سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

توركیا توڕە دەكات
تابلۆیەكی ژنانی كورد و وتەیەكی ئۆجەلان لەسەر دیوارێكی ئۆسلۆ

17/01/2021


ئەمە یەكەمجار نییە توركیا بە سیمبول و وتەی كەسایەتییە كوردەكان تەنانەت لە دەرەوەی توركیاش ناڕەزایی نیشان بدات، ئەمجارەیان وتەیەكی ئۆجەلان كە لەسەر تابلۆیەك لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج هەڵواسراوە وەزارەتی دەرەوەی توركیای هێنایە دەنگ.

 

وێنەی كۆمەڵێك چەكداری یەپەژە لەسەر دیوارێكی ئۆسلۆ و وتەیەكی ئۆجەلان
وێنەی كۆمەڵێك چەكداری یەپەژە لەسەر دیوارێكی ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج و وتەیەكی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لەسەری، تووڕەیی توركیا بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئامانجی وێنەكە پیشاندانی "بەهێزیی ژن" ە كە لەلایەن گەلاوێژ وەلیدخانی، هونەرمەندێكی رۆژئاوای كوردستانەوە كێشراوە.
گەلاوێژ لەسەر وێنەكە وتەیەكی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوە پەكەكەی نووسیوە: "كۆمەڵگە بەبێ ئازادیی ژنەكانی هەرگیز ناتوانێت ئازاد بێت".

 

 توركیا لە راگەیەندراوێكدا سەركۆنەی وێنەكە دەكات
وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە راگەیەندراوێكدا سەركۆنەی وێنەكە دەكات و رایگەیاندووە "وێنەكە وەكو پڕوپاگەندەیە بۆ رێكخراوە تیرۆرستییەكانی پەكەكە، یەپەگە و یەپەژە و، بە سپۆنسەری شارەوانیی ئۆسلۆ لە شوێنێكی گشتی هەڵواسراوە".
 هەروەها وەزارەتی دەرەوەی توركیا داواش دەكات وێنەكە لاببرێت و دەڵێت: "دەبێت ئەم پڕوپاگەندە تیرۆرستییانە دەستبەجێ رابگیرێن".

 

"سڵاو توركیا، ئێمە لە نەرویج باوەڕمان بە ئازادیی رادەربڕین و دیموكراسی هەیە سەیرمان بكە و فێر ببە"
لەوبارەیەوە ئیڤۆر ئیڤێنرود، سەرۆكی كاروباری كولتووریی شاری ئۆسلۆ لە تویتێكدا دەڵێت: "سڵاو توركیا، ئێمە لە نەرویج باوەڕمان بە ئازادیی رادەربڕین و دیموكراسی هەیە،كەسە سیاسییەكان ناتوانن وێنە بگۆڕن یان دەستكاری بكەن، سەیرمان بكە و فێر ببە".

بەپێی زانیارییەكان لە شارەوانیی ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج نزیكەی 80 سكاڵا و داواكاری بۆ لابردنی وێنەكە تۆماركراون، هەروەها رێكخراوی یەكێتیی توركیا بە سەرۆكایەتیی هاتیچ لوك تاوەكو ئێستا 300 واژۆی بۆ لابردنی وێنەكە كۆكردووەتەوە.

لەلایەكی دیكەوە كۆمەڵگەی هونەرمەندە لاوەكان و یەكێتیی هونەرمەندانی نەرویج پشتگیریی خۆیان بۆ وێنەكە دەربڕیوە.
گەلاوێژ وەلیدخانی لەبارەی وێنەكەیەوە دەڵێت: "ئەو كارە هونەرییە كێشەكانی ژن بە گشتی دەخاتەڕوو، نەك تەنیا جەنگاوەرە كوردەكان".


نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.