سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كورد لە كەوانی ڕێبازەكانی قادری و نەقشبەندی دا

پێش 3 هەفتە


  عەدنان قادر
لە چەمكی عەقیدە ڕۆحی و عیرفانیەكانەوە سەرچاوەی گرتووە، كەچۆن كورد وەك نەتەوە لە نێو كەوانی عەقیدەی قادری و نەقشبەندی بە درێژایی دوو سەدە و نیوو، دابەشبووەو ئاراستەیەكی دروستی نەگرتووە.
شێخانی ئەم دوو ڕێبازە بۆ بەرژەووندی، پێگەی ئابووری و كۆمەڵایەتی خۆیان و بنەماڵەكانیان، كۆمەڵی كوردەواریان خزاندۆتە نێو بازنەی دۆگما بوونی ژیری و ململانێی خوێناوی، سیخناخیان كردوون بە مەینەتی و ماڵ كاولی.
شێخ زاید كە شێخێكی گەورەی كوورد بوو، خاوەنی تەكیەو هەزاران مورید بوو، شێخ سەفائەدین كە فارس بوو، یەكێكبوو لە موریدەكانی، شێخ سەفائەدین لە ڕێگەی عەقیدەی ئاینییەوە دەروێشەكانی ئاڕاستەكردو یەكێتی نەتەوەیی بنیاتناو توانی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی دروست بكات.
ئێمە لەم توێژینەوەدا نامانەوێت هەموو خەوش و هەڵەكان بدەین لەبەرۆكی باو باپیرانمان، ئەوەندەی مەبەستمانە بەراوردی كورد و نەتەوەكانی دیكە بكەین كەچۆن سودیان لە ئاین وەرگرتووە، دەوڵەتیان لێپێكهێناوە، ئێمەیش دەست بەتاڵ و بەش مەینەت، لەسایەی ڕێبازەكانی قادری و نەقشبەندی لە بازنەی دۆگما بوونی ژیری و یەكتر قبوڵ نەكردن دەخولێینەوە.
 
دەسپێكی ململانێی ڕێبازی قادری و نەقشبەندی
هەر لەسەروبەندی دامەزراندنی شاری سلیمانی ساڵی (١٧٨٤ ز) شێخ مارفی نۆدێ (١٧٥٣/ ١٨٣٨ ز) ناوی تەواوی ( سید محمد، سیدمستەفا ، سید احمەد ) دەچێتەوە سەر شێخ عیسا ی بەرزنجە ( هەموو شێخەكان خۆیان بەنەوەی حسینی كوڕی عەلی دەزانن، لەكاتێكدا حەسەنی برای چل ژنی هێناوە لەهۆزە جیاوازەكان بۆ پیرۆزی و وەچە خستنەوە كەچی هیچ شێخێك خۆی بەنەوەی ئەو نازانێت؟ ).
ئەو مزگەوتی گەورەی شاری سلیمانی بنیات دەنێ، دەیكاتە ناوەندێكی مەعریفی ئاینی و گەشەپێكردنی ڕێبازی قادری، ئەمەیش بۆ میرنشینی بابان دەبێتە كۆلەكەیەكی بەهێز كەمریدێكی زۆر لەژمارە ، عاشق و گوێڕایەڵ لەعەقیدە، نەفەس درێژ، لەبەردەم نادادی و مەینەتیەكانی ژیان لەدەورری ڕێبازی قادری و میرنشینی بابان كۆدەبنەوە.
شاری سلێمانی دەبێتە ناوەندێكی زانستی ئاینی و كۆمەڵایەتی، پۆل پۆل مەلاو زانا لەپێگەو ژینگە جۆراو جۆرەكان ڕووی تێدەكەن، بیرو باوەڕی جیاواز سەر هەڵدەدات.
 
مەولانە خالید(١٧٧٩ /١٨٢٧ ز) ناوی تەواوی ( خالید ، ئەحمەد ، اغا حسین ) پێشگری دینی نییە، لە هۆزی میكایڵی تیرەی جافە، لە قەرەداغەوە هاتۆتە سلیمانی و خوێندویەتی، بووەتە مەلایەكی ناسراو و دیارو وانەی وتوەتەوە، عەقیدەی تەسەوف هزری دەگرێت، بە شوێن زانستی عەقڵ و نقڵ دا دەڕوات، سلێمانی بەجێدەهێڵێت و ڕودەكاتە هندستان، دووساڵ زانست و عەقیدەی تەسەوف پێنج ڕئبازەكە دەخوێنێ ، ساڵی( ١٨١١ ز ) دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلیمانی پێشوازیەكی گەرمی لێدەكەن، ڕێبازی نەقشبەندی بڵاو دەكاتەوە، لە ماوەیەكی كەمدا نزیكەی دوازدە هەزار مرید لە كوردو عەرەب و تورك پەیوەندی پێوەدەكەن ( ڕیچ ، گەشت، لا ١٥٧ ) كەبەشێكی زۆریان مریدی ڕێبازی قادری دەبن.
 
ئەمەیش دەبێتە هەڕەشەیەك بۆ پێگەی شێخ مارف و ڕێبازی قادری لە نێو میرنشینی بابان
لێرەوە هەنگاوی ململانێكانی ئەم دوو ڕێبازە دەست پێدەكات، ڕێبازی قادری لە چەقی دەستەڵاتی میرنشینی بابان، ڕێبازی نەقشبەندیش لە كەناری ئەو دەستەڵاتە.
بە ئاشكرا قادریەكان گێچەڵ و سوكایەتیان بە مەولاناو مریدەكان كردووە، ئەوڕەحمان پاشای بابان مەولانە خالیدی بە سیخوڕی عوسمانی زانیووە.
ناچار مەولانا خالید، ڕودەكاتە شاری بەغداد، لەوێ دەمێنێتەوە بۆ هێور كردنەوەی شاری سلیمانی، بەڵام ململانێكە گەرمتر دەبێ، حەمە پاشای جاف (١٨١٣ز) دێتە نێوان و نێوەندگیری دەكات، مەولانە دەگەڕێنێتەوە شاری سلیمانی و مزگەوتی خانەقای بۆ دروست دەكات مەسروفی خزمەت كردنی خانەقاكەیش دەخاتە ئەستۆی خۆی. بەڵام ململانێكە تونتردەبێت شێخ مارف فتوای كافر بوونی مەولانا دەدات، ساڵی( ١٨١٥ ز) ئەوڕەحمان پاشا و خالید پاشای بابان هەڕەشە لە مەولانا خالید دەكەن، ( ئەگەر عەقیدەی نەقشبەندی بڵاو دەكەیتەوە نابێت لە شاری سلیمانی دانیشیت) ، ئەوكات مەولانا ڕوودەكاتە سەرگەت لە نزیك شئخ عوسمانی سیراجەدین، لەناوچەی هەورامان نشینگە دەبێت، دەگەڕێتەوە سلیمانی، ناچار دەچێتەوە سەرگەت، دەگەڕێتەوە سلیمانی تا جێگیربێت، بەڵام ململانێی هەردوو ڕێبازەكە تابێت دووژمن كارانە و توندوتیژتر دەبێت، تادەگاتە ئەوڕادەی قادرییەكان بە پشتیوانی ئەوڕەحمان پاشای بابان پیلانی كوشتنی مەولانە خالید دادەڕێژن.
مەولانایش بەم پیلانە دەزانێت ، لەپێناوی ئەوەی مریدەكان دەستیان نەچێت بە خوێنی یەكدا، بەبێ ئاگاداری مریدەكان لەنیوە شەوێكدا خۆی و چوار هاوسەرەكەی شاری سلیمانی بەجێدەهێڵن، ڕوودەكەنە شام لەوێ نیشتەجێدەبن، كۆمەڵێ مرید لە شام دەوریدەدەن تاساڵی (١٨٢٧ ز) خۆی و دوو كوڕی بە پەتای تاعون لەشام كۆچی دوایی دەكەن.
  
لێكەوتەی ململانێكانی ڕێبازی قادری و نەقشبەندی
بازنەی ململانێكان فراوانتربوو، هاتە نێو سەدەی نوێوە شێخ محمود(١٨٨١/ ١٩٥٦ز) كوڕی شێخ سەعید كوڕی حاجی كاك ئەحمەد كوری شێخ مارفی نۆدێ، كاتێك شێخ مەحمود و باوكی و شێخ ئەحمەدی برای بە بڕیاری دەوڵەتی عوسمانی دەبرێنە موسڵ (١٩٠٨ز) شێخ سەعیدی باوك و شێخ ئەحمەدی برای و بەشێك لە دەست و پێوەندەكانیان تیرۆر دەكرێن، شێخ محمود بە برینداری ڕزگاری دەبێت، دوو بۆچوون هەیە لەسەر ئەم كاری تیرۆرە، بۆچونێك ڕایان وایە كەئیتحادیەكان بوو بێتن، هەندێكیش دەڵێن دەستی جافەكان و نەقشبەندیەكانە، بە بەڵگەی ئەوەی كە شێخە قادریەكان سلیمانی بەجێ دەهێڵن ڕودەكەنه موسڵ سێ سەد سواری جاف لەسەر داوای دەوڵەتی عوسمانی دێنە ناو شاری سلیمانی، تادەست بەسەر شاردا بگرن ، بەڵام كە شێخ مەحمود دەگەڕێتەوە شاری سلیمانی، هەوڵەكەیان شكست دێنی( عادل سدیق ، هەڵەبجە ١٨٨٩/ ١٩٣٠ ،لا ٩٢٫ ،٩٣ ،چ ،٢٠٠٨ پرۆژەی تیشك).

دوای جەنگی یەكەمی جیهانی، ویڵسن حاكمی سەربازی بەریتانیا لەعێراق دێتە سلیمانی (١٩١٩ز) شێخ مەحمود دەكرێتە حاكمی سلێمانی، هاوكات جافەكان و شێخانی نەقشبەندی داوا لە لەبەریتانیا دەكەن هەڵەبجە سەربەخۆبێت، لە سلیمانی جیابكرێتەوە، ئینگلیز ئەم دوو بەرەكیەی قادری و نەقشبەندی پێباشە، هەڵەبجە جیادەكاتەوە لە سلێمانی و عادیلە خانمی هاوسەری وەسمان پاشای جاف دەكرێتە حاكمی ناوچەی هەڵەبجە، شێخ مەحمود دەگەڕێت بەشوێن كاناڵی دیكەدا، بۆیە لەهەمان كاتدا لەڕێگەی ئوزدەمیر پاشا كەلە ڕەواندزە نامە ئاڵوگۆڕدەكەن لەتەك مستەفا كەمال ئەتاتورك كەوەك هاوپەیمان خۆیان دەدوێنن(بەڵگەنامەنهێنیەكانی بریتانیا ،م. كەمال مەزهەر).
شێخانی نەقشبەندی شێخ حسامەدین و شێخ علادین و جافەكان پەیوەندییەكی تۆكمە بەئینگلیزەوە دەكەن، سلێمانی دەكەن ناوچەیەكی گەرمی ململانێی ئەم دوو ڕێبازە، ئینگلیز بە ئارەزووی دەستەبەری بەرژەوەندیەكانی گەمەیان پێدەكات.
 
شێخ مەحمود سێجار حكومەت لە سلێمانی دادەمەزرێنێ، لەلایەن ئینگلیزەوە هەڵدەوەشێتەوە، شێخ دوور دەخەنەوە بۆ هیندستان. بەڵام هاوكاری شێخ سەعیدی پیران دەكەن كە نەقشبەندیە، ئەو دەمەی ئەدمۆنز حاكمی سیاسی ئینگلیزە بۆردومانی شاری سلیمانی دەكات بۆ پشوودان دەچێتە هەڵەبجە لای عادیلە خانم دەحەوێتەوەو نازناوی شاژنی بێتاجی شارەزووری پێ دەبەخشێ ( محەمەد ڕسوڵ هاوار ، شێخ مەحمودی قارەمان و... ،ب١ ،لەندەن ١٩٩١ ،لا٢٠٢).

هەروەها عادیلە خانم نازناوی خانم بەهادووریشی دەدەنێ لەلایەن ئینگلیزەوە، بەهۆی دەرباز كردنی « مستر لیز» ئەو فڕۆكەوانەی بۆردومانی شاری سلیمانی كرد ١٩١٩، هەندێ دەڵێن كیمیابارانی كرد ( عادڵ سدیق ،هەڵەبجە،١٨٨٩/ ١٩٣٠، چ ،٢٠٠٨ پڕۆژەی تیشك ).
  ڕێبازی قادریش لەسلیمانی ئەم جوڵەی دووبارە كردەوە، تاریق ڕمەزان » ئەو فرۆكەوانەی كیمیایی كرد بە قورگی هەڵەبجەدا، جەلال تاڵەبانی ڕەوانەی بەریتانیای كرد.
  كە حكومەتی عێراق پێكدەهێنرێ شاری سلیمانی دەنگی ناڕازی زیاتر بوو بچنە پاڵ عێراق، بەڵام بەپێی بەڵگەنامەیەكی نهێنی بریتانیا لە ٨ ی مایسی ١٩٢١ لە هەڵەبجە دەنگی چونە پاڵ دەوڵەتی عیراق لە ناوچەكانی دیكە زۆر زیاترە ( محەمەد ڕسوڵ هاوار، شێخ محمود ...ب٢, لەندەن، ١٩٩١ ،لا ٩٨ ).
( مس بێڵ ) كەخانمێكی ئینگلیزە جێگری مەندوبی سامی بریتانیا بوو لەعێراق ساڵی ١٩١٩ ،١٩٢١ ، ١٩٢٣ سەردانی هەڵەبجەو هەورامانی كردووە، لەنامەكانی بۆ باوكی دەنوسێت بە قەمەرە سورەكەم لەكەركوكەوە چوومە هەڵەبجە بۆلای عادیلەخانم ، لەوێ ئەنوەر بەگ وەك ڕێنوێنی ناردە تەكمان بۆ هەورامان، سەردانی شێخ حسام الدین كە پیاوێكی ڕوو خۆش و دەم بەپێكەنین، شێخ عەلادین پیاوێكی ڕوو گرژ و مۆن لوت درێژمان كرد، پێشوازیەكی گەرمیان لێكردین، بەڵام شێخ عەلادین زۆر بەگلەیی بوو، وتی ئێمە چیمان بۆ ئێوە نەكرد ئێوە چیمان بۆدەكەن ( مەبە ست شەڕی قادریەكان بوو) بۆ شەوە كەی لە بیارە نە ماینەوە چوینە هانە گەرمەڵە گوندێكە تەنیشتی بیارەیە.
  
هەرلە نامەیەكی دیكەیدا بۆ باوكی، ئەم خانمە دەنوسێت كە یونسۆن چەرچڵ، پڕۆژەیەكی پێداوە كە كوردەكان بكرێن بە دەوڵەت و قەوارەیەكی سەر بەخۆیان بۆدیاری بكرێت، بەڵام پێموتووە ئەمانە بەكەڵكی دەوڵەتداری نایەن ،بەرەبنەیەك، موسلمان چەندە ڕقی لە شەیتانە ڕێبازی قادری و نەقشبەندی ئەوەندە ڕقیان لەیەكترە، كورد دابەش بوون بەسەر ئەم دوو ڕێبازەدا.
 
قۆناغی گۆرانكاری
دروستبوونی كۆمەڵ و ڕێكخراو و پارتی سیاسی
ساڵی ١٩٢١ ز حكومەتی مەلیكی عێراق دامەزرا، سنوری دەوڵەتان جیاكرایەوە، ئایدۆلوژیای ناسیونالیزم و سۆسیالیزم گەشەیان كرد و هاتنە كایەكەوە، ڕێبازی قادری و نەقشبەندیش وەك ماتە وزەیەك لە هەناوی ئەو پارت و ڕێكخراوانە خۆی مەڵاس دابوو.
 
كاتێك شۆرشی شێخ مەحمود ڕێبازی قادری لە سلیمانی شكست دێنی ،، دوای ئەویش شێخ عبدالسلامی ڕێبازی نەقشبەندی لەبەرزان شكستیهێنا، مەلا مستەفای برای شێخ عبدالسلام بەردەوام دەبێت لەیاخیبوون، بەڵام تادەچێتە كۆماری مەهابات( كوردستان ) و لەوێیشەوە بۆ ڕوسیا نامەی ئاڵ و گۆڕی لەتەك ئینگلیزدا هەیە، لەكۆتایی هەموو نامەیەكیشی دەڵێت، دەست لەسەر سنگ و گوێلەمستم ( كەمال مەزهەر، بەڵگە نامە نهێنیەكانی بریتانیا ، ب٢, ٢٠١٦).
لەو دەمەیدا نوخبەی ڕۆشنبیری و سیاسی دێنە كایەكەوە چەن كۆمەڵ و گروپ و ڕێكخراو دروستەكەن بە ناوی جۆراو جۆرەوە، دواتر لە ساڵی (١٩٤٦ ز) هەموو ئەم ڕێكخراوانە دەتوێننەوە لەبۆتەی ( پارتی دیموكراتی كورد ) مەلا مستەفا لەڕێبازی نەقشبەندی بە ئامادەنەبوونی خۆی دەكرێتە لێپرسراو، شێخ لەتیف شێخ مەحمود لەڕێبازی قادری دەبێتە جێگر، هەمزە عبداللە كوردی باكور، دەبێتە سكرتێر.

كارەكان باش دەڕوات بەڕێوە تا ساڵی (١٩٥٨ز) ، كە مەلا مستەفا لە ڕوسیا دەگەڕێتەوە بۆ كوردستان، ململانێكان دەست پێدەكاتەوە، ساڵی ( ١٩٦١ ز) ماتەوزەی ڕێبازەكانی قادری و نەقشبەندی لەنێو هەناوی پارتی دەبێتە جوڵە وزە، باڵەكان بە ئاشكرا دەكێشن بەیەكدا ، بۆ فڕین نا، بۆشكان.
ساڵی (١٩٦٣ز) باڵی جەلالی و باڵی مەلایی، یان بڵێین قادری و نەقشبەندی لە پارتیدا ناكۆك و ناتەبا، سەرقاڵ بەگرفتی خۆیانەوە تێدەكۆشن، چۆن و لە كوێوە برین بكەنە جەستەی یەكتر.
 
ساڵی(١٩٦٦ز) بەرەی جەنگی ئەم دوو ڕێبازە هەروەك سەردەمی شێخ مارف و مەولانا، جەلالی لەشار مەلایی لەشاخ، لای خەڵك یەكێ جاش و یەكی باش، مەلایی چریكی ئێران هاوكاری دەكردن، جەلالیش حكومەتی عێراق
ئەمانە هیچ جیاوازیەكیان نەبوو، دوو ڕووی دراوێك بوون پێكەوە بەهایان دەدا بە جاشێتی و دەكەوتنە پێش قەرەوڵی دووژمنەوە، مریدەكانیان بێ هۆش و دۆگما كردبوو ، لە حاڵی گەمژیدا شەڕی بەرژەوەندی شێخەكانی قادری و نەقشبەندیان دەكرد، تا گیرفانی بنەماڵەی شێخ ئاوەدان و خۆش گوزەرانیان زیاتربێت.
كاتێك قۆناغەكان دەگۆرێت ئەم دوو ڕێبازە خۆیان بۆیاغ دەكەن، زەرد وەك مەندیلەكەی مەولانا، سەوزیش وەك بەیداخەكەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی، لە تەكیەو خانەقادا بانگ دەدرێ بەگوێیاندا، ناو دەنرێن، ڕێبازی نەقشبەندی ( پارتی دیمكراتی كوردستان) ، ڕێبازی قادریش ( یەكێتی نیشتمانی كوردستان ) ئەم دوو ناوە لە ڕواڵەتدا جیاوازن ئەگینا لە ناوەڕۆكدا هەرهەمان ڕێبازەكەن.
 
ساڵی ( ١٩٧٠) لە بەیاننامەی ١١ ی ئازار یەكەم كاری مەلا مستەفا لە سلێمانی نۆژەنكردنەوەی خانەقای مەولانە خالید بوو، كاتێكیش لەساڵی (١٩٩٢) تەرمی مەلا مستەفا و ئیدریسی كوڕی دەگەڕێننەوە كوردستان هەر دەیبەنە خانەقای مەولانە، كاریی جەلال تاڵەبانیش لە ساڵی(٢٠٠٠) نۆژەن كردنەوەی تەكیەكەی شێخ مارفی نۆدێییە، كاتێك برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا دەمرن تەرمەكانی ئەمانیش دەبرێنە تەكیەكەی شێخ مارف مزگەوتی گەورەی سلێمانی.
  ئەمانە دووژمنایەتیەكەیان هێندە خوێناوییە لە چاوی مریدەكانیانەوە ئێسكی شكاندووە، كار لەسەر یەكتر سڕینەوەو یەكتر قبوڵنەكردن دەكەن ، ئەمەیش وایكردووە، هەرجارەی ببنە جاشی وڵاتێك و بكەونە پێش قەرەوڵی دوژمن، بۆ مل شكاندنی ئەوی دیكەیان.
 ئەم دوو ڕێبازە جاشی شارو جاشی شاخیان دروست كرد شار و شاخیان كردە مەیدانی جەنگێكی خوێناوی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، ئەو جاش و مستەشارانەی دەكەوتنە پێش قەرەوڵی دوژمن بۆ ئەنفالكردنی ڕۆڵەی كورد و ێران كردنی زێدی باب باپیرانیان، هەر شێخی قادری و سشێخی نەقشبەندی بوو كەماڵ و مووڵكی مریدەكانی خۆیان تاڵان دەكرد.
كاتێكیش میللەت لە دژی چەوسانەوە و نا دادی ڕاپەڕی لە ساڵی (١٩٩١) جاشی شارو جاشی شاخ ئاوێزانی یەك بوونەوە. شێخەكان لە بەر چاوی مریدەكانیان وەك فریاد ڕەسێك خۆیان نیشاندا ، گشت سەروەتی وڵاتیان چنییەوە دووبارە هەردوو ڕێبازەكە جەنگیان هەڵگیرساندەوە، ڕێبازی قادری ( ی،ن،ك) مریدەكانی نەقشبەندی ( پ،د،ك) لە سلیمانی كۆكردەوە ، وەك سەردەمی شێخ مارف ، ڕەوانەی هەورامان و هەڵەبجەی كردن.
دێگەڵەیش چۆن سنوری میرنشینی سۆران و بابان، سنووری قەڵەم ڕەوی حكومەتی شێخ مەحمود بووە، ئێستایش سنووری ( ی،ن ، ك) و ( پ ، د ،ك) یان ڕوونتر ڕێبازی قادری ونەقشبەندیە.

دەرئەنجام
ئەوەی لەم توێژینەوەیەدا پێیگەشتین، شتێك هەیە پێی دەڵێن ( دەردە كورد )، ئەویش خوی خیانەت و شەڕەنگێزی ، دوو ڕووی و یەكتر قبوڵنەكردن، ئەمەیش لە ڕوانگەی عەقیدە ئاینیەكەوە شۆڕبۆتەوە، وەك چۆن ئاین دەتوانێت یەكێتی نەتەوەیی و دەوڵەت بنیات بنێت.
ئاوەهایش دەتوانێت نەتەوە پارچە پارچە بكات و لە بۆتەی نەتەوەیەكی دیكەدا بتوێنێتەوە.
ناوەندی ململانێكان شاری سلێمانییە ، بەڵام كەرەستەی ململانێكە، عەقیدەی قادری و نەقشبەندی یە.
لە دوای یەكەمین جەنگی جیهانی سەردەمەكە گۆڕانكاری بەسەرداهات، قۆناغێكی نوێ هاتە ئاراوە، هەر زوو جووت ڕئباز ، قادری و نەقشبەندی ، كەوتنە خۆیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی شێخ و بنەماڵەی شێخەكان، بوونە هەناوی پارتی و یەكێتی، مریدی تەكیەو خانەقا سەرەكیەكانیان هێشتەوە و لاوەكیەكانیان كردە كۆمیتە و ناوچە، مریدەكانیش بە كادر ، چ كادرێك ، هەر لە ڕواڵەتدا كادر ئەگینا لە ناوەڕۆكدا هەر سۆفی و عابید ، دەروێش و دێوانە، هزر دۆگما و كۆیلەی عەقیدەكەی ، بێ دەربەست لە قوتی خۆی و ماڵ ومنداڵی ، عاشق بە مەینەتی و ئازار ، ئەم مریدان هەمیشە خۆش گوزەرانی خۆیان و خێزانەكانیان دەبەخشنە شێخ و نەوەكانی شێخ ، لەوانیشەوە مەینەتیەكانی نیشتمان دەچننەوە.
ساڵانە مەراسیم بۆ مەینەتی مریدەكان بەشانازیەوە دەكەنەوە ، تا تاك بەتاكی مەردوومی كوردەواری بكەنە دەروێشی دەروێشی یەكێ لەو شێخانە .

 

سەرچاوە/ دیپلۆمات مەگەزین

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure