تایبەت بە سایتی دابڕان
د.هێرش (زەکەریا)
قادری
ده‌رکه‌وتنی ئیسلام له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌تی قوره‌یش وگۆڕانی بانگه‌شه‌ی ئیسلامی بۆ ده‌وڵه‌تی قوره‌یشی، چاره‌نووسی ئیسلامی وعهرهبیزمی پێکه‌وه به‌سته‌وه وئاکامی هه‌نووکه‌یی ئه‌م چاره‌نووسه ،په‌یدابوونی ئیسلام گه‌رایی بریتییه له توندڕه‌وی داعش که له ناخی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی حزبی به‌عس سه‌رچاوه‌ی گرتووه . ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی له سه‌رده‌می عه‌شیره‌تی قوره‌یش تاکوو سه‌رده‌می حزبی به‌عس ،هه‌روه‌ها له سه‌ره‌تای ئیسلامه‌وه تاکوو داعشی ئه‌مڕۆ ،بناغه وبنه‌ڕه‌تی ئیسلامی پێکهێناوه وهه‌روه‌ها ئیسلامیش بزوێنه‌ر وستراتیژی باڵاده‌ستی وئامرازی هەژمونیکی ناسیونالیزمی عه‌ره‌بی بووه . دیالکتیکی عه‌قڵی ئابووری/ژیانی قوره‌یش/عه‌ره‌ب و په‌یامی ئاسمانی پیرۆزی خودایی له عه‌قڵی سیاسی سه‌رده‌می جێگره‌کانی پێغه‌مبه‌ردا(خه‌لافه‌ت) خۆی نواند وجێگیر بوو وهه‌روه‌ها به پیرۆز و ئاسمانی ئه‌ژمار کراوه . ده‌سه‌ڵاتی سه‌رده‌می جێگره‌کانی پێغه‌مبه‌ر/ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ،ڕه‌وایی خودایی بووه که له ده‌قی قورئانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه و به مه‌به‌ستی به‌خته‌وه‌ری هه‌موو جیهان ،ئه‌رکی به‌رگری له ئایین وپه‌ره‌پێدانی دینی ئیسلامی له ئه‌ستۆ بووه ،ئه‌مه له کاتێکدایه که بناغه وهێزی جووڵێنه‌ر بۆ په‌ره‌پێدانی خه‌لافه‌ت/ئیسلام ،عه‌قڵی ئابووری/غه‌ریزی عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان وده‌مارگیری قوره‌یش بووه و له ژێر ڕێنوێنی په‌یامی خودایی وسه‌رۆکایه‌تی حه‌زره‌تی موحه‌مه‌د ،عه‌قڵی سیاسی ئیسلام داڕێژراوه و نووسراوه . عه‌قڵی ئابووری/غه‌ریزی عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان بریتی بووه له : بوێری/جه‌نگاوه‌ری ،تاڵانکردن/ده‌ستدرێژی ،هێزی جنسی/ژن ،هه‌وره‌ها ده‌مارگیری قوره‌یش ، باڵاده‌ستی وده‌وڵه‌مه‌ندی . پێغه‌مبه‌ر به واتا قورئانییه‌کانی تاڵانی/زه‌کات ،شه‌ڕ (جیهاد)، خوێن بایی (جزیه)،کۆیله‌ی ژن /فره‌ژنی ، ڕه‌وایی ئیسلامی به نه‌ریتی عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان به‌خشیوه و له جێگای ده‌وڵه‌مه‌ندی خوێنی قوره‌یش، ده‌وڵه‌مه‌ندی دینی هاوڕێیانی پێغه‌مبه‌ری په‌یڕه‌و ده‌کرد و هه‌وره‌ها له جێگای شیعری سه‌رده‌می دواکه‌وتوویی (جاهلییه‌ت) ،ده‌قی پیرۆز/خودایی قورئانی هاورد وهه‌روه‌ها له جێگای په‌رته‌وازه‌یی عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان ، واتای نه‌ته‌وه‌ی یه‌کڕیزی ئیسلامی داڕشتووه . پێغه‌مبه‌ر به ڕه‌وا دانانی ڕشتنی خوێنی نه‌یارانی خودا (قاتل‌و...) و تالانکردنی سامان وداهات (تاڵانی) وهژمونی ئیسلام دژ به کوفر (جاهدو... اطیعو...)، له عه‌قڵی ئابووری/غه‌ریزی و ده‌مارگیری قوره‌یش که‌ڵکی وه‌رگرت وبه تێکه‌ڵ کردنی ئه‌و عه‌قڵه له‌گه‌ڵ قورئان ،عه‌قڵی سیاسی ئیسلامی داڕشت . بناغه وهێزی به‌رهه‌مهێنه‌ری عه‌قڵی سیاسی ئیسلام بریتییه له تاڵانی/زه‌کات که به داگیرکردنی وڵاتی بێ باوه‌ڕه‌کان (کافر) مسۆگه‌ر ده‌بوو . قورئان /ئیسلام و خه‌لافه‌ت/ده‌وڵه‌ت، به دوو ته‌وه‌ری هەژمونیک/عه‌قڵی وسه‌ربازی/ئیداری عه‌قڵی سیاسی ئیسلام داده‌نرێت .
وشه سه‌ره‌کییه‌کان : ئیسلام،عه‌ره‌بییه‌ت، ده‌مارگیری/ناسیوناڵیزم،خه‌لافه‌ت/ده‌وڵه‌ت ،عه‌شیره/حیزب .
پێشه‌کی:
پێغه‌مبه‌ری ئیسلام له سه‌ره‌تای ڕاگه‌یاندنی ئیسلام، به ده‌ستهێنانی خه‌زێنه‌کانی قه‌یسه‌ر وکهسرای به ئه‌رکی خۆی ده‌زانی .خه‌زێنه‌کانی قەیسهر وکهسرا له ده‌ستی دوو ئیمپراتۆری زلهێزی ئه‌و سه‌رده‌مه ،واته روم وئێران بووه . مه‌رجی گه‌ییشتن به خه‌زێنه‌کان، شکست وله‌ناوچوونی دوو ئیمپراتۆری زلهێز بووه . بۆ شکستی دوو ئیمپراتۆری زلهێز ،ئیمپراتۆرییه‌کی زلهێزتر پێویست بووه . به‌ڵام وڵاتی عه‌ره‌بستان ،واته شوێنی ده‌رکه‌وتنی پێغه‌مبه‌ر، له ئیمپراتۆرییه‌کی زلهێز بێبه‌ش بووه . پێکهێنانی ئیمپراتۆرییه‌کی زلهێز پێویستی به ئیدیۆلۆژی/دینێکی گشتگیر وپیرۆز هه‌یه . که‌وایه هه‌موو هه‌وڵی پێغه‌مبه‌ر له‌وه‌دا بووه که عهشیرهتە په‌رته‌وازه‌کانی عه‌ره‌ب وه‌کوو نه‌ته‌وه/ئیمپراتۆرییه‌کی یه‌کریز کۆبکاته‌وه وهێزی جه‌نگاوه‌ری عه‌شیره‌ته‌کان بۆ شه‌ڕی ده‌ره‌کی به‌کاربهێنێت . به له‌به‌ر چاوگرتنی ناوبانگ وسه‌رۆکایه‌تی مه‌عنه‌وی /ماڵی عه‌شیره‌تی قوره‌یش ، سه‌ره‌تا پێویست بووه که له‌گه‌ڵ قوره‌یش رێکه‌وتن بکات . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ،هه‌موو خوداکانی قوره‌یش/عه‌ره‌بی له خودایه‌کدا توانده‌وه وله‌ناوی برد . به‌ڵام ئه‌وه ڕوون بوو که ده‌مارگیری له‌سه‌ر بازرگانی وباڵاده‌ستی داڕ‌ێژرابوو ،نه‌ک له‌سه‌ر باوه‌ڕ به خوداکان و خوداکان ته‌نیا ئامرازی بازرگانی وناوهندخوازی سیاسی بوون .به‌م هۆیه‌ش بوو که پیغه‌مبه‌ر به ناچار لۆژیکی خودی عه‌شیره‌ته‌کان، واته تاڵانکردن/تاڵانی ،شه‌ڕ/جیهاد و... دژ به قوره‌یش /عه‌ره‌ب به‌کار هێنا . له لایێکه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه‌ی بووه که به که‌ڵک وه‌رگرتن له ده‌قی ئاسمانی قورئان ،عه‌شیره‌ته‌کان له نه‌ته‌وه و سیسته‌می یه‌کڕیزی ئیسلامی کۆ بکاته‌وه وله لایه‌کی دیکه‌وه به که‌ڵک وه‌رگرتن له هێزی سه‌ربازی ،هه‌وڵی شکستهێنان به عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان وهێرش کردنه سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانی داوه و هاوکات له نه‌ته‌وه‌یه‌کی نوێ‌دا ، به‌ڵێنی باڵاده‌ستی به قوره‌یش وده‌سکه‌وتی شه‌ڕی به عه‌شیره‌ته‌کان داوه. که‌وایه گرێبه‌ستێکی نه‌نووسراو له نێوان په‌یامی ئاسمانی پێغه‌مبه‌ر ،هەژمونی قوره‌یش ولۆژیکی عه‌شیره‌تدا واژۆ کراوه . خاڵه‌کانی ئه‌م گرێبه‌سته نهێنییه بریتی بووه له قبووڵکردنی دینی ئیسلام وپێغه‌مبه‌ری ئیسلام له لایه‌ن عه‌شیره‌ته‌کانی عه‌ره‌ب/قوره‌یش ،پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی وبه‌کارهێنانی عه‌قڵی ئابووری/غه‌ریزی عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان وهه‌روه‌ها پاراستنی باڵاده‌ستی قوره‌یش له شارستانییه‌تی نوێی ئیسلامدا . عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان به ده‌مارگیری وهێزی خۆیان دینی ئیسلامیان بڵاو ده‌کرده‌وه وهه‌روه‌ها ئیسلامیش له به‌رامبه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی خۆیدا ،سامان وداهات وزه‌وینی وڵاته داگیرکراوه‌کانی له چوارچێوه‌ی تاڵانی /کۆیله‌ی ژن ،پێشکه‌ش به عه‌شیره‌ته‌کان (هه‌روه‌ها زه‌وینی به‌هه‌شت وحۆرییهکانی پێشکه‌ش به شه‌هیدان ) ده‌کرد وباڵاده‌ستی قوره‌یشی به‌سه‌ر هه‌موو عه‌ره‌به‌کان ده‌پاراست و ته‌نانه‌ت ئه‌م باڵاده‌ستییه‌ی بۆ هه‌موو ئیمپراتۆری/خه‌لافه‌ت ده‌گواسته‌وه . عه‌قڵی سیاسی ئیسلام له‌سه‌ر بزوێنه‌ری تاڵانی/داگیرکردن(عه‌شیره‌ته‌کان)، هێزی سه‌ربازی ده‌وڵه‌ت/خه‌لافه‌ت (قوره‌یش) وڕه‌وایی دین(پێغه‌مبه‌ر) دارێژراوه بناغه‌ی ئه‌م عه‌قڵه ،عه‌قڵی ئابووری/غه‌ریزی عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان بووه وباڵاده‌ستی ئه‌م عه‌قڵه ،باڵاده‌ستی ده‌مارگیری قوره‌یش و یاسای ئه‌م عه‌قڵه په‌یامی ئاسمانی پێغه‌مبه‌ر بووه . که‌وایه ،بناغه له‌سه‌ر پرسێکی سیاسی عه‌ره‌ب/ئه‌وی دیکه بووه که له چوارچێوه‌ی هه‌ڵچوونی ئه‌خلاقی /دینی خۆی نواندووه .
بناغه وهێزی به‌رهه‌مهێنه‌ری خه‌لافه‌تی عه‌ره‌بی/ئیسلامی ،له سه‌رده‌می قوره‌یش تاکوو سه‌رده‌می داعش بریتی بووه له زه‌کات،خوێن بایی،باج و تاڵانی/تالانکردن ،هه‌روه‌ها له کۆشکه‌کانی قه‌یسه‌ر وکهسرا تاکوو شه‌نگال و کوبانی به پێی نموونه‌ی داگیرکردن/جیهاد داڕێژراوه . خه‌لافه‌تی ئیسلامی به‌رهه‌مهێنه‌ری سه‌رله‌نوێ یان ئامرازی سه‌ربازی/ئیداری تاڵانکردن وهه‌روه‌ها ئیسلامیش هێزی ئیدیۆلۆژیک وڕه‌وایی به‌خشی تاڵانکردن وداگیرکردنهکان بووه . له ناوچه‌کانی به‌نی نه‌زیره تاکوو شه‌نگال /کوبانی ،لۆژیکی لایه‌نگرانی ئه‌م خه‌لافه‌ته پیرۆزه که ئامانجی داگیرکردن/تالانکردن بووه ،به مه‌رجی پێدانی خوێن بایی/باج و زه‌کات ،قبووڵکردنی ئیسلام یان له چوارچێوه‌ی تاڵانکردن/ کۆیله‌ی ژن، دوورخستنه‌وه وجیهاد بووه . کۆتایی ولووتکه‌ی قبووڵکردنی ئه‌م دینه ،شێوازی ڕازاوه‌ی هه‌مان ره‌ده/شه‌نگال ، واته داگیرکردن وتاڵانکردن بووه . واته له هه‌ر دوو شێوه‌که‌یدا ، یه‌که‌م ،داگیرکردن/ زاڵبوونی عه‌ره‌ب/ ئیسلام و دووه‌م تالانکردن/کۆیلایه‌تی بێ باوه‌ڕه‌کان/غه‌یری عه‌ره‌ب ، به‌رده‌وام ده‌بێت.
قه‌ومی عه‌ره‌ب له ئاکامی داگیرکردن وتاڵانکردنی سامان وداهاتی نه‌ته‌وه‌کانی غه‌یری عه‌ره‌ب ،وه‌کوو قه‌ومی باڵاده‌ست و قه‌ومه‌کانی دیکه وه‌کوو قه‌ومی بنده‌ست بوون . هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت/خه‌لافه‌ت و ئیسلام/دین وه‌کوو دوو هێزی جێبه‌جێکار وتیوریک له پێناو باڵاده‌ستی قه‌ومی عه‌ره‌بدا بوون . پێکهاته‌ی ئیسلام بریتی بووه له : تاڵانی/به‌رژه‌وه‌ندی (گه‌ده) و غه‌ریزه/کۆیله‌ی ژن (ژێرگهده)، ده‌وڵه‌ت/خه‌لافه‌ت هێز و ئیسلامیش مێشک/عه‌قڵی ئه‌م پێکهاته بووه . ئه‌و مێشکه‌ی که سه‌رچاوه‌ی کرده‌وه‌کانی غه‌ریزه‌یه . مێشک به درووشمی به‌زه‌یی ولێبورده‌یی وپێکهاته‌ی یاسای ئیسلام زوڵم وبێ به‌زه‌یی بووه . مێشک په‌یامی هاورێیه‌تی وهێزی شمشیر وه‌کوو هه‌ره‌شه‌که‌ی بووه . مێشک بانگه‌شه بۆ به‌هه‌شتی ئاسمانی وپێکهاته به دوای به‌هه‌شتی زه‌وینیدا ده‌گه‌ڕێت .مێشک بایه‌خ به دونیا نادات وپێکهاته هۆگری دونیایه .
مێشک بانگه‌شه بۆ ته‌رکی دونیا وپێکهاته که‌سێکه هۆگری دونیایه . ئێمه (غه‌یری عه‌ره‌ب) به هیوای به‌هه‌شتی ئاسمانی وعه‌ره‌به‌کان به هیوای درووست‌کردنی به‌هه‌شتی زه‌وینی . ئیسلام دینێکی به بێ که‌م وکورییه ،له لایێکه‌وه په‌یامی ئه‌خلاقی وئاسمانی رۆژی دوایی هه‌یه وله لایه‌کی دیکه‌وه گه‌ڵاڵه‌ی سیاسی هه‌یه . ئێمه وه‌کوو هه‌ڵگری ئه‌خلاق و لایه‌نی ئاسمانی ئیسلام وعه‌ره‌به‌کان به جێبه‌جێکاری گه‌ڵاله‌ی سیاسی ئیسلام داده‌نرێن . ئێمه به هۆی په‌یامی ئاسمانییه‌وه مه‌ست و بێ ئاگا بووین وعه‌ره‌به‌کان به هۆی سه‌مای زه‌وینی خۆیانه‌وه ،وشیارن ،به هۆی ته‌پ وتۆزی ئاسمانی سه‌مای ئه‌وانه‌وه ،شه‌ڕی زه‌وینی عه‌ره‌به‌کان شاردراوه‌ته‌وه . موحه‌مه‌د نێردراوی خودایی بۆ قوره‌یش وئێمه هۆگری لایه‌نی ئاسمانی پێغه‌مبه‌ری قوره‌یش ،عه‌ره‌به‌کان گوێرایه‌ڵی سیاسه‌تمه‌داری خودایی وئێمه عاشقی بانگه‌شه‌ی ئاسمانی وعه‌ره‌به‌کان سه‌رقاڵی غه‌ریزه‌ی زه‌وینی ،ئێمه به‌ره‌و که‌عبه‌ی هیواکان هه‌نگاو ده‌نێین وعه‌ره‌به‌کان سه‌رقاڵی خه‌زانه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی . ئه‌رکی پیرۆزی ئێمه وپیرۆزی ئه‌رکی عه‌ره‌به‌کان . رۆژی دوایی به‌رهه‌می کێڵگه‌ی دونیایی ئێمه وکێڵگه‌ی دونیا به‌رهه‌می رۆژی دوایی عه‌ره‌به‌کان . ئێمه عاشقی شاژنی ئیسلام و شاژنی ئیسلام ئامرازی حه‌زی جنسی پاشای عه‌ره‌ب بووه.
بانگهێشتی حه‌زره‌تی موحه‌مه‌د ،بانگهێشتێکی مه‌عنه‌وی بۆ به‌خته‌وه‌ری له دوارۆژدا یان ستراتیژی سیاسی بۆ هەژمونی دونیایی؟
به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی لێکۆڵه‌ران ،راگه‌یاندنی حکوومه‌ت بۆ دینی ئیسلام به هۆی بارودۆخ نه‌بووه وبه‌ڵکوو بانگهێشتی پیغه‌مبه‌ری ئیسلام له سه‌ره‌تاوه ،ڕه‌هه‌ندی سیاسی وهه‌ڵگری گه‌ڵاڵه‌یه‌کی سیاسی ڕوون بووه وئه‌ویش بریتی بووه له ، له‌ناوبردنی دوو ده‌وڵه‌تی ئێران وڕوم و هه‌روه‌ها به‌ده‌ستهێنانی خه‌زێنه‌کانی ئه‌م دوو ده‌وڵه‌ته . "مێژوونوسان ئاماژه به که‌سێک به ناوی عه‌فیف که‌ندی ده‌که‌ن که ده‌ڵێت: بازرگان بووم و له بۆنه‌ی حه‌ج چووم بۆ مه‌که بۆ لای مامی پێغه‌مبه‌ر ،واته عه‌باس، کاتێ که له لای ئه‌و بووم ،پیاوێک هاته ده‌ره‌وه وبه‌ره‌و که‌عبه نوێژی ده‌کرد ،پاش ئه‌و ژنێک هاته ده‌ره‌وه وله‌گه‌ڵ ئه‌و نوێژی ده‌کرد وهه‌روه‌ها مێردمنداڵێک له‌گه‌ڵیان نوێژی ده‌کرد . پرسیام کرد له عه‌باس که ئه‌م دینه چییه ؟ وتی ئه‌مه برازاکه‌م واته موحه‌مه‌د کوڕی عه‌بدوڵلایه و ده‌ڵێت نێردراوی خودایه وخهزێنهکانی که‌سرا وقه‌یسه‌ر ده‌بێت به مۆڵکی ئه‌و "(ته‌به‌ری،ج3،1389،47 – 48 . ئبن ئه‌سیر ،ج2،1370، 872 .جابری 1387 ،87) .هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر به‌رامبه‌ر به سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی قوره‌یش که بۆ سکاڵاکردن له ئه‌و بۆ لای ئه‌بوتالب رۆشتبوون ،ده‌ڵێت " یه‌ک رسته بۆ من دووپات بکه‌نه‌وه (لائیلاهه ئیلهڵلاه) تاکوو ده‌سه‌ڵات و پاشایه‌تی عه‌ره‌ب به ده‌ست بهێنن وهه‌موو غه‌یری عه‌ره‌به‌کان له به‌رامبه‌ر ئێوه‌دا کڕنوش به‌رن "(ئبن ئه‌سیر ،هه‌مان سه‌رچاوه، 882. ته‌به‌ری هه‌مان سه‌رچاوه،54). لێکۆڵه‌ران بۆ شرۆڤه‌ی ئايەتى 26 عه‌مران ده‌ڵێن : کاتێ که پێغه‌مبه‌ر مه‌ککه‌ی داگیرکرد ،به‌ڵێنی پاشایه‌تی ئێران و رومی به نه‌ته‌وه‌ی خۆی داوه (ئهلزمخشری ،421، به وته‌ی جابری 87 – 89 ) .ئه‌وه ڕوونه که ئامانجی پێغه‌مبه‌ر له داڕشتنی گه‌ڵاله‌ی دینی ئیسلام ،گه‌ییشتن به خه‌زێنه‌کانی قه‌یسه‌ر وکهسرا ویه‌کریزی عه‌شیره‌ته په‌رته‌وازه‌کانی عه‌ره‌ب به مه‌به‌ستی پێکهێنانی ئیمپراتۆری بووه .
هه‌روه‌ها له‌م وتاره‌دا ،رێکه‌وتنی نه‌نووسراوه‌ی ده‌وله‌مه‌نده‌کانی قوره‌یش له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام به ڕوونی دیاره که ئه‌ویش بریتییه له قبووڵکردنی دینی ئیسلام له لایه‌ن قوره‌یش وبه‌ڵێنی ده‌سه‌ڵات وپاشایه‌تی بۆ عه‌ره‌به‌کان له لایه‌ن پێغه‌مبه‌ر . له ڕاستیدا ده‌بێ بڵێین که ئامانج له داڕشتنی گه‌ڵاله‌ی ئیسلام و پێکهێنانی خه‌لافه‌ت/ئیمپراتۆری ، تاڵان‌کردنی سامان وداهاتی خه‌ڵک له‌ژێر ناوی زه‌کات،جزیه(خوێن بایی) وغه‌نیمه‌ت (تاڵانی) بووه . به بۆچوونی پێغه‌مبه‌ر ،جیاوازی ئه‌رکی پێغه‌مبه‌ر له‌گه‌ڵ پیغه‌مبه‌رانی دیکه له پێنج خاڵدایه که بریتییه له : ڕه‌وا بوونی تاڵانی وداگیرکردنی زه‌وین (زهیعور له فیرحی ،1378،143). بابه‌تی دیکه‌ی زۆر هه‌یه که له‌م وتاره‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه نییه که به وردی باسی بکه‌ین ،شایانی باسه که به ته‌واوی ڕوونه که بانگه‌وازی حه‌زره‌تی موحه‌مه‌د هه‌ر له رۆژه سه‌ره‌تاییه‌کانه‌وه وه‌کوو پرۆژه‌یه‌کی سیاسی بووه که ئامانجی گه‌ییشتن به خه‌زێنه‌کانی که‌سرا وقه‌یسه‌ر و هەژمونی قوره‌یش به‌سه‌ر عه‌ره‌به‌کان و هه‌روه‌ها هەژمونی وباڵاده‌ستی عه‌ره‌ب به‌سه‌ر غه‌یره عه‌ره‌به‌کان بووه.
مه‌رجی گه‌ییشتن به خه‌زێنه‌کانی قه‌یسه‌ر/که‌سرا، شکستی دوو ئیمپراتۆری گه‌وره‌ی ئێران/روم بووه وهه‌روه‌ها مه‌رجی شکستی ئه‌و دوو ئیمپراتۆرییه ،یه‌کڕیزی عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان له چوارچێوه‌ی یه‌ک نه‌ته‌وه/ئیمپراتۆری بووه وهه‌وره‌ها مه‌رجی یه‌کڕیزی ئیمپراتۆری ،دین/ئایدیۆلۆژییه‌کی پیرۆز وبه‌کارهێنانی لۆژیکی عهشیرەت له چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه‌ی نوێ‌دا بووه . عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان په‌رته‌وازه بوون و خودای جۆراوجۆریان هه‌بووه . پیغه‌مبه‌ری ئیسلام بۆ سڕینه‌وه‌ی دژایه‌تی عه‌شیره‌ته‌کان ویه‌کڕیزی ئه‌وان له ژێر سیبه‌ری ده‌سه‌ڵاتێکی زاڵم ، سه‌ره‌تا خوداکانی ئه‌وانی له خودایه‌کی گه‌وره به ناوی " ئه‌ڵڵا " توانده‌وه وله‌ناوی برد و رێگایه‌کی تیۆریکی بۆ ده‌سه‌ڵات وهەژمونییهکی تاک به‌سه‌ر فەرهچهشنی کرده‌وه . پاش داڕشتنی تیوری یه‌کڕیزی ، به له‌به‌ر چاوگرتنی دژایه‌تی قورهیشییهکانی مه‌که له‌گه‌ڵ خۆی، به مه‌به‌ستی پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت/حکوومه‌تێکی تاک وڕاکێشانی ئه‌وان بۆ ئیسلام، له‌سه‌ر لۆژیکی عه‌شیره/قوره‌یش و ڕواله‌تی ئیسلامی ،هه‌نگاوگه‌لێکی هاویشت . ئه‌م هه‌نگاوانه به‌رهه‌میشی هه‌بوو ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی قوره‌یش وعه‌شیره‌ته‌کانی عه‌ره‌ب ،به هۆی هەژمونی سیاسی ئیسلام که رێگای بۆ بالاده‌ستی وناوه‌ند بوونی عه‌ره‌بستان و قوره‌یش/مه‌که ده‌کرده‌وه ، باوه‌ڕیان به ئیسلام هێنابوو. هه‌روه‌ها که دژایه‌تییه پێشووه‌کانی ده‌وله‌مه‌نده‌کانی قوره‌یش له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام له‌به‌ر هۆکار وباوه‌ڕی دینی نه‌بووه ،به‌ڵکوو به هۆی به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری بته‌کانی که‌عبه بووه (جابری،1384،159). هێرشکردنه سه‌ر بته‌کان به واتای هێرشکردنه سه‌ر داهاته‌کانی حه‌ج/سه‌ردانی بته‌کان بووه و داهاتی بازرگانی عه‌ره‌بی له‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه (هه‌مان سه‌رچاوه،160).
ده‌وله‌مه‌نده‌کانی قوره‌یش پاش ئه‌وه‌ی که له سه‌ره‌تادا به‌رگرییان ده‌کرد ، به‌ڵام له دوای ئه‌وه‌ی که پێغه‌مبه‌ر لۆژیکی ئه‌وانی قبووڵ کرد ، به‌و ئاکامه گه‌ییشتن که ئیسلام نه ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئابووری ئه‌وان مه‌ترسییه‌کی نییه ، به‌ڵکوو به هۆی بتی نوێی که‌عبه/حه‌ج ، رێگا بۆ هاتنی به لێشاوی زیاره‌تکه‌ر به به‌راورد له‌گه‌ڵ بته عه‌شیره‌تییه‌کان ده‌کرێته‌وه و بازرگانی ئه‌وان گه‌شه ده‌کات و له کۆتاییدا قازانجێکی زۆرتر به بازرگانه‌کان ده‌گات (Gibb,5,1962). به‌م هۆیه‌ش بوو که نه ته‌نیا ده‌وڵه‌مه‌نده عه‌ره‌به‌کان دژایه‌تی ئیسلامیان نه‌کرد ،به‌ڵکوو له پێناوی ئیسلامدا رکابه‌ری یه‌کدیان ده‌کرد . پێغه‌مبه‌ر به گۆڕینی قیبله له به‌یتولموقه‌ده‌س بۆ مه‌کكه ، هه‌وره‌ها به واژۆکردنی ئیسلامی ،نه‌ریتی حه‌ج ،ئه‌و په‌یامه‌ی ده‌گه‌یاند که مه‌کكه ودهوڵهمهندهکانی قوره‌یش له ژێر سێبه‌ری حه‌جی ئیسلامی‌دا له پاراستنی ده‌وڵه‌مه‌ندی وبازرگانی خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن . " حه‌جی موسوڵمانه‌کان به واتای ئه‌وه بوو که داهاته‌کانی قوره‌یش به هۆی حه‌ج وزیارهتهوه نه ته‌نیا خه‌سارێکی لێ ناکه‌وێت ،به‌ڵکوو ئه‌و داهاتانه زۆرتریش ده‌بێت (جابری،هه‌مان سه‌رچاوه، 187). زۆرینه‌ی بنه‌ماکانی خوداناسی وانه‌کانی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام له‌گه‌ڵ بابه‌ته بازرگانییه‌کاندا هاتووه و ده‌سته‌واژه تایبه‌ته‌کانی قورئان تێکه‌ڵ به واتاکانی بازرگانی بووه (33.grunbaum)، ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی قوره‌یش به بزوێنه‌ر وهۆکاری قازانج بردن، به گشتی به‌رامبه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی نوێ به شێوه‌یه‌کی رواڵه‌تی باوه‌ڕیان به ئیسلام هاورد . هه‌وره‌ها ئیسلام سه‌ربه‌خۆیی ئابووری ئه‌وانی له‌ناو نه‌برد (Gibb,5,1962). ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی قوره‌یش به پاراستنی پێگه‌ی و ده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان ،تێکه‌ڵ به ده‌وڵه‌تی ئیسلامی مه‌دینه بوون " (جابری،هه‌مان سه‌رچاوه،246). به‌م هۆیه‌ش بووه که به بۆچوونی برترام توماس که به درووستی ئاماژه به‌وه ده‌کات که کۆمه‌ڵگای سه‌ره‌تایی ئیسلام ،هاوشێوه‌ی عه‌شیره‌تێکی زلهێز بووه (Thomas,125,1937). ئیسلام که‌ڵکی له شێوازی پێکهاته‌یی عه‌شیره‌تی وه‌رگرت و عه‌شیره‌تی تێکه‌ڵ به خۆی کرد (فیرحی،1378،135).
پێغه‌مبه‌ر له هۆکاری باوه‌ڕ هاوردنی خه‌ڵکی مه‌کكه به ئیسلام به ئاگا بووه وبه‌م هۆیه‌شه‌وه له کاتی داگیرکردنی مه‌کكه ،بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که موسوڵمانی نوێ (موالالف باقلوبهم ) بوون و ئێمانێکی لاوازیان هه‌بوو ،تاڵانی زۆرتری پێشکه‌ش کرد (ته‌به‌ری،1375،49). سه‌د حوشتری به ئه‌بوسوفیان ، سه‌د حوشتری به یه‌زید وسه‌د حوشتری به مه‌عاویه وکوڕه‌کانی ئه‌بوسوفیان پێشکه‌ش کرد (جابری،193). ته‌نانه‌ت پاش پێشکه‌شکردنی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵاته ، هێشتا که‌سانێك وه‌کوو ئه‌بوسوفیان دژ به باوه‌ڕ هێنان به ئیسلام بوون . پێغه‌مبه‌ر بۆ رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌بوسوفیان له هه‌مان ئامرازه عه‌شیره‌تییه‌کان که‌ڵکی وه‌رگرت . که‌سانێکی بۆ حه‌به‌شه نارد تاکوو خوازبێنی له " ئوم حه‌بیبه " واته کچی ئه‌بوسوفیان بکه‌ن که هاوسه‌ره‌که‌ی کۆچی دوایی کردبوو ،له قورئانیشدا پیرۆزبایی له‌م خوازبێنییه ده‌کرێت (عه‌سا ئه‌ن یهجعهله بهینهکوم وه به‌ینه‌ل له‌زینه عادهیتوم موده .....). به هاوسه‌رگیری پێغه‌مبه‌ر له‌گه‌ڵ "ئوم حه‌بیبه" له ڕێژه‌ی دوژمنایه‌تی ئه‌بوسوفیان که‌م بوویه‌وه . پێغه‌مبه‌ر پاش بیستنی نه‌رمی نواندنی ئه‌بوسوفیان وتی : " جگه به‌م شێوازه ،پۆزی ئه‌م گا نێره له‌خاک نه‌ده‌درا "(ته‌به‌ری ،1375،65). پاش داگیرکردنی مه‌کكه،پێغه‌مبه‌ر به‌ڵێنی پاراستنی ماڵ وسامان وپێگه‌و ده‌سه‌ڵاتی به ئه‌بوسوفیان دابوو . هه‌روه‌ها ئه‌بوسوفیان پاش داگیرکردنی مه‌کكه وئیمان هاوردنی ،به‌رامبه‌ر به عه‌باس ،واته مامی پێغه‌مبه‌ر وتی :" سوێند به خودا که پاشایه‌تی برازاکه‌ت له گه‌شه کردندایه ". ته‌به‌ری ئاماژه به باسێکی عه‌باس ،واته مامى پێغه‌مبه‌ر ده‌کات که ده‌ڵێ :" هه‌ر دواکارییه‌ک له لایه‌ن ئهبوسوفیانهوه بۆ پێغه‌مبه‌ر هاتبێت ،پێغه‌مبه‌ر قبووڵی کردووه ". به‌م پێیه‌ش ،ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی قوره‌یش /عه‌ره‌ب له چوارچێوه‌ی هاورێیانی(سه‌حابه) پێغه‌مبه‌ر پێگه‌و ده‌سه‌ڵات وهه‌روه‌ها توانای ناوبژیوانی وگرێبه‌ستی خۆیان ده‌پاراست وداب ونه‌ریته‌کانی قوره‌یش وه‌کوو: حه‌ج،تاڵانی،کۆیله‌ی شه‌ڕ و... له ژێر ئاڵای ئیسلامدا سه‌ر له‌نوێ زیندوو بویه‌وه . هه‌موو عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان به هۆی وه‌رچه‌رخانی پیغه‌مبه‌ر له درووشمه مرۆییه‌کانی به‌ره‌و درووشمه‌کانی قاتل‌و فی سهبیلییل لاه و تاڵانی/کۆیله‌ی ژن و... به مه‌به‌ستی تاڵان‌کردنی سامان وداهاته کۆکراوه‌کانی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه ،باوه‌ڕیان به ئیسلام هاورد . " ئیسلامی عه‌شیره‌ته‌کان هاوشێوه‌ی ئیسلامی هه‌موو عه‌ره‌به‌کان و هه‌روه‌ها ئیسلامی ئه‌و که‌سانه‌ی که به درۆزن ناوده‌بران وئیسلامی قوره‌یش و... هه‌موویان ئیسلامی سیاسی بوون ، هاوشێوه‌ی ئه‌و گرێبه‌سته‌ی که عه‌شیره‌ته عه‌ره‌بییه‌کانی سه‌رده‌می نه‌زانین له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی عه‌شیره‌تی سه‌رکه‌وتوو له شه‌ڕه‌کانی پێغه‌مبه‌ردا واژۆیان ده‌کرد " (جابری، هه‌مان سه‌رچاوه، 206). ده‌توانین بڵێین که ئه‌م وته‌ی جابری سه‌باره‌ت به ئیسلام وپهیامهێنهرهکهی ڕاسته که تێیدا ده‌ڵێت که : جه‌نگاوه‌رانی عه‌ره‌ب به هۆی داگیرکردنی زه‌وین وده‌سه‌ڵات شه‌ڕیان ده‌کرد نه‌ک له‌به‌ر گوێرایه‌ڵی تایبه‌ت بۆ که‌سایه‌تی وکاریزمای پێغه‌مبه‌ر (ترنر،هه‌مان سه‌رچاوه،58). به هۆی ئه‌وه‌ی که شه‌ڕی ئایینی له ئیسلامدا به ئامانجی داگیرکردنی زه‌وینی فراوان بووه (Weber,87,1965). عه‌شیره‌ته عه‌ره‌بییه‌کان یان به هۆی به‌ڵێنی ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ وتالانی یان به هۆی هه‌ره‌شه وهێزی سه‌ربازییه‌وه باوه‌ڕیان به ئیسلام دههاورد (Gibb,ibid) . پێکهاته‌ی عهشیرەت نه ته‌نیا پاڵپشتی له نێردروای خودا ده‌کرد به‌ڵکوو بوو به هێزی جووڵێنه‌ری ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و هۆکاری په‌ره‌سه‌ندنی ئیسلام له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی مه‌دینه هێز وپاڵپشتی عه‌شیره‌ته‌کان بووه (فیرحی،1378،138 – 139).
که‌وایه تالانی وده‌سکه‌وتی شه‌ڕ یان مه‌ترسی له ناوچوونی ،هۆکاری سه‌ره‌کی پێداگری قوره‌یش له به‌رامبه‌ر بانگهێشتی پێغه‌مبه‌ر بووه (جابری ،هه‌مان سه‌رچاوه،159). هه‌روه‌ها پاش پێداگيری سه‌ره‌تایی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان وعه‌شیره‌ته‌کان ، هۆکاری سه‌ره‌کی قبووڵکردنی ئیسلام ،گه‌ییشتن به ده‌سه‌ڵات وده‌سکه‌وتی شه‌ڕ وتاڵانی بووه . لایه‌نگرانی سه‌ره‌تایی ئیسلام ئه‌و که‌سانه بوون که ته‌نیا به هیوای به ده‌ستهێنانی ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ وتالانی وداگیرکردنی وڵاته‌کان باوه‌ڕیان به ئیسلام هاوردبوو(وبر له ترنر ،1379،37). شایانی باسه که ئه‌وه ته‌نیا ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان وعه‌شیره‌کانی قوره‌یش /عه‌ره‌ب نه‌بوون که به لۆژیکی ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ وتالانی ،دژ به ئیسلام یان پاڵپشتیان له ئیسلام ده‌کرد . لۆژیکی ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ وتالانی ،رۆلێکی گرینگی له پێکهاتنی ده‌وڵه‌تی پێغه‌مبه‌ردا بووه .
پاش کۆچی پێغه‌مبه‌ر بۆ مه‌دینه و به مه‌به‌ستی درێژه‌پێدان به بانگهێشتی ئیسلام ، بۆ هێرشکردنه سه‌ر کاروانی بازرگانی قوره‌یش و به مه‌به‌ستی ئابڵۆقه‌ی ئابووری مه‌کكه وخۆبهدهستهوهدانی سیاسی و ناچارکردنیان به باوه‌ڕهێنان به ئیسلام ،سوپایه‌کی بۆ ئه‌و ناوچەيه نارد . به هۆی ئه‌وه‌ی که هێرشکردنه سه‌ر کاروانه‌کان به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ وتاڵانی بووه وبه‌کارهێنانی له‌به‌ر خۆ ئاماده کردن و به مه‌به‌ستی هێرشه‌کانی دوایی بووه . ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ وتاڵانی له قوناغی سه‌ره‌تایی بانگهێشتی ئیسلامدا رۆڵێکی گرنگ وکاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌بووه (جابری ،هه‌مان سه‌رچاوه،161). هێرشه‌کانی پێغه‌مبه‌ر بۆ سه‌ر کاروانه‌کان ،هه‌موویان به ئامانجی تاڵان‌کردنی کاروانه بازرگانییه‌کانی قوره‌یش بووه (هه‌مان سه‌رچاوه،175). له‌و کاته‌ی که پێغه‌مبه‌ر له مه‌ککه و به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی قوره‌یش ،ده‌سه‌ڵاتیكی لاوازی هه‌بوو ، ناوه‌رۆکی ئایه‌ته‌کانی قورئانی مه‌ککه (حه‌فتاد ئایه‌ت) ئاماژه‌یان به خۆڕاگری ده‌کرد . به‌ڵام هاوکات له‌گه‌ڵ کۆچی پێغه‌مبه‌ر بۆ مه‌دینه و به‌ستنی گرێبه‌ستی به‌رگری هاوبه‌ش له به‌رامبه‌ر قوره‌یش ،ئایه‌ته‌کانی قیتال (قاتل‌و فی سهبیلیل لا ) هاته خواره‌وه که بۆ هێرشکردنه سه‌ر قوره‌یش رێگای به موسوڵمانه‌کان ده‌دا (هه‌مان سه‌رچاوه،173). پێگه‌ی پێغه‌مبه‌ر وه‌کوو پێغه‌مبه‌ر وسه‌رۆکێکی کاریزمایی ، ته‌نیا له باڵاده‌ستی سه‌ربازی وسیاسییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه (وبر له ترنر ،1379،57).
ماکس وبر به درووستی ئاماژه به‌وه ده‌کات که هێزی کۆمه‌ڵایه‌تی دینی ئیسلام ، له جه‌نگاوه‌ره‌کانی عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان پێکهاتبوو . له ئایه‌ی 1 و 41 سوره‌ی ئه‌نفال، به ئاشکرا ئاماژه به‌وه ده‌کات که ئه‌وه‌ی له بێ باوه‌ڕه‌کان به زۆره‌ملی تاڵان ده‌کرێت ،چوار له‌سه‌ر پێنجی بۆ جه‌نگاوه‌ره‌کان ده‌بێت . ئه‌وه سه‌رنج راکێشه که سوره‌ی ئه‌نفال راسته‌وخۆ پاش شه‌ڕی به‌در هاته خواره‌وه ، که ئاماژه به چۆنیه‌تی دابه‌شکردنی ده‌سکه‌وت وتاڵانهکانی شه‌ڕ ده‌کات . به هۆی ئه‌وه‌ی که موسوڵمانه‌کان له‌سه‌ر ده‌سکه‌وته‌کانی شه‌ڕی به‌در ،تووشی شه‌ڕ بوون (جابری،هه‌مان سه‌رچاوه،179).
له کاتی بڕیاری پێغه‌مبه‌ر بۆ چوونه نێو مه‌ککه که به شێوازێکی ئاشتی خوازانه روویدا و به‌ستنی گرێبه‌ستی ئاشتی حوده‌یبییه که ده‌سکه‌وت وتاڵانی شه‌ڕی تێدا نه‌بوو، به‌م هۆیه‌ش زۆرینه‌ی عه‌ره‌به‌کان خۆیان له پاڵپشتی پێغه‌مبه‌ر دزیه‌وه . به‌ڵام له دواییدا که پێغه‌مبه‌ر له جێگای ده‌سکه‌وتی شه‌ڕی مه‌ککه به‌ڵێنی ده‌سکه‌وتی خه‌یبه‌ری بۆ تاڵانکردن ده‌دا ، هه‌موو عه‌ره‌به‌کان له‌به‌ر ده‌سکه‌وت وتاڵانی خوازیاری پاڵپشتی پێغه‌مبه‌ر بوون . له ئایه‌ی 2 و5 و 11 سوره‌ی فه‌تح ،پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بێ ده‌سکه‌وت له ئاشتی حوده‌یبییه ،به‌ڵێنی ده‌سکه‌وتی دیکه به جه‌نگاوه‌ره‌کان ده‌دات . پێغه‌مبه‌ر حه‌وت رۆژ پاش شه‌ڕی به‌در ،هه‌موو وشتره‌کانی "به‌نی سه‌لیم " و " عهتفان" ی داگیرکرد و وه‌کوو ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ ،پشکی خۆی واته یه‌ک له‌سه‌ر پێنجی هه‌ڵگرت وپاشماوهکهی له نێو جه‌نگاوه‌ره‌کان دابه‌ش کرد . پاش ئه‌وه جووله‌که‌کانی عه‌شیره‌تی " به‌نی قینقاع " ی بۆ شام دوورخسته‌وه وبه هۆی ئه‌وه‌ی که زه‌وینیان نه‌بوو ،چه‌که زۆره‌کانیان وکه‌ره‌سته‌ی ئاسنگهرییهکانیانی داگیرکرد. له دواییدا به ئابلۆقه وئاگرتێبهردانی دارستانه خورما وبڕینی دارخورماکانی " به‌نی نه‌زیر " ، ئه‌وانی ناچار به خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان کرد ودووریانی خسته‌وه . هه‌روه‌ها سامان وداهاتی ئه‌وانی له نێو کۆچبه‌ره سه‌ره‌تاییه‌کان (نه‌ک ئه‌نسار) دابه‌شکرد و هه‌موو سوره‌ی " حه‌شر " سه‌باره‌ت به سامان و داهاتی " به‌نی نه‌زیره " که به بێ شه‌ڕ داگیر کراوه (جابری،هه‌مان سه‌رچاوه،183). پێغه‌مبه‌ر پاش شکستهێنانی به‌نی قوره‌یزه ،به شمشێری عه‌لی زوبه‌یر ،سه‌ری هه‌موو پیاوه‌کانی بڕی وخستیه چاڵ وژن ومنداڵ و سامان و داهاتی وه‌کوو ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ تاڵان کرد (ئبن ئه‌سیر،هه‌مان سه‌رچاوه،1026). پێغه‌مبه‌ر هه‌موو زه‌وینه‌کانی خه‌یبه‌رو سامان و داهاته‌کانی داگیر کرد و نیوه‌ی زه‌وینه‌کانی وه‌کوو ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ داگیر کرد و...... هه‌روه‌ها زۆرێک له شه‌ڕه‌کان وده‌سکه‌وته‌کانی دیکه ،که وه‌کوو پێشه‌کی جێبه‌جێ کردنی به‌ڵێنی پێغه‌مبه‌ر بۆ خه‌زێنه‌ی کۆشکه‌کانی قه‌یسه‌ر وکهسرا بووه . هه‌ر ئه‌و ده‌سکه‌وت وتاڵانی شه‌ڕ بوو که بۆ هاندانی عه‌شیره‌ت وعه‌ره‌به‌کان بۆ باوه‌ڕ هێنان به ئیسلام رۆڵێکی گرینگی هه‌بووه . ده‌سکه‌وتی فراوان وهاتنی خه‌ڵک به‌ره‌و ئیسلام به ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو ، له‌گه‌ڵ یه‌ک هاوکات بوون . له ڕاستیدا به شکستی یه‌کڕیزی عه‌شیره‌ته‌کان (قوره‌یش و غهزفان وبه‌نی سه‌لیم و... ) دژ به ئیسلام وگواستنه‌وه‌ی هەژمونی تاڵانی وبازرگانی له مه‌ککه‌ی قوره‌یشی بۆ مه‌دینه‌ی ئیسلامی ،زۆرینه‌ی که‌سایه‌تییه‌کانی قوره‌یش (خالد وعهمروعاس و...) و عه‌شیره‌ته‌کانی دیکه عه‌ره‌بی باوه‌ڕیان به ئیسلام هاورد . پێغه‌مبه‌ر هیچ قه‌وم وعه‌شیره‌ت و ولاتێکی به بێ تاڵان‌کردنی سامان وداهات و زه‌وین وگرتنی ده‌سکه‌وت ، داگیر نه‌کرد . به‌ڵام له کاتی داگیرکردنی مه‌ککه ،بۆ داگیرکردنی سامان وداهاتی مه‌کییه‌کان رێگای به موسوڵمانه‌کان نه‌دا وبه‌ڵکوو هه‌موو ده‌سکه‌وته‌کانی له نێو موسوڵمانه نوێیه‌کان ودهوڵهمهندهکانی قوره‌یش دابه‌ش کرد و به‌ڵام ئه‌نسار له‌م دابه‌شکردنه بێبه‌ش بوون ، که ئه‌مه بووه هۆی دڵگرانی ئه‌نسار (ئبن هشام ،له جابری ،194). ئه‌مه به واتای پاراستنی پێگه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی قوره‌یش وپه‌یوه‌ندی ئیسلام له‌گه‌ڵ ده‌مارگیری عه‌شیره‌تی قوره‌یش بووه . ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به داگیرکردنی مه‌ککه بۆ ده‌وڵه‌تی قوره‌یشی گۆردرا (هه‌مان سه‌رچاوه، 246). له راستیدا ده‌وڵه‌تی ئیسلامی تا ئه‌و کاته‌ی که له دوورگه‌ی عه‌ره‌ب بووه ،وه‌کوو ده‌وڵه‌تی قوره‌یش و ئامرازێک بووه بۆ زاڵبوونی قوره‌یش به‌سه‌ر عه‌ره‌بدا ، پاش په‌ره سه‌ندنی ئیسلام به‌ره‌و ئێران وروم ،ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی/قوره‌یشی وه‌کوو ئامرازی هەژمونی باڵاده‌ستی عه‌ره‌ب به‌سه‌ر غه‌یری عه‌ره‌به‌کان بووه .
عه‌شیره‌ته‌کان باوه‌ڕیان به ئیسلامی ئابووری وسیاسی هێنابوو . که ئه‌مه‌ش به هۆکاری لۆژیکی عه‌شیرە تە وخودی ئیسلام بوو ، به هۆی ئه‌وه‌ی که ئامانجی ستراتیژی سیاسی وئابووری ئیسلام ،باڵاده‌ستی قوره‌یش به‌سه‌ر عه‌ره‌ب وهه‌روه‌ها باڵاده‌ستی عه‌ره‌ب به‌سه‌ر غه‌یری عه‌ره‌ب بووه . شه‌ڕه‌کان وده‌سکه‌وته‌کانی شه‌ڕی پێغه‌مبه‌ر له دوورگه‌ی عه‌ره‌بی ،وه‌کوو پێشه‌کی بانگهێشتی سه‌ره‌کی پێغه‌مبه‌ر بۆ ده‌سکه‌وته‌کانی قه‌یسه‌ر وکهسرا بوو، که له رۆژه سه‌ره‌تاییه‌کانه‌وه به‌ڵێنی دابوو . که‌وایه بانگهێشتی پێغه‌مبه‌ر ته‌نیا بانگهێشت نه‌بووه ،به‌ڵکوو وه‌کوو ده‌وڵه‌ت بووه (جابری،هه‌مان سه‌رچاوه،195). له ڕاستیدا ده‌وڵه‌ت/خه‌لافه‌ت به واتاکانی شه‌ڕ/ جیهاد ،ئامرازی سه‌ربازی/ئیداری داگیرکردنی وڵاته‌کان بووه وهه‌روه‌ها له دواییدا ئامانجی تاڵانکردن وداگیرکردنی سامان وداهات وده‌سدرێژی کردنه سه‌ر ناموسی خه‌ڵک بووه . تاڵانکردن /داگیرکردن له ژێر ناوی تاڵانی وخوێن بایی وباج و ده‌سدرێژی کردن له ژێر ناوی کۆیله ،ڕه‌وایی ئیسلامی/خودایی پێ ده‌به‌خشرێت . که‌وایه عه‌قڵی سیاسی ئیسلام که له لۆژیکی عه‌شیره‌تی سه‌رچاوه‌ی گرتووه (تاڵانکردن،شه‌ڕ، ژن و...) ، له چوارچێوه‌ی تاڵانی/زه‌کات،جیهاد،کۆیله ،هه‌روه‌ها باڵاده‌ستی قوره‌یش له‌چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه‌ی قوره‌یش ،کۆبوونه‌وه‌ی هاورێیانی پێغه‌مبه‌ر، چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و نووسینی گرێبه‌ست و... که ئه‌مانه هه‌موو له چوارچێوه‌ی خه‌لافه‌تی پیرۆزی ئیسلامی‌دا سه‌قامگیر ویاسایی بوویه‌وه . به‌م پێیه‌ش ،عه‌قڵی سیاسی ئیسلام له‌سه‌ر سێ بناغه‌ی په‌یامی خودا ،خه‌یاڵ ،بالاده‌ستی ولۆژیکی عه‌شیره‌تی قوره‌یش داڕێژراوه ،که ئه‌مه‌ش ئاکامی چاوه‌روانکراوی ئه‌رکی پێغه‌مبه‌ر وبهدیهاتنی خه‌ونی ئه‌و بوو که له به‌رامبه‌ر قبووڵکردنی ئیسلام له لایه‌ن عه‌شیره‌تی قوره‌یش ، به‌ڵێنی باڵاده‌ستی عه‌ره‌ب به‌سه‌ر غه‌یری عه‌ره‌بی به ئه‌وان دابوو ،هه‌روه‌ها به پێدانی به‌لێنی خه‌زێنه‌کانی قه‌یسه‌ر/که‌سرا به عه‌شیره‌ته‌کان وبه لۆژیکی شه‌ڕ/جیهاد وتالانکردن /تاڵانی ، بناغه‌ی ده‌وڵه‌تی نوێی مه‌دینه‌ی داڕشت . پێغه‌مبه‌ری ئیسلام به که‌ڵک وه‌رگرتن له وانه دینیه‌کانی خۆی ، خواستی ئابووری ده‌وله‌مه‌نده‌کانی قوره‌یش و خواستی تاڵانی وجهنگاوهری عه‌شیره‌ته ده‌شته‌کییه‌کانی پێکه‌وه به‌سته‌وه . " هێزی جووڵێنه‌ری تایبه‌تی ئیسلام ، تێکه‌ڵێکی کاتی له هێزه‌کانی لێهاتوو و سه‌رۆکایه‌تی شاری وهێزی خێوه‌ت نشین بووه "(وبر،هه‌مان سه‌رچاوه، 60). ئه‌وه ڕوونه که ناوه‌رۆک وئامانجی دینی سه‌ره‌تای ئیسلام ،دیارده‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌کی نه‌بووه وله پله‌ی دووه‌مدا بووه . دیارده وئامانجی سه‌ره‌کی وبنه‌ڕه‌تی ئیسلام، داگیرکردن و سه‌رکه‌وتنی دونیایی بووه (وبر،هه‌مان سه‌رچاوه،66). که‌وایه ئیسلام دینێکی سیاسییه وسیاسهتهکهی موڵکی عه‌ره‌به‌کان ودینه‌که‌ی موڵکی خه‌ڵکی دیکه (غه‌یری عه‌ره‌ب) بووه . حه‌زره‌تی موحه‌مه‌د بۆ عه‌ره‌به‌کان /قوره‌یش که‌سایه‌تییه‌کی سیاسه‌تمه‌دار وبۆ خه‌ڵکی غه‌یری عه‌ره‌ب پێغه‌مبه‌ر بووه . ئێمه په‌یامی ئاسمانی ئیسلامیمان وه‌رگرت و عه‌ره‌به‌کان گه‌ڵاڵه‌ی زه‌ینی ئیسلامیان وه‌رگرت . غه‌یری عه‌ره‌ب بێ ئاگا بوون له‌وه‌ی که خاوه‌نی ئاسمان وئه‌خلاق ودین خودی پێغه‌مبه‌ر بووه که له لایه‌ن گه‌ڵاڵه دارێژه‌ره زه‌وینیه‌کان هه‌ڵبژێردراوه تاکوو به خه‌یاڵ و وه‌همی ڕووناکی خۆی ،له زه‌ویندا تاریکی بڵاو بکاته‌وه ،هه‌وره‌ها به پێدانی به‌ڵێنی دادپه‌روه‌ری ،زۆڵم ونادادپه‌روه‌ری خۆی بلاو بکاته‌وه .
ئیسلام ، نه‌ریتی عه‌شیره‌ته عه‌ره‌بییه‌کانی وه‌کوو : تاڵانکردن ،ره‌گه‌ز وجهنگاوهری عه‌ره‌بی له چوارچێوه‌ی زه‌کات ،باج ،کۆیله/فره‌ژنی و جیهاد زیندوو کرده‌وه و پاشان بڵاوی کرده‌وه . ئیسلام خووی چێژخوازی ،به تایبه‌ت سه‌باره‌ت به ژنه‌کان و ده‌وڵه‌مه‌ندی ودارایی قبووڵ ده‌کات (وبر له ترنر ،1379،20). هه‌روه‌ها حه‌ز و ویستی جنسی له پێکهێنانی په‌روه‌رده‌ی موسوڵمانه‌کان له‌سه‌ر ژیانی هاوبه‌ش وهاوسه‌رگیری رۆڵێکی گرینگی بووه (وبر ،هه‌مان سه‌رچاوه، 59). له ڕاستیدا ده‌توانین بڵێین که " ئیسلام واتا گشتییه عه‌شیره‌تییه‌کانی تێکه‌ڵ به خۆی کرد وناوهرۆکێکی نوێ ودینی پێ به‌خشی " (ئیزوتسو له ترنر ،هه‌مان سه‌رچاوه، 61). دینی ئیسلام زۆربه‌ی فاکته‌ره‌کانی عه‌شیره‌تی به تایبه‌ت پێکهاته‌ی گشتی پاراست وکه‌ڵکی لێوه‌رگرت (فیرحی، 1378،135) . پێغه‌مبه‌ری مه‌زنی ئیسلام ،له جێگای تاڵانکردن وده‌سدرێژی عه‌شیره‌ته‌کان به‌رامبه‌ر به یه‌ک، ئه‌وانی یه‌کڕیز کرده‌وه و ئاراسته‌ی هێز وتاڵانکردن و ده‌سدرێژی عه‌ره‌به‌کانی به‌ره‌و غه‌یری عه‌ره‌به‌کان گۆڕی . " پاش دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆیی وقه‌ده‌غه کردنی خوێنرشتن ،کۆمه‌ڵگای نوێی موسوڵمانه‌کان ده‌بوو به ئاراسته‌ی ده‌ره‌وه هه‌نگاو بنێت ... توانای ئیسلام له‌سه‌ر هێزێکی کاریگه‌ر وچالاک داڕ‌ێژرابوو "(ترنر،1379،144). ئیسلام وخه‌لافه‌تی ئیسلامی وه‌کوو ئامرازی هژمونیک وسه‌ربازی به‌کار هاتووه که له پێناوی ده‌سدرێژی وهێزی به‌رهه‌مهێنه‌ری تاڵانکردن /تاڵانی ئیمپراتوری عه‌ره‌ب/قوره‌یش و پاراستنی هژمونی عه‌ره‌ب به‌سه‌ر غه‌یری عه‌ره‌بدا بووه . ده‌وڵه‌ت / خه‌لافه‌تی ئیسلامی/عه‌ره‌بی وه‌کوو " خاوه‌ن زه‌وینی راسته‌قینه " ده‌رکه‌وت وزانایانی عه‌ره‌ب که له به‌هره‌ی زه‌وین وباج به‌شدار بوون و سه‌رۆکایه‌تی سیسته‌می چینایه‌تییان ده‌کرد ونه‌ته‌وه‌کانی دیکه وه‌کوو کۆیله‌ی گشتی ئه‌وان بوون (ترنر،1379،149).
ئه‌بوبه‌کر ،واته خه‌لیفه‌ی یه‌که‌م به باشی له لۆژیکی په‌یامی پێغه‌مبه‌ر و فه‌لسه‌فه‌ی بوونی ئیسلام تێگه‌ییشتبوو . ئه‌مه له کاتێکدایه که عه‌لی هه‌ژار ، له قوڵایی بوونی درۆیینی ئیسلامدا خۆی نوقم کردبوو . ئه‌و (ئه‌بوبه‌کر) به راستی میراتی لێهاتوویی سیاسی پێغه‌مبه‌ری مه‌زنی ئیسلامی بۆ مابوویه‌وه .به هۆی ئه‌وه‌ی که نوێژ و زه‌کاتی (دین/تاڵانی) له یه‌ک جیا نه‌ده‌کرده‌وه . ئه‌و به باشی ئه‌وه‌ی ده‌زانی که ئه‌گه‌ر خوێنی تاڵانی – به ناوی زه‌کات و... – ببرێت ، ئه‌گه‌ری پێکهاتنی ئیمپراتوری ئیسلامی له‌ناوده‌چێت ، هه‌روه‌ها ئه‌و به باشی ئه‌وه‌ی ده‌زانی که له‌بیرکردنی زه‌کات به واتای له‌ناوچوونی په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات وله‌بیر کردنی داگیرکردنی وڵاته‌کانه (جابری ، هه‌مان سه‌رچاوه، 222). به‌م هۆیه‌ش بوو که پاش مه‌رگی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ،زۆرینه‌ی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی که له‌سه‌ر دینی ئیسلام بوون و به‌ڵام رازی به پێدانی زه‌کات نه‌بوون به بێ باوه‌ڕ وکافر پێناسه بوون و هه‌ڕه‌شه‌ی شه‌ڕ/جیهادیان لێ کرا وبه پاساوی ئیسلام ودوورکه‌وتنه‌وه له دین ،شه‌ڕیان له‌گه‌ڵیان کرد . ئیسلام/زه‌کات له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌ت/تاڵانکردن و به لۆژیکی شه‌ڕ/جیهاد به ته‌واوی پێکه‌وه تێکه‌ڵ ببوون . به‌م هۆیه‌ش بۆ تالانکردن به ناوی جیهاد ،شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ موسوڵمانان ده‌کرد . جیهادی ئیسلامی وه‌کوو ئامرازێک بۆ درێژه‌پێدانی هەژمونی قوره‌یش به‌سه‌ر عه‌ره‌ب وپاراستنی ناوه‌ندارێتی سیاسی/ماڵی ،به‌کار هاتووه .هه‌وره‌ها که له دواییشدا ئامرازێک بووه بۆ هژمونی قوره‌یش/عه‌ره‌ب به‌سه‌ر غه‌یری عه‌ره‌ب . په‌یوه‌ست بوون به ئیسلام به واتای ده‌ربڕینی یه‌کریزی سیاسی وگوێرایهڵبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بووه وبه هۆی ئه‌وه‌ی که ته‌نیا بابه‌تی مادی وبهرههست که به واتای پابه‌ندبوون به ئیسلام بووه ،بریتی له زه‌کات بووه و عه‌شیره‌ته‌کان له پێدانی زه‌کات خۆیان ده‌دزییه‌وه ،به ناوی ئیسلام شه‌ڕی پیرۆز، پێیان رادهگهییشت . به هۆی ئه‌وه‌ی که له ده‌وڵه‌تی ئیسلامدا ،زه‌کات ونوێژ له یه‌ک جیا نین. له ڕاستیدا بنه‌ما له‌سه‌ر زه‌کات/تالانکردن بووه و نوێژ ڕه‌وایی وپیرۆزبوونی پێ به‌خشیوه ، هه‌روه‌ها بنه‌ما له‌سه‌ر ده‌وله‌ت و بانگهێشتکردن/ئیسلام وپرۆپاگهندی ئیسلام بووه . " زه‌کات هه‌مان باج بووه که عه‌شیره‌تی سه‌رکه‌وتوو له عه‌شیره‌تی شکست خواردووی وه‌رده‌گرت " (جابری ،هه‌مان سه‌رچاوه، 206). سیسته‌می نێوخۆیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌سه‌ر میرات وپاشماوه‌ی عه‌شیره داڕ‌ێژرابوو ،ئیسلام نموونه‌ی ژیان وکه‌لتووری عه‌شیره‌تی له نێو واتای نه‌ته‌وه‌دا پاراست (فیرحی،هه‌مان سه‌رچاوه،140). ئه‌وه خالێکی سه‌رنج راکێشه ، قوره‌یش که پاش هه‌موو که‌س باوه‌ڕیکی رواڵه‌تییان به ئیسلام هاورد وباوه‌ڕێکی لاوازیان هه‌بوو ، له دین پاشگه‌ز نه‌بوونه‌وه وههڵنهگهرانهوه ،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌تی ئیسلامی پێغه‌مبه‌ر له کۆتاییدا وه‌کوو ده‌وڵه‌تێکی قوره‌یشی خۆی نواند (جابری،207). هاوکات له‌گه‌ڵ کۆچی دوایی پێغه‌مبه‌ر خه‌ڵک ده‌یانویست بۆ دینی پێشوو ،واته دینی سه‌رده‌می نه‌زانین بگه‌رێنه‌وه ، به‌ڵام سوهه‌یل کوڕی عه‌مرۆ که له ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی قوره‌یش بووه ، خه‌ڵکی له‌و کاره په‌شیمان کرده‌وه و وتی :" یه‌که‌م که‌سه‌کان مه‌بن که له دینی موحه‌مه‌د په‌شیمان ده‌بنه‌وه وههڵدهگهرێنهوه ... ئایینی موحه‌مه‌د سه‌رده‌که‌وێت و من موحه‌مه‌دم له‌م شوێنه‌ی که ڕاوه‌ستاوم بینیوه که ده‌یوت که رسته‌یه‌ک بلێن تاکوو هه‌موو عه‌ره‌ب گوێڕایه‌ڵ و بنده‌ستی ئێوه بکه‌م وهه‌روه‌ها غه‌یری عه‌ره‌ب باج به ئێوه بدات ... سوێند به خودا که رۆژێک دێت که ئێوه خه‌زێنه‌کانی سزار وخهسرهو به ده‌ست دێنن " (ئبن ئه‌سیر ، ج3، 1198). ده‌وڵه‌مه‌ندی قوره‌یش له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی هاورێیانی پێغه‌مبه‌ر و چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ونووسینی گرێبه‌ست ، زیندوو بوویه‌وه وسه‌رله‌نوێ به‌رهه‌م هێندرایه‌وه ،هه‌روه‌ها هژمونی قوره‌یش ،دیسان وه‌ک خۆی مایه‌وه وله ئامرازی ئیسلام که‌ڵکی وه‌رده‌گرت وبه‌و ئارسته‌ی ده‌رۆشت که له ئاستی باڵاده‌ستی له دوورگه‌ی عه‌ره‌بی بۆ ئاستی باڵاده‌ستی له نیوه‌ی دونیا به‌رز ببێته‌وه وبه‌سه‌ر هه‌موو دونیادا زاڵ ببێت . باڵاده‌ستی قوره‌یش به‌سه‌ر نیوه‌ی له دونیای ئاوه‌دانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌دیهات (فیرحی،هه‌مان سه‌رچاوه،143). که‌وایه شه‌ڕه‌کانی "ره‌ده" به پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی عه‌لی عه‌بدولره‌زاق به واتای ده‌سپێکی خه‌لافه‌ت/ده‌وڵه‌تی ئیسلامی نییه ، به‌ڵکوو له سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ره‌وه ده‌ستی پێکردووه وهه‌وره‌ها له سه‌رده‌می ئه‌مه‌ویان ،عه‌باسیان ،عوسمانیان تاکوو سه‌رده‌می داعش درێژه‌ی هه‌بووه .
لێره‌دا نموونه‌یه‌ک دێنینه‌وه که به چ شێوه‌یه‌ک قوره‌یش به ئامرازی دین و له چوارچێوه‌ی واتاکانی قورئان ،پێگه وده‌سه‌ڵاتی خۆی پاراست وهه‌روه‌ها زلهێزی و ده‌وڵه‌مه‌ندی ئابوورییه‌که‌یان ،ده‌سه‌ڵاتی سیاسیشی قۆرخ کرد .ئیمام شافیعی ئاماژه به‌وه ده‌کات و ده‌لێت :" لێکدانه‌وه وشرۆڤه‌ی قورئان به پێی زمان‌ناسی عه‌ره‌بی ،جگه به پێی بۆچوونی قوره‌یش ،درووست نییه وتێگهییشتنی قوره‌یش له ده‌قه ئایینیه‌کان ،باشترین جۆری تێگه‌ییشتنه وبه‌م پێیه‌ش باڵاده‌ستی قوره‌یش به مه‌رجی درووستی دینی ئیسلام داده‌نرێت " (فیرحی، هه‌مان سه‌رچاوه،235). " به بۆچوونی شافیعی ،خه‌لافه‌ت وده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی تایبه‌ت به قوره‌یشه وهه‌رچه‌نده قوره‌یش به زۆره‌ملی وشمشێر سه‌رکه‌وتبێت ،به‌ڵام به خه‌لیفه وده‌سه‌ڵاتی ڕه‌وا داده‌نرێت و... هه‌روه‌ها هه‌ر جۆره دژایه‌تییه‌ک له‌گه‌ڵ قوره‌یش به لادان له رێگای ئیسلام داده‌نرێت "(ئه‌بوزه‌ید، 1996، 62، ئه‌حمه‌د،1975،327). زلهێزی ده‌وڵه‌مه‌ندی قوره‌یش به ڕواڵه‌تی نوێی ،نه‌ته‌وه‌ی قوره‌یش ،هاورێیانی پێغه‌مبه‌ر، چاره‌سه‌ری کێشه‌کان و نووسینی گرێبه‌ست، بنه‌ماله‌ی پێغه‌مبه‌ر ، پێشڕه‌وانی ئیسلام وزمانی ئاسمانی ... خۆی ده‌رخست .ئه‌وه چاوه‌ڕوانکراو بووه که به پێی توانایی و که‌ره‌سته‌ی په‌یوه‌ندی گرتنی ئه‌و سه‌رده‌مه ومه‌ودای زۆری جوگرافی ،هاورێیانی پێغه‌مبه‌ر وپیشڕهوانی دین ،جگه له غه‌یری قوره‌یش وغه‌یری عه‌ره‌ب که‌سی دیکه نه‌بوون . ئه‌مه‌ش له‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت که پێغه‌مبه‌ر له نێو غه‌یری عه‌ره‌بدا ده‌رنه‌که‌وتبوو . به‌م پێیه‌ش ده‌وله‌مه‌ندی قوره‌یش /عه‌ره‌ب له چوارچێوه‌ی ئیسلامدا زیندوو بوویه‌وه . " هاورێیانی پیغه‌مبه‌ر له نه‌ته‌وه‌ی ئیسلامی‌دا ،هاوشێوه‌ی که‌سایه‌تییه‌کانی سه‌رده‌می نه‌زانی ،جێگه و پێگه‌یه‌کی تایبه‌تیان له نێو موسوڵمانه ئاساییه‌کان وده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسلامدا هه‌بووه "(فیرحی،1378،141). ئه‌وه ڕوونه که له پشتی مانای درووشمه رازاوه‌کانی ئیسلام، ئستراتژی وئیدیۆلۆژی هژمونی عه‌ره‌به‌کان به‌سه‌ر غه‌یری عه‌ره‌بدا به مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی تاڵانی/تالانکردن ،بوونی هه‌بووه و هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت/خه‌لافه‌تی ئیسلامیش ئامرازی سه‌ربازی ئه‌و هژمونییه بووه . درووشم وده‌وڵه‌تی ئیسلامی سه‌رچین یان به‌رهه‌مهێنه‌ری سه‌رله‌نوێی هێزی به‌رهه‌مهێنان و به‌رژه‌وه‌ندی قه‌وم/عه‌شیره‌ی عه‌ره‌ب /قوره‌یش بوون . هه‌روه‌ها هێزی به‌رهه‌مهێنه‌ری عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان ، تاڵانکردن بووه له ژێر ناوی زه‌کات،خوێن بایی، باج،تاڵانی و... . له ئاکامی تاڵانکردن/باج سه‌ندن ،قه‌ومی عه‌ره‌ب بوو به چینێکی بالاده‌ست . ئیستراتژی باڵاده‌ستی قوره‌یش/عه‌ره‌ب بوو به ئیدیۆلۆژییه‌ک بۆ ڕه‌وایی به‌خشی به خۆی .
"له سه‌رده‌می عه‌باسییه‌کان به لاوازبوونی ده‌مارگیری وباڵاده‌ستی عه‌ره‌ب ، ئیمپراتوری ئیسلامی له فاکته‌رێکی یه‌کڕیزی کۆمه‌ڵایه‌تی خۆی بێبه‌ش بوو ، هه‌روه‌ها سیسته‌می نوێ ده‌بوو له دامه‌زراوه نوێیه‌کانی خۆی بۆ خولقاندنی هه‌ستێکی نوێ له شوناسی سیاسی که‌ڵک وه‌ربگرێت . له‌م باروودۆخه‌دا ،رواڵه‌تی تایبه‌تی کۆمه‌ڵگای ئیسلامی نوێ ،واته په‌یوه‌ندی نێوان خه‌لافه‌ت وزانایان گه‌شه‌ی کرد ... زانایان ڕه‌واییان به ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی ده‌به‌خشی وخوازیاری قبووڵکردنی یاسا وه‌کوو په‌یامی خودایی ودیارده‌یه‌کی جێگیر بوون " (ترنر،1379،152). پرسی قه‌وم گه‌رایی وه‌کوو ڕه‌مز ونهێنییهکی گه‌وره‌ی خه‌لافه‌تی عه‌باسی بووه . مهئمون وشیارانه یان ناوشیارانه ،ورده ورده له جێگای دژایه‌تییه قه‌ومییه‌کان ،له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئایینی پێداگری کرد وبه دانانی زانست وپێنووس له جێگای قه‌ومییه‌ت وشمشێر ، رێگای بۆ گه‌شه‌پێدانی بابه‌ت ومشت ومڕی زانستی کرده‌وه (فیرحی،هه‌مان سه‌رچاوه،189). له ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا بوو که زانستی ئیسلامی وزانایانی وه‌کوو ماوردی،نزام ئه‌لمولک وغهزاڵی و که‌سانی دیکه ،به لاوازبوونی ده‌مارگیری قوره‌یش /عه‌ره‌ب ، به سێبه‌ر ونوێنه‌ری خودا ئه‌ژمارکردنی خه‌لیفه‌کان وپیرۆزی دینی به‌خشین به ده‌سه‌ڵات وهه‌روه‌ها به بێ باوه‌ڕ وکافر وقرمهتی ناساندنی دژبه‌رانی سیاسی ،له‌ژێر ناوی ئیسلام وخودا ،سیسته‌می زنجیره‌ی پله‌وپایه وهژمونی عه‌ره‌به‌کانیان ده‌پاراست .
له‌وانه‌یه نموونه و سومبولی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام بۆ داڕشتنی بنه‌مای ئیستراتژی ئیسلام ،نموونه‌ی ئێرانی زه‌رده‌شتی بووبێت . پێغه‌مبه‌ری ئیسلام واتاکانی به‌هه‌شت وجهههننهم و رۆژی دوایی له ئایینی زه‌رده‌شت وه‌رگرتبوو . هه‌روه‌ها که دینی زه‌رده‌شت ئامرازێک بووه له پێناو سیسته‌می پاشایه‌تی ئێرانی/پارسی ، به مه‌به‌ستی تالانکردنی داهات وسامانی قه‌ومه‌کانی دیکه ، به هه‌مان شێوه ،دینی ئیسلام وه‌کوو ئامرازێک بووه له پێناوی تاڵان‌کردنی سامان وداهاتی قه‌ومه‌کانی دیکه وپاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی قه‌ومی عه‌ره‌ب وقورهیش (1) . ئه‌گه‌ر هۆکاری هه‌ستان وجووڵاندنهوهی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلام ،تامه‌زرۆیی سامانه‌کان وتالانکردنی خه‌زێنه‌کانی قه‌یسه‌ر وکهسرا بووه (ئبن ئه‌سیر، له جابری، 87). به هه‌مان شێوه هۆکاری شۆڕشی پارسه‌کان ،تامه‌زرۆیی سامان وداهاتی ماده‌کان /کورده‌کان بووه . به پێی بۆچوونی هرۆدۆت ،هۆکاری سه‌ره‌کی شۆڕشی پارسییه‌کان دژ به ماده‌کان وخواستی سه‌ره‌کی کوروش بۆ داگیرکردنی ماد ،له‌وه‌ی سه‌رچاوه ده‌گرێت که پارسه‌کان تامه‌زرۆی گه‌ییشتن به سامانی ماده‌کان بوون (هرۆدۆت، 1387، 99 – 100 . بریان ،1380، 1380، 23). ئیمپراتوری ئیسلامی هاوشێوه‌ی خه‌لافه‌تی ئیسلامی ،ئامراز یان به‌رهه‌مهێنه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی قه‌وم /عه‌شیره‌تی باڵاده‌ستی پارس بووه وهه‌روه‌هاش دینی زه‌رده‌شت هاوشێوه‌ی ئیسلام ،ئامرازی هژمونیک و باڵاده‌ستی وده‌سه‌ڵاتی قه‌ومی بووه .
ئیمپراتوری ئیسلام پاش په‌ره‌سه‌ندن وسه‌رکه‌وتنی سه‌ربازی به‌سه‌ر قه‌ومه‌کانی دیکه ، شێوازی باج سه‌ندنی سیسته‌می پاشایه‌تی ساسانی هه‌ڵبژارد . باج سه‌ندنی ئیسلامی به پێی شێوازی سه‌رده‌می ساسانی بووه (فرای، 387). هه‌وره‌ها هه‌وڵی پیاوانی ئایینی ئه‌وه بووه که پاساو بۆ پێشینه وڕابردووه مێژووییه‌کان بهێننه‌وه و پاشان به تێکه‌ڵ کردنی ئه‌م مێژووه له‌گه‌ڵ فاکته‌ره عه‌قڵییه‌کان ،ویستویانه ئه‌م مێژووه له چوارچێوه‌یه‌کی ئایینی‌دا پێناسه بکه‌ن (لمبتون،1345،88). گه‌وره‌ترین زانایانی ئیسلامی له زانستی حه‌دیس ، وه‌کوو بوخاری ،موسلم وترموزی و... هه‌موو خه‌ڵکی خوراسان بوون که به‌ره‌و وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان کۆچیان کردبوو (272). " پاش هاتنی ئیسلام به‌ره‌و ئێران ، هیچ گۆران وپێشکهوتنێک نه‌هاتۆته ئاراوه ،ته‌نیا پێته‌خت له تیسفون بۆ مه‌دینه گوازرایه‌وه وبنه‌ماکانی باج سه‌ندنی خۆجێیی و سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی ناوچه‌یی وه‌کوو خۆی مایه‌وه و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی زلهێزه خۆجێی وناوچه‌ییه‌کان به‌رده‌وام بوون "(فرای،1386) . سیسته‌می ئیداری و یه‌کڕیزی دین وده‌وڵه‌ت که بناغه‌ی سیسته‌می ئیسلامی بووه ،له سیسته‌می ده‌وڵه‌تی ساسانییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه (هه‌مان سه‌رچاوه،388). شکۆ ومه‌زنایه‌تی خوداکان (فره ئیزه‌دی) - به وته‌ی ته‌باته‌بایی – بۆ سێبه‌ر ونوێنه‌ری خودا (زه‌ل سولتان) گوردرا و ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌ت ،داب ونه‌ریتی به‌ڕیوه‌بردنی ئیداری ده‌وڵه‌تی سه‌رده‌می ساسانی قبووڵ کرد (پترۆشفسکی ،72). چوارچینی کۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رده‌می ساسانی ،له سه‌رده‌می ئیسلامدا وه‌ک خۆی مایه‌وه ... ته‌نیا گۆڕان ئه‌وه بوو که ئیسلام جێگای زه‌رده‌شتی گرته‌وه (فرای ،هه‌مان سه‌رچاوه، 387). له راستیدا سه‌رکه‌وتنی عه‌باسییه‌کان به مانای به ئێرانی بوونی ده‌سه‌ڵاتی خه‌لافه‌ت بووه (هه‌مان سه‌رچاوه، 71). جووتیاران یان ده‌وڵه‌مه‌نده فئۆدالهکانی سه‌رده‌می ساسانی ،له سه‌رده‌می ئیسلامیشدا موڵک وزهوینهکانیان پارێزراو بووه وئه‌رکی کۆکردنه‌وه‌ی باج له جووتیاران وگه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌تیان له ئه‌ستۆ بووه . هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می ساسانی ، له سه‌رده‌می ئیسلامیشدا ،جووتیاران ئه‌رکی زۆره‌ملی کارکردن له‌سه‌ر زه‌وین وپێدانی باج به حکوومه‌تیان له ئه‌ستۆ بووه (فرای،1379،43). سیسته‌می ئیداری به‌غداد ،به پێی سیسته‌می ئیداری تیسفون ،واته پێته‌ختی ساسانی دارێژرابوو (هه‌مان سه‌رچاوه،128). سیسته‌می ئیداری عه‌باسییه‌کان به ته‌واوی به پێی سیسته‌می ئیداری ساسانییه‌کان دارێژرابوو ،هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵات وداب ونه‌ریتی بنه‌ماڵه‌یی و سیسته‌می زنجیره‌ی پله‌وپایه و... له سه‌رده‌می ئیسلامیشدا به‌رده‌وام بووه (گارسویت، 1385،231).
ئامانج وبه‌های ئیرانییه‌کان ،هاوشێوه‌ی عه‌ره‌به‌کان ،ته‌نیا پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان بووه وبناغه وبنه‌ڕه‌تی سیاسه‌ت/عه‌قڵانییه‌تی ئه‌وان ،غه‌ریزه وبه‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بووه . به‌م هۆیه‌ش بووه که به مه‌به‌ستی پاراستنی ده‌سه‌ڵات وبه‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ،هه‌موو جۆره ده‌سدرێژی وداگیرکارییهکیان ده‌کرد وهه‌روه‌هاش له‌و پێناوه‌دا هه‌موو جۆره هژمونی عه‌ره‌ب و تورک ومهغولیان قبووڵ ده‌کرد . شایانی باسه که ئامانجی باوه‌ڕهێنانی ئێرانییه‌کان به ئیسلام یه‌کسانی ئابووری وکۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کان بووه (ئشپولر،1377،242). هه‌روه‌ها که ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی قوره‌یش به هۆی باوه‌ڕهێنان به ئیسلام ،پێگه‌ی ئابووری خۆیان پاراست وته‌نانه‌ت ئه‌م پێگه ئابوورییه په‌ره‌ی سه‌ند ، به هه‌مان شێوه‌یش ئامانج له باوه‌ڕهێنانی ئێرانییه‌کان به ئیسلام ،هۆکاری ئابووری/سیاسی و به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌ی یه‌کسان و ڕه‌هابوون له پێدانی خوێن بایی و باج بووه وبه‌م هۆیه‌ش بوو که ئیسلامی بوونی ئێران له سه‌ره‌تادا له نێو چینی بالاده‌ست روویداوه (هه‌مان سه‌رچاوه،248). به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی که باج نه‌ده‌ن . نه‌ته‌وه غه‌یره موسوڵمانه‌کان یان مه‌والی به‌و که‌سانه ده‌وترا تازه بڕوایان به ئیسلام هێنابوو ، تاکوو باجی تایبه‌ت به بێ باوه‌ڕه‌کان یان کافره‌کان نهیانگڕێتهوه (ترنر،1379،149). له ڕاستیدا باوه‌ڕ به ئیسلام هاوردنی ئێرانییه‌کان ،هاوشێوه‌ی عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به‌کان وقورهیش له‌سه‌ر بناغه‌ی لۆژیکی ئابووری/سیاسی داڕ‌ێژرابوو، ئه‌مه‌ش وه‌کوو خودی لۆژیکی ئیسلام/په‌یامی خودایی بوو که ئامانجێکی ئابووری/سیاسی هه‌بووه . عه‌قڵی ئیسلامی /عه‌ره‌بی هاوشێوه‌ی عه‌قڵی زه‌رده‌شتی/ئێرانی ،عه‌قلێکی ئابووری/داگیرکارانه بووه که له‌سه‌ر نموونه‌ی داگیرکردن داڕێژراوه و تێیدا شه‌ڕ له ئاستی سیاسی/دینی سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌م ده‌هێندرێت . له ڕاستیدا بناغه‌ی دین/سیاسه‌ت بریتییه له غه‌ریزه (شه‌ڕ/ژن) و به‌رژه‌وه‌ندی (تاڵانکردن/تالانی) ، یان گه‌ده (تاڵانی/خوێن بایی ) و ژێرگهده (کۆیله‌ی ژن ،فره‌ژنی ) و باڵاده‌ستی /هژمونی ،هه‌روه‌ها ئیسلام /زه‌رده‌شت وه‌کوو مێشکی به‌ڕێوه‌به‌ر وخه‌لافه‌ت/ئیمپراتوری وه‌کوو هێزی جووڵێنه‌ری دین/سیاسه‌ت بووه .
به هۆی لێکچوونی ئه‌و دوو نموونه ولێکچوونی عه‌قڵی سیاسی ئه‌و دوو قه‌ومه بووه که له سیسته‌می سیاسی عه‌باسییه‌کان ئێرانییه‌ت وعهرهبییهت یه‌کڕیز بوون ویه‌کیان گرته‌وه (2) . به وته‌ی پترۆشفسکی ، سیسته‌می سیاسی عه‌باسییه‌کان له ئاکامی یه‌کڕیزی ئیسلام وفئۆدالیزمی ئێرانی پێکهاتووه (هه‌مان سه‌رچاوه،229). شایانی باسه که ئه‌مه له کاتێکدا بووه که ده‌مارگیری عه‌ره‌بی لاواز بووه وئێرانییه‌کان به‌هێز بوون ، به هۆی ئه‌وه‌ی که کاتێ که عه‌ره‌به‌کان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات وبه‌هێز بوون ،رێگه‌یان به هیچ قه‌ومێک نه‌داوه که بگاته ئاستی یه‌کسانی ئه‌وان ، هه‌روه‌ها هاوشێوه‌ی سه‌رده‌می ئه‌مه‌وی ،غه‌یری عه‌ره‌ب به مه‌والی/کۆیله ئاماژه‌ی پێده‌کرا .
ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی بابه‌ته‌کانی شانامه وخودای نامه‌ی سه‌رده‌می ئێرانی کۆن بریتییه له ڕه‌وایی پاشاکان وئهمهگداری جه‌ماوه‌ر بۆ پاشاکان و شه‌ڕی هه‌تاهه‌تایی نێوان چاکه وخراپه (لازار،که‌مبریج، 1379،538). بابه‌ته گرینگه‌کانی ئایینی سیاسی وزانستی ئیسلامی (سیاسه‌ت نامه و شه‌ریعه‌ت نامه‌کان ) بریتییه له ڕه‌وایی خه‌لیفه وئهمهگداری جه‌ماوه‌ر بۆ خه‌لافه‌ت وشه‌ڕی هه‌تاهه‌تایی نێوان موسوڵمان و بێ باوه‌ڕ یان کافره‌کان . به‌ڵام ئه‌وه ڕوونه که مه‌به‌ست له لایه‌نی چاکه هه‌مان خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کان ومه‌به‌ست له لایه‌نی خراپه ،هه‌مان نه‌یارانی ده‌سه‌ڵات بووه . "گوێڕایه‌ڵبوونی پاشا/خه‌لیفه به ڕاستی ودژایه‌تی کردنی ئه‌و به هه‌ڵه ودرۆ دانراوه (ساقب فه‌ر ،246). له سیاسه‌ت نامه‌دا دادپه‌روه‌ری به واتای ده‌سه‌ڵات وهژمونی سیاسییه ،نه‌ک به واتای به‌های ئه‌خلاقی و به‌خته‌وه‌ری (هه‌مان سه‌رچاوه، 19). " دادپه‌روه‌ری له بیرۆکه‌ی خواجه ،به واتای درێژه‌پێدانی بیرۆکه‌ی پاشایه‌تییه وسیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی له ئاکامی ئاڵووگۆرکردن له نێو پیشه‌کان وچینه‌کانی کۆمه‌ڵگا وهه‌روه‌ها له ئاکامی له‌ناوچوونی سنوور وبه‌ربه‌ستی هه‌ژاران و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان ، له‌ناو ده‌چێت وپاش له‌ناوچوونی سسیته‌می کۆمه‌ڵایه‌تی ،دین وکۆمه‌ڵگا تێکده‌چێت ... کۆتایی ئه‌م پرۆسه ده‌بێته هۆی له‌ناوچوونی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت وپاشایه‌تی (ته‌باته‌بایی ، 1372،65). ئامانجه ئه‌خلاقییه‌کانی غه‌زاڵی ،ماوردی ونزام ئه‌لمولک و... بۆ پاساوی سیسته‌می خه‌لافه‌ت ، به واتای سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانی ئامانجه دینییه‌کانی تنسر وکرتیر بۆ پاساوی سیسته‌می پاشایه‌تی /ئیمپراتوری ئێرانی کۆنه . بیرۆکه‌کانی ئه‌وان له جۆری دیالۆگ وئه‌ده‌بیاتی وتووێژه و وتووێژ به واتای بوونناسی/زانست ناسی ،فه‌لسه‌فه یان تیوری نییه وبه‌ڵکوو به واتای کرده‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ وخۆسهپێنه وبه ئامرازی هژمونی وپه‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات داده‌نرێت . به‌م پێیه‌ش ، بانگهێشتی زانایان وپیاوانی ئایینی بۆ دادپه‌روه‌ری و گوێڕایه‌ڵبوونی دین ، به واتای بانگهێشت کردن بۆ بنده‌ستی ده‌سه‌ڵات وگوێرایهڵبوونی جه‌ماوه‌ر له خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌کان بووه .