راڤیار نەوزاد
یەكێك لەو تێزانەی كە یۆڤاڵ نوح هراری زۆر بە وردی كاری لەسەر دەكات توانای داهێنانی "حیكایەت"ە لەلای مرۆڤی ئاقڵ ، هەراری زۆر بەڕونی ئاماژە بەوە دەكات جیاوازی بنەڕەتی نێوان هۆمۆسایپێن و توخمەكانی تر ئەوەبووە كە ئەمان توانای دروسكردنی كۆمەڵێك حیكایەتی وەهمیان هەیە و توانای باوەڕهێنانیشیان بەو حیكایەتانە هەیە .
هەراری دەڵێت كە توانای دروستكردنی ئەم حیكایەتانە هاوكاری مرۆڤی ئاقڵی كردووە كە زیاتر پەرە بەپەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكان و پەیوەندیە تایبەتیەكانیشیان بدەن و هەراری بونی پەیوەندیەكی بەكۆمەڵ و ئیرتیجالی لەنێوان هۆمۆسایپێنەكان دا بەخاڵی بەهێز و كاریگەریان دادەنێت لەسەركەوتنیان بەسەر توخمەكانی دیكەدا.
ئایدۆلۆژیای "شیعە"گەرای لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە تا ئەمڕۆ بەجوانترین شێوە سودی لە وێنەی (غەدرلێكراو) بینیوە ، شیعە بەگشتی ئەگەر لەترۆپكی دەسەڵاتیشدابن ، ئەگەر لەوپەڕی هێزیشدا بن خۆیان وەك "ماڵ لێ زەوتكراو" و زوڵم لێ كراو نیشان دەدەن و حیكایەتی ئەم ماڵ لێزەوتكردن و زوڵملێكراویە دەما و دەم و دەستاو دەست دەگێڕنەوە ، ئەمەش باش یارمەتیان دەدات كە هەمیشە ستەمكاری خۆیان بەستەم لێكراوی مێژویان پەردەپۆش بكەن .
پرسەی درێژكراوەی هەزاران ساڵەی "ئیمامی حسێن" لەڕوانگەی پێرفۆرمانسیەوە زۆرباش هاوكاری شیعەكان دەكات بۆ درێژەدان بەوێنەی "ستەملێكراوی هەمیشەیی" خۆیان و زیندوو كردنەوەی حیكایەتیان بۆ نەوەی نوێیان ئەگەر تەنانەت لەوپەڕی دەسەڵاتی ستەمكاری خۆشیاندابن لە عێراق و ئێران و سوریا و یەمەن ، ئێستا كە گرنگی پێدانی ڕوونی شیعەكان دەبینین بە شێوازی پرسەی سلێمانی و نیشاندانی وەك پارچەیەكی دیكەی درێژكراوەی حیكایەتی مێژوی ئەوغەدر و ماڵ زەوتكردنە ، بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە حیكایەت و داهێنانی حیكایەت چەندە كاریگەری لەسەر هەڵسوكەوتی كۆمەڵ بەگشتی هەیە و دەبێت .