سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئەنجوومەنی فەرەنسی بۆ ئایینی ئیسلام "پەیماننامەی بنەماکان" ئیمزا دەكات

17/01/2021


بەرپرسانی ئەنجوومەنی فەرەنسی بۆ ئایینی ئیسلام (CFCM) رایانگەیاند گەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەی پرانسیپەکانی ئیسلام لە فەرەنسا، کە ناونراوە "پەیماننامەی بنەماکان".

ماڵپەڕی لو پاریزێین-ـی فەرەنسی لە راپۆرتێکدا لەبارەی "پەیماننامەی بنەماکان" دەڵێ:  پەیمانەكە لە حەوت بۆ هەشت لاپەڕە پێکهاتووە و تێیدا جەختکراوەتەوە لە: بنەماکانی یەکسانیی پیاوان و ژنان، باوەڕی موسڵمانان بە کۆماری فەرەنسا، رەتکردنەوەی بەکارهێنانی ئیسلام لە کاروباری سیاسی و دەستوەرنەدان لە کاروباری وڵاتانی دەرەوە، بەپێی گوتەی محەمەد موسەوی، سەرۆکی ئەنجوومەنی فەرەنسی بۆ ئایینی ئیسلام".

جێرالد دارمانا، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا دوێنێ لە پاریس لەگەڵ سێ کەسی یەکەمی ئەنجوومەنی فەرەنسی بۆ ئایینی ئیسلام کۆبووەتەوە، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس، گوتوویەتی "ئەمە پێشکەوتنێکی زۆر مانادارە و نیشانەی پابەندبوونە لەدژی ئیسلامی سیاسی".

"پەیماننامەی بنەماکان" کە هێشتا لە میدیاکانی فەرەنسا بڵاونەکراوەتەوە، رەنگە لە دووشەممەوە بەردەست بێت، دەبێت پێشتر پێشکەشی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بکرێت و ئەویش رەزامەندی لەسەر بدات.

رۆژنامەی لو فیگارۆی فەرەنسی لە راپۆرتێکیدا بە ناونیشانی "بۆچی ئیسلام لە فەرەنسا هەڵدەوەشێتەوە"، دەڵێ "وەزیری ناوخۆی فەرەنسا زیاتر لە جارێک هەوڵیداوە کێشەکانی نێوان نوێنەرانی موسڵمان لە فەرەنسا چارەسەر بکات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنێکی کۆتایی، بەڵام نوێنەرانی ئیسلامی لە فەرەنسا کەوتوونەتە ناو ململانێی راستەوخۆ و نهێنی بەهۆی ئەوەی بەشێکیان لەلایەن تورکیا و وڵاتانی دیکەوە پشتگیری دەکرێن، بەشێکی دیکەشیان رەتیدەکەنەوە چاکسازییەکان قبوڵ بکەن، ئەو چاکسازییانەی حکومەتی فەرەنسا دەیەوت بە ناوی ئیسلامی فەرەنسا بیانچەسپێنێت".

"پەیماننامەی بنەماکان" پابەندبوونێکی نووسراو و فەرمییە و لە ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەرەوە لەلایەن سەرۆک ماکرۆنەوە لە ئەنجوومەنەکە داواکرابوو.

فەرەنسا، یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا کە لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا لەلایەن کەسانی توندڕەوی موسڵمانەوە زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر، دواترینیان سەربڕینی پرۆفیسۆرێک بوو بەناوی ساموێل پاتی، بەهۆی ئەوەی لە کاتی وانەگوتنەوەدا "کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلامی" نیشاندابوو، ئەو کاریکاتێرانەی لەلایەن گۆڤاری شارلی ئێبدۆ بڵاوکرابوونەوە، لەو وانەیەدا ساموێل باسی لە بەهاکانی فەرەنسا و ئازادیی رادەربڕین کردبوو.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.