لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ڕەوتی شیرازی سەلەفییەت لە بەرگی شیعەی ئیمامی

پێش 3 هەفتە


زیرەك ئەحمەد ڕەحمان

پێشەكی

لەنێو مەزهەبەكانی ئیسلامەتیدا، هەر تەنیا پۆڵێن ئەوە نییە دینەكە بۆ چەند مەزهەبێك پۆڵێن بكرێت. بەڵكو لە خودی یەك مەزهەبیش جاری وایە چەندان ئاراستەی جیاجیا دەردەكەون، بە ئەندازەی سنووری نێوان دوو مەزهەب لێك جیاوازن. بەڵام دواجار ڕواڵەتی دەركەوتن، لە ژێر چەتری یەك مەزهەب كۆیان دەكاتەوە.

لە سەرەتای دەركەوتنی دینی ئیسلامدا، جیاوازییەكان لە دوای قۆناغی پێغەمبەرایەتیدا زوو دەركەوتن، ئەم جیاوازیانەش بەشێكیان سەریان لە ناكۆكیدا دەرچوو، دوا جاریش هەریەكەیان وەك مەزهەبی سەربەخۆ دەركەوتن.

لەگەڵ ئەوەی دیاریكردنی سەرەتای هەر مەزهەبێك ئاسان نییە، چونكە لەوانەیە ڕیشەی سەرەتاییان لە دەركەوتنی ئیسلامەوە هەبووبێت، یاخود دروستتر ئەوەیە جگە لە قوڕئان، سەرچاوەكانی تری دنیای ئیسلامی بۆ مێژوویەكی زۆر درەنگتری دوای قوڕئان بگەڕێنەوە. بەڵام هەر چۆنێك بێت، ئەوەی وەك ئەمری واقیع لە دنیای ئیسلامەتیدا هەیە، دوو مەزهەبی گەورە و سەرەكی ئیسلامەتیان لێ پێكهاتووە. ئەویش سوننە و شیعەن. ئەگەرچی هەریەكە لەم مەزهەبانە بۆ چەندان قوتابخانەی عەقائیدی و فیقهی دابەشبوون. هەریەكەشیان خاڵی هاوبەش و جیاوازی لەناو مەزهەب و مەزهەبەكانی دەرەوەی خۆی هەیە.

لەناو مەزهەبی شیعیدا، مەزهەبی ئیمامی یاخود دوازدەیی، زۆرینەن بە بەراورد لەگەڵ ئیسماعیلی و لقەكانی و مەزهەبی زەیدی. بۆیە لەم باسە هەر جارێ وشەی شیعە هاتبێت، مەبەست لەم مەزهەبەیە.

ڕێبەراتیی مەزهەب

سەرەتای ئەم مەزهەبە بۆ پرسی ئیمامەت دەگەڕێتەوە، كە لە ئیمامی عەلی دەست پێ دەكات و بە محەمەدی مەهدی كوڕی حەسەنی عەسكەری كۆتا دێت، هەر بەم بیروباوەڕە، دوا ئیمام بە فەرمانی خوا چووەتە دۆخی غەیب، لە هەر ئان و ساتێك كەوا زەمینەساز بێت دەردەكەوێت. بەڵام لە ماوەی نەبوونی ئیمام و تا ئێستا لەسەر پرسی ڕێبەرێتی ئەم مەزهەبە ناكۆكی هەیە. هەر لە سەرەتادا، زۆرینەی ئەم مەزهەبە لەسەر ئەو ڕایەبوون كەوا ئیمامی مەهدی لە غەیبی بچووكیدا، لە ڕێگەی چوار نێردەیەوە پەیوەندیی بە هاومەزهەبەكانی دەكرد(١). بەڵام بەرەیەك لە سەرەتادا ئەمەیان ڕەتكردەوە و باوەڕیان وابوو پەیوەندیی ئیمام پچڕاوە و چاوەڕێی هاتنی دەكەن(٢). ئەم بەرەیە بە نوسەیڕی ناسراون، دەشێ ئەم باسە لە داهاتوودا بكەینە پرسی باسێكی ترمان.

بەڵام ئەوەی دوای ونبوونی ئیمام لە غەیبی گەورەدا، ئەو بەرەی باوەڕیان بە چوار نێردەكە هەبوو. لەسەر ئەوەی پایەی دینی و سیاسی لە دەست كێیە؟ ناكۆكی تێكەوت، ئەمیش پتر دەكەوتە بن ڕای ئەو زانایەی كەوا پێشەوایەتی حەوزەی عیلمی دەكرد. مەبەستیش لە حەوزەی عیلمی: بریتییە لە دامەزراوەیەكی زانستی و مرۆیی ئامادەساز بۆ ئیجتهاد لە زانستەكانی شەریعەتی ئیسلامی و هەڵگرتنی ئەركی گەیاندنی دین بەپێی بنەماكانی مەزهەبی شیعی. هەرچەند ئەم جۆرە خوێندن و ئیجتهادە ڕابردووی دووری هەیە بەڵام ناونانی ئەم دامەزراوە بە حەوزە مێژووەكەی هێندە كۆن نییە و بۆ سەدەی بیست دەگەڕێتەوە(٣).  ئیتر بە پێی ئەم جۆرەی خوێندن، تاڵبی عیلم دەبێ چەندان قۆناغ ببڕێ تا دەگاتە پلە باڵاكانی دین لەو مەزەهەبە.

ئەخباری و ئوسووڵی

لەنێو زانایانی ئەو مەزهەبە بە شێوەیەكی بەرچاو دوو ڕەوت بە زەقی دەردەكەوێت. ڕەنگە زۆر جاریش بەریەك بكەون. ئەوانیش ئوسووڵییەكان و ئەخبارییەكانن. ئوسووڵی: مەبەست لەو ڕەوتەیە كەوا لە لێكدانەوەی پرسە دینییەكان بە ئەندازەیەكی زۆرتر لە ئەخبارییەكان پشت بە بەڵگەی عەقڵی دەبەستن، مەبەستیش لە بەڵگەی عەقڵی بریتییە لەو ئەندازەی عەقڵ دەیگاتێ لە حوكمدانی شەرعی، بە حوكمی عەقڵی لە زانستدا بەرەو حوكمی شەرعی دەچێت(٤). ئەمە مانای ڕەهاكردنی عەقڵ نییە بە ئەندازەیەك دەقەكان توڕهەڵدات، لە هەموو بوارێكدا، بەڵكو بواری عەقڵ تایبەتە و كەسانی تایبەتمەند لە لێكدانی هەردوو مەسەلەی عەقڵ و نەقڵ لێی دەزانن(٥). بەڵام سنووری وەرگرتنی بەڵگەی نەقڵی بەپێی ئەم ڕەوتە، تۆزێ بەرتەنگترە، چونكە بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە قورئان دەبەستن وەك تاكە سەرچاوەیەكی یەكلاكەرەوەی زادەی خودا. بەڵام سوننەت مەبەست لە حەدیسە، ئەوانەی یەكلاكەرەوەن و بە متەواتر ناسراون (واتە كۆمەڵێك لە كۆمەڵێكی تر.. ئاوا گێڕابیانەوە كەوا مەحاڵ بێت ئەو هەموو خەڵكە لەسەر ناڕاستییەك ڕێككەوتبن) یاخود ئەو حەدیسانەی قورئان یا ئەمری واقعی ڕاستی و دروستیان دەسەلمێنێت(٦). بەمەش بوارێكی بەرفراوانتر بۆ عەقڵ دەڕەخسێنرێت، زۆرینەی موجتەهیدانی ئەم ئاراستەیە بە شێوەیەكی گشتی بۆ پڕكردنەوەی شوێنی ئەم هەموو دەقە زۆرە، پشت بە زانستی ئوسووڵی فیقهـ دەبەستن، ناودارانی ئەم ئاراستەیە: لە كۆندا: شێخی موفید، سەید موڕتەزا، شێخی تووسی و موحەقیقی ئەردەبیلی، لە هاوچەرخەكانیش: عەلی خامەنەیی، محەمەد حسێن فەزلوڵڵا، جەوادی تەبریزی، فەڕقەد قەزوینی و محەمەد باقر سەدر..

لە بەرامبەر ئەم ڕەوتەدا، ئاراستەیەكی تر هەیە كەوا بە ئەخباری ناسراوە ئەم ئاراستەیە لە هەڵێنجانی حوكم تەنیا پشت بە قوڕئان و ئەو دەقانە دەبەستن لە محەمەد پێغەمبەر و ئەهلی بەیت ڕیوایەتكراون، پشت بە ئیجتهاد نابەستن، بۆیەش بە ئەخباری ناسراون چونكە لە ئەحكامی شەرعی تەنیا پشت بەو دەنگوباس و گێڕانەوانە دەبەستن لە ئەهلی بەیتەوە وەرگیراوە، ئەڵبەت نە ڕۆڵێك دەدەنە ئیجماع، نە عەقڵ. هەرچی ئەو حەدیسانەشی لە چوار كتێبە متمانەكراوەكانی شیعە هەیە، ئەوا بێگومان زادەی ئیمام و مەعسوومەكانی خانەوادەی پێغەمبەرن، هەموویشی ڕاست و دروستن، ئیتر پێویست بە زانستی تر ناكات بۆ هەڵێنجانی حوكمی دین(٧). مەبەستیش لە چوار كتێبەكە ئەمانەن:

١- الكافی: لە گرنگترین سەرچاوەكانە دانەرەكەی محەمەد كوڕی یەعقووب كولەینییە.
٢- من لا یحضره الفقیه: دانەرەكەی شێخ ئەبو جەعفەر محەمەد كوڕی عەلی كوڕی بابەویهه قومی كە ناسراوە بە شێخ سەدووق.

٣-  تهذيب الأحكام: دانەرەكەی ئەبو جەعفەر محەمەد كوڕی حەسەن تووسی بە شێخی تایەفە ناسراوە.
٤- الاستبصار، هەمان نووسەرە.

جا هەریەكە لەم سەرچاوانە چەندان   لێكدانەوە و لێكۆڵینەوە و ڕوونكردنەوەی كۆن و نوێیان هەن.

ئەوانەی لەو سەردەمە لەژێر ئەم ئاراستەیە پۆڵێن دەكرێن: لە كۆندا: شێخی سەدوق، حوڕی عاملی و ئەمین ئەسترئابادی، لە هاوچەرخانیش: حەسەن ئەڵڵایاری خاوەنی كەناڵی كەوسەری ئاسمانی، عەبدولحەلیم غزی، سادات و مەڕجەعییەتی شیرازی و یاسر حەبیب.

بنەماڵەی شیرازی

بنەماڵەیەكی عێراقی و نازناوێكی ئێرانی. ئەو بنەماڵەیە لە كەربەلا نیشتەجێن، بەڵام بە هۆی هاتوچۆیان بە مەبەستی خوێندن و چوونە لای زانایانی باڵای مەزهەبیان تاك تاك جێ گۆڕكێ بوونە لەوانیش سەید محەمەد حەسەن شیرازی، كە ناسراوە بە میرزای یەكەم و موجەدید. لەگەڵ ئەوەی لە (١٨١٢) لە شیراز لەدایكبووە، بەڵام چەندان شاری كردووە بۆ دەستكەوتنی زانستی شەرعی، دواجار لە دوای وەفاتی مەرجەعی ئەنساڕی مامۆستای بە كۆی دەنگ دەبێتە مەڕجەع(٨) لە شاری نەجەف. لەوێوە وردە وردە ئەم ئاراستەی ڕووەو گەشەكردن دەچێت.

هەرچەند ئەو بنەماڵەیە بانگەشەی سەیداتی دەكەن و مێزەری ڕەش لەسەریان دەكەن، وەك ئاماژەیەك بەوەی ڕەچەڵەكیان دەگەڕێتەوە سەر پێغەمبەری ئیسلام، بەڵام بەردەوام ڕەچەڵەكیان دەكەوێتە بەر نەشتەری نەیارانیان، بەوەی هیچ ڕشتەیەكی ڕاست و درووستیان نییە ڕاستی ئەم ڕەچەڵەكەیان بسەلمێنێت(٩)، بەڵكو لە سەرچاوەكانیان ئاماژە بەوە دەكەن لە نەوەی زەیدی كوڕی ئیمام زەینلعابدینی كوڕی ئیمام حسێنن.

هەر چۆنێك بێت میرزای شیرازی بە مێزەری ڕەشی ئەهلی بەیت دەركەوت و لە كارە هەرە ناسراوەكانی كردنەوەی حەوزەی سامەڕا و شۆڕشی توتنە. هەرچی حەوزەی سامەڕایە لە (١٨٧٣) لە شاری سامەڕا دایمەزراند وەك بزاوتێكی زانستی شەرعی، چەندان قوتابخانەی گرتبووە خۆ، نزیكی بیست ساڵێك زۆر بەرفروان بوو، تا ئەوەی ترسی گۆڕینی دیمۆگرافیا كەوتە سەر ئەم شارە بۆ شارێكی تەواو شیعی(١٠). بەڵام بارەگای مەڕجەعییەت لە نەجەف بوو، بۆیە ئەم قوتابخانانە پووكانەوە بە تایبەت دوای مەرگی شیرازی.

شۆڕشی تووتن

دەركەوتنێكی تری بەرچاوی شیرازی و سەركردایەتییە شیعییەكەی، بریتی بوو لە حەرامكردنی كێشانی تووتن. پوختەی ئەم ڕووداوە؛ كاتێك كۆمپانیای ڕەجی بەریتانی دەستیگرت بەسەر تووتنی ئێرانی، لە كاردانەوە بەرامبەر ئەمەدا خۆپیشاندان و دژایەتی چوار شاری ئێرانی گرتەوە، زانایانی دینی لە پێشەوەی سەركردایەتیكردنی ئەم كاردانەوەیە بوون شێخ فەزلوڵڵا نووری لە تاران و ئاغا نەجەفی ئەسفەهانی لە ئەسفەهان، سەید عەلی ئەكبەر فال ئەسیری لە شیراز، میرزا جەواد موجتەهیدی تەبریزی لە تەبریز، تا كار گەیشتە ئەوەی لە ڕێبەری شیعە لە سەردەمی شا ناسڕەدینی قاجاری فەتوای حەرامیی تووتن بدات، بەمەش شا ناچار بوو لەم ڕێككەوتنە بكشێتەوە و هەڵیوەشێنێتەوە(١١)، دەقی فتوای شیرازی دەڵێ: "بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان، بەكارهێنانی تووتن و تنباك بە هەر شێوەیەك بێت، حوكمەكەی دژایەتیكردنی ساحێب عەسر و زەمانە"(١٢) مەبەست لێی ئیمامی مەهدییە، دەركەوتنی كەسایەتیی باڵای دینی لەو ساتەوەختانەدا، ئەستێرەی ئەو كەسایەتییە درەوشاوەتر دەكات. ئەمەش بۆ نەوەكانی دوای خۆشی بەخێرگەڕا.

شۆڕشی بیست لە عێراق

میرزای دووەم ناوی محەمەد تەقی كوڕی میرزا محەمەد عەلی شیرازییە، لە هاوەڵانی میرزای یەكەم موجەدیدی شیرازی بوو، لە شیراز لە دایكبووە، هەر لە منداڵیدا پەیوەندیی بە ئەڵقەی دەرسە شەرعییەكان كردووە، دواجار پەیوەندیی بە دەرسەكانی میرزای یەكەم لە سامەڕا كردووە، و بەردەوام هاوەڵی بووە. لێی دانەبڕاوە تا گشت قۆناغەكانی خوێندنی حەوزەی بڕیوە، دوای مردنی مامۆستاكەشی بۆتە شوێنگرەوەی لە ئیجتهاد(١٣). لەسەر ڕێڕەوی مامۆستاكەی بەردەوام بووە، هەمان شێوازی تێكەڵاوبوون بە گۆڕان و پێشهاتە سیاسییەكان.

دوای جەنگی یەكەمی جیهانی، سەپاندنی ئینتدابی بەریتانی، چەندان جموجۆڵ لەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ئینتداب دەركەوتن. وەك بەرەنگاربوونەوە دژی هێزەكانی بەریتانیا. میرزای دووەم لە ساڵی (١٩٢٠) فتوای یەكەمی دژی دەسەڵاتی بەریتانییەكان دا، بە حەرامكردنی كاركردن لە هەر فەرمانگەیەك بەرژەوەندی بەریتانیای تێدا بێت. ئەمەش بووە هۆی دەستلەكاركێشانەوەی زۆرێك لە فەرمانبەرانی ئەوساكەی ئەم فەرمانگانە. پاشان دوای چەندان كۆبوونەوەی نهێنی لەلایەن پیاوانی دینی و عەشایری و كەسانی نیشتیمانی، لە هەمان ساڵ میرزای دووەم فتوای جیهادی دژی بەریتانییەكان دا(١٤). ئەمەش بووە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی (١٩٢٠) لە عێراق، دواجار هەمان ساڵ میرزای دووەم، ژەهرخوارد كرا و مرد. ئەڵبەت ئەمە زۆر ئاسایی پەنجەی تۆمەت بۆ بەریتانییەكان و دۆستە عێراقییەكانیان درێژ دەكرێت.

تۆكمەبوونی مەڕجەعی

مەهدی كوڕی حەبیبوڵڵا شیرازی نەوەی میرزای یەكەم، لە كەربەلا لەدایكبووە هەر لەوێش ساڵی(١٩٦١) مردووە. لە سەردەمی ئەودا، بەرەی شیرازی پتر و فراوانتر بوون، وەك مەدرسەیەكی سەربەخۆ لەناو مەڕجەعییەتی شیعی. بە حوكمی ئەوەی چوار كوڕی هەبوون، جگە لەوەی دوو كوڕیشی بە منداڵی مردوون، هەر چواریان پلەی باڵای حەوزەیان بڕیوە هەر لە تەمەنی خۆی(١٥)، خاوەنی دەیان سەرچاوە و كتێبی زانستەكانی شەریعەتە. لەو سەردەمەدا، ئەم ڕەوتە بوونە خاوەن دەیان دامەزراوە و حسێنییە لە وڵاتانی ئیسلامی و نائیسلامی.

ململانێی خومەینی و شیرازی

تۆكمەتر بوونی شوێنپێی شیرازییەكان لە مەڕجەعییەت، لە مەڕجەعێكی تازەدا خۆی گرت، ئەویش محەمەد كوڕی مەهدی حسێنی شیرازی (١٩٢٨-٢٠٠١) بوو، كوڕی مەڕجەعی پێشووی شیرازییەكان. ناوبراو تەواو باڵا دەركەوت، تەنانەت لەلایەن هەندێك لە هەوادارانی بە موجەدیدی دووەمی شیرازی سوڵتانی دانەران ناسراوە(١٦). لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە حوكمی شا، زۆربەی خەڵك پشتگیری شۆڕش بوون، لەناو ئەوانیش مەڕجەعە باڵاكان(١٧). بەڵام دوای سەركەوتنی دۆخەكە لە بەرژەوەندی خومەینی، خەونە گەورەكەی شیرازی ڕووی لە پووكانەوە كرد، تا ئەوەی هەر ئیمام جومعەی بۆ مایەوە.

گەرچی مەڕجەعی شیرازی گەورەترین پشتیوانی خومەینی بوو لە كۆتایی شەستەكان بە دواوە، وەك نوێنەری نوێكەرەوەی ئاراستەی شۆڕشگێڕی بوون لە بەرامبەر ئاراستە كلاسیكییەكەی حەوزەی نەجەف(١٨). لەوەش زیاتر جێی تێبینی، لە سەرەتادا خومەینی تەنیا بیری لەوە دەكردەوە، زانایانی حەوزە بخرێنە ناو دامەزراوەكانی دەوڵەت، گەرچی لەژێر سایەی حوكمی شای ئێرانیش بێت، بەڵام شیرازی بیرۆكەی دامەزراندنی تیۆری ویلایەتی فەیقهی لەلا گەڵاڵە ببوو(١٩). بەڵام دۆخەكە پێچەوانە بۆوە، خومەینی توانی ئەم دەسەڵاتە بگرێتە دەست. شیرازی و بەرەكەی هیچیان بۆ نەمایەوە. تا وای لێ هات كەسانێكی باڵای حەوزەی قوم تووشی لێپێچینەوە بوون و ڕاپێچی دادگا كران، بە تۆمەتی پلاندان بۆ كودەتا بەسەر خومەینی لە ساڵی (١٩٨٢) لەوانەیش سادق قوتبزادە و ئایەتوڵڵا محەمەد كازم شەریعەتمەداری كە باڵاترین مەڕجەعەكانی ئەوساكەی قوم بوو، هەرچەند ئەوانە لەسێدارە نەدران، بەڵام شكۆی ئەو بەرەی شكاند، دوای سەپاندنی تۆمەتەكە، شەریعەتمەداری خرایە ژێر نیشتەجێبوونی زۆرەملێ و دابڕانی لە حەوزە و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆن مێزەری مەڕجەعی لەسەری هێنرایە خوارەوە و بەسەری كۆتەوە داوای بووردن و بەخشینی لە خومەینی كرد، ئەم دیمەنە شیرازی داڕووخاند، بۆیە بڕیاری گۆشەگیری دا لە ماڵەكەی خۆی، ئەم كاردانەوەیە نەریتێكی باوی مەڕجەعەكانە بۆ دەربڕینی تووڕەیی و ڕەخنە و بەرەنگارییان، لەگەڵ ئەوەی هەندێك ئەمەیان بە نیشتەجێی زۆرەملێ دانا(٢٠). بەمەش شیرازی لە تیۆریستی ویلایەتی فەقیهەوە گۆڕا بۆ دوژمنە سەرسەختەكەی هەمان تیۆری خۆی. بە واتا كەوتە داوی ئەو تیۆرەی خۆی دانەری بوو، تیۆرەكە بووە بەڵا بۆ خۆی و هەوادارانی. بەمەش ئەم ڕەوتە سەرەڕای ئەو هەموو لایەنگر و دامەزراوانەی هەیان بوو، نە لە عێراقی سەردەمی سەدام حسێن شوێنیان بووەوە، نە لە ئێرانیش بوونە ئەو دەسەڵاتدارە ڕەهایەی بناغەیان بۆی دانابوو.

لە وڵاتانی تری ئیسلامی

ئەو ڕەوتە لە سەرەتای خۆكۆكردنەوەیان جێی مشتومڕی تەنانەت ناو مەڕجەعییەت بوون، نەك ئەوەی تەنیا ڕژێمی بەعس دژایەتییان بكات، یاخود ڕژێمی ئێران، تەنانەت مەڕجەعبوونیشیان خاڵی نەبوو لە كێشمەكێشمی ناو ماڵی شیعی. بەڵكو هەندێ لە زانایانی ئەوساكەی نەجەف دانیان بەو مەڕجەعییەتە نەنا، بگرە مەڕجەعی باڵای ئەوساكە موحسن حەكیم هۆشیاری لەبارەیانەوە دا، تەنانەت ئاگاداری شەقامی شیعی كردەوە لەو ئاراستە شیرازییەی ئەوسا كە ناسرابوو بە بزووتنەوەی (رسالیین) و بزووتنەوەی مەڕجەعییەت، تەنانەت ئایەتوڵڵای خوئی جاڕی جەنگێكی فقهیی و سیاسی لە دژیان دا و ئەم ململانێیەی نێوانیان تا ئەمڕۆش بەردەوامە(٢١). بەر لەوەی لە ئێران جێگیر بێت، محەمەد شیرازی ماوەیەك لە كوێت مایەوە، ئەمەش بووە هۆی بوونی پەناگەیەك لەوێ بۆ هەندێكی شیرازییەكان. حەسەن شیرازی براشی چووە شام بۆ بڵاوكردنەوەی بیری ڕەوتی شیرازی، ئەمەش بووە ململانێیەكی تری ناو ماڵی شیعی لەوێ لەگەڵ مەڕجەعی باڵای لوبنانی مووسا سەدر(٢٢). بەڵام بەخت یاوەری هیچ كامیان نەبوو.

مووسا سەدر لە ساڵی (١٩٧٨) لە لیبیای سەردەمی قەزافی شوێن بزركرا(٢٣). دواجار حەسەن شیرازی لە ساڵی (١٩٨٠) لە بەیرووت لەلایەن شانەیەكی چەكداری حزبی بەعسی عێراقییەوە تیرۆركرا لە ڕێی چوونی بۆ پرسەی مەڕجەعی باڵای دینی ئایەتوڵڵا محەمەد باقر سەدر و بنت هودای خوشكی كە ڕژێمی عێراقی كوشتبوونی(٢٤). ئەمەش پتر بە شكستی شیرازییەكان بوو، چونكە هەریەكە لە حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی ئەمەل وەك میراتگری مووسا سەدر دەركەوتن. لە سووریاش دەسەڵات لە دەست حزبی بەعس باڵی حافز ئەسەد بوو. ئەمەش هیچ زەمینەیەكی لەباری وای نەبوو بۆ هیچ خەونێكی سیاسیی ئەم ڕەوتە.

ڕادیكاڵی و سرووتی مەزهەبی

ئەم ڕەوتە دوای بێهوودەیی لە تیۆری ویلایەتی فەقیهـ، بە تێپەڕینی كات، خۆی لەناو جموجۆڵێكی تردا دۆزیەوە، كە لە شەقامی شیعیدا بە سرووتاندنی مەزهەب ناسراوە، واتە چی بۆنە و ماتەمەكانی ئەو مەزهەبە هەیە چەندان سرووت (گقوس)ـیان بۆ نمایش كرد، تەنانەت لەناو ماڵی خودی ئایەتوڵڵا سادق شیرازی مەڕجەعی ئێستای ئەو ڕەوتە كە لە شاری قوم نیشتەجێیە(٢٥) ناوبراو دوای مردنی محەمەد حسێنی شیرازی برای بووە مەڕجەعی باڵایان. ئەڵبەت مردنی عەلی برازای كارەكەی ئاسانتر كرد، گومانیش دەكرێ عەلی حسێنی شیرازی، بە دەستی ئێران كوژرا بێت(٢٦). بە هەر حاڵ جۆرێكی وا مومارەسەكردنی ئەم سرووتانە ڕەوتی شیرازی وەك مەزهەبێكی جیاوازی ناو ئەو مەزهەبە دەرخست، هەر لە لەخۆدان و تیخبازی، مەبەست لێی سنگ كوتانە بە ناو لەپ كە زۆرێكی شیعە دەیكەن، بەڵام لەخۆدان بە زنجیر و هەندێكیان سەری زنجیرەكان نووكە تیخی پێوەیە، بەڵام تیخبازی واتە خۆبرینداركردن بە شمشێر و قەممە، تا ئاستی خوێناویبوونی جەستە. هەروەها  سرووتێكی تر ڕۆیشتن لەسەر خەڵووزی گەشكراوە(٢٧). ئەم ئاراستەیە زۆر توند دەستی گرتووە بەم سرووتانە...

شیعەگەری لەندەنی

دوای بڵاوبوونی ئەو بنەماڵەیە بۆ كوێت، قوم و شام، برایەكی تریان بە ناوی موجتەبا شیرازی ڕوودەكاتە لەندەن. هەرچەندە لە سەردەمی مەڕجەعییەتی باوكی و هەردوو براكەی، هیچ ڕۆڵێكی باڵای نەبووە، بەڵام بە هۆی دژایەتیكردنی توندی تەواوی مەزهەبی سوننی بە سیمبوڵە دیارەكانییەوە وەك ئەبوبەكر، عومەر، عوسمان، عائیشە، حەفسە و تا دەگاتە كەسایەتییەكانی ئەم سەردەمە، تەنانەت چەندان جوێنی زۆر سەیر و سەمەرە لە وانەكانی بەرامبەر ئەو كەسایەتییانە بەكاردێنێت، ئاسایی ناوی ئەندامی زاوزێی مرۆڤ لەو جوێنانە بەكاردێنێت. نەك هەر ئەوەندە كەوتە وێزەی تەواوی ئەو كەسایەتییە شیعانەشی كەوا نەرمونیانییەكیان بەرامبەر سوننەكان هەیە، وەك: خومەینی خامەنەئی، محەمەد حسێن فەزلوڵڵای مەڕجەعی لبنان، حەسەن سەفار زانای شیعی سعوودی، موقتەدا سەدر و ... تاد(٢٨) لەلایەن نەیارانیانەوە ئەم ناوی شیعەگەری لەندەنی بەم ڕەوتە دەگوترێ.                                                           

خادیمانی مەهدی

بەكاریگەری موجتەبای شیرازی، كەسایەتییەكی تری شیعی بە بنەچە كوێتی، بەناوی یاسر حەبیب لە لەندەن، ئاراستەیەكی توندڕەو و توندوتیژی دروستكرد بەرامبەر هەموو ئەو ڕەمزانەی سوننەمەزهەب و تەنانەت ئەو شیعانەشی بەرامبەری ناكۆكن(٢٩). خاوەنی كەناڵێكن بە ناوی فدك، نووسینگەیان بە ڕەسمی و ناڕەسمی لە چەندان شاری شیعەنشینی وڵاتانی جیاجیا هەیە. هەرچەند زۆرجار چالاكییەكانیان لە وڵاتانی ئیسلامی ڕادەگیرێت و سزا دەدرێن، بەڵام لە لەندەن بە ئازادی كار و چالاكییەكانیان ئەنجام دەدەن. لە چالاكییەكی پێشبینی نەكراوی ئەم ڕەوتە دەستگرتن بوو بەسەر باڵوێزخانەی ئێران لە لەندەن(٣٠) و هەڵكردنی ئاڵاكەیان بوو لەسەر باڵاخانەی ئەم باڵوێزخانەیە.

دامەزراوەكانی شیرازی

ماوەتەوە كاركردنی ئەم ڕەوتەیە لە ڕووی كۆمەڵایەتی و دینی و فیقهییەوە كە لە وڵاتانی ئیسلامی چەندان كەناڵی سەتەلایت و دامەزراوەی كۆمەڵایەتی و تەندروستی و دینییان هەن، كە ڕاستەوخۆ لەلایەن وەكیلانی مەڕجەعییەتی شیرازییەوە سەرپەرشتی دەكرێن. بەشداری چالاكی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆنە دینییەكان، هەروەها دامەزراوەی كتێب و دەیان دامەزراوەی چاپی كتێبیان هەیە پتر بایەخ بە كەلەپووری چاپی ناودارانی ئەم ڕەوتە دەدەن. بە پێی ئاماژەی ڕەسمی خۆیان لە (١١) وڵاتی ئیسلامی و نائیسلامی بە فەرمیی كاردەكەن، ئەمانیش: عێراق، ئێران، سووریا، لوبنان، كوێت، ئیماڕات، بەحرین، ئەفغانستان، ئەمریكا، كەنەدا و ئوستڕالیا(٣١). ئەمە جگە چەندان دامەزراوەی تری ناڕەسمی و ڕێگریان لێرە و لەوێ. لەگەڵ ئەمەش ئەم ڕەوتە خاوەنی چەندان كەناڵی ئاسمانییە، لەوانیش: یەكەم كەناڵی سەر بە شیرازییەكان كەناڵی ئەنوار (الأنوار) بوو، دوای بە دوای ئەمە چەندین كەناڵی تری بە دوادا هات ئێستا ژمارەیان (٢٢) كەناڵە: كەناڵەكانی كە پەخشیان بە زمانی عەرەبییە بریتین لە: المرجعية، الأنوار، الأنوار٢، الإمام الحسين، المهدي، الحوزة العلمية، الشعائر، العباس، فورتين، العقيلة، الإمام الحسن.  كەناڵە زمان فارسییەكانیشیان: المرجعية، الإمام الحسين، إمام العصر، الحوزة العلمية، بيت العباس، أبو الفضل العباس، القائم، الإمام الصادق، السلام، الغدير. جگە لەمانەش دوو كەناڵی تریان بە زمانی ئینگلیزی پەخش دەكرێن ئەمانیش: المرجعیە و الامام الحسین. كۆی ئەم كەناڵانەش وانە و بەرنامەی مەڕجەعە شیرازییەكان و زانا حەوزەوییەكانی سەر بەئەوان پەخش دەكەن، هاوكات كۆڕە ماتەمبارییەكان و شیوەن و لەخۆدان و بۆنەكانی تایبەت بە مەزهەب پەخش دەكەن(٣٢). ئەڵبەت ئەمە جگە لە دامەزراوەكانی سەر بە یاسر حەبیب و موجتەبا شیرازی لە لەندەن چونكە لە سایتی ڕەسمیی شیرازییەكان دانەنراون.

ئەنجام

بنەماڵەی شیرازی جگە لەوەی سەیدبوونیان جێی مشتومڕە، بەڵام بە سەرەتایەكی بەهێزەوە هاتنە گۆڕەپانی سیاسی و دینی مەڕجەعی، بەڵام هاتنە سەر حوكمی بەعس لە عێراق و سووریا، خومەینی لە كۆماری ئیسلامی لە ئێران، لە ڕووی سیاسییەوە ئەو ڕەوتەی پووكاندەوە.

خەونی ویلایەتی فەقیهی شیرازی، ویستێكی باڵای ئەو بنەماڵەیە بوو، بۆ درێژەدان بە پێشینانی خۆیان میرزای یەكەمی شیرازی خاوەنی فتوا و شۆڕشی تووتن، میرزای دووەمی گەورە موفتی شۆڕشی (١٩٢٠) لە عێراق. بەڵام ئەم خەونە بووە چانسی ئایەتوڵڵا خومەینی و وەك ئیمامێك دەركەوت و بەڕەكە لەبن پێی مەڕجەعی شیرازی دەرچوو،. هەوادارێكی زۆری بەرچاویان هەیە لە وڵاتانی ئێران، عێراق، كوێت و وڵاتانی تری ئیسلامی. توندڕەوییەكی لە ڕادەبەریان هەیە لە بەرزڕاگرتنی مەڕجەعەكانیان و پابەندیی بە دەقەكانی مەزهەب. دەتوانین بە سەلەفییەتی شیعە ناوببرێن. لەناو شەقامی شیعیدا، بە ڕەوتێكی سرووت (طقوس)ـی سەیر و سەمەرە ناسراون، پتر لە بۆنەكانی وەك عاشووڕا و چلە (أربعینیە) و بۆنەكانی تردا دەركەوتەیان هەیە. لە وڵاتی ئێران، سەرەڕای باڵادەستی شیعە، تەواو لە قاڵبدراون لە ڕووی سیاسییەوە، لە ڕووی دینی و سرووتییەوە، لە ئاستێكی بەرتەنگ پیادەی دەكەن. لە كوێت هیچ جموجۆڵێكی سیاسییان نییە، پتر مەراسیمەكانیان لەناو حسێنییەكاندایە. لە عێراقیش بەهۆی نالەباری دۆخی سیاسییەوە، بە ئاشكرا بە بەراورد بە مەڕجەعییەتی سیستانی و حەكیم و ئەوانی تر دەركەوتەی سیاسییان كەمترە، دەركەوتەیان پتر لە حسێنییەكان و كەناڵەكان و بۆنە دینییەكانی ئەو مەزهەبەیە، ئەوانەشی لەژێر كاریگەری یاسر حەبیب و موجتەبا شیرازین ناوبەناو دەركەوتیان هەیە، هەندێ جاریش قەدەغە دەكرێن. لە ئەرووپاش پتر وەك نەوەیەكی بزێو و لەدەستدەرچوو وان، كەوا هەندێ جار مەڕجەعە باڵاكانیان لە قوم و نەجەف تووشی شەرمەزاری دەكەن.

سەرچاوە و پەراوێز:

 (١) الطوسي، أبو جعفر محمد الحسن (١٩٩١)، كتاب الغيبة، مؤسسة المعارف الإسلامية، قم-ایران، ص٣٦٠
(٢) الابراهيم، علي عزيز (١٩٩٢) العلويون والتشيع، الدار الاسلامية، بيروت لبنان، ص٩٣.
(٣)  البهادلي، علي أحمد(١٩٨٠) الحوزة العلمية في النجف معالمها وحركتها الإصلاحية، دار الزهراء للطباعة والنشر والتوزيع، لبنان - بيروت، ص 94.
(٤) المظفر، الشيخ محمد ڕضا (١٩٥٠) أصول الفقه، ج٢، مركز انتشارات دفتر تبليغات اسلامي حوزه علميه قم، ط:٤، ص١١٢.
(٥) العراقي، آقا ضياء الدين (١٩٤٢) نهاية الافكار المؤلف، ج:٤ منشورات جماعة المدرسين في الحوزة العلمية، قم المقدسة، ص٢٣٩.
(٦) الأعرجي، السيد زهير(٢٠٠٥) تاریخ علم الأصول و تطور الأفکار الأصولیة،  مجلة: تراثنا، مشهد مؤسسة آل البيت(ع) لإحياء التراث، السنة الواحد والعشرون، ڕجب - ذوالحجة، ص٣و٤.
(٧) السبحاني، الشيخ جعفر(١٩٩٤) كليات في علم الرجال، مؤسسة النشر الاسلامي التابعة لجماعة المدرسين بقم المشرفة، ايران، ص٣٥.
(٨) المطلبي، أبو الحسن، نجوم الأمة، مجلة نور العلم، جامعة مدرسين حوزة علمية قم. شهر بهمن 1370 ش، ص13 و71.
(٩) النابلسي، أبو صالح الموسوي الحسيني (بدون تاريخ)، بطلان النسب العلوي المزعوم لأسرة الشيرازي، موقع تنزيه النسب العلوي من الدخلاء، العصبة الهاشمية،
http://tanzeehalawi.blogspot.com/2017/09/blog-post_3.html
(١٠) الوردي، الدکتور علي(٢٠٠٥) لمحات من تاریخ العراق الحديث، ط:٢، دار الراشد، بیروت لبنان، ص١٠٠-١٠٢.
(١١) الكربلائي، الشيخ حسن (بدون سنة الطبع)، تاريخ دخانية، تحقيق ڕسول جعفريان،  انتشارات مركز اسناد إنقلاب إسلامي، تهران، ص١٧٢-١٧١.
(١٢) نوري، الميرزا حسين(١٩٩٤)، النجم الثاقب، ج: ١، تحقيق وترجمة: السيد ياسين الموسوي، مؤسسة أنوار الهدى، قم ، ص٢٨.
(١٣) الطهراني، آغا بزرك(١٩٨٤)، طبقات أعلام الشيعة، تحقيق: عبدالعزيز الطباطبائي، ط:٢، دار المرتضى، مشهد، ص٢٦١-٢٦٢.
(١٤) الجبوري، كامل سلمان(٢٠٠٩)، وثائق الثورة العراقية الكبرى، ج:٣، دار المؤرخ العربي، بيروت- لبنان، ص٦٩.
(١٥) الأمين،  السيد محسن (بدون سنة الطبع)، أعيان الشيعة، ج:١٠، دار التعارف للمطبوعات، بيروت - لبنان، ص١٤٦.
 (١٦) المؤسسة العالمية لإحياء تراث الإمام الشيرازي (٢٠٠٣)      في ڕحاب الإمام الشيرازي؛ القائد الاسوة، دار صادق للطباعة والنشر كربلاء المقدسة ـ العراق،  ص٥٦.
(١٧) العقالي، الشيماء الدمرداش(٢٠١١) نظرية ولاية الفقيه وتطبيقاتها في جمهورية إيران الإسلامية، مركز الحضارة للتنمية الفكر الاسلامي، سلسلة الفكر الايراني المعاصر، بيروت، ص١١٩.
(١٨) الابراهيم، بدر & الصادق محمد (٢٠١٣) الحراك الشيعي في السعودية: تسييس المذهب ومذهبة السياسة، ط:١، الشبكة العربية للأبحاث والنشر، بيروت، ص٨٤.
(١٩) العقالي، الشيماء الدمرداش(٢٠١١) المصدر السابق، ص١١٩.
(٢٠) الشنقيطي، محمد بن المختار الشنقيطي: أثر الحروب الصليبية على العلاقات السنية الشيعية، ص١٣٩.
(٢١) الابراهيم، بدر & الصادق محمد (٢٠١٣) المصدر السابق، ص٨١.
(٢٢) اسماعيل، الشيخ حسين (٢٠١٦) ، الشيرازية وعداؤها للمرجعيات في العراق و ايران، موقع جنوبية، لبنان. https://cutt.us/hNJu4
(٢٣) مركز الإمام موسى الصدر للأبحاث والدراسات (٢٠١٢)خلاصة قضية إخفاء الإمام وأخويه في ليبيا، موقع سماحة الامام السيد موسى الصدر، لبنان

http://imamsadr.net/Publication/publication_info.php?ID=58
(٢٤) جاسم، حسن صباح (٢٠٠٧)في ذكرى استشهاده: آية الله السيد حسن الشيرازي أسوة وقدوة، شبكة النبأ المعلوماتية، مؤسسة النبأ للثقافة والإعلام، التابعة للمرجعية الشيرازيةhttps://annabaa.org/munasbat/hasansherazi1428/012.htm
(٢٥) قناة فكر الحر(٢٠١٨)، موقع يوتيوب، في بيت المرجع الشيرازي تطبير،
https://www.youtube.com/watch?v=w6-h_9KFQw8
(٢٦) الحبيب، یاسر (بدون تاریخ)، ما هي حقيقة اختطاف جنازة الإمام الراحل وقتل المقدس الشيرازي، موقع القطرة، موقع ڕؤی و محاضرات الشيخ ياسر الحبيب:
http://www.alqatrah.net/an1801#
(٢٧) الموقع الشيرازي، الاستفتاءات، محرم الحرام:
http://www.alshirazi.net/istftaa/30.htm
(٢٨) لە یوتیوب بنووسە مجتبى الشيرازي: دەیان لینكی ئەو گرتانەی ئەو كەسایەتییەت بۆ دەردەچێت
(٢٩) موقع (خدام المهدي)، الموقع الرسمي باشراف الشيخ ياسر الحبيب، لندن

http://www.k-almahdi.org
(٣٠) إرم نيوز (٢٠١٨) إيران تهدد بقطع علاقاتها الدبلوماسية مع بريطانيا، إرم نيوز موقع إلكتروني مستقل، شركة إرم ميديا، كشركة خاصة محدودة المسؤولية في هيئة أبوظبي الإعلامية الحرة.
https://www.eremnews.com/news/world/1238893#
(٣١) الشيرازي، السيد صادق الحسيني، المؤسسات التابعة، الموقع الرسمي لمكتب سماحة المرجع الديني آية الله العظمي، قم المقدسة:
https://arabic.shirazi.ir/showpage.php?Id=124
(٣٢) المصطفی، حسن (٢٠١٨) القنوات الدينية الشيرازية .. اختطاف الفضاء الشيعي، موقع العربية، الشبكة العربية، مركز تلفزيون الشرق الاوسط، دبي
https://www.alarabiya.net/ar/politics/2018/07/04/
سەرچاوە/ میللەت

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure