سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

تالیبان ژنی دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م له‌ چه‌كداره‌كانی قه‌ده‌غه‌ ده‌كات

17/01/2021


بزوتنه‌وه‌ی تالیبانی تیرۆرست له‌ ئه‌فغانستان داوای له‌ چه‌كداره‌كانی كردووه‌ به‌ یه‌ك ژن قه‌ناعه‌ت بكه‌ن و خۆیان له‌ هێنانی ژنی دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م به‌دوور بگرن.

هه‌یبه‌توڵا ئاخوندزاده‌، سه‌ركرده‌ی بزووتنه‌وه‌ی تالیبان ئه‌و فه‌رمانه‌ی دوای ئه‌وه‌ ده‌ركردووه‌ كه‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ له‌ناو چه‌كداره‌ تیرۆرسته‌كانی ریزی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌ بڵاوبووته‌وه‌ كه‌ گه‌وره‌ به‌رپرسه‌كانیان له‌ خۆشگوزه‌رانیدا ده‌ژین و پاره‌یه‌كی زۆر بۆ ژنه‌ تازه‌كانیان له‌ قه‌ته‌ر و پاكستان خه‌رج ده‌كه‌ن.

 

ئاخوندزاده‌ له‌ فه‌رمانه‌كه‌یدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ "به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئیسلام داوا ده‌كه‌ین كه‌ به‌رپرسانی ئه‌ماره‌تی ئیسلامی خۆیان له‌ هێنانی ژنی دووه‌م و سێیه‌م و چواره‌م به‌دوور بگرن ئه‌گه‌ر پێویستی نه‌كرد".

 

سه‌ركرده‌كه‌ی تالیبان رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌پێی نه‌ریتی ئه‌فغانستان تێچووی ژنهێنان زۆره‌ و پاره‌یه‌كی زۆری تێده‌چێت و هه‌روه‌ها پیاوه‌كان هه‌ر ژنێك له‌ ماڵێكی جیادا داده‌نێن و ئه‌مه‌ش خه‌رجییه‌كی زۆری ده‌وێت، باشتره‌ گه‌وره‌ به‌رپرسه‌كان ژنی زیاتر نه‌هێنن و به‌ یه‌ك ژن قایل ببن.

 

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ كه‌ ئاخوندزاده‌ خۆی دوو ژنی هه‌یه‌ و نوێنه‌ره‌كه‌شیان له‌ ده‌وحه‌ی پایته‌ختی قه‌ته‌ر خاوه‌نی سێ ژنه‌ و ئه‌مه‌ش چه‌كداره‌كانیانی تووڕه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌وان له‌ مه‌یدانی شه‌ڕن و سه‌ركرده‌كانیشیان به‌ پاره‌ی گه‌نده‌ڵی خۆش ده‌ژین و ژنی زیاتر ده‌هێنن.

 

میللەت پرێس

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.