سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

لەبارەی سۆفیگەرییەوە

پێش 2 هەفتە


حەمەسەعید حەسەن

تیشکێک کە لە ناخییەوە هەڵدەقوڵێت، بەرچاوی ڕێبواری ڕێگەی سۆفیگەری ڕۆشن دەکاتەوە و تا سۆفی کەمتر وابەستەی ئەم دونیایە بێت، ئەو تیشکە زیاتر دەبێت و ئاوێنەی دڵی ڕوونتر و سافتر دەبێت، ئەوە بۆیە هەن پێیان وایە، سۆفی هەڵەیە، (سافی) دروستە. سۆفی هەر وا زوو ناگاتە ئەو پلەیەی، ڕەها لە کنی ئاشکرا ببێت، ئاخر گەیشتن بەو قۆناغە، پێویستی بە پاکژبوونەوە لە هەموو خڵتەکانی دونیا هەیە کە پرۆسەیەکی درێژخایەنە و بە یەکگرتن لەگەڵ خودی خوداییدا دوایی دێت، ئەوسا بە تیشکی نووری بێ کۆتای خودایی، هەر چی لە وجووددا هەیە، وەک عەدەمی لێ دێت.

 

ڕۆحی ڕێبواری ڕێی سۆفیگەری، بەرەو بەرزایی، بەرەو لای خودا هەڵدەکشێت کە میعراجی ڕۆحی پێ دەڵێن. خەڵکی دیکە، عەوداڵی ئەوەن، لە مەعدەنێکی بێبەها، زێڕ بەرهەم بهێنن، سۆفی زێڕی نەفسی خۆی، بە هۆی چێشتنی ئازارەوە، زاخاو دەداتەوە و پاکژی دەکاتەوە. وەک چۆن ئاواتی هەرە بەرزی دڵدار ئەوەیە لەگەڵ دڵخوازەکەیدا یەک بگرێت، سۆفییش کە دڵخوازەکەی زاتی بڵندی خودایە، هەمان تامەزرۆیی هەیە، ئەوە بۆیە لێکچوونێکی زۆر هەیە، لە نێوان شیعرێک بۆ ئەوینێکی پاکژ و شیعرێکدا بۆ عیشقی خودا گوترابێت.

 

سۆفییەکان هەیانە ویستی خۆی، پابەندی ویستی خودا دەکات، بەو مانایەی ویستی خۆی لە ویستی خودادا دەتوێنێتەوە، بەمەش خۆی لە داوی کێشەی ناچاری و سەرپشکبوون (جەبر و ئیختیار) دەرباز دەکات، هەشیانە هەر لەدوای ئەوە وێڵە، بەردەوام زانیارییەکانی لەبارەی خوداناسییەوە، قووڵتر و بەرینتر ببنەوە. جامی (١٤١٤ - ١٤٩٢) پێی وایە: سۆفی دوو چەشنە، یان لە دونیا دادەبڕێت و بەرەو لای خودا بەڕێ دەکەوێت، بێ ئەوەی بگەڕێتەوە ناو خەڵک، یان دەگەڕێتەوە و ڕێگەی حەق پیشانی ئەوانی دیکە دەدات. وەک مەحاڵ وایە، ئەزموونی سۆفیگەری لە هەندێک وشەدا چڕ بکرێتەوە، ئاخر سۆفیگەری زەریایە و گوتەکان لە کەناریدا گیر دەخۆن. دەشێت باسکارێک هەموو ژیانی بۆ توێژینەوە لە دونیای گەورە سۆفییەک تەرخان بکات، وەک لویس ماسنیۆن کە ژیانی بۆ لێکۆڵینەوە لە دونیای حەللاجی شەهیدی ئەوینی خودا تەرخان کرد.

جونەید گوتوویەتی: (سۆفیگەری ئەوەیە، نە هیچ موڵکێکت هەبێت و نە موڵکی کەسیش بیت، سۆفیگەری بەرلەوەی زانست بێت، ئاکارە،) ئاخر سۆفی (کەسێکە، زاهید و خۆنەویست، کەسێکە لاف لێ نادات، قوربانی دەدات، کەسێکە کە خوێنی حەڵاڵ دەکرێت، خەیاڵی تەنیا لای خوای دلۆڤانە.) نەوەوی پێی وایە: (ئەوی ڕەوشتی لە هیی تۆ جوانتربێت، لە تۆ سۆفیترە.) سۆفیگەری ئەوەیە، شەریعەت و تەریقەت و حەقیقەت، دەقاودەق لە یەکدی بچن، ناتوانین بە ڕۆحێکی پۆخڵەوە خۆمان بە سۆفی بزانین، سۆفی وەها لە ئەوینی خودادا دەتوێتەوە، خەرقانی گوتەنی: هەست بە بوونی خۆی ناکات.

 

جونەید (٢٢١ - ٢٩٧ی کۆچی) گوتوویەتی: (سۆفی شوێن پێی پەیامهێنان هەڵدەگرێت، وەک ئیبراهیم دڵفراوان و بەخشندە دەبێت کە ئامادەبوو قوربانی بە کوڕەکەی بدات، وەک ئیسماعیل ملکەچی فەرمانی خودا دەبێت، وەک ئەیوب بەئارام و خۆڕاگر دەبێت، وەک زەکەریا دەبێت کە لەسەر خواستی خودا، بە ڕەمز خەڵکی دەدواند، وەک یەحیا لە زێدی خۆیدا غەریب دەبێت، وەک عیسا لە دەفرێک و شانەیەک بەولاوە، هیچی دیکە شک نابات و ئەوانەیش دەبەخشێت، وەک مووسا پارچە خورییەک دەپۆشێت و وەک موحەممەدیش بەوە قایل دەبێت، ڕۆژێک تێر و ڕۆژێک برسی بێت). 

 

وەک چۆن سۆفیی ڕاستەقینە هەیە، کەسانی وایش هەن، سۆفی نین، ڕۆڵی سۆفی نمایش دەکەن. ئەوە ئاسان نییە، ڕێگەی سۆفیگەری بگرینە بەر، ئیللا مەگەر هەموو ژیانی خۆمان بۆ خۆشویستنی خودا تەرخان کردبێت و لە زەریای ئەو ئەوینەدا وەها توابینەوە، بزر بووبین. سۆفی (پیر)ێک یان (شێخ)ێک نییە، بەد سوودی لە دەسەڵاتی ئایین وەرگرتبێت و ستەمی لە شوێنکەتووانی کردبێت.

 

شیعری سۆفییانە هێندە پاکژ و جوانە، لەو لوتکە بڵندە دەچێت، بەیانیان زوو، لەگەڵ هەڵاتنی خۆردا، خۆی بە تیشکی ڕۆژ دەشوات. شیعری سۆفییانە، چونکە تژییە لە نهێنی، وەک شیعری دیکە نییە، تەنیا بەوەی بە هەردوو چاومان لێی ورد ببینەوە، لێی تیناگەین، بۆ نزیکبوونەوە لە مانای قووڵی، حەوجەمان بە دوو چاوی دیکە هەیە، چاوی دڵ و چاوی ڕۆحیش. خۆ ئەوە لە خۆڕا نییە، کە میستیسیزم، هەم بە مانای سۆفیگەری دێت و هەمیش بە مانای بیرکردنەوە لە شتگەلی شاراوە و نادیار و نەزانراو.

 

تێکستی سۆفییەکان، چونکە لێکدانەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، ئەوە بۆیە وەرگێڕانی دەقی سۆفییانە، کارێکی دژوارە. لە شیعری سۆفییەکاندا، پێوەندییەکی ئەفسووناوی لە نێوان گوتە و ماناکەیدا هەیە، کە ئەگەری ئەوە بەهێزە، بەدەم وەرگێڕانەوە زۆرێک لە ماناکەی زایە ببێت. تەنانەت وەرگێڕانی گوتەی (سۆفی)یش ئاسان نییە، ئاخر ساغ نەبووەتەوە لە (صەوف)ەوە هاتووە، یان لە (صەفاء)ەوە، گرنگ ئەوەیە، سۆفیگەری زیاتر پەیوەندیی بەوەوە هەیە، وەك ڕۆح وابەستەی خودا بین، نەك تەنیا وەك جەستە، خەریكی نوێژ و ڕۆژوو بین.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure