لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئەمریكا: قاعیدە لە پاشەكشەدایە

پێش 2 هەفتە


لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵی كوژرانی كەسی دووەم رێكخراوی تیرۆرستیی قاعیدە بڵاوبووەوە، چەند راپۆرتێكی تریش باسیان لە گیان لەدەستدانی ئەیمەن زەواهیری، رێبەری رێكخراوەكە كردووە.

 

ئەو رێكخراو لە پاشەكشەیەكی گەورە و دۆخێكی لاوازدایە
بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن كە سەرباری ئەوە قاعیدە هێشتا هەر مایەی هەڕەشەیە، بەڵام ئەو رێكخراو لە پاشەكشەیەكی گەورە و دۆخێكی لاوازدایە.
ناسان سیڵز، گەورە بەرپرسی بنبڕكردنی تیرۆر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت كە رێكخراوی قاعیدە بێگومان لە لێواری هەرەس و كۆتایی دایە.
وتیشی "لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا چەندین سەركردەی باڵای رێكخراوی قاعیدەمان كوشتووە و رێكخراوەكە لاواز بووە".

 

ئێستا رێكخراوەكە ناتوانێت هێرشی ئاڵۆز و بەرفراوان لە دژی ئەمریكا بكات
هەورەها رۆبەرت ئۆبراین، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا رایگەیاند "بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی ئەمریكا لەسەر قاعیدەی داناوە، ئێستا رێكخراوەكە ناتوانێت هێرشی ئاڵۆز و بەرفراوان لە دژی ئەمریكا بكات و لە داهاتووشدا فشارەكان لەسەر ئەو رێكخراوە بەردەوام دەبێت".
لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا بۆ رۆژنامەی نیویۆرك تایمزیان ئاشكراكردبوو كە سیخوڕەكانی ئیسرائل ئەبو محەمەد میسری، كەسی دووەمی ناو رێكخراوی قاعیدەیان لە ئێران كوشتووە و ئەم رووداوەش لە رۆژی 7ی ئابی ئەمساڵدا بووە.

 

گومانی مردنی ئەیمەن زەواهیری دەكرێت
دەزگای هەواڵگریی ئەفغانستانیش مانگی رابردوو ئاشكرایكرد كە حوسام عەبدولرەئوف، ناسراو بە ئەبو موحسین میسری، سەركردەی دیاری قاعیدە لە نمیچە كیشوەری هندستان، كوژراوە.
چەند لاپەڕەیەكی سەر بە رێكخراوی قاعیدە لە ناویشیاندا پەیجەكانی گرووپی حوراسودین (باڵی رێكخراوی قاعیدە لە سوریا) بڵاویان كردەوە ئەیمەن زەواهیری رێبەری رێكخراوی قاعیدە كۆچی دوایی كردووە، هۆكاری مردنەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ تووشبونی بە شێرپەنجەی جگەر.

بە گوێرەی بڵاكراوەی لاپەڕەكان، زەواهیری نزیكەی چەند هەفتەیەكە پەیوەندی لەگەڵ حوراسودین پچڕاوە و هیچ رێنماییەكی بۆ نەناردون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە چەند هەفتەیەكە كۆچی دوایی كردوە، دوا رێنمایی زەواهیریش ئەوە بووە كە داوای لە حوراسودین كردووە خۆیان لە رووبەڕووبونەوەی سەربازی لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام لە سوریا بە دوور بگرن.

جێی ئاماژەیە تا ئێستا رێكخراوی قاعیدە بە رەسمی هیچی لەوبارەیەوەوە رانەگەیاندووە:پێشتریش لە كاتی كوژرانی سەركردەكانی هەمیشە دوای زیاتر لە مانگێك هەواڵی كوژرانیانی بڵاوكردووەتەوە، لە ئەگەری مردنی زەواهیری پێشبینی دەكرێت محەمەد سەلاحەدین زێدان ناسراو بە سەیفولعەدل شوێنی ناوبراو بگرێتەوە و ببێتە رێبەری رێكخراوی قاعیدە.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure