تایبەت بە سایتی دابڕان
د.هێرش (زەکەریا) قادری
ناسیوناڵیزم/ ئیسلامی مودێرنی عه‌ره‌بی:
پاش لاوازبوونی ده‌مارگیری عه‌ره‌بی وهێرشی قه‌ومی تورک،که هاوشێوه‌ی عه‌ره‌به ئیسلامییه‌کان به مه‌به‌ستی تاڵانکردن هێرشیان کردووه، ده‌سه‌ڵات وخه‌لافه‌ت که‌وته ده‌ستی تورکه‌کان وبه‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان. هاوکات له‌گه‌ڵ داڕمانی ئیمپراتۆری عوسمانی و هه‌روه‌ها له‌ناوچوونی خه‌لافه‌تی ئیسلامی، نه‌ته‌وه عه‌ره‌بیه‌کان که‌وتنه نێو بۆشاییه‌کی فکرییه‌وه وله چوارچێوه‌ی ئه‌و وشیارییه‌ی که به هۆی ناسیوناڵیزمی عه‌ره‌بی ده‌ستیان که‌وتبوو، بۆ زیندووکردنه‌وه‌ی هەژمونی وده‌سه‌ڵاتی ڕابردووی خۆیان ده‌رفه‌تێکیان بۆ ره‌خسایه‌وه. هه‌موو جارێک وه‌کوو که‌ڵه‌شێرێکی سه‌ربڕاو، بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه فکرییه، په‌نایان بۆ یه‌کێک له ئیدیۆلۆژییه رۆژئاواییه‌کان وه‌کوو ناسیۆناڵیزم،سۆسیالیزم ولیبرالیزم ده‌برد، تاکوو له چوارچێوه‌ی هه‌نگاونان به‌ره‌و مۆدرنیته ، ده‌سه‌ڵات وهەژمونی عه‌ره‌بی زیندوو بکه‌نه‌وه . عه‌ره‌به‌کان پاش ئاشنابوونیان له‌گه‌ڵ رۆژئاوا وبه ئاگا هاتنه‌وه سه‌باره‌ت به دواکه‌وتوویی خۆیان وپێشکه‌وتوویی رۆژئاوا، به مه‌به‌ستی قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی دواکه‌وتوویی خۆیان و زیندووکردنه‌وه‌ی شکۆومه‌زنایه‌تی عه‌ره‌به‌کان و ئازادبوون له هەژمونی تورک وکۆلۆنیالیزم ،په‌نایان به ئیدیۆلۆژی رۆژئاوایی ناسیونالیزم بردووه. ناسیۆناڵیزمی عه‌ره‌بی ،هه‌موو جارێک بۆ گه‌شه‌پێدان وزیندوکردنهوهی شکۆومه‌زنایه‌تی عه‌ره‌بی، ئیدۆلۆژییه‌کانی به‌کار ده‌هێنا . واته لیبڕالیزم ،سۆسیالیزم وکمۆنیزم ... هتد به‌ڵام بنه‌ڕه‌تی هه‌موویان ناسیۆنالیزم و وشیاری نه‌ته‌وه‌یی قه‌ومی عه‌ره‌ب بووه . پاش شکستی ئیدیۆلۆژییه رۆژئاواییه‌کان له زیندووکردنه‌وه‌ی شکۆومه‌زنایه‌تی عه‌ره‌بی ودرێژه‌پێدانی قه‌یرانی فیکری له کۆمه‌ڵگای ئیسلامی/عه‌ره‌بی، عه‌ره‌به‌کان دیسان په‌نایان بۆ ئیسلام برد،به‌ڵام نه وه‌کوو دینێکی ئاسمانی ،به‌ڵکوو وه‌کوو هێزێکی سیاسی وئایدۆلۆژیک به مه‌به‌ستی زیندووکردنه‌وه‌ی شکۆی ڕابردووی عه‌ره‌ب به وته‌ی توماس بوتکو ، ئیسلامی سیاسی سه‌رده‌م، ئامرازی هەژمونیکی رۆشبیره عه‌ره‌به‌کان له پێناوی به ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات بووه .ناسیوناڵیزمی عه‌ره‌بی ره‌شید ڕەزا ،ساتع ئهلحهسری ، که‌واکبی و میشل عه‌فله‌ق...هتد ناسیۆناڵیزمێکی سکۆلار و دژه دین نه‌بووه وبه‌ڵکوو له‌گه‌ڵ دینی ئیسلام یه‌کڕیز و هاوته‌ریب بووه. به هۆی ئه‌وه‌ی که به بۆچوونی ئه‌وان، ئیسلام وه‌کوو دینی مه‌سیحی بیانی (ڕۆم) بۆ نه‌ته‌وه‌کانی ئەڵمان و وفەڕەنسا نه‌بووه ،تاکوو سامانی عه‌ره‌به‌کان داگیر بکات، هه‌روه‌ها ناسیۆناڵیزمی دژ به دین واتای نه‌بووه، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه ،ئیسلام هۆکاری هەژمونی وباڵاده‌ستی عه‌ره‌به‌کان به‌سه‌ر غه‌یری عه‌ره‌ب بووه. هه‌ر به هۆی ئه‌وه‌ش بووه که حزبی به‌عسی شۆفینیزم که ته‌نیا خاک وخوێنیان دهپهرهست ، له په‌یوه‌ندی ناسیۆناڵیزم وئیسلام وزیندووکردنه‌وه‌ی ئیسلام به‌رگرییان ده‌کرد، هه‌روه‌ها به هۆی ئه‌وه‌ی که زیندووکردنه‌وه‌ی ئیسلام به واتای زیندووکردنه‌وه‌ی عه‌ره‌ب بووه وئاکامی چاوه‌ڕوانکراوی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی به‌عس/عه‌فله‌ق ،خه‌لافه‌تی ئیسلامی داعش بووه .
ئیسلامی سیاسی عه‌ره‌بی ،چ له چوارچێوه‌ی ئیخوان وچ فکری سه‌له‌فی ،له ده‌مارگیری قه‌ومی عه‌ره‌بی و به مه‌به‌ستی زیندووکردنه‌وه‌ی شکۆ و مه‌زنایه‌تی ڕابردوو و هه‌روه‌ها هەژمونی و زاڵبوون به‌سه‌ر غه‌یری عه‌ره‌بدا سه‌رچاوه‌ی گرتووه . ته‌نانه‌ت " ئیخوان موسلمین " له سه‌ره‌تادا بانگه‌شه‌ی بۆ ئایدیۆلۆژی عه‌ره‌بیزم ده‌کرد که له دواییدا و بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ هەژمونی ناسیوناڵ سکۆلاری ناسر ، که قه‌یرانی سوئزی چاره‌سه‌ر کردبوو ،هه‌وره‌ها به مه‌به‌ستی دژایه‌تی سیاسی له‌گه‌ڵ جه‌مال عه‌بدولناسر و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ناوبانگی ئه‌و له ناو وڵاتانی غه‌یری عه‌ره‌بی،په‌یره‌و وپرۆگرامی خۆیان گۆڕی و بۆ دژایه‌تی کردنی ده‌سه‌ڵاتی جه‌مال عه‌بدولناسر،په‌نایان بۆ ئابدیۆلۆژی ئیسلام بردووه . " ئیخوان پێش شۆڕشی 1952 و ده‌رکه‌وتنی جه‌مال عه‌بدولناسر ،خۆیان به ڕزگارکه‌ری نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ئه‌ژمار ده‌کرد وگه‌ڕاندنه‌وه‌ی شکۆ ومه‌زنایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب ئامانجی ئه‌وان بووه "(قادر،2000،9). هه‌روه‌ها ئه‌وان له ساڵی 1939 له پرسی فه‌له‌ستین ،رۆڵێکی گرینگ‌یان له به‌رگری له مافی عه‌ره‌به‌کان بووه (عینایه‌ت، 1360،154). به‌ڵام پاش شکستهێنانی ناسر وعه‌ره‌به‌کان به‌رامبه‌ر به ئیسرائیل که له ڕاستیدا به واتای شکستهێنانی ئایدیۆلۆژی سۆسیالیزم وناسیۆناڵیزم بوو، ئیخوان شه‌ڕی نێوان عه‌ره‌ب – ئیسرائیلی به شه‌ڕی نێوان ئیسلام ویههودییهت ئه‌ژمار کرد (هه‌مان سه‌رچاوه، 157). هه‌روه‌ها ئیخوان بۆ باڵاده‌ستی خۆی په‌نای بۆ ئایدیۆلۆژی ئیسلام برد وشه‌ڕێکی هەژمونیکی هه‌ڵگیرساند. پێش گۆڕینی په‌یڕه‌و وپرۆگرامی ئیخوان له عه‌ره‌بییه‌ت بۆ ئیسلام ، " ئیخوان له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رانی ئازادی ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندی هه‌بووه، ئیخوان وانه‌ی ئایینی به ئه‌فسه‌رانی ئازاد وتووه وهه‌روه‌ها ئه‌فسه‌رانی ئازاد وانه‌ی سه‌ربازییان به ئیخوانه‌کان داوه (هه‌مان سه‌رچاوه، 156).
ده‌مارگیری عه‌ره‌بی که به ئایدیۆلۆژییه رۆژئاواییه‌کانی وه‌کوو ناسیۆنالیزم ،سوسیالیزم ...هتد توانای یه‌کڕیزی وسه‌رکه‌وتنی به ده‌ست نه‌هێنابوو ، هۆکاری شکستی عه‌ره‌ب بۆ ئایدیۆلۆژییه رۆژئاواییه‌کان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ درووشمی گه‌ڕانه‌وه بۆ ئیسلام ، وه‌کوو ئایدیۆلۆژی یه‌کڕیزی عه‌ره‌ب وهه‌روه‌ها ئامرازی یه‌کگرتوویی سیاسی عه‌ره‌به‌کان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئیسرائیل...هتد ده‌دات. جێگای سه‌رنجه که بناغه‌ی ئیسلام گه‌رایی هه‌مان عه‌ره‌بیزم بووه . بزاز ده‌ڵێت :" ئیسلام له‌گه‌ڵ ناسیوناڵیزمی عه‌ره‌بی دژایه‌تییه‌کی نییه، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که ئامانجه‌کانیان جیاواز بێت که ئه‌مه‌ش له ڕاستیدا بوونی نییه " (ئهلبزاز ، بی تا ، 199). هه‌روه‌ها ده‌ڵێت : هه‌رچه‌نده ئیسلام به دینێکی جیهانی وگشتی داده‌نرێت ،به‌ڵام وه‌کوو سرووشتی خۆی بۆ عه‌ره‌به‌کان داڕێرژراوه و هه‌روه‌ها قورئان به زمانی عه‌ره‌بییه وپێغه‌مبه‌ریش له نێو ئه‌وان هه‌ڵبژێردراوه (عینایه‌ت، 1362، 201). مزگه‌وتی ئه‌لئه‌زهه‌ر که به هێما وسومبولی پیاوانی ئایینی وئیسلامی فیقهی/ئاسمانی داده‌نرێت ، " پاش شه‌ڕی جیهانی دووه‌م ، له ناوه‌ندی نیشتمانی جیهانی ئیسلامی بۆ ناوه‌ندی پاڵپشتی مه‌عنه‌وی له ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی ده‌گۆڕدرێت . هه‌روه‌ها ئه‌لئه‌زهه‌ر به هه‌موو توانای خۆیه‌وه پاڵپشتی له شۆڕشی 1952ی ناسیۆنالیزمی ناسر کرد وئه‌فسه‌رانی ئازادی به درێژه‌پێده‌ری رێگای ورێبازی عومه‌ر وعهمرو کوڕی عاس ئه‌ژمار ده‌کرد ،واته ئه‌وانی به یه‌که‌مین قاره‌مانانی سه‌ربازگه‌ی ئیسلامی پێناسه کردووه "(عینایه‌ت ، 1362، 210). له ساڵی 1956 ،که‌سانێكی وه‌کوو بزاز وسکۆلار له کۆمه‌ڵگای ئه‌لئه‌زهه‌ر ،به ته‌واوی به‌رگرییان له بیرۆکه‌ی هاوشێوه‌بوونی ئیسلام وناسیونالیزمی عه‌ره‌بییان ده‌کرد . خه‌تیب که له زانایانی ئه‌لئه‌زهه‌ره ،له وتارێکدا له ژێر ناوی " ئایا دێ‌و هه‌ستاوه‌ته‌وه " که مه‌به‌ستی له دێ‌و ،عه‌ره‌به‌کان بووه، مێژووی ئیسلام وعهرهبییهت به یه‌ک مێژووی هاوبه‌ش داده‌نێت و هاوشێوه‌ی وه‌هابییه‌کان ، داڕمانی ئیسلام به داڕمانی سیسته‌می حکوومه‌تی عه‌ره‌بی یان گۆڕینی به سیسته‌می ئێرانی ، فه‌لسه‌فه‌ی یونان وعیرفان داده‌نێت . هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه ده‌کات که به ده‌سه‌ڵات گرتنی تورکه‌کان ،مه‌غۆل و کۆلۆنیالیزم ،دێوی عه‌ره‌ب چووه‌ته خه‌و . هه‌روه‌ها به بۆچوونی خه‌تیب ، شۆڕشی ناسیۆنالیستی عه‌بدولناسر به ئاراسته‌ی رۆنێسانسی ته‌واوی کۆمه‌ڵگای ئیسلامی وهه‌ستانه‌وه‌ی دێوی عه‌ره‌بی ئه‌ژمار ده‌کات (عینایه‌ت، هه‌مان سه‌رچاوه، 21). هه‌روه‌ها خه‌تیب سه‌رنووسه‌ری ئه‌لئه‌زهه‌ر ، ستایشی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی عه‌ره‌بی ناسر ده‌کات و کودتای 1952 به به‌زه‌یی خودا بۆ مرۆڤایه‌تی داده‌نێت و عه‌ره‌بییه‌ت و ئیسلام به هاوشێوه‌ی یه‌ک ئه‌ژمار ده‌کات (ئه‌حمه‌دی، 1383، 62). له ڕاستیدا له بزووتنه‌وه ئیسلامییه‌کانی هاوچه‌رخ (هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می سه‌ره‌تایی ) بڕوا به دین وه‌کوو ئایینێکی میتافیزیکی جێگای گۆمان و دوودڵی بووه و زۆرتر ئیسلام وه‌کوو ئیدیۆلۆژییه‌کی سیاسی بۆ کۆکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک وزیندووکردنه‌وه‌ی قه‌ومییه‌ت به‌کار هێندراوه و له ئاکامی شکستهێنانی بیرۆکه دژه‌کانی ئیسلام ، هه‌روه‌ها به له‌به‌رچاو گرتنی پێگه‌ی باڵای دین وهێما دینییه‌کان له کۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌کاندا ، دین وه‌کوو ئیدیۆلۆژییه‌کی ئیسلامی وسه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌وره‌ی هێزی سیاسی – کۆمه‌ڵایه‌تی به‌کار هێندراوه وکه‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه (رزوان ئه‌لسه‌یید ، 1383، 10). بۆ نموونه ،سه‌یید جه‌مال ئه‌لدین ، که که‌سایه‌تی مه‌زنی هه‌موو ئیسلام خوازه‌کان ، له سه‌رده‌می ره‌شید ره‌زا تاکوو ئیخوان ئه‌لموسلمین بووه ، سه‌ره‌ڕای به‌کارهێنانی ئیسلام وه‌کوو ئیدیۆلۆژییه‌ک بۆ یه‌کڕیزی سیاسی ، به هیچ شێوه‌یه‌ک بڕوای به ئیسلام وه‌کوو دینێکی میتافیزیکی نه‌بووه و ته‌نانه‌ت له بنه‌ڕه‌تیشدا بڕوای به میتافیزیک وخودا و پێغه‌مبه‌ریش نه‌بووه . ئه‌م رستانه‌ی سه‌یید له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی رنان ،به ڕوونی بێ باوه‌ڕی نهێنی ئه‌و ئاشکرا ده‌کات که ده‌ڵێت :" پیغه‌مبه‌ره‌کان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه که بانگهێشت له مرۆڤ بکه‌ن بۆ گوێرایه‌ڵی له فه‌رمانی عه‌قڵ، به‌ڵام کاتێ که له‌م هه‌وڵه‌دا شکستیان هێناوه ، به ناچار بیرۆکه ژیرانه‌کانی خۆیان بۆ خودای گه‌وره وبێ هاوتا گه‌ڕانده‌وه تاکوو خه‌ڵک گوێرایه‌ڵی ئه‌وان بن ... ئه‌و گوێرایه‌ڵی وژێردهستهبوونهی که به ناوی خودای گه‌وره به‌سه‌ر خه‌ڵکدا سه‌پێندرا ، یه‌کێک له قورسترین وبێ به‌هاترین کوت وبه‌نده‌کان بۆ مرۆڤ بووه ... " (عینایه‌ت، 1389، 105). سه‌ره‌ڕای بێ باوه‌ڕی به‌رامبه‌ر به ناوه‌رۆک وچییهتی خودایی دین ، وه‌کوو ئامرازێکی ئیدیۆلۆژیک به مه‌به‌ستی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی باڵاده‌ستی عه‌ره‌ب و هژمونی به‌سه‌ر غه‌یری عه‌ره‌بدا که‌ڵکی لێ وه‌رگیراوه .
هاوکات له‌گه‌ڵ داڕمانی خه‌لافه‌تی عوسمانی ،ناسیونالیسته عه‌ره‌بییه‌کان ، به پشتیوانی وله ژێر سێبه‌ری ئیسلام، خه‌ونی زیندووکردنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی شکۆومه‌زنایه‌تی عه‌ره‌بیان هه‌بووه . " دوا به دوای له‌ناوچوونی خه‌لافه‌تی عوسمانی ، نه‌ته‌وه‌خوازه‌کانی عه‌ره‌ب ، لاوازبوون و له‌ناوچوونی خه‌لافه‌تی عوسمانیان به هه‌ل ئه‌ژمار کرد و بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خه‌لافه‌ت وده‌سه‌ڵات بۆ عه‌ره‌به‌کان خه‌باتی خۆیان چڕتر کرد "(عینایه‌ت، 1360، 129). " به بۆچوونی ناسیوناڵیسته‌کانی عه‌ره‌ب ، خه‌لافه‌تی عوسمانی ته‌نیا وه‌کوو ئامرازێک بووه بۆ باڵاده‌ستی تورانییه‌کان (تورکه‌کان) به‌سه‌ر عه‌ره‌ب ، هه‌روه‌ها له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه له‌ناوچوونی خه‌لافه‌ت به واتای به‌دیهاتنی هیوا وئاواتێکی دێرینی عه‌ره‌ب بووه " (عینایه‌ت، 1360، 106).
به‌م پێیه دیاره که په‌یوه‌ندییه‌کی دوولایه‌نه له نێوان ناسیونالیسته‌کانی عه‌ره‌ب وئیسلام خوازه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بووه . که‌سانێک وه‌کوو عه‌فله‌ق له ڕوانگه وڕه‌هه‌ندی ناسیونالیستی ،هه‌وڵی زیندووکردنه‌وه‌ی ئیسلامیان هه‌بووه و هه‌روه‌ها که‌سانێ وه‌کوو ره‌شید ره‌زا وزانایانی ئه‌لئه‌زهه‌ر له ڕوانگه‌و ڕه‌هه‌ندی ئیسلامییه‌وه ، په‌رۆشی بووژانه‌وه‌ی ناسیوناڵیزم وده‌مارگیری عه‌ره‌بییان هه‌بووه . به‌ڵام ئاکام وئامانجی هه‌ردوو گرووپه‌که هاوشێوه‌ی یه‌کدی بووه . به هۆی ئه‌وه‌ی که زیندووکردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی له لایه‌ن عه‌ره‌به‌کانه‌وه به واتای زیندووکردنه‌وه‌ی ئیمپراتوری وهژمونی وباڵاده‌ستی عه‌ره‌به‌کان بووه ، هه‌روه‌هاش زیندووکردنه‌وه‌ی ده‌مارگیری عه‌ره‌بی له چوارچێوه‌ی ئیسلام ، دیسان به واتای زیندووکردنه‌وه‌ی ئیمپراتوری وهژمونی عه‌ره‌به‌کان بووه . ناسیوناڵیزمی هاوچه‌رخی عه‌ره‌بی ،دینی ئیسلامی وه‌کوو ئامرازێک بۆ یه‌کڕیزی عه‌ره‌به‌کان وزاڵبوون به‌سه‌ر غه‌یری عه‌ره‌به‌کان ،به تایبه‌ت کورد به کار هێناوه ، به هۆی ئه‌وه‌ی که به درووشمی عه‌ره‌ب خوازی ده‌بوونه هۆی هه‌ڵوێست گرتنی قه‌ومه غه‌یری عه‌ره‌به‌کان . ئه‌مه له کاتێکدایه که ئیسلام له بنه‌ڕه‌تدا له پێناوی دونیاگری عه‌ره‌ب/قوره‌یش داڕێژراوه . که‌وایه به درووشمی ئیسلام وه‌کوو دینێکی جیهانی ونێونه‌ته‌وه‌یی ، هه‌وڵی ڕاکێشان وتواندنه‌وه‌ی غه‌یری عه‌ره‌به‌کانی له ئیمپراتوری عه‌ره‌بی داوه ، هاوشێوه‌ی درووشمی ئه‌مڕۆی ئیسلام له وڵاتی تورکیه که هه‌وڵی کۆکردنه‌وه‌ی کورده‌کان له ژێر ده‌سه‌ڵات وهژمونی خۆی ده‌دات . بنه‌ڕه‌تی ئه‌م ئستراتژیانه له ڕابردووی ئیسلام وئاکامی چاوه‌ڕوانکراوی ئه‌رکی ئیسلامی – عه‌ره‌بی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام سه‌رچاوه‌ی گرتووه که تێیدا ئیسلام وه‌کوو ئامرازێکی ئیدیۆلۆژیک بۆ هژمونی و خۆسه‌پاندنی عه‌ره‌ب/قوره‌یش هاته ئاراوه . به‌م پێیه‌ش له سه‌رده‌می قوره‌یش تاکوو سه‌رده‌می به‌عس ، له په‌یامی ئاسمانی پێغه‌مبه‌ر تاکوو په‌یامی پێغه‌مبه‌ر بۆ به‌غدادی ، هه‌روه‌ها له سه‌رده‌می ئه‌بوبه‌کری سددیق تاکوو سه‌رده‌می ئه‌بوبه‌کری به‌غدادی ، له به‌ستنی په‌یمانی برایه‌تی نێوان موهاجرین وئهنسار تاکوو ئیخوان ئه‌لموسلمینی به‌نا ،شه‌ڕ وپێکدادانی ئه‌خلاقی و دینی به‌رهه‌می ئیدیۆلۆژیکی ده‌مارگیری/ ناسیونالیستی عه‌ره‌بی بووه . ده‌مارگیری /ناسیوناڵیستی عه‌ره‌بی ،بوونناسی ، دین/ ئه‌خلاق، ئیدیۆلۆژی ،هه‌موو له پێناوی بوون و ژیانه‌وه‌ی سیاسی /ئابووری عه‌ره‌بیدایه ،به‌م پێیه‌ش ، عه‌قڵی عه‌ره‌بی ( له سه‌رده‌می په‌یامی ئاسمانی ئیسلامی تاکوو سه‌رده‌می ناسیونالیستی عه‌ره‌بی ) ،عه‌قڵێک بووه که ئامانج وبه‌رهه‌می جێگیرکردن و سه‌قامگیرکردنی ده‌سه‌ڵات بووه، نه‌ک به‌رهه‌مهێنانی زانست وبه‌ڕێوه‌بردنی ئه‌خلاق ، هه‌روه‌ها ئه‌خلاق/دین وزانست، ئامرازی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی بوون نه‌ک ورووژێنه‌ری و ناورۆکی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته .
به‌شێک له ئیسلام خوازه‌کان ، درووشمی ڕواڵه‌تی ئیسلام وقورئان ده‌که‌ن به پێوه‌ر که تێیدا چاو له ڕه‌چه‌ڵه‌ک وقه‌وم ناکرێت و ده‌ڵێن که یه‌کڕیزی نه‌ته‌وه ئیسلامییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌مای باوه‌ڕ وخۆراگری وبرایه‌تی دینی داڕێژراوه . بۆ ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌م درووشمه رواڵه‌تییه ، بۆچوونی یه‌کێک له گه‌وره‌ترین بیرمه‌ندانی هاوچه‌رخی ئیسلامی میسر ،واته " موحه‌مه‌دی غه‌زاڵی " دژ به بۆچوونی ئیسلامیه بناژۆخوازه‌کان به کار ده‌هێنین . موحه‌مه‌دی غه‌زاڵی به ڕه‌خنه‌گرتن له‌و بیرۆکانه‌ی که تێیدا هاتووه که فکر وسیسته‌می سیاسی رۆژئاوایی گرینگی به دین نادات ودین له‌به‌ر چاو ناگرێت ، بنه‌ڕه‌ت وبناغه‌ی زۆرینه‌ی سیسته‌مه سیاسیه‌کان وحزبه‌کان و وڵاته رۆژئاواییه‌کان بۆ ده‌مارگیری (مه‌سیحی/جووله‌که) ده‌گه‌ڕێنێته‌وه وهه‌وره‌ها به بۆچوونی ئه‌و کولونیالیزمی رۆژئاوایی به درووشمه مرووییهکانهوه ، درێژه‌پێده‌ری شه‌ڕی خاچ په‌رستی دژ به ئیسلام بووه . غه‌زاڵی دژی ئه‌و بۆچوونه‌یه که ده‌ڵێت " رۆژئاواییه‌کان دینیان ماچ کردووه وپاشان له‌بیریان کردووه " و له‌و بڕوایه‌دایه که دژایه‌تی ئوروپا له به‌رامبه‌ری ئیسلام له هه‌ستی ورووژێنه‌ری خاچ په‌رستی سه‌رچاوه‌ی گرتووه . هه‌روه‌ها ده‌ڵێت :"ناوی فه‌رمی حکومه‌تی به‌ریتانیا بریتییه له پارێزه‌ری دین ، یه‌که‌م خاڵی پرۆگرامی حزبی کونسێرواتیوی بریتانیا بریتییه له بونیادنانی شارستانییه‌تی خاچ په‌رستی ، هه‌روه‌ها ناوی حزبی ئیتالیا ،حزبی دیموکراتی خاچ په‌رسته ...هه‌روه‌ها موسوڵمانه‌کانیش ده‌بێ حکوومه‌تێکی له‌و چه‌شنه (ئامانجی پاراستنی دین بێت ) بونیاد بنێن ، به هۆی ئه‌وه‌ی که ئیسرائیل ورۆژئاوا پێکه‌وه په‌نایان بۆ دینی خۆیان بردووه ... ئیسرائیلیه‌کان ، ناوی وڵاتی خۆیان به کۆماری جووله‌که یان رێکخراوی سوسیالیستی یان ... نه‌ناوه ، به‌ڵکوو ناویان ناوه وڵاتی ئیسرائیل " (عینایه‌ت ، 1360، 160).
به گشتی مه‌به‌ستی غه‌زاڵی ئه‌وه‌یه که درووشمه روالهتییهکانی رۆژئاواییه‌کان بۆ وه‌لانانی دین وهۆگری بۆ به‌ها جیهانییه‌کانی دیموکراسی ولیبراڵیزم و... ته‌نیا بۆ موسوڵمانه‌کانه که دژ به ئه‌وان وه‌ستاون ، له ڕاستیدا به مه‌به‌ستی گشتگیرکردن وجیهانی کردنی به‌ها رۆژئاواییه‌کانه . ئه‌و به‌هایانه‌ی که رۆژئاواییه‌کان هه‌وڵ بۆ گشتگیرکردنی ده‌ده‌ن ، به‌های رۆژئاواییه و بنه‌ڕه‌ت وبناغه‌ی شارستانییه‌ت وبنه‌ماکانی سیاسه‌تی ئه‌وان به دینی خۆیان واته خاچ په‌رستی وجووله‌که ته‌نراوه . که‌وایه بۆچی ئێمه‌ی موسوڵمان هاوشێوه‌ی رۆژئاواییه‌کان بۆ ناونانی وڵاته‌کانمان وبنه‌ماکانی سیاسه‌ت و... خۆمان ، له دینی خۆمان که‌ڵک وه‌رنه‌گرین . له ڕاستیدا درووشمی رۆژئاواییه‌کان بۆ وه‌لانانی دین ، ته‌نیا بۆ دینه دژبه‌ره‌کانه وئامانجی ئه‌وان له‌ناوچوونی دینه نه‌یاره‌کانی خاچ په‌رستی وجوولهکهیه و هه‌روه‌ها به ئامانجی زاڵبوونی خاچ په‌رستی به‌سه‌ر هه‌موو دینه‌کان، درێژه‌پێده‌ری شه‌ڕی خاچ په‌رستی ده‌بن . ده‌توانین هاوشێوه‌ی ئه‌م بۆچوونه سه‌باره‌ت به درووشمی رواڵه‌تی ئیسلام وئیسلام خوازه هاوچه‌رخه‌کان ،وه‌کوو غه‌زالی به‌کار بهێنین که ئیسلام به دینێکی جیهانی ویه‌کسانیخواز ناوده‌به‌ن که قه‌ومییه‌ت و ڕه‌چه‌ڵه‌ک تێیدا گرینگ نییه ، به واتایه‌کی دیکه ،درووشمی ئیسلام وه‌کوو دینێکی نێونه‌ته‌وه‌یی ورهتکهرهوهی قه‌ومییه‌ت ، ته‌نیا قه‌وم وڕه‌چه‌ڵه‌کی غه‌یری عه‌ره‌ب ده‌گرێته‌وه . ئه‌و به‌ها ئیسلامیانه‌ی که ئاماژه به جیهانی و نێونه‌ته‌وه‌یی بوونی ئیسلام ده‌که‌ن به واتای جیهانی بوونی به‌ها عه‌ره‌بییه‌کانه وبه مه‌به‌ستی ره‌تکردنه‌وه و بنده‌ستی قه‌ومه غه‌یری عه‌ره‌به‌کان داڕێژراوه . به‌ها ئیسلامییه‌کان به زمانی عه‌ره‌بی به شێوه‌یه‌کی ناوشیار به ئامانجی باڵاده‌ستی عه‌ره‌به‌کان وگه‌شه‌پێدانی که‌لتووری عه‌ره‌بی ،به‌ها عه‌ره‌بییه‌کان وقه‌ومی عه‌ره‌ب به‌رز و زیندوو ده‌که‌نه‌وه . بناغه وبنه‌ڕه‌تی درووشمه دژه قه‌ومییه‌کانی ئیسلام به ئامانجی لاواز کردنی ناسیونالیستی غه‌یری عه‌ره‌به‌کان وهژمونی قه‌ومی عه‌ره‌ب به‌سه‌ر ئه‌واندا داڕێژراوه . نه‌ته‌وه‌ی قوره‌یش ، کۆمه‌ڵه‌ی هاورێیانی پێغه‌مبه‌ر ، باڵاده‌ستی هاورێیان یان بنه‌ماڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر، زمانی خودایی وپیرۆزی عه‌ره‌بی ، به‌ناوه‌ند بوونی مه‌ککه وعه‌ره‌بستان بۆ حه‌ج، هاوردنی رێژه‌ی بێ سنووری تاڵانی بۆ ناوه‌ندی خه‌لافه‌تی ئیسلامی و ... هه‌موو له پێناوی عه‌ره‌بییه‌ت بووه و هه‌روه‌ها درووشمه رواڵه‌تییه جوانه‌کانی بۆ غه‌یری عه‌ره‌ب بووه و به مه‌به‌ستی جێگیرکردنی هژمونی عه‌ره‌بیزم و له ڕاستیدا به مه‌به‌ستی به‌خشینی ڕه‌وایی مرۆیی/خودایی به هژمونی قه‌ومی خه‌لافه‌ت/دینی عه‌ره‌بی بووه .
ره‌تکردنه‌وه‌ی قه‌ومییه‌ت وڕه‌چه‌ڵه‌ک له ڕوانگه‌ی دینی ئیسلامه‌وه له ڕاستیدا به واتای ره‌تکردنه‌وه‌ی خۆراگری قه‌ومی/ڕه‌چه‌ڵه‌کی له به‌رامبه‌ر هێرشی قه‌ومییه‌ت وڕه‌چه‌ڵه‌کی عه‌ره‌بی بووه . هه‌روه‌ها ناساندنی ئیسلام وه‌کوو دوایین دین وپیغهمبهر وه‌کوو دوایین پێغه‌مبه‌ر به مانای هێرشکردنه سه‌ر خۆراگری دین/قه‌ومه‌کانی دیکه له به‌رامبه‌ر دین/قه‌ومی عه‌ره‌بی بووه . به هۆی ئه‌وه‌ی که عه‌ره‌به‌کان هه‌موو ده‌سه‌ڵاتیان قۆرخ کردبوو ، درووشمی یه‌کڕیزی نه‌ته‌وه ئیسلامییه‌کانیان به ئامانجی پێکهاتنی نه‌ته‌وه‌ی ئیسلامی ،برایه‌تی دینی و یه‌کسانی و... دووپات ده‌کرده‌وه ، به‌ڵام به کرده‌وه ئه‌وه باڵاده‌ستی عه‌ره‌ب بوو که له چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه‌ی پێغه‌مبه‌ر ، نه‌ته‌وه‌ی قوره‌یش ، زمان/که‌لتووری عه‌ره‌بی و... سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌م ده‌هێندرایه‌وه . هه‌موو نه‌ته‌وه غه‌یری عه‌ره‌به‌کان به درووشمی " ئیسلام دینێکی جیهانی " له پێناوی که‌لتوور/زمانی عه‌ره‌بی و عه‌قڵی سیاسی /ئابووری عه‌ره‌بیدا بوون. به هۆی ئه‌وه‌ی که عه‌ره‌به‌کان له به‌رامبه‌ر تورکی عوسمانی و کولونیالیئزمی رۆژئاوا له باروودوخێکی لاوازدا بوون ، دژ به هژمونی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه په‌نایان بۆ نه‌ته‌وه‌خوازی وناسیوناڵیزم ده‌برد وله کۆتاییدا ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ دینی ئیسلام وه‌کوو دینێکی عه‌ره‌بی ، به‌ڵام کاتێ که سه‌ربه‌خۆیی خۆیان به‌ده‌ست هێنا وبه‌سه‌ر قه‌ومه‌کانی وه‌کوو کورد و...زاڵبوون ، درووشمی برایه‌تی دینی و نه‌ته‌وه‌ی ئیسلامیان به‌کار ده‌هێنا تاکوو هژمونی و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له نێو واتا مرۆیی/دینیه‌کان بشارنه‌وه و ڕه‌هه‌ندی سه‌ربازی هژمونی خۆیان تێکه‌ڵ به ڕه‌هه‌ندی که‌لتووریش بکه‌ن . به هه‌مان شێوه‌یش له سه‌رده‌می پێش ئیسلامدا ،کاتێ که ئێرانییه‌کان به‌سه‌ر قه‌ومه‌کانی دیکه‌دا زاڵبوون ،به ناوی به‌های دینی وئایینی و سیسته‌می ئاسمانی ،پاساویان بۆ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌هێنایه‌وه وئاماژه‌یان به قه‌ومییه‌تی خۆیان نه‌ده‌کرد تاکوو دژ به هژمونی قه‌ومی خۆیان ،هه‌ستیاری قه‌ومه‌کانی دیکه نه‌ورووژێنن . به‌ڵام کاتێ که ئێرانییه‌کان له به‌رامبه‌ر عه‌ره‌به‌کان ،ده‌سه‌لاتیان لاواز بوو ، له چوارچێوه‌ی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ،دژ به عه‌ره‌به‌کان په‌نایان بۆ قه‌ومییه‌ت/ڕه‌چه‌ڵه‌کی خۆیان ده‌برد . هه‌روه‌هایش له به‌رامبه‌ر خه‌لافه‌تی تورکی /عوسمانی و به‌هێزی ئیمپراتوری سه‌فه‌وی، په‌نایان بۆ ده‌مارگیری قه‌ومی/ڕه‌چه‌ڵه‌کی و یان بۆ دینێکی جیاواز له دینی زاڵی ئیمپراتوری ده‌برد . به‌م پێیه‌ش دیاره که ئیسلامی شێعه بۆ ئێرانییه‌کان وئیسلامی سوننی بۆ عه‌ره‌به‌کان له پێناو قه‌ومییه‌تی ئه‌وان، به ڕابردوو و ئێستاشه‌وه ئامرازی زیندووکردنه‌وه‌ی هژمونی قه‌ومی بووه . هه‌روه‌ها ئاتاتورک به درووشمی برایه‌تی ئیسلامی ، کورده‌کانی له به‌ره‌ی خۆیدا دژ به دوژمنانی تورک (نه کورد) کۆده‌کرده‌وه .
هیچ قه‌وم /چینێک ،بێ بوونی ئیدیۆلۆژییه‌کی سه‌رووی نه‌ته‌وه/چینایه‌تی ،هه‌روه‌ها درووشمی مرۆیی/خودایی ،توانای هژمونی وتالانکردنی قه‌ومه‌کان /چینه‌کانی دیکه وبه ده‌ستهینانی ڕه‌وایی له نێوان ئه‌واندا نه‌بووه . هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێکی سه‌ربازی/ده‌وڵه‌تی بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی داگیرکاری وپاراستنی هژمونی خۆی ،پێویستی به هێزێکی هژمونیک/ ئیدیۆلۆژیکی مرۆیی /دینی ده‌بێت . ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هژمونیکه (ئه‌فسانه ،دین و ئیدیۆلۆژی) گرێدراوی ده‌سه‌ڵات یان ئامرازی ده‌سه‌ڵاتی هژمونیکی قه‌وم/چینی ده‌سه‌ڵاتداره . په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی هژمونیکی و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی قه‌وم/چینایه‌تی ، په‌یوه‌ندییه‌کی هه‌ڵبژێردراو/گرێبه‌ستی نییه وبه‌ڵکوو په‌یوه‌ندییه‌کی بوونناسانه /ئانتۆلۆژیکییه antologic /. به واتایه‌کی دیکه په‌یوه‌ندییه‌کی سرووشتی/چیهتییه نه‌ک ئاسۆیی/مێژوویی یان په‌یوه‌ندییه‌کی به‌لارێدا رۆشتوو . به‌و مانایه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی و تاڵانکاری عه‌ره‌ب/ئێران ، به مانای دوورکه‌وتنه‌وه له بنه‌ڕه‌تی ئیسلام/زه‌رده‌شت نییه ،به‌ڵکوو ئاکامی چاوه‌ڕوانکراوی بیرۆکه‌ی ئیسلام یان زه‌رده‌شت بووه . شایانی باسه که ئه‌م بۆچوونه بۆ هه‌موو دین/شارستانییه‌تێک گونجاوه ونه‌ک ئه‌وه‌ی که ته‌نیا به‌شێک له دین یان شارستانییه‌تێک بگرێته‌وه . ناکرێت ئه‌م بۆچوونه بۆ سه‌رده‌می داعش به‌کار بهێنین وبۆ سه‌رده‌می سه‌ره‌تای ئیسلام ڕوانگه‌یه‌کی دینی/میتافیزیکیمان هه‌بێت ، به هۆی ئه‌وه‌ی که دین/میتافیزیک ئامرازی هژمونیکی هه‌مان ده‌سه‌ڵات وهژمونی زه‌وینی بووه . به هۆی ئه‌وه‌ی که خودی دین/میتافیزیک هیچ جۆره واتا و ناوه‌رۆکێکی نه‌بووه وناوه‌رۆک و واتاکه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ق ونووسراوه‌ی دین /میتافیزیک ، واته له نێو په‌یوه‌ندییه‌کانی هژمونی قه‌وم/چینه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بوونی هه‌بووه . که‌وایه ده‌بێ " ڕه‌خنه له ئاسمان بۆ ڕه‌خنه‌ی زه‌وین، ڕه‌خنه‌ی دین بۆ یاسا ،تئۆلۆژی بۆ ڕه‌خنه له سیاسه‌ت بگۆردرێت . به واتایه‌کی دیکه ده‌توانین بڵێین که ڕه‌خنه له ئیسلام/قورئان ده‌بێ بۆ ڕه‌خنه له ده‌سه‌ڵاتی هژمونیکی عه‌ره‌به‌کان ،له سه‌رده‌می قوره‌یش تاکوو سه‌رده‌می داعش بگۆردرێت .
به پێی روانگه‌ی مارکس که ده‌ڵێت ، بناغه وبنه‌ڕه‌تی ده‌قه‌کان له به‌رژه‌وه‌ندی چینایه‌تی پێکهاتووه ، به‌م پێیه‌ش له هه‌موو ئیدیۆلۆژییه دینی و مرۆییه‌کانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر بناغه‌ی ده‌مارگیری قه‌ومی /عه‌شیره‌تی پێکهاتووه . مه‌به‌ستی که‌سانێک وه‌کوو که‌واکبی ،عه‌بده و ڕه‌شید ڕه‌زا له خه‌بات دژ به دسپوتیزم/زۆره‌ملی ،واته زۆره‌ملی وده‌سه‌ڵاتی تورکه‌کانی عوسمانی به‌سه‌ر عه‌ره‌به‌کان و هه‌روه‌ها مه‌به‌ست له به‌رگری له دیموکراسی وبنهماکان ،گه‌ڕاندنه‌وه وزیندووکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ عه‌ره‌به‌کان بووه . به هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌و که‌سانه‌ی که درووشمی مرۆیی/دینی دیموکراسی/ئیسلامی ده‌ده‌ن ،ده‌سه‌ڵاتیان نه‌بووه وهه‌روه‌ها به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتدارانی تورک پێگه‌یان لاواز بووه . هه‌روه‌ها به هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی شه‌ڕی سه‌ربازی یه‌کسانیان نه‌بووه ، به درووشمی مرۆیی/دینی هه‌وڵی به کارهێنانی هێزی جه‌ماوه‌ریان دژ به ده‌وڵه‌ت داوه .
مه‌به‌ستی وه‌هابییه‌کان له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ به‌لارێداچوون بێ باوه‌ڕی و زۆره‌ملی ،هه‌مان سیسته‌می زۆره‌ملی وهژمونی خه‌لافه‌تی تورکه‌کانی عوسمانی وهێزه‌کانی دیکه به‌سه‌ر عه‌ره‌به‌کان بووه . هه‌روه‌هاش مه‌به‌ست له گه‌ڕانه‌وه بۆ دیموکراسی وتاکپهرستی وئیسلامی ڕه‌سه‌ن و... زیندووکردنه‌وه‌ی هژمونی و باڵاده‌ستی عه‌ره‌به‌کان و گه‌ڕانه‌وه بۆ رۆحی عه‌ره‌بییه‌ت بووه . ره‌تکردنه‌وه‌ی زۆرملی/چه‌قبه‌ستوویی فکری ،بێ باوه‌ڕی وبهلارێداچوون ،به واتای ره‌تکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی غه‌یری عه‌ره‌بی وه‌کوو ده‌سه‌ڵاتی تورک وکولونیالیزم بووه . هه‌روه‌ها به زیندووکردنه‌وه‌ی ئیسلامی ڕه‌سه‌ن ،تاکپه‌رستی، دیموکراسی و ئازادی به واتای زیندووکردنه‌وه‌ی هژمونی ویه‌کڕیزی عه‌ره‌به‌کان بووه . مه‌به‌ستی که‌سانێک وه‌کوو که‌واکبی له سیسته‌می زۆره‌ملی ، له‌ناوبردنی سیسته‌می زۆره‌ملی عوسمانی بووه . وتاری " ته‌بایع ئستبداد(سرووشتی سیسته‌می زۆره‌ملی ) " که‌واکبی ،ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌نگی هه‌موو نه‌یارانی سیسته‌می زۆره‌ملی عوسمانی، به تایبه‌ت بۆچوونی عه‌ره‌به‌کانی شام بووه . (عینایه‌ت،1389،164). هه‌روه‌ها له کۆتایی ئه‌م وتاره‌دا ئاماژه به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و خه‌لافه‌ت بۆ قه‌ومی عه‌ره‌ب ده‌کات (هه‌مان سه‌رچاوه،178). " که‌واکبی به‌رگری له خاڵه ئه‌رێنییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌ب له مێژووی ئیسلام ده‌کات و دژ به خه‌لافه‌تی تورکی ،خوازیاری هه‌ڵبژاردنی عه‌ره‌بێکی قوره‌یشی وه‌کوو خه‌لیفه له شاری مه‌ککه ده‌کات . له گه‌ڵاڵه‌ی که‌واکبی ،بۆچوونه قه‌ومییه‌کان هاوشێوه‌ی ڕوانگه دینییه‌کان کاردانه‌وه‌ی بووه . به هۆی لایه‌نگری ،عه‌ره‌به‌کانی به بناغه‌دارێژه‌ری کۆمه‌ڵگای ئیسلامی ئه‌ژمار ده‌کرد "(عینایه‌ت،1360،106). ره‌شید ره‌زا به‌رگری له یه‌کڕیزی ئیسلامی ده‌کرد و له به‌رامبه‌ر درووشمی یه‌کڕیزی خه‌لافه‌تی تورکه‌کانی عوسمانی ،به‌رگری له نه‌بوونی ناوه‌ندارێتی ئیداری و جیابوونه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی ده‌کرد . به‌م پێیه‌ش ئه‌وه ڕوونه که به‌رگری له یه‌کڕیزی ئیسلامی به واتای به‌رگری له یه‌کڕیزی عه‌ره‌بی بووه . هه‌روه‌هاش ره‌تکردنه‌وه‌ی خه‌لافه‌تی زۆره‌ملی و بهلارێداچووی عوسمانی به واتای ره‌تکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات وباڵاده‌ستی غه‌یری عه‌ره‌ب به‌سه‌ر عه‌ره‌ب بووه . به بۆچوونی ناسیونالیسته عه‌ره‌به‌کان ،خه‌لافه‌تی عوسمانی ته‌نیا هۆکارێک بووه بۆ درێژه‌پێدانی باڵاده‌ستی تورکه‌کان به‌سه‌ر عه‌ره‌به‌کان (عینایه‌ت ، 1369،199). به‌م هۆیه‌ش به ڕوانگه‌ی ئیسلامی، ئاماژه‌یان به باڵاده‌ستی خه‌لافه‌تی تورکه‌کان به‌سه‌ر عه‌ره‌به‌کان ده‌کرد نه‌ک به ڕوانگه وزمانێکی قه‌ومی، تاکوو ڕه‌وایی تورکه‌کان له‌ناوببه‌ن و رێگا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ عه‌ره‌به‌کان بکه‌نه‌وه . " ره‌شید ره‌زا وکهواکبی وعه‌بده و... له به‌رامبه‌ر هژمونی تورکه‌کانی عوسمانی له خه‌لافه‌ت ،به‌رگرییان له قه‌ومییه‌تی عه‌ره‌بی ده‌کرد وخوازیاری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌ت بۆ خاوه‌نه ڕه‌سه‌نه‌کانی خۆی ،واته عه‌ره‌به‌کان بوون " (ئه‌حمه‌دی، 1383، 57). به‌م پێیه ، هه‌روه‌ها که ئیسلام په‌یوه‌ندییه‌کی قووڵی له‌گه‌ڵ ده‌مارگیری سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر بووه ،هه‌روه‌هاش له‌گه‌ڵ ناسیونالێزمی هاوچه‌رخی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌وی هه‌بووه و ئیسلام به‌رهه‌مهێنه‌ری هه‌تاهه‌تایی داخوازییه‌کانی قه‌ومی عه‌ره‌بی بووه وله وڵاتی هند وپاکستان به هه‌مان شێوه ئیسلام ئامرازی شوناس خوازی نه‌ته‌وه‌یی بووه . له سه‌ره‌تا ،لاهوری و مودودی ئیسلام و ناسیونالیزمیان پێکه‌وه تێکه‌ڵ کرد وئه‌و بۆچوونه پاساوێک بووه بۆ بونیادنانی دوو سیسته‌می جیاواز بۆ موسوڵمانه‌کانی هند – پاکستان ،هه‌روه‌ها پاش درووستبوونی وڵاتی پاکستان ئاماژه‌یان به ره‌تکردنه‌وه‌ی ناسیونالیزم له لایه‌ن ئیسلامه‌وه ده‌کرد (ئه‌حمه‌دی،1383،58). ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌وه بووه که به که‌ڵک وه‌رگرتن له ئیسلام وه‌کوو ئامرازێک به ئامانجی قه‌ومی خۆیان گه‌شتبوون و پاش ئه‌و ئامانجه دژ به ناسیونالیزم هه‌ڵویستیان گرتووه .