لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

توێژینەوەیەكی زانكۆی جۆرجتاون
وڵاتانی ئیسلامی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراپترینن بۆ دۆخی ژنان

پێش 2 هەفتە


پەیمانگای ژنان، ئاشتی و ئاسایش، كە ناوەندێكی توێژینەوەی سەر بە زانكۆی جۆرجتاونی ئەمریكییە، بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگای ئۆسلۆ بۆ ئاشتی، لە ساڵی ٢٠١٧ەوە ریزبەندی باشترین وڵاتانی بۆ دۆخی ژنان دیاریكردووە.

 

ئەو دوو ناوەندە سەرنجیان خستووەتە سەر دۆخی ژنان لە ١٦٧ وڵاتی جیهان

ئەو دوو ناوەندە سەرنجیان خستووەتە سەر دۆخی ژنان لە ١٦٧ وڵاتی جیهان و گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی ژنان لە ٦٠ وڵاتی جیهاندا گوزەرانیان باشتربووە، بەتایبەت لەڕووی پاراستنی سەلامەتی و كاركردن و هەبوونی هەژماری بانكی و داهاتی تایبەت بەخۆیان .

جگە لەوەش، ڕێژەی ژنان لە پەرلەمان و دام و دەزگا حكومییەكان كراوەتە یەكێكی دیكە لە پێوەرەكانی ریزبەندییەكە، هەروەها ڕەچاوی ئەو یاسایانەی وڵاتیش كراوە كە لە بەرژەوەندی ژنان دەردەكرێن.

ئەو وڵاتانەی كە لە ریزی پێشەوەی ریزبەندییەكەدا ناویان هاتووە، تەواویان وڵاتانی ئەوروپین، كە لە ١٠ پلەی یەكەمدا وڵاتانی (نەرویج، سویسرا، فینلەندا، ئایسلەندا، نەمسا، بەریتانیا، لوكسەمبۆرگ، سوید، هۆڵەندا و كەنەدا) ناویان براوە.

 

وڵاتانی یەمەن، ئەفغانستان، سوریا، پاكستان، سودانی باشوور بە خراپترین وڵات دەستنیشانكراون

لە كۆتایی ئەو ریزبەندییەدا وڵاتانی یەمەن، ئەفغانستان، سوریا، پاكستان، سودانی باشوور بە خراپترین وڵات دەستنیشانكراون لەڕووی دۆخ و گوزەرانی ژنانەوە.
هەرچی عێراقیشە وەك شەشەم وڵاتی جیهان ناویبراوە كە تیایدا مافەكانی ژنان پێشێلدەكرێت، بەراورد بە ریزبەندییەكی پێشتری توێژەرانی سەر بە زانكۆی جۆرجتاون، كە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوكراوەیەوە، عێراق لە ئێستادا دوو پلە بەرەو دواوەوە چووە.

 

بەشێك لە وڵاتانی دیكەی جیهان توانیویانە گوزەرانی ژنان  پێشبخەن

هاوكات بەشێك لە وڵاتانی دیكەی جیهان توانیویانە گوزەرانی ژنان  پێشبخەن، لە نێویشیاندا وڵاتی مۆڵدۆڤا كە بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو، ئەو وڵاتە ٢٢ پلە هاتووەتە پێشەوە، ئەوەش لە ڕێگەی جێبەجێكردنی ژمارەیەك یاسا بۆ بەڕەنگاربوونەوەی توندوتیژی سێكسی دژ بە ژنان.
ئەمریكاش دوو پلە لە ریزبەندییەكەدا چووەتە پێشەوە بەهۆی زیادكردنی ڕێژەی ژنان لە كۆنگرێس، لەدوای هەڵبژاردنەكەی ساڵی ٢٠١٨دا.

 

دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن ژن لە جیهاندا بەهۆی یاسای وڵاتەكانیانەوە ناتوانن هەمان كاری پیاوان بكەن

توێژەران باس لەوەدەكەن هەرچەندە بەشێك لە وڵاتان هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ باشتركردنی گوزەرانی ژنان، نەتەوەیەكگرتووەكانیش یەكسانی ڕەگەزی كردووەتە یەكێك لە ئامانجەكانی بۆ ساڵی ٢٠٣٠، بەڵام هێشتا لە بەشێك لە وڵاتان ژنان لە دۆخێكی خراپدا ژیان بەسەردەبەن و هەلی یەكسانیان بۆ ناڕەخسێندرێت، بەشێوەیەك دوو ملیار و ٧٠٠ ملیۆن ژن لە جیهاندا بەهۆی یاسای وڵاتەكانیانەوە ناتوانن هەمان كاری پیاوان بكەن.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure