سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كوردەكانی قاعیدە .. ناكۆكی نوێی ئێران و ئەمریكا

16/01/2021


چەند رۆژێك لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی ئەمریكا زانیاریی لەبارەی سێ سەركردەی بەتالیۆنی كوردیی قاعیدە بڵاوكردەوە، ئاماژەی بەوەشكرد"ئێران داڵدەی ئەو رێكخراوانەی سەر بە قاعیدە دەدات".
 
قسەكانی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەكاتێكدایە كە ئیدارەی ترەمپ كەمتر لە هەفتەیەكی ماوە لە كۆشكی سپیدا، بەشێك لە شارەزایانی سیاسی پێیانوایە كە ئامانجی قسەكانی پۆمپیۆ ئەوەیە كە "كاری ئیدارەی بایدن قورس بكەن لەكاتی دانوستاندن لەگەڵ ئێران".
 
ئەو بەتالیۆنە كوردەی نێو رێكخراوی قاعیدە نزیكەی 15 ساڵە دامەزراوە و لەو كاتەوە بەیعەتیان بە قاعیدە داوە و كار و چالاكییەكانی لەژێر سەرپەرشتیی ئەو رێكخراوە كردوە.
 
بەتالیۆنی كوردیی .. قاعیدەكەی و چۆن دامەزرا؟
 
لە ساڵی 2003 ئەمریكا هێرشی كردە سەر ئەنسارولئیسلام لە ناوچەكانی هەورامانی باشوری كوردستان، لە هێرشەكاندا ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی ئەنسارولئیسلام كوژران. جەیسن بلازاكیس، بەڕێوەبەری پێشوی سەنتەری دژەتیرۆریزم لە ئەمریكا دەڵێت: "بەشێك لە ئەندامانی ئەنسارولئیسلام كە لە هێرشەكانی ئەمریكا رزگاریان بو، پەیوەندییان بە رێكخراوی قاعیدە كرد و بەتالیۆنێكی كوردییان دروستكرد".
 
ئەو بەتالیۆنە لە ساڵی 2007 واتە پێش دروستبونی داعش دامەزرا، ئەو كاتە بو كە كێشەی تائیفی لە باشوری عێراق لە لوتكەدا بو. ئەگەرچی بەتالیۆنی كوردیی قاعیدە و داعش هەردوكیان داوای دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامییان دەكرد، بەڵام لەگەڵ یەكدی كۆك نەبون و هەوڵی سڕینەوەی یەكدییان دەدا، ساڵی 2014 بەتالیۆنی كوردیی قاعیدە لەبارەی داعشەوە رایگەیاند"هیچ شتێك لەنێوانمان نییە، ئەوەی كە لەنێوانمانە تەنیا شمشێرە، داعش وەك پارچەیەكی زیادە لەسەر جەستەی قاعیدە دەركەوتوە كە پێویستی بە نەشتەرگەرییە، بە یارمەتیی خوا".
 
كێشەكانی ئەم دو گروپە كاتێك دەستیپێكرد كە رێكخراوی داعش لە ساڵی 2013 هێرشیان كردە سەر بەرەی نوسرە لە سوریا، بەرەی نوسرە دوای چەند مانگێك لە دروستبونی پەیوەندی بە رێكخراوی قاعیدەوە كرد، بەو پێیەش بەتالیۆنی كوردیی قاعیدە لە بەرەی نوسرە نزیكتر بو تاوەكو داعش.
 
پێشتر لە ساڵی 2012 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیێندراوێكدا لەبارەی ئەو گروپە ئاماژەی بەوە دابو كە بەتالیۆنی كوردیی رێكخراوی قاعیدە لە ساڵی 2007  لەلایەن ئەندامە كوردەكانی قاعیدە دامەزراوە. گروپەكە پێیانوایە "سەركردەكانی هەرێمی كوردستان خیانەتكارن"، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت: "لە باشوری كوردستان كردەوەی تیرۆریستییان ئەنجامداوە و، كوردیان لە عێراق كردوەتە ئامانج".
 
هێرشەكانی بەتالیۆنی كوردیی قاعیدە لە هەرێمی كوردستان
 
لە راگەیێندراوەكەی ساڵی 2012ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژە بە بەشێك لە هێرشەكانی رێكخراوی قاعیدە لە هەرێمی كوردستان دراوە كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەرپرسیارییەتییەكەی دەخاتە ئەستۆی ئەو بەتالیۆنەی قاعیدە. 
 
لە ساڵی 2007 لە بەردەم وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە هەولێر تەقینەوەیەك رویدا كە بوە هۆی گیانلەدەستدانی 19 كەس، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی خستەئەستۆی بەتالیۆنی كوردیی رێكخراوی قاعیدە.
 
هەر لەو ساڵەدا لە هێرشێكی چەكداریدا بۆ سەر هێزەكانی ئاسایش و پاسەوانیی سنور لە پێنجوێن، حەوت پاسەوانی سنور و كارمەندێكی ئاسایش شەهید بون، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەتالیۆنی كوردیی رێكخراوی قاعیدە تۆمەتبار دەكات لە ئەنجامدانی ئەو هێرشە.
 
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا یەكێكی دیكە لە كردەوەكانی بەتالیۆنی كوردیی رێكخراوی قاعیدە لە هەرێمی كوردستان، تەقینەوەكەی ئەیلولی 2010 بو لە سلێمانی كە بوە هۆی برینداربونی دو كارمەندی پۆلیس.
 
لە راگەیێندراوەكەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژە بەوە دەدات كە ئەوە گروپە لە سنوری نێوان ئێران و عێراق جموجوڵ دەكەن.
 
پۆمپیۆ: ئێران بوەتە ئەفغانستان بۆ داعش
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سێ كوردی وەك سەركردەی "بەتالیۆنی كوردیی رێكخراوی قاعیدە" راگەیاند و دەڵێت: "لەلایەن ئێرانەوە داڵدەدراون"، بە بەرپرسیاری بەشێك لە تەقینەوەكانی هەرێمی كوردستان تۆمەتباریان دەكات.
 
رۆژی سێشەممە 12-01-2021 مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەبێ خستنەڕوی هیچ بەڵگەیەك رایگەیاند"ئێستا بارەگای نوێی قاعیدە لە ئێرانە" و ئەو وڵاتەشی بەوە تۆمەتباركرد كە دەستی هەبوە لە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر بۆ سەر دو تاوەرە بازرگانییەكەی وڵاتەكەی، دەشڵێت، ئێران "بۆ قاعیدە بوەتە ئەفغانستان".
 
مایك پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ناوی ئەو سێ كەسەی ئاشكراكردوە و دەڵێت: "ئیسماعیل فوئاد رەسول ئەحمەد، فوئاد ئەحمەد نوری ئەلشەخان و نیعمەت حەمە رەحیم حەمە شەریف وەكو سەركردەی بەتالیۆنی كوردیی رێكخراوی قاعیدە رادەگەیێنم كە گروپێكی سەر بە قاعیدەیە و لە سنوری نێوان ئێران و عێراق چالاكی ئەنجامدەدات".
 
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، سێ دەیەیە ئێران پەیوەندیی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە هەیە و یارمەتیی ئەو رێكخراوەی داوە لە 11ی سێپتەمبەر، ئاماژەی بەوەش كردوە "ئێران پارە و پاسپۆرتی داوەتە بەرپرسانی قاعیدە و قاعیدەش كار بۆ پاراستنی ئێران دەكات".
 
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كەمتر لە هەفتەیەكی ماوە كۆتایی بێت. جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا پێشتر ئاماژەی بەوە دابو كاتێك گەڕایەوە كۆشكی سپی دانوستاندن لەگەڵ ئێران دەكات و هەوڵدەدات رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 زیندوبكاتەوە كە ترەمپ لە ساڵی 2018 لێی كشایەوە.
 
بەشێك لە شارەزایانی سیاسی پێیانوایە ئیدارەی ترەمپ هەوڵی ئەوە دەدات گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی قورس بكات، مەلا حەسەن واژی، شارەزای بزوتنەوەی جیهادی لەبارەی هۆكاری خستنەڕوی ئەو زانیارییانە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەم كاتەدا، ئاماژە بەوە دەدات: زانیارییەكانی پۆمپیۆ نوێ نین، "ئەو دەزانێت كە ئێران بەشێك بوە لە داڕشتنی روداوەكانی 11 سێپتێمبەر، پۆمپیۆ بەم كارەی ئەركی جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا و دیموكراتەكان قورس دەكات لەكاتی دانوستاندن لەگەڵ ئێران".
 
زەریف: بەدڵنیاییەوە كار لەگەڵ تاڵیبان دەكەین
 
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی تولوع نیوزی ئەفغانستانی لە 21ی كانونی دوەمی 2020 لەبارەی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ تاڵیبان دەڵێت: لەبەرئەوەی تاڵیبان لە ناوچە سنورییەكانی ئێران و ئەفغانستان هەن، بەدڵنیاییەوە ناچارین كاریان لەگەڵ بكەین.
 
ئێران و تاڵیبان لە كۆتاییەكانی سەدەی 20 پەیوەندییەكی گرژ و ئاڵۆزییان هەبو، لە ساڵی 1998 دوای ئەوەی تاڵیبان مەزار شەریفیان كۆنتڕۆڵكرد، هێرشیان كردە سەر كۆنسوڵخانەی ئێران و هەشت دیپلۆماتكاری ئێرانیان كوشت.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی ئەو هێرشانەی تاڵیبان دەڵێت: نە لێیان خۆش دەبن، نە لەبیری دەكەن، بەڵام دەوڵەتی ئێران ئەو كاتە بڕیاری دا كە تۆڵەنەكاتەوە، چونكە شەڕێكی لەو شێوەیە زیانی بە خەڵكی ئەفغانستان دەگەیاند.
 
فەرماندەی هێزە سەربازییەكانی ئەفغانستان لە ساڵی 2017 رایگەیاندبو كە ئێران "چەك بە تاڵیبان دەدات، راهێنانیان پێدەكات و بریندارەكانیان چاكدەكاتەوە"، جەواد زەریف سەرجەم ئەو قسانە رەتدەكاتەوە، بەڵام دەڵێت: "گفتوگۆی جیدیمان هەیە لەگەڵ تاڵیبان و خۆم لە تاران لەگەڵ مولا بەرادەر (یەكێك لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی تاڵیبان) چاوپێكەوتنم كردوە".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەمریكاش پەیوەندیی لەگەڵ تاڵیبان هەبوە تەنانەت پێش گفتوگۆكانی ئاشتی لە دەوحە، پایتەختی قەتەر، جەواد زەریف لە وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كە وتبوی "ئێران بوەتە ئەفغانستان بۆ تاڵیبان"، رایگەیاند: "هیچ كەسێك فریو ناخوات. هەمو تیرۆریستانی 11ی سێپتێمبەر لە وڵاتە دڵخوازەكەی مایك پۆمپیۆوە هاتون، هیچیان لە ئێرانەوە نەهاتون".
 
مانگی تشرینی دوەمی ساڵی 2020 رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردوە، ئەبو محەممەد میسری كە سەر بە قاعیدە بوە، تۆمەتبارە بە هاوكاریكردن لە بۆمبارانكردنی دو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەفریقا و لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژراوە. ئێرانیش ئەو راپۆرتەی رەتكردەوە و رایگەیاند، هیچ "تیرۆریستێكی قاعیدە" لەسەر خاكی وڵاتەكەی نییە. پۆمپیۆ لەبارەی كوژرانی ئەبو محەممەد میسرییەوە وتی، بۆ یەكەمجارە كە رایدەگەیێنێت، میسری لە 7ی ئابی 2020 كوژراوە و چونیشی بۆ ئێران "هیچ جێگای سەرسوڕمان نییە".
 
وەزیری دەرەوەی ئێران نایشارێتەوە كە ئەندامانی تاڵیبان لە ئێران هەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رەتیدەكاتەوە كە "لە نێوخۆی ئێران بنكە و بارەگایان هەبێت". دەشڵێت: "هیچ زانیارییەكم لەبارەی كۆمیتەی زاهێدان نییە" كە كۆمیتەیەكی سەر بە رێكخراوی تاڵیبانە.
 
لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئێران و رێكخراوی قاعیدە مەلا حەسەن دەڵێت: "خاڵی هاوبەش هەیە لەنێوان كۆماری ئیسلامی و قاعیدە، ئەوان لە دروستكردنی دەوڵەتی ئیسلامی یەك ئامانجیان هەیە. ئێران پەیڕەوی سیاسەتی ماكیاڤیلی دەكات، پێیانوایە دەتوانن لەپێناو ئامانجەكەیان هەر ئامرازێك بەكاربێنن. راستە لە شوێنێك دژی قاعیدەن، بەڵام لە بابەتە گشتییەكان وەك راوەستان دژی رۆژئاوا و دژی ئەو دەسەڵاتانەی كە هەوێنێكی نەتەوەییان هەیە یەك ئامانجیان هەیە، لەبەر ئەوە خاڵی هاوبەشیان زۆرە لەگەڵ قاعیدە".
 
ئەو شارەزایەی بزوتنەوەی جیهادی پێیوایە ئێران ئەو گروپە توندڕەوانەی لە سوریا بەكارهێناوە و دەڵێت: "پێش دروستبونی شەڕی سوریا، ئەوانەی لە باشوری كوردستانەوە چونە ئێران، كۆماری ئیسلامی هەمویانی زیندانی كرد، بەڵام دوای راپەڕینی گەلانی سوریا، هەمویانی لە زیندان ئازاد كرد بۆ ئەوەی شەڕەكە بە ئاقارێكی دیكە ببات، بۆ ئامانجی خۆیان لە سوریا، چونكە ئێران دەیویست تیرۆریزم لە سوریا دروستبكات بۆ ئەوەی پاساوی هەبێ بۆ شەڕكردن لە سوریا و، لەو ئامانجەش تا ئاستێكی باش سەركەوتو بون".
 
دەستپێكی كاری ئەنسارولئیسلام لە ئێران
 
موختار هۆشمەند، لێكۆڵەر و شارەزا لە كاری گروپە جیهادییەكان ئاماژەی بە بونی پەیوەندیی لەنێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و گروپە جیهادییەكانی سەر بە رێكخراوی قاعیدە كرد.
 
ئەو لێكۆڵەرە لەبارەی سەرەتای كار و چالاكیی ئەنسارولئیسلام لە ئێران دەڵێت، بونی ئەندامانی قاعیدە لە ئێران دەگەڕێتەوە بۆ دوای ساڵی 2003 و كۆچكردنی ئەندامانی ئەنسارولئیسلام بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان، لە ساڵی 2005 بەدواوە لە زۆربەی لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان خۆیان رێكخست، ساڵی 2005 بۆ 2008 بە ساڵانی زێڕینی ئەم گروپانە دادەنرێن لە رۆژهەڵاتی كوردستان، لەژێر ناوی كەتائیبی كوردستان و كەتائیبەكانی ئەهلی سوننە خۆیان رێكخست، زۆربەی گروپەكان بڕوایان وابو نابێت دژی ئێران چالاكی ئەنجام بدرێت، بەڵام بەشێكی دیكە لە گروپەكان رایان وابو دەبێت دژی ئێران چالاكی ئەمجامبدەن، بۆیە ئێران سنوری بۆ بەشێك لە جیهادییەكان دانا و دەستگیریكردن.
  
ناوچەكانی كرماشان، جوانڕۆ و پاوە شوێنی بەیەكگەیشتنی كوردانی شیعە، سوننە و یارسانە، مەلا حەسەن پێیوایە "لەو ناوچانەدا ژمارەی سەلەفییەتی جیهادیی قیتالی زیاترە، چونكە ئێران بەئەنقەست لەو شوێنانە دەستی ئاوەڵاكردون". 
 
بە وتەی مەلا حەسەن واژی: "ئێران دەیەوێت ئەو گروپانە زۆر بەخراپیی بەسەر كورددا بشكێنێتەوە، مەبەستی ئەوەیە كێشە بۆ كورد دروستبكات، لەو كارەشی چەند ئامانجێكی هەیە: یەكەمیان ئەوەیە كە دانیشتوانی زنجیرە شاخی زاگرۆس لەت بكات وەكو كرماشان و ئیلام، چونكە ئەو ناوچانە سەرچاوەی نەوتی هەیە. بۆ ئەوەی كورد شەڕی زاراوە و ئایینی بكات، كورد لەت بكات و هێندەی دیكە كورد بچوك بكاتەوە، هەروەها دەیانەوێت شەڕی یارسانەكان دروستبكەن، بۆ ئەوەی دۆخێك بەرهەمبهێنن كە كورد نەتوانێت لێی دەربچێت".
سەرچاوە/ روداو

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.