سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئەمریكا: سێ دەیەیە ئێران پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە هەیە

پێش 2 هەفتە


وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سێ كوردی وەكو سەركردەی "بەتالیۆنی كوردیی رێكخراوی قاعیدە" راگەیاند، ئاماژەی بەوەشكردووە لە سنووری نێوان ئێران و عێراق چالاكی ئەنجام دەدەن.

 

"ئێستا بارەگای نوێی قاعیدە لە ئێرانە"
مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە لێدوانێكدا رایگەیاند:"پۆلێنكردنی ئیسماعیل فوئاد رەسوول ئەحمەد، فوئاد ئەحمەد نووری ئەلشەخان و نیعمەت حەمە رەحیم حەمە شەریف وەكو سەركردەی بەتالیۆنی كوردیی رێكخراوی قاعیدە رادەگەیەنم، كە گروپێكی سەر بە قاعیدەیە لە سنووری نێوان ئێران و عێراق چالاكی ئەنجامدەدات".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا هیچ زانیارییەكی زیاتری لەبارەی ناسنامەی ئەو سێ كەسەوە نەخستووەتەڕوو.
وتیشی "ئێستا بارەگای نوێی قاعیدە لە ئێرانە".

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: سێ دەیەیە ئێران پەیوەندیی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە هەیە
پۆمپیۆ ئێران بەوە تۆمەتباردەكات كە دەستی هەبووە لە هێرشەكانی 11ی سێپتەمبەر بۆسەر دوو تاوەرە بازرگانییەكەی وڵاتەكەی، دەشڵێت، ئێران "بۆ قاعیدە بووە بە ئەفغانستان".
بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، سێ دەیەیە ئێران پەیوەندیی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدە هەیە و یارمەتیی ئەو رێكخراوەی داوە لە 11ی سێبتەمبەر، ئاماژەی بەوەش كردووە "ئێران پارە و پاسپۆرتی داوەتە بەرپرسانی قاعیدە و قاعیدەش كار بۆ پاراستنی ئێران دەكات".
وەك مایك پۆمپیۆ باسی دەكات " ئێستا هەندێك سەركردەی قاعیدە لە ئێرانن".

پێشتر مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی خستووەتەڕوو" بەهۆی سزاكانیانەوە بۆسەر ئێران، بودجەی پێشنیازكراوی سەربازیی ئێران ئەمساڵ 24% دابەزیوە، ئاماژەی بەوەش كردبوو كە زیاتر لە هەزار و 500 كەسایەتیی و لایەنی ئەو وڵاتەیان كردووەتە ئامانج و توانیویانە 70 ملیار دۆلار زیانیان پێبگەیەنن كە پێشترپاڵپشتیی تیرۆر، مووشەكی بالستی و پرۆگرامی ناوكییان پێ كردووە".

 

وەڵامی ئێران بۆ قسەكانی ئەمریكا
لە وەڵامی قسەكانی مایك پۆمپیۆ، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند "هیچ كەسێك فریو ناخوات، هەموو تیرۆریستانی 11ی سێپتەمبەر لە وڵاتە دڵخوازەكەی مایك پۆمپیۆوە هاتوون هیچیان لە ئێرانەوە نەهاتوون".

لەماوەی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ، كە سەرۆكایەتیەكەی تەنها چەند رۆژێكی كەمی ماوە، ئێران بەشێوەیەكی بەرچاو لەلایەن ئەمریكاوە فشاری خراوەتەسەر، ئێستاش لەلایەن هەندێك بەرپرسی ئەمریكییەوە هۆشداری دراوە و داوای دوورخستنەوە و لێپرسینەوە ترەمپ دەكرێت تا هیچ كارێك نەكات كە بەوتەی ئەوان "سەرشێتانە" بێت.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2020 رۆژنامەی نیویۆرك تایمز بڵاویكردووە، ئەبو محەممەد میسری كە سەر بە قاعیدە بووە، تۆمەتبارە بە هاوكاریكردن لە بۆمبارانكردنی دوو باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە ئەفریقا لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژراوە.
 ئێرانیش ئەو راپۆرتەی رەتكردەوە و رایگەیاند"هیچ تیرۆریستێكی قاعیدە لەسەر خاكی وڵاتەكەی نییە".

لە ساڵی 2001، ئەمریكا بە بیانووی بوونی قاعیدە  كە تۆمەتبارە بە هێرشەكانی سەر دوو باڵەخانە بازرگانییەكەی نیویۆرك، هێرشەكانی بۆسەر ئەفغانستان دەستپێكرد و دەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵیبانی رووخاند و بارەگاكانی رێكخراوی قاعیدەشی خاپوور كرد، بەڵام دوای 20 ساڵ لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان رێككەوتنی ئاشتی واژۆ كرد.


نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure