سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

​ ئەفغانستان- دوو دادوەری باڵای ژن كوژران

17/01/2021


لە كابوڵی پایتەختی ئەفغانستان دەستڕێژی گوللە لە دوو ژنە دادوەر كرا كە لەدادگای باڵای كابوڵ كاریان دەكردو دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، تائێستا دیارنییە كێ كوشتوونی، بەڵام گومان لە چەكدارانی تاڵیبان دەكرێت.
فیردەوس فارامەرز وتەبێژی پۆلیسی كابوڵ رایگەیاند "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللە دوو ژنە دادوەری دادگای باڵای ئەفغانستان لە كابوڵ كوژران"..
وتیشی " بكوژەكان هەڵاتوون و تیمەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا بە هیچ زانیارییەك نەگەیشتوون كە لە دۆسیەكەدا هاوكارییان بكات".

 

هیچ لایەنێك بەرپرسیاریێتی خۆی رانەگەیاندووە، بەڵام پەنجەی تۆمەت زیاتر بۆ تاڵیبان درێژدەكرێت
تائێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیاریێتی خۆی لەو پەلامارە رانەگەیاندووە، بەڵام پەنجەی تۆمەت زیاتر بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان و دواتریش داعش درێژدەكرێت كە مێژوویەكی درێژیان لە ئەنجامدانی ئەو جۆرە پەلامارانەدا هەیە.
بزووتنەوەی تاڵیبان هەڵگری بیروباوەڕێكی توندڕەوانەیە بەتایبەت دژ بە ژنان، دژی كاركردنی ژنان و تێكەڵبوونیانە لەگەڵ كۆمەڵگە، لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا چەندین رووداوی لەوشێوەیە بەرامبەر ژنان روویداوە، لەوانەش كوشتنی ژنێك تەنها لەبەر ئەوەی بووە بە پۆلیس لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لەناوەڕاستی كابوڵ و لەنزیك دەزگای هەواڵگری ئەفغانستان.

لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا  ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی ئەفغانستان كوژراون
لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا و لەدوای هەرەسهێنانی دەسەڵاتی تاڵیبان، لە ئەفغانستان ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی ئەفغانستان كوژراون، بەڵام بكوژانی زۆربەیان دەستگیر نەكراون.
سەرەڕای دەستپێكردنی گفتوگۆ لە نێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و حكومەتی ئەفغانستان، بەڵام لە دوو مانگی مانگی رابردوودا شەپۆلێكی دیكەی كوشتن و تەقینەوە وڵاتەكەی گرتووەتەوە، ئەمریكاش لەماوەی رابردوودا دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو بزوتنەوە توندڕەوە كردووە، بەڵام ماوەی چەند هەفتەیەكە بەهۆی زیادبوونی توندوتیژییەكان لە ئەفغانستان و راكێشانی پەنجەی تۆمەت بۆ تاڵیبان ئەمریكا گفتوگۆكانی هەڵپەساردووە.

بەوتەی چالاكوانان و بەپێی هەواڵی میدیاكانی ئەو وڵاتەش لە چەند هەفتەی رابردوودا ئەفغانستان، زنجیرەیەك رووداوی كوشتنی چالاكوانان و میدیاكاران و ژنانیش بەتایبەتی دەستیپێكردووە.
بۆ یەكەمجاریش لەدوای هەڵپەساردنی گفتوگۆ لەگەڵ تاڵیبان، سوپای ئەمریكا لە ئەفغانستان پەنجەی تۆمەتی بۆ تاڵیبان راكێشا سەبارەت بە كوژرانی ئەو دوو ژنە كە دادوەری باڵان.


نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.