سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بوونەتە قوربانیی شەڕی ئاینی
لە 2003 ەوە تائێستا ژمارەی مەسیحیەكان لەعێراق چەند كەمیكردووە؟

17/01/2021


 
بەپێی راپۆرتی میدیا جیهانیی و ئامارە ناوخۆییەكان، ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو زیاتر لە دوو ملیۆن مەسیحیی لە عێراق دەژیان، بەڵام بەپێی دوایین ئامار، ئێستا تەنها 350 هەزار مەسیحیی لە عێراق دەژین، ڕۆژ بەڕۆژیش كۆچی مەسیحییەكان بەرەو دەرەوەی عێراق زیاتر دەبێت.

 

لە 20ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنیی و سیاسیی عێراق مەسیحییەكان بەكۆمەڵ كۆچیان كردووە
مەسیحییەكان یەكێكن لە پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق و مێژوویەكی دێرینیان لەم وڵاتەدا هەیە، بەڵام لە 20ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنیی و سیاسیی عێراق و هەڵكشانی پێشێلكارییەكان بەرامبەریان، مەسیحییەكان بەكۆمەڵ كۆچیان كردووە بۆ دەرەوەی عێراق، پاڵنەری توندوتیژی و راوەدوونانی مەسیحییەكانیش ئاینی بووە.

 

لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا زیاتر لە دوو ملیۆن مەسیحیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەبوون
بەپێی ئامارە نافەرمییەكان لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا زیاتر لە دوو ملیۆن مەسیحیی لە عێراق و هەرێمی كوردستان هەبوون، هەتا پێش ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش یەك ملیۆن و 800 هەزار مەسیحیی لە سەرتاسەری عێراقدا تۆماركراون، بەڵام لەدوای ساڵی 2003 و ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە كۆچی مەسیحییەكان بەرەو دەرەوە دەستیپێكرد و بەشێكی زۆریان ڕوویان لە وڵاتانی توركیا، لوبنان، ئیمارات و ئەوروپا كرد.
لە ساڵانی 2006 و 2007یش بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی تائیفیی نێوان شیعە و سوننە لە عێراق، جارێكی دیكە كۆچی مەسیحییەكان بەچڕیی بەرەو دەرەوەی عێراق و هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، چونكە ئەوانیش پریشكی شەڕەكەیان بەركەوت و بەهۆیەوە هەزار و 140 مەسیحیی گیانیان لەدەستدا، جگەلەوەش شوێنە پیرۆزەكانیان بوونە ئامانجی هێرش و تەقینەوە تیرۆریستییەكان و بەهۆیانەوە 98كەنیسە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق تەقێندرانەوە و زیانیان پێگەیشت.

ساڵی 2010 كەنیسەی سەید نەجاد لە بەغدا تەقێندرایەوە و ئەوەش بە زەنگێكی مەترسیدار بۆ مەسیحییەكان لێكدرایەوە
ساڵی 2010 كەنیسەی سەید نەجاد لە هێرشێكی تیرۆریستیدا لە بەغدا تەقێندرایەوە و بەهۆیەوە جگە لە گیانلەدەستدانی دوو قەشە، چەندین هاوڵاتی دیكەش گیانیان لەدەستدا، ئەوەش بە زەنگێكی مەترسیدار بۆ مەسیحییەكان لێكدرایەوە، یەكێكیش بوو لەو ڕووداوانەی زۆرترین ترسی خستە دڵی مەسیحییەكانی عێراق و هانیدان بۆ كۆچكردن و جێهێشتنی عێراق.

 

تا پێش شەڕی داعش 250 هەزار مەسیحیی لە باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێمی كوردستانیش، تا پێش شەڕی داعش 250 هەزار مەسیحیی لە باشور و ناوەڕاستی عێراقەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون.
مەسیحییەكانیش هاوشێوەی ئێزدییەكان بێبەش نەبوون لە پەلاماری چەكدارانی داعش، بەڵكو ئەوانیش پشكی شێریان بەركەوت لە داگیركردنی گوندەكانیان و تەقاندنەوەی شوێنە پیرۆزەكانیان و بەدیلگرتن و ڕفاندنیان.

 

85 كەنیسە لە موسڵ و دەشتی نەینەوا لەلایەن داعش تەقێندراونەتەوە
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ، 85 كەنیسە لە موسڵ و دەشتی نەینەوا لەلایەن داعش تەقێندراونەتەوە، ئەوە جگە لە داگیركردنی هەشت گوندی مەسیحی نشین، هەروەها داعش 62 هاوڵاتی مەسیحییان بە دیلگرتووە، كە 18یان ژن و 44 یان پیاو بوون.
بەپێی ئامارێكی دیكە هەتا ساڵی 2018 بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ئەوقاف، 136 هەزار و 196 هاوڵاتی مەسیحیی لە موسڵ و دەشتی نەینەواوە ئاوارەی توركیا، لوبنان، ئوردن و ناوخۆی عێراق بوون.

 

245 كەنیسەی مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستاندا هەن
بەپێی ئاماری وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان، ئێستا زیاتر لە 270 هەزار مەسیحیی لە باشوری كوردستان و ناوچەكانی باكوری عێراق وەك موسڵ و دەشتی نەینەوا دەژین، بەشێوەیەكی گشتییش نزیكەی 350 هەزار مەسیحیی لە سەرانسەری عێراق دەژین.
 245 كەنیسەی مەسیحییەكان لە هەرێمی كوردستاندا هەن و شارەدێی عەنكاوە لە پارێزگای هەولێریش ناوەندی سەرەكیی مەسیحییەكانی هەرێمی كوردستانە، ئەوەش لەكاتێكدایە مەسیحییەكان لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان خاوەن پێنج نوێنەر و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش خاوەن پێنج نوێنەرن، بەڵام هێشتا كۆچكردنیان بەرەو دەرەوەی عێراق بەردەوامە.


نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.