رێكخراوێك كە كاری بە بەڵگەنامە كردنی دۆخی ئێزدیەكانە ئاشكرایكردووە، ئەو حاڵەتە خۆكوشتنانەی بەمدواییە لەناو كەمپی ئێزدییەكان لە باشووری كوردستان روودەدات، حاڵەتی جیاوازە، هەرچەندە ماوەی نێوان خۆكوشتنەكان كەمە و سێ لەوانەش تەمەنیان خوار 18 ساڵ بوو.
سێ لەو كچانەی خۆیان كوشت، دوانیان تەمەنیان 15 ساڵ بوو، وەك ئەو رێكخراوەش دەڵێت دوو لەو كچانەی لەمدواییەدا خۆیان كوشت بەهۆی هەڕەشەی ئەلكترۆنییەوە بووە و هەرسێ كچەكەش لە كەمپەكانی شاریا و ئیسیان و بەرسڤی پارێزگای دهۆكە.
وەك عەلی ئیبراهیم بەرپرسی نوسینگەی شەنگالی رێكخراوی بەبەڵگەنامەكردنی ژیانی ئێزدیەكان ئاماژەی پێكردووە، ئەو دوو كچەی تەمەنیان 15 ساڵ بووە لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە هەڕەشەیان لێكراوە و هەر ئەوەش بووەتەهۆی خۆكوشتنیان، كچی سێیەمیش كە تەمەنی نەگەیشتبووە 18 ساڵ بەهۆی كێشەی خێزانی و تێنەگەیشتنی هاوسەرەكەی لێی خۆی كوشتووە.
سەرچاوەیەكیش لە كەمپی شاریا بە ماڵپەڕی حوڕرەی ئەمریكی وتووە، هەندێك لە كچان و ژنانی ئێزدی لەكەمپەكان گێچەڵیان پێدەكرێت و هەوڵی دەستدرێژی كردنە سەریان دەدرێت.
خۆكوشتنی كچان و ژنانی ئێزدی لەكاتێكدایە، ئێزدییەكان بەهۆی ئەوەی ئاینیان جیاوازە، لە ترسی داعش و گروپە توندڕەوەكان پەنایان بۆ كەمپەكان بردووە، دوای ئەوەی ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە رووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەوە، بەوهۆیەشەوە بەپێی ئامارە جیاوازەكان زیاتر لە پێنج هەزار كچ و ژنی ئێزدی لەلایەن ئەو رێكخراوە توندڕەوەوە رفێندران، تەنها توانراوە كەمتر لە نیوەشیان ئازاد بكرێن و بەشێكی زۆریان وەك كەنیزە كڕین و فرۆشتنیان پێوەكراوە.
مانگی 12 ی ساڵی رابردوو، نەتەوەیەكگرتووەكان هۆشداری دا لە زیادبوونی حاڵەتەكانی خۆكوشتن لەناو ئێزدییەكان و رایگەیاند لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا خۆكوشتنی ئێزدییەكان زیادیكردووە، بەتایبەتیش ژنانی ئێزدی.
بەپێی ئامارێكی نەتەوەیەكگرتووەكانیش، لە ساڵی 2019 دا 590 كەس لەعێراق خۆیان كوشتووە، هەزار و 112 كەسیش هەوڵی خۆكوشتنیان داوە، كە %80 یان ژن بوون.
لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی ئەو دۆخەی عێراق و بەتایبەتیش ناوچەی ئێزدییەكانی تێكەوتووە، خێزانە عێراقییەكان بەدەست كێشەی دەروونییەوە دەناڵێنن، بەهۆی ئەوەی بەشێكی زۆر لەئێزدیەكان تائێستا لە كەمپەكاندا دەژین.