ئەرێنییە بەڵام مەبەست لێى نەرێنییە. سەلیم واتە سپ و ساغ و نەشڵەژاوە و دەستى لێنەدراوە. گەر عەقڵى باو, سالم و سەلیم بێت ئەوا عەقڵى تیۆرى عەقڵێکى تینوو و تەواونەکراوە.

کۆمۆن‌سێنس‌, خۆى ئەگەرێکى ئامادەى نزیک لە پانتایی تیۆرى و ڕۆشنبیرییشە. پەتایەکە ئاسان باسێک یان کۆباسێک یاخود پانتایی ڕۆشنبیرییەک ئالودەدەکات.  بۆ ئەوەى نمونەیەکى بەرجەستە بێنینەوە, سەیردەکەین ئەوەى لە فرۆیددا جێى سەرنجى خەڵکى هاوسەردەمى خۆى و دواتریش بووە, مەسەلەى لەدەمدەرچوون و لەدەستدەرچوون و سەهووەکانە. ئەم دیوەى تیۆرەکەى فرۆید هەڵگرى قووڵاییەکى ترە کە لانیکەم بە دیوێکدا باسى نایەکانگیریی مرۆڤ و زمان دەکات یان ئەوەى کە چۆن ئێمەى مرۆڤ لەسەر بنکێکى ئۆنتۆلۆژیی ساف هەڵنەکەوتووین. بەڵام بەپێى کۆمۆن‌سێنس‌, ئەم کردارە "چەوت"ـانە لەوێوە سەرنجڕاکێشن کە کەتنێکى سەرگەرمکەر یان وەڕسکەر کەشفدەکەن, جۆرێک لە لێقەومانى لاوەکى. یان نمونەیەکى تر, لە خەواندنى موگناتیسییدا ئەوەى بۆ کۆمۆن‌سێنس‌ جێى سەرنجە ئەو کەشە تەمومژاوییەیە کە مرۆڤ بە فەن و فێڵێکدا تێدەپەڕێت و هتد. بەڵام بەپێى کەشى بیرکردنەوەى تیۆرى, یەکێک لە ڕاستییەکان ئەوەیە لە خەواندنى موگناتیسییدا «وشە, لە ئاگایی جیادەبێتەوە». ئەم دەربڕینەى ناو کەوانەکە کەشى ناو هیپنۆتیزم پیشاندەدات, هیچ سەرنجڕاکێشى و کەمەندکێشییەکى بۆ کۆمۆن‌سێنس‌ نیە و سەریشى پێى دێشێت. ئەمانە تەنیا نمونەى فۆرماڵن و دەکرێت هەر نمونەیەکى تریشیان بخرێتەجێ. کۆمۆن‌سێنس‌, بە گوزارە حازرەکانەوە دەگیرسێتەوە و بەرگەى ئاڵۆزى ناگرێت و هەر دوورکەوتنەوەیەک لە خۆى وەک تەنێکى نامۆ سەیردەکات. ڕەنگە لێرەشەوە بێت کۆمۆن‌سێنس تەنانەت بۆ پێوانەکردنى ئاستى ژیریی خۆى, پێوەرێکى ئاڵۆز و تیۆرى داناهێنێت بەڵکو نمرەیەکى چەندایەتى دێنێتەگۆڕێ کە لەمڕۆدا ناوى "ئاى‌کیو"ـە.       

دیارە کۆمۆن‌سێنس‌ى هەر سیاق و کۆمەڵگایەک, تایبەتمەندیی خۆى هەیە. شتى هاوبەشیان هەن, بەڵام لە وردەکارییدا لێک جیادەبنەوە. مرۆى نوخبەوى و مرۆى ئاساییش لەویادا کۆمەڵێک ڕێساى هاوبەشیان هەیە, بەڵام دیسان لە وردەکارییدا جیادەبنەوە. جاریش هەیە, کەسى دەستەبژێر و تەڵبژێریش دەکەوێتە ناویەوە. هاوکات لەپاڵ مناڵ و کەسانى ئیفلیج‌زەیندا, کە گوایە زۆر ناتوانن ڕێساکانى کۆمۆن‌سێنس‌ بخەنەگەڕ, کەسانێکیش هەن هیچکام لەم دووانە نین و دەشتوانن بەشێکى جەوهەرى نەبن لە کۆمۆن‌سێنس‌: بیرکەرەوەى تیۆرى.

دەتوانین دیسان دوو نمونە بۆ کۆمۆن‌سێنس‌ى گڵۆباڵ و لۆکاڵ(جیهانى و خۆجێى) بێنینەوە تا کەمێک لە باسەکە نزیکبینەوە: ئەمڕۆ کە لە بەشى وێنەى گوگڵدا بۆ وشەیەک دەگەڕێین, دەلالەتى یەکەم کە وشەکە وەریگرتووە سەر بە مەدلولەکانى کۆمۆن‌سێنس‌ە. ئەوە دواتر و درەنگترە, مەدلولى زمانەوانیی وشەکە خۆى دێنێت. سەرەتا لۆگۆ و ناوى کۆمپانیا و خواردنگە و بەرنامەى تەلەفزیۆنى و شارى یارى و هتد دێنێت, واتە ناوێکى تایبەت و پاوانکراو دەخاتەڕوو(مرۆڤ دەتوانێت زۆر وشە تاقیکاتەوە, هەر بۆ وێنە یەکێک لەوانە وشە و فرمانێکى مەعنەویی وەک express کە بە واتاى "دەربڕین و ..." دێت بەڵام ئێستا بەپێى کەشى کۆمۆن‌سێنس‌ وەک ناوێکى بەناوبانگى شوێنێک دەیهێنێت). ئەم نمونەیە بۆ زۆر مرۆڤى ئەمڕۆى دونیا ڕاست دەردەچێت لە بەرکەوتنیدا بە گوگڵ, بەڵام نمونەیەکى ناوخۆیی و لۆکاڵى لێرەدا دێنینەوە: لە کۆمۆن‌سێنس‌ى ئێمەى کورددا, هەرکەس قسەیەکى کەمێک دوورتر لە کۆمۆن‌سێنس‌ دەربڕێت, ئاسان نازناوى فەیلەسوفى بەسەردا دەبڕدرێت(بە کەمێک تراژیدیاى زیاتریشەوە, لاى ئێمە پرۆفیسۆر بەخێرایی لەگەڵ وشەى فەیلەسوفدا تێکەڵدەکرێت). ئەم نمونەیە, بیرخەرەوەى ئەو ڕاستییەى کەمێک لەمەوبەریشە کە گرفتى کۆمۆن‌سێنس و بیرکردنەوەى تیۆرى لە نزیکییەکەیاندایە نەک دوورییەکەیان, بۆیەشە زۆرجار لەناو دامودەزگا و ڕووبەرى نوخبەییدا‌ کورتکردنەوە و کڵێشەسازى و ناونانى دەقبەستوو قبوڵدەکرێت.

 کۆمۆن‌سێنس, دیوى دەرەوەى تیۆرەکان خۆماڵیدەکاتەوە. دەیچەمێنێتەوە و ملکەچى کڵێشەکانى دەکات. ڕەنگە لێرەشەوە بێت بیریارگەلى چەشنى دێرێدا و لاکان و هتد, بەوریاییەوە وزەیەکى خز لەناو تێزەکانیاندا جێدەهێڵن, وزەیەکى دژەکڵێشەیی و ئاساییبوونەوە و بگرە دژەپراکتیکیش. بۆ ئەوەى لە زەینماندا ئەو دابەشکارییە و بگرە ئەو گومانەش درووستنەبێت کە کۆمۆن‌سێنس خراپەى ڕووتە, ئەوا نمونەیەکى ڕاستەوخۆ لەناو دونیاى نوسینەوە بیردێنینەوە: بەپێى نوسینى باو, کاتێک خەڵک پەلامارى شوێنێک دەدەن و تاڵانیدەکەن(چەشنى ئاڕئاڕەکە کە هەمیشە ئەگەرى دووبارەبوونەوەى هەیە), ئەوا یەکەم دەرەنجام ئەوەیە خەڵک دەیانەوێت ئەو شتانەیان هەبێت کە تاڵانیدەکەن و ماڵى حکومەت(کوردى بێت یان ناکوردى) دەدزن تاکو بگەن بە جۆرێک لە دارایی و سامان. واتە ئەم دەرەنجامە هەمیشە وەک کڵێشەیەکى پیرۆز کاردەکات و چەشنى خراپەیەکى پیرۆزیش دەوترێتەوە. کۆمۆن‌سێنسى ڕۆشنبیرى, لەویادا دەوەستێت کە سەرەتاى دیاردەکە بگوازێتەوە و بەس. بەڵام گەر بمانەوێت قەیران/ڕەخنە بۆ ئەم کۆمۆن‌سێنسەى ناو نوسین درووستکەین ئەوا یەک تۆز گۆشەکە دەچەرخێنین کە کۆى باسەکە دەگۆڕێت: خەڵک لەو پێناوەدا دەستدەدەنە تاڵانى تاکو ئەو شتەیان نەبێت کە پەلاماریدەدەن. واتە مەسەلەکە هەبوون نیە لەقووڵاییدا, بەڵکو نەبوونە. خەڵک دەزگایەکى حکومى بەتاڵدەکەنەوە تا چاویان بە دەزگا و هێماى حکومییدا نەیەت نەک ئەوەى مرخیان لە داراییەکى بچوکى وێندەر خۆش کردبێت. هەتا گەر داراییەکى گەورەش چنگکەوتبێت, ئەرگۆمێنتەکە بەو بارەدا بەهێزدەبێت کە خەڵک دەیانەوێت ئەو شتانەیان لە پانتایی گشتییدا نەبێت! ئەم نمونەیەش دیسان فۆرماڵە و قابیلى ئاڵوگۆڕە.

کۆمۆن‌سێنس, عادەتەن بۆیە لایەنگرى زۆرە چونکە ڕیشەى لە ژویسانس و چێژى نەستەکى و میقاتکراوى هەمواندا چەقیوە. واتە, ناکرێت چەشنى تیۆریستێک هەموودەم لە بنکى ئەم ژویسانسە بدرێت, چونکە ژیانى باوى خەڵک خۆى لەسەر خەفەکردنى ئەم هەڵدانەوەیە دەژى. گۆڕینى هەر کڵێشەیەک, گۆڕینى شێوازى ئیشکردنى چێژیشە کە نائاگایانە پانتایی کۆمەڵایەتیی لەسەر درووستبووە. ئەمڕۆ ژۆرنالیزم یەک لەسەر یەک, ڕێساکانى سەر بە کۆمۆن‌سێنس دووبارەدەکاتەوە و یەک لەگەڵ ئەویدى کێبڕکێیەتى پتر ڕۆبچێت. بۆیە وتنى "ڕاستى" هەمیشە وتنى ڕاستییەکە بەپێى کۆمۆن‌سێنس. زۆرجار کۆمۆن‌سێنس هێندە چێژ لەم ڕاستییە دووپاتبووەوەى خۆى وەردەگرێت کە ئامادە نیە پێوەرى ترى بۆ درووستبکات, چەقینى شەرمەزارکەرانە نەبێت لەو پێوەرانەى خۆیدا کە هەیە: هەواڵێکى وەک ئەوەى ئەو ماوەیەى پێشووى کەسێک بەناوى "سلێمان...", نمونەیەکە بۆ ئەم ڕاستییەى ناو کۆمۆن‌سێنس کە چارى نیە جگە لەوەى پێشوازییەکى شەیداسەرانە بۆ فریودانى خۆى لەڕێگەى خۆیەوە بکاتەوە.

یەک لەو باسانەى تر کە بیرکردنەوەى نوخبەیی و کۆمۆن‌سێنس لە جێیەکدا, یەکدەخات هەر پەیوەندیی بە فیکر و نوسین خۆیەوە هەیە. کۆمۆن‌سێنس, لێرەدا عەقڵى نوخبەیی لەکاردەخات و بوارى گومان ناهێڵیتەوە. بۆ وێنە, ئاخۆ "فیکر" دەتوانێت باسى هەموو شت بکات یان نا, پرسیارێکە زۆرجار و بگرە هەموجاریش وەڵامەکەى هەر نەخێرە. بەڵام دیسان سازکردنى قەیرانى ناوەکى بۆ کۆمۆن‌سێنسى ڕۆشنبیرى, پرسیارەکە لە وەڵامى پێشوەخت ڕزگاردەکات. چۆن؟

فیكر واباوە گوزارشتە لە چەشنێك نوسین و خوێندنەوە كە داخراوتر و ئاڵۆزترە. چەشنێك نوسین كە دەكرێت تێكەڵەیەك بێت لە هەموو زانستە مرۆیی و كۆمەڵایەتییەكان و شتێك لە چەمكسازی و تێرمی تایبەت بە خۆیشی هەبێت. واتە فیكر بەرامبەر بە فەلسەفە، وەك ئاستێكی فراوانتری نوسین دەردەخرێت، وەك ڕووبەرێكی ناپسپۆڕییتر لە فەلسەفە. چونكە فەلسەفە پتر وەك كایەیەكی دیاریكراوتر خۆی دەردەخات لای ئێمە كە مێژوویەكی هەیە و هەڵگری كۆمەڵێك ناو و فیگەرە و ئەو نەرمی و پلاستیكیبوونەشی نیە كە گوایا «فیكر» هەیەتی. بەكورتی، كاتێك وشەی فیكر بەكاردێنین سنوری نێوان كۆمەڵێك زانست هەڵدەگرین و وێنای زمانێكی تاڕادەیەك گیرتر و سەنگینتریش دەكەین. گەر ئەم وێنایە بۆ فیكر قبوڵبكەین، ئەوا هەر دەتوانین لەم چوارچێوەیەدا پرسیارێك درووستكەین و بڵێین: ئایا فیكر دەتوانێت باسی هەمووشت بكات؟ چونكە هەر زۆرجار لای خەڵكی خوێنەوار و توێژی خوێنەرەوە دەوترێت باسی هەمووشت دەكرێت و دەم لە هەمووشت دەكوترێت. لەڕاستیدا لێرەدا تەمومژێك هەیە كە ڕووننەكراوەتەوە و دەبێت لە پەیوەندییدا بە فیكر خۆیەوە ڕوونبكرێتەوە. ئەویش ئەوەیە كە هەر بەڕاستی فیكر دەتوانێت تاكوێ قسە لە دیاردەكان بكات؟ ئاخۆ هەر سنورێك هەیە فیكر بۆی نەبێت لێی بدوێت؟

لەبنەڕەتدا ئەم پرسیارەی كە لای خوێنەر درووستدەبێت، لەوێوە هاتووە كە پسپۆڕییەكان لای ئێمە جیانەبوونەتەوە. هەروەها نەریتە فیكرییەكان هەڵگری خاوەنی خۆیان نین و قوتابخانە فیكرییەكان نەهاتوون و نوێنەری خۆیانیان درووستنەكردووە. ئەمە جگە لەوەی كە پرسیارەكە خۆیشی خاڵی نیە لە خەرمانەیەكی كاڵی ئەخلاقی كە دەیەوێت سنور بۆ نوسین و قسەكردن دانێت و ئەو نەستە شاراوە(زۆریش نا)یە دەرخات كە «تۆ مافی قسەت نیە و سنوری خۆت بزانە». بەڵام لەڕاستییدا گەر نەریتە فیكریەكانیش جیاببنەوە و پسپۆڕییە ئەكادیمییەكانیش بەتۆخی سنوری خۆیان بكێشن، هێشتا ئەو شتەی كە ناوی «فیكر»ـە دەتوانێت دەم لە هەموو شت وەردات. چونکە:

 فیكر ناوێكی گشتییە بۆ بیركردنەوەی كایەكان لە خۆیان. هیچ كایەیەك نیە كە تۆزێك نەچێـتە سەرووی خۆیەوە و بیر لە خۆی نەكاتەوە. هەر كایەیەك كە بیر لە خۆی دەكاتەوە، تووشی داڕشتنی پرەنسیپی گشتی(كلیات) دێت و پێی دەكەوێتە ناو فیكرەوە. تا ئێرەش كرۆكی مەسەلەكە نیە. دەتوانین زیاتر پارێز وەربگرین و بڵێین: هەر شتێك كە ڕوودەدات، قابیلی ئەوەیە ببێتە مایەی قسەلێكردنی فیكر. هەر بابەت و ڕووداوێك، بابەت و ڕووداوە بۆ فیكریش. هەر بابەتێك چەندە پسپۆڕییش بێت، ئەوا سنورەكانی كایەی خۆی دەبڕێت و دەبێتە دیاردەی كۆمەڵایەتی/دەروونی/فەلسەفی و لەوە دەكەوێت لە هەناوی كایەكەی خۆیدا قەتیس ببێت. هەر دیاردەیەك پێویستی بەوەیە لە زمانی بەرتەسكی كایەكان تێپەڕێت و ڕەهەندەكانی كۆبكرێتەوە و لە گشتێكی تیۆرییدا ڕێكبخرێت. ئیشی فیكر لە ئاستە سەرەتاییەكەیدا هەر ئەمەیە. هەتا گەر شتێك لە هەناوی كایەیەكی زۆر ئەبستراكتیشدا ڕووبدات، ئەوا لەوە تێدەپەڕێت دیاردەیەكی ئەبستراكت بێت؛ بەڵكو ئاكامی دیكەی كۆمەڵایەتیی دەبێت و ئاكامی كۆمەڵایەتییش خۆی واتە كۆنكرێتبوونەوە و بەرجەستەبوونەوە. دیاردەكان بە بەرز و نزمەوە، بە پەتی و مەلموسەوە، لە كۆمەڵگادا ڕوودەدەن و ڕێگایەكیان بەرەو ناو كۆمەڵگا هەیە و بگرە بە نێوانگریی كۆمەڵگاش ڕوودەدەن بۆیە فیكر ئەو مافەی هەیە شتێكیان لەسەر بڵێت. هەر شتێك لەناو نەزمی كۆمەڵایەتییدا پەیوەندیی بە شتانێكی ترەوە هەیە و لەوێوە پێگە و مانای خۆی وەردەگرێت. لێرەوەیە فیكر دەتوانێت لە پەیوەندیی شتەكان ڕامێنێت و بەركەوتن و كارلێكیان ڕوونبكاتەوە. هەر ڕووداوێك كە ڕوودەدات، چ سیاسی چ نوخبەوی و ئەدەبی و هونەری و زانستی و هتد، ئەوا جێكەوتی دیكەیان دەبێت و لە سنوری خۆیاندا نامێننەوە و قابیلی هەڵوەستە دەبن. بەم مانایەیە كە «فیكر» مافێكی بنەڕەتی و جەوهەریی هەیە كە لەسەر هەر جووڵەیەكی ناو جیهان بدوێت و بنوسێت. هەموو بابەتەكانی ناو جیهان، حزوورێكی پێشوەختەیان لە خۆیاندا هەڵگرتووە تا ببنە بابەتی بیرلێكردنەوە. فیكر گەر نەشتوانێت ڕێسا ناوەكییەكانی كایەیەك داڕێژێت، ئەوا دەتوانێت لە ئاستی دەرەوەوە جۆرێك لە ئاگایی ببەخشێت و زۆرجاریش شتێك بۆ سەر خودئاگایی كایەكان زیادبكات. جێى بیرخستنەوەیە, زۆرجار هەوڵدان بۆ بەفیکریکردنى مەسەلەیەک خۆى ژێست و کردارنوێنییەکى سەر بە کۆمۆن‌سێنس‌ە و پتر مرۆڤ بەرەو کرۆکى کۆمۆن‌سێنس‌ دەبات وەک لەوەى دووریخاتەوە لێى.

 لە ڕوویەکى ترەوە, کۆمۆن‌سێنس‌, پانتاییەکى یەکپارچە و یەکانگیر نیە بۆیە زۆرجار خۆى گرژى بۆ خۆى درووستدەکات: پێش ماوەیەک سیاسییەکى کورد هۆکارى نەبزووتنى شارێکى گەڕاندەوە بۆ هۆکارى جوگرافى و جیۆلۆجى و هتد. ئەم باسە کتوپڕ وەرگەڕایە سەر کۆمیدیا: کۆمیدیاکە لە خودى ئەرگۆمێنت و تەرحکردنى باسەکەدا نەبوو, بەڵکو لەو کەشەدا بوو کە کۆمۆن‌سێنس‌ خۆى ڕەخساندبووى. چۆن؟ سیاسییەکە و ئەو خەڵکەش کە باسەکەیان بەڕەهایی گۆڕییە سەر کۆمیدیا, سەر بە یەک کۆمۆن‌سێنس‌ن. چونکە نە قسەکەران و نە گوێگرانى ناو ئەم کۆمۆن‌سێنس‌ەش هەلومەرجێکى وایان نەڕەخساندووە ئەرگۆمێنتى لەو جۆرە قبوڵکات. گەرنا, دەتوانین هەمان ئەرگۆمێنت و بەڵگەسازیی جوگرافى ببەینە ناو کۆمۆن‌سێنس‌ێکى تر و سیاقێکى ترەوە و شایەنى پێکەنینیش نەبێت(چونکە شێوازى تەرحى مەسەلەکە خۆى درووست بوو, گەر بێتو بەسەر نمونەکەشدا پیادەنەکرێت: شێوازى تەرحەکە دەمێکە لەلایەن کەسانى وەک ئیبن خەلدوون و مۆنتسکیۆ و هەتا هیگڵیشەوە خراوەتەڕوو). ئەم نمونەیەى ئێرە, پتر بۆ پێداگرى لەسەر ئەو ڕاستییەیە کە کۆمۆن‌سێنس‌ خۆى سنورى خۆى دیاریدەکات. یان بە واتایەکى تر, سرووشتى کۆمۆن‌سێنس‌ دیارییدەکات کامە ئەرگۆمێنت تا کوێ عەقڵانییە. جار هەیە لە سیاقێکى تردا, ئەرگۆمێنتێکى زۆر سەمەرە زوو قبوڵدەکرێت چونکە شیرازەکەى بەجۆرێکى تر ئامادەکراوە.

مارتین هایدگەر لە دەربڕینێکى دیار و لە کۆنتێکستێکى تایبەتدا دەنوسێت «پرسیار, تەقواى بیرکردنەوەیە». ئەو, بەبوێرییەوە هەمووکات خوێندنى فەلسەفە و مێژووى فەلسەفەشى بە "بیرکردنەوە" دانەدەنا. لاى ئێمە, ڕووت و ڕاستەوخۆ دیارە کە «کۆمۆن‌سێنس, دوژمنى بیرکردنەوەیە». ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەش بێت, زۆرێک لە پەنابردنەکانمان بۆ تیۆر, کورت و کاتییە و بەشەکانى فەلسەفەش شتێکى پیشەیی وەک "خوێنەر"یش لە واتا سادەکەیدا هەر بەرهەمناهێنن و درەنگ یان زوو زۆرێکمان دەکەوینەوە ناو ئەفسوون و وەسوەسەى کۆمۆن‌سێنسەوە. سوبێکتى تیۆرى و ئەو کەسەى شایستەى ئەم ناوەیە, لەم ڕووبەرە سرکەى نێوان کۆمۆن‌سێنس و نا-کۆمۆن‌سێنسدا درووستدەبێت: تۆ پێویستە بەردەوام شوێنپێیەکانت لە کۆمۆن‌سێنسدا بسڕیتەوە.



نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.