سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

توندوتیژی دایكایەتی

26/11/2020



كەژاڵ نوری

ئەو دارەی دایكایەتی ئەیدا بە ڕۆحی ژندا، هیچی كەمترنیە لەو توندوتیژییەی سێكوچكەی مێرد-باوك-برا بەرامبەر بەژن ئەیكەن، دایكایەتی ئەو ئازارە چێژبەخشەیە كە هەركە تێی كەوتی تا قیامەت لە رۆحت نابێتەوە، گەورەترین كارەساتێكیش ئەوەیە كە دایكی كوڕبیت و بەبێ باوك گەورەی كەیت، چونكە كوڕ كائینێكی تفتە و تیژ و بێ گوێیە ، عاڤڵترین مرۆڤی سەر زەوەی بە لەپەروەردەكردنی كوڕدا كورت ئەهێنیت. ( زۆر بەدەگمەن پێچەوانەكەشی راستە) كۆنسێپتی نێر لەهەر چوار  پێناسەكەی( باوك-برا-مێرد-كوڕ) دا ئەو كۆنسێپتەیە كە هەر یەكە لەو چوارپێناسەیەی هەیەتی هاتە ناوژیانتەوە وێرانت ئەكات و تاماوی لە دەست توندوتیژییەكانی دەربازنابیت.

كۆنسێپتی ژن سەربەخۆ نیە و هەرگیزاوهەرگیزیش سەربەخۆ نابێ ، چونكە هەمیشە فیگەرێكە لەنێو بونیادی پیاودا جا ئیتر ئەو پیاوە لە پرۆسەی هاتنەژیانەوە باوك و برابێت، یان لەپرۆسەی هاوسەرگیرییدا مێردبێت ، یان لە پرۆسەی دایكایەتییدا كوڕ بێت ( بێگومان هەندێجار كچەكان خراپتریشت بەسەردێنن).

توندوتیژی دایكایەتی كێشەكەی ئەوەیە كە چوویتەناوییەوە ئارەزومەندانە درێژەی پێدەدەیت و ناتوانیت دەستی لێهەڵگریت چونكە دواجار دایكیت و جگەرگۆشەكانتت لە خۆت خۆشتردەوێ ، بۆیە ئەو ئازارەی ئەیچێژی بەدەست دایكایەتییەوە چێژەكەی ئەوەیە دواتر ئەو مناڵەی پێی دەگەیەنیت هی تۆیە و هی كەسیترنیە، بەشێكە لەتۆو نەك كەسیتر.

مەرج نیە توندوتیژی دایكایەتی ئەوەبێت كە مناڵەكەت لێت ئەدات، ئەوەش توندوتیژییە بەرامبەر بەرۆحی دایكانەت كاتێك مناڵەكەت لە شتێكدا سەركەوتوونابێ، یان زوڵم و نایەكسانی بەرامبەرئەكرێ لەلایەن كۆمەڵگاوە، واتە مەرج نیە مناڵەكەت خۆی هۆكاری توندوتیژی دایكایەتی بێت، هەندێجار توندوتیژییەكە كەبەرامبەر ئەو ئەكرێت تۆ بەری ئەكەویت و لەوەوە بەرۆح و باری دەروونیی وەری ئەگریت.

مناڵ ئەو كۆنسێپتەیە لەكۆی كۆنتێكستەكەیدا ئازاربەحشە، هەتبێت ئازارت ئەدا و نەتبێت ئازارت ئەدات. هەت بێ ئەبێ بەسەرچاوەی قبوڵكردنی توندوتیژی كۆمەڵایەتی و نەتبێت ئەبێ بەسەرچاوەی كەموكورتی كۆمەڵایەتی. 

ئەگەر لەژیاندا تەواوی پەیوەندییەكانی نێوان مرۆڤەكان لەسەربنەمای سود و بەرژەوەندی دابمەزرێت ئەوە تەنیا لەدایكایەتییدا ئەو كۆنسێپتە راست دەرناچێ ، چونكە رایەڵەی پەیوەندی لەنێوان دایك و مناڵدا لەسەر بنەمای ئەرك و ماف دادەمەزرێ، بۆیە دایك ئەكەوێتەبەردەم ئەرك و بەرپرسیاریەتی بەخێوكردنی مناڵە خاوەنپێداویستییە تایبەتەكەی، چونكە مافی مناڵەكەیەتی، تەنانەت ئەگەر هیچ سود و بەرژەوەندییەكی ئابوریشی تیانەبێ، لەبەرامبەردا كاتێك دایكیش پەكی دەكەوێ مافی لەسەر مناڵەكەی هەیە كە ئەركی خزمەتكردنی بگرێتەئەستۆ، كەوایە لەدایكایەتیدا سود و بەرژەوەندی نیە، ئەرك و ماف هەیە.

مناڵ ئەو بوونەوەرەیە لە مناڵیدا بەوردە گڕوگاڵەكانی چێژت پێدەبەخشێ و لەگەورەییدا بە كێشەكانی ئازارت پێدەگات و هەندێجار تەنانەت خۆشی ئازاری هەم رۆحی و هەم جەستەیی و فیزیكیت ئەدات.

دایكایەتی خۆشە، بەڵام خۆشێكی بەئازار و ماندووكەر تا ئەو رادەیەی هەندێجار لەبەرسوعبەت خۆهەڵحستنەوەو گڕوگاڵ و پێكەنینەكانی مناڵەكەت ئەتخاتە چێژێكی واوە كە شانازی بەهەبوونی خۆتەوە دەكەیت و ، هەندێجاریش ئەوەندە بەدەستییەوە ماندوو ئەبیت كە شەوانە لەبەرئازاری جومگەكانت خەوت لێناكەوێ و نازانیت بەچی بارێكدا پاڵكەویت.

پیسترین كۆیلایەتی ژن بۆ كۆنسێپتی نێر، كۆیلایەتییەكە كە دایكایەتی بەسەر ژنیدا دەهێنێت، چونكە زۆربەی كات دایكایەتی لە شوێنێكدا دەتهێڵێتەوە كە پێویستەكات لەو شوێنەدا نەبیت و نەمێنیتەوە. مەترسیداریترین جۆری كۆیلایەتی ژنیشە بۆ پیاو، چونكە لە نائاگاییدا ئەزموونی ئەكەیت و لە ئاگاییدا هەستی پێناكەیت. 

دایكایەتی هەموو شتێكت پێدەبەخشێ، بەڵام لەبەرامبەریشدا هەموو شتێكت لێدەسێنێتەوە، چونكە مناڵ تا گەورەدەبێ رێگرە لەبەردەم گەشەكردن و خۆپێگەیاندن و خوێندن و فێربوون و كاتدانان بۆ خۆت و گەشت كردندا ، كە گەورەش بوون ئیدی تۆش لەگەڵیاندا بەتەمەن گەورەدەبیت و توانا و تاقەت و حەوسەڵەی هیچت نامێنێت.

دایكایەتی پەڕوباڵت ئەكات و ئەتبەسێتەوە، ناهێڵێت بە ئارەزووی خۆت بەهیچ لایەكدا بڕۆیت، ئاسمانێكی فراوانت لە خۆشەویستی پێدەبەخشێ ، بەڵام لەگەڵیشیدا پەڕوپۆت ئەكات و لە فڕینت ئەخات. 

مناڵ ئەو شەقەیە كە لەڕێگەیەوە مێرد تێت هەڵدەدا، ئەو نەغمەیەشە كە لەڕێگەیەوە خواپێت دەبەخشێت، ئەو جوانییەشە كە لەرێگەیەوە سروشت ئەیكات بەبەرتدا، ئەو مەرگەشە كەلەرێگەی مردنی ئەوەوە تامی دەكەیت، تەمەن درێژی بۆ مناڵی هەموومان ، هیوادارم هیچ دایكێك مەرگی مناڵەكانی نەبینێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure