سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كوا توندوتیژی هەیە؟!!

26/11/2020



كنێر عەبدوڵا

"ژنێك بەدەستی مێردەكەی كوژرا، بەسێ برا خوشكێكیان هەڵواسی، تەرمی كچێك لەگەڕەكێك دۆزرایەوە، ژنێك پیاوەكەی خۆی خنكاند، ژنێك مێردەكەی خۆی دەرمانخوارد كرد، كچێك لەلایەن چەند پیاوێكەوە دەستدرێژیكرایەسەر، ژنێك  لەناو ماڵەكەی خۆیان نەوتی كردوە بەخۆیداو ئاگری لەجەستەی بەرداوە".

ساڵانەو بگرە لەئێستادا ڕۆژانە مانشێتی سایت‌و میدیاو سەردێڕی لاپەڕەی ڕۆژنامەو گۆڤارەكان پڕاوپڕن لەمجۆرە هەواڵە دڵتەزێن‌و نامرۆڤانەیە، لەبەرامبەر دوبارەبونەوەی هەموو ئەو كارەساتانەشداو لەپاڵ ناڕەزایی‌و هاوارو بەرزكردنەوەی دەنگی ڕێكخراوەكانی ژنان، بەرپرسانی حكومەت‌و حزب‌و كەسایەتیی‌و ڕۆشنبیران‌و تەنانەت دادوەرەكانیش بەهەمان ڕیتم‌و شێوازی ڕێكخراوەكان ناڕەزایی دەردەبڕن بەئەندازەیەك زۆرجار دەكەوێتە گومانەوە لەوەی داخۆ كێ بەرپرسی ڕاستەقینە بێت لەكوشتن‌و ئەتككردن‌و دەستدرێژیی‌و بێسەروشوێنكردن‌و لوتبڕین‌و شێواندنی جەستەی دەیان‌و سەدان ژن‌و پیاو لەكوردستان؛ لەكاتێكدا ئاشكرایە لەهەموو وڵاتێكدا پاراستنی ژیانی مرۆڤەكان‌و سەروەری یاسا بەشێوەیەك كە بكوژانی مرۆڤەكان لەدەستی یاسا قوتارنەبن‌و بەسزای یاسایی خۆیان بگەن تەنهاو تەنها ئەركی  حكومەتە.

لەو ڕوانگەیەوە پرسیاری جدی ئەوەیە كێ بەرپرسە لەشاردنەوەی ڕاستیەكان؛ لەكوشتنی ژنان‌و پیاوان؛ لەسوكایەتیكردن بەژنان‌و پەراوێزخستن‌و بێڕێزیكردن بەجەستەی ئەو ژنانەی دەكوژرێن‌و ناشتنیان بێ ناوو ناونیشان لەگۆڕستانێكدا كە ناوی لێنراوە بێناونیشانەكان؟! كێ بەرپرسە لەبێدەنگی‌و پەرتەوازەیی كە باڵی كێشاوە بەسەر گەلدا بەگشتی؟!!

گەر هەموان بەیەك زمان‌و بەیەك شێوە ناڕازیی بن؛ كەواتە ئەبێ كێ سزابدرێ‌و كێ سزای بدات؟؟!!!

دەرئەنجام گرنگ ئەوەیە خودی مرۆڤەكان هەستی پێبكەن، باوەڕیان هەبێت بەمەسەلەكەو یەكگرتوانە بجەنگن لەپێناو دادپەروەری‌و مرۆڤایەتیدا؛ چونكە بێ ئەوە دەبێت هەمیشە ساڵانە  لەهەوڵی كەمكردنەوەو شاردنەوەی داتاكانی توندوتیژی بین‌و بڵێین كوا توندوتیژی هەیە!!

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure