لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ماكرۆن بۆچی لە ئێستادا دۆسێی ئیسلامی سیاسی دەكاتەوە؟

پێش 4 هەفتە


ن:هاشم ساڵح
و: هەورامان وریا قانع


شۆك بووم بەو هێرشە دڕندانە و زاڵمانەیەی، لە هەندێك لە میدیای عەرەبییەوە، دەكرێتە سەر سەرۆكی فەرەنسا ئیمانوێل ماكرۆن. بەشی زۆری ئەو هێرشانە، لە لایەنێكی دیاریكراوەوە دەكرێت، ئەویش لایەنی دۆحە- ئەستەنبوڵ و گروپەكانی ئیسلامی سیاسییە. ئاخۆ دەبێت ئەو تاوانە چی بێت كە ماكرۆن ئەنجامیداوە؟ ماكرۆن وتی ئیسلام، نەك تەنها لە فەرەنسا، بەڵكو لەسەرتاپای جیهاندا، لە قەیراندایە. بەڵام كۆی ڕۆشنبیرانی عەرەب، عەیامێكە وا دەڵێن. وەلێ لەبەر ئەوەی ماكرۆن قوتابی یان یاریدەدەری فەیلەسوفی گەورە "پۆل ریكۆر" بوو؛ بۆیە ڕێگە بەخۆی دەدات، قسە دەربارەی كاروبارە ئاینی و میتافیزیكییەكان بكات، ئەمە بۆ ئەو شەرەفە. سەرۆكێكی ڕۆشنبیر، باشترە لە سەرۆكێكی نەخوێندەوار و نەزان لە كاروباری ڕۆشنبیریی و فیكر.

كۆی ڕۆشنبیرانی گۆی زەوی، دەزانن ئیسلام لە قەیراندایە و پێویستی بە چاكسازییەكی ناوخۆیی ڕۆشنگەرانە هەیە. بگرە مەسەلەكە گەشت بەو ئاستەی، بیرمەندی تونسی كۆچكردو "عبدالوهاب ئەلموئەدەب" بڵێت ئیسلام "نەخۆشە"، بەمانای تەواوی وشەكە. وشەی نەخۆش زۆر مەترسیدارترە لە وشەی قەیران. سەرۆك ماكرۆن خۆی لەو وشەیە-نەخۆش- نەداوە، پێویستە لەسەر ئەوە سوپاسی بكەین، نەك جامی توڕەبوونی خۆیان بەسەریدا قڵپبكەنەوە. بۆ ئەوانەی عبدالوهاب ئەلموئەدەب ناناسن، ئەو لە ڕووی زانست و ئەدەب و ئاینەوە، نەوەی بنەماڵەیەكی ڕەسەنی تونسە. باوكی یەكێك بووە لە شێخە ڕەسەنەكانی زەیتونە، هەروەها باپیریشی. هەر بۆیە لە ڕووی ئیسلامیبوونەوە، كەس ناتوانێت موزایەدەی بەسەردا بكات. موئەدەب كتێبێكی تەواوی بە ناونیشانی: نەخۆشی ئیسلام/ مرچ الاسلام، بڵاوكردووەتەوە. بەڵام ئیسلام بەچی نەخۆشكەوتووە؟ بە نەخۆشی فێندەمێنیتاڵیزمی تاریكبینی تەكفیریی و خوێناوی كە لە سەرتاپای جیهاندا، تەقینەوەی هەڕەمەكییان ئەنجامداوە. لە نیۆیۆركەوە بۆ بالی و لەوێشەوە بۆ بۆمبای، بۆ لەندەن و پاریس و نیس، بۆ مەدرید و بەرشلۆنە، بۆ شارم ئەلشێخ و بەغداد و حللە...هتد، لیستەكە دوور و درێژە.

هەمو ئەو شتانە، تەنانەت كوێریش دەیانبینێت و یار و نەیاریش بیستوویەتی. بەڵام پێدەچێت ئەو گروپانە، تا ئێستاش گوێیان لێی نەبووە و نەیانبیستووە. گوێیان لە بن لادن نەبووە، هەروەها گوێیان لەو تاوانبارە ترسناكە نەبووە: ئەبو موسعب ئەلزەرقاوی كە سەرجەم عێراقی خەڵتانی خوێن كرد. جگە لەوە گوێیان لە خەلیفە ئەلبەغدادی نەبووە كە دڕندەیی و ترسناكی، هیچی لەوەی زەرقاوی كەمتر نییە. گوێیان لە گروپەكانی "داعش" و "ئەلنصرە" و "ئەلقاعیدە" و "بۆكۆ حەرام" و دەیان رێكخراوی تاریكبینی دیكە، نەبووە. بەڵام كێ باوەڕ بەوە دەكات، ئەوان گوێیان لەوە نەبووە؟ لە ڕاستیدا ئەوان لە قووڵایی ناخیانەوە، لەگەڵ ئەواندان، ئەگەرچی بوێری ئەوە ناكەن بە ئاشكرا ڕایگەیەنن. بگرە هەندێكجار بۆ ئەوەی بیسەلمێنن ڕۆشنبیرانی تازەگەرن، یان لانی كەم ڕۆشنبیرانی هاوچەرخ و بەڕێزن یاخود شایەنی ڕێزن، بەسەری زمان و بەسوكی، بۆ دوورخستنەوەی گومانی تیرۆر لەخۆیان، ئیدانەیان دەكەن. من لە دوا كتێبمدا: بۆچی جیهانی عەرەبی دەسووتێت؟ لەبڵاوكراوەكانی دەزگای ئەلمدا، بەغداد- عێراق. بە دوور و درێژی و بەشێوەیەكی ورد، قسەم لەو مەسەلانە كردووە. نازانم بۆچی تا هەنووكە، چەقۆكانیان لەسەر من نەخستووەتەگەڕ؟ خۆشبەختانە ئەوان تا ئێستا، كتێبەكەیان نەخوێندووەتەوە. ئەوەی لێی دەترسم ئەوەیە بیخوێننەوە!

عبدالوهاب ئەلموئەدەب لە كتێبەكەیدا، ناوەرۆكێكی ئاوا دەخاتەڕوو: ئیسلام لە بارودۆخێكی تەندروستی باشدا نییە، حاڵ و ئەحواڵی وەك پێوست نییە. ئەمە كەمترین شتە بووترێت. لە راستیدا ئیسلام نەخۆشە بەو بزووتنەوە دەمارگیر و تووندڕەوانەوە. من هەوڵمداوە لە میانەی چوار كتێبەكەی پێشووترم، دەستنیشانی ئەم نەخۆشییە بكەم و چارەسەری گونجاوی بۆ بخەمەڕوو. ئەم كتێبە تازەیەشم، لەسەر هەمان ئەرك و هەمان ڕێچكە بەردەوامە و لێی جیانەبووەتەوە. بۆیە دەڵێم ئەم نەخۆشییە مەترسیدارە، ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە، هەر هەموی لە یەك ڕستەدا كورت دەكەمەوە: بەكارهێنانی تووندوتیژی بەناوی خودا و ئیسلامەوە. مەبەست لەوە، بەخشینی ڕەوایەتی یەزدانی و ئاینییە بەو تووندوتیژییە كوێرانەیەی كە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی و دڕندەیی و تاوانكاریی، لەلایەن بزووتنەوە پەڕگیرەكان و تاریكبینەكانەوە، ئەنجامدەدرێن.

ئێمە لای خۆمانەوە، ئەم قسانەی بۆ زیاد دەكەین و دەڵێن ئەم تووندوتیژییە، تا ئێستا دەیان هەزار، یان تەنانەت سەدان هەزار، مەدەنی سڤیل و بێ تاوانی، لەسەرتاسەری جیهان، كردووە بە قوربانی. كەچی سەرەڕای هەمو ئەوانە، بۆت نییە بڵێت ئیسلام لە قەیراندایە! ئەم قیڕە قیڕە چییە؟ ئەوانە لەسەر چ هەسارەیەك دەژین؟ ئایا ئەوانە لەو بڕوایەدان، جیهان، لە خۆرهەڵاتییەوە بۆ خۆرئاوای، لە باكورییەوە بۆ باشوری، لێیان بێدەنگ دەبێت؟ ئایا نازانن، لە ئێستادا و لە هەر جێگایەكی ئەم جیهانەدا، لە ترسی بەسووك تەماشاكردن و رقلێبوونەوە، تۆ چیتر ناتوانیت بە ئاشكرا بڵێیت من موسڵمانم؟ ئایا نازانن، تۆ ناتوانیت ناسنامە عەرەبییەكەت یان ئیسلامییەكەت دەربخەیت، نەك تەنها لە پاریس و لەندەن و نیۆیۆرك و واشنتۆن و بەرلین و رۆما و ئەمستردام... هتد، بەڵكو لە چین یان هیند یاخود یابان؟

سەبارەت بە دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكانمان، سەیری دواهەمین كتێبی عبدالوهاب ئەلموئەدەب بكە: گرەو لەسەر شارستانییەت/ رهان علی الحظارە، كتێبەكە ئاماژە بەوە دەكات، بارودۆخی عەرەب و موسڵمانەكان، لەبەردەم دوو بژاردەدایە و بژاردەی سێیەم لەئارادا نییە: یا شارستانییەت یاخود بەربەریەت و هەمەجییەت. یا ئیسلامی ڕۆشنگەر یا ئیسلامی نوتەك و تاریك. نوقتە سەری دێڕ.
من ئەمەی بۆ زیاد دەكەم، عبدالوهاب ئەلموئەدەب شانازییەكی زۆری بە كەلەپوری عەرەبی ئیسلامی ڕسەنەوە، دەكرد كە لە ئامێزیدا چاوی بە دونیا هەڵهێناوە. ئەو تابڵێی شەیدا و پەیوەست بوو بە ئیبن عەرەبی و ئیبن روشد و ئیبن ئەلمقفع و دەیانی دیكە، بەهەمان شێوە شەیدا و پەیوەست بووە بە دانتی و ڤۆڵتێر و ڕۆسۆ و مۆنتسكیۆ...هتد. ئەو لەیەك كاتدا، خۆی بە بەرهەمی هەردوو ڕۆشنگەرییە گەورەكە دادەنا: واتە ڕۆشنگەریی عەرەبی و ڕۆشنگەریی فەرەنسی.

بەڵام پێش ئەلموئەدەب، لانی كەم بە حەفتا ساڵ، بیرمەندی پاكستانی بەناوبانگ "محەمەد ئیقبال" قسەی لەسەر هەمان بابەت كردووە. ئەویش موسڵمانێكی ڕەسەنە: كێ گومان لە موسڵمانبوونی دەكات؟ ئەی ئەو باوكی ڕۆحی پاكستان نییە؟ ئیقبال لە كتێبە گەورەكەیدا: تازەكردنەوەی فیكری ئاینی لە ئیسلامدا، قسەی لەو بابەتانە كردووە. لەوێدا دەبینین كۆمەڵێ دەستەواژەی بەكارهێناوە، زۆر تووندترە لەوانەی سەرۆكی فەرەنسا. ئەو بەوپەڕی ڕاشكاوی دەڵێت ئیسلام، دوای ئەوەی چووە نێو سەردەمی داڕمان و داخستنی دەرگای ئیجتیهاد، چەقی بەستووە و ڕەقهەڵگەڕاوە و كلسی گرتووە و بووە بە مۆمیا. باشە لەبری دادگایكردنی سەرۆك ماكرۆن، بۆچی دادگایی ئەو ناكەن؟ بۆچی جامی توڕەبوونی خۆیان و نەفرەتەكانیان و تۆمەتەكانیان، بەسەر ئەودا قڵپناكەنەوە؟

دواجار، با یار و نەیار ئەمەی خوارەوە بزانێت: من بڕواموایە ئیسلام، هەزارجار گەورەترە لە ئیخوان موسلمین. ئیسلام كەلەپورێكی ئاینی و ئەخلاقی و رۆحی مەزنە. ئیسلام یەكێكە لە ئاینە گەورەكانی مرۆڤایەتی. ئیسلام دڵنیایی و ئارامی پێشكەش بە نیو ملیار كەس دەكات. ئیسلام چەندین گەنجینەی مەعریفی و حوكم و بەهای ئەخلاقی جوان لەخۆدەگرێت. ئیسلام ئیبن روشد و ئیبن خەلدون و چەندین بلیمەتی دیكەی، پێشكەش بە جیهان كردووە. ئیمانوێل ماكرۆن-یش شتێكی وا دەڵێت. ماكرۆن نرخی ئاینێكی جیهانی وەك ئیسلام دەزانێت، بەتایبەتی لە سەردەمی زێڕینیدا. بەڵام دوای سەردەمی داڕمان و چەقبەستنێكی توولانی، پێویستی بە چاكسازییەكی تازەیە، بەو هیوایەی بگات بە ئیسلامێكی ڕووناك كە لەگەڵ شارستانییەتی مۆدرێن ئاشتبێتەوە.

لێرەوە، كێشەكە لەگەڵ كۆی ئیسلامدا نییە، بەڵكو كێشەكە لەگەڵ ئەو گروپە رادیكاڵە تووندڕەوانەدایە كە گڕی لە جیهان بەرداوە و نەك بە تەنها نەیاری مۆدێرنەی فەرەنسییە، بەڵكو نەیاری خودی مۆدێرنەی عەرەبی ئیسلامی-شە. هەرچۆنێك بێت، ئیسلام دەریایەكی شەپۆلاوییە و پڕە لە مەزهەب و ڕەوت و كەسایەتی داهێنەر. بلیمەتەكانی عەرەب و ئیسلام، ڕۆژێك لە ڕۆژان، بە زانست و داهێنان و ئەفراندنە فەلسەفییەكانیان، دونیایان ڕووناك كردبووەوە. ئەوان لە قۆناغێك لە قۆناغەكاندا، ببوون بە قدوە، نەك تەنها بۆ ئەوروپا، بەڵكو بۆ سەرجەم جیهان. مەشخەڵێكی شارستانی پرشنگدار بوون. ئەوروپییەكان پێشبڕكێیان بوو بۆ وەرگێڕانی بەرهەمی زاناكانمان و فەیلەسوفەكانمان. لەسەر ئەو بەرهەمانە، بوژانەوەی ئایندەی خۆیان بونیاد دەنا. ئەوروپییەكان شانازییان بەوەوە دەكرد كە ئیبن سینا و ئین روشد و فارابی دەناسن، وەك چۆن ئێمە لە ئێستادا، شانازی بە دیكارت یان كانت یا هیگڵ-ەوە دەكەین. لەو رۆژگارەدا زمانی عەرەبی، زمانی جیهانگیریی و فەلسەفە و داهێنان بوو، دروست وەك ئێستای زمانی ئینگلیزی. سەرەڕای ئەوە، ئیسلام وەك ڕەحمەتێك هاتووە بۆ جیهان، نەك بەڵایەك بێت بۆ جیهان. وەك ئەوەی ئەو گروپانە لێیتێگەیشتوون: ئیخوان موسلمین و ئەلقاعیدەكان و داعشەكان و قەرزاوییەكان و ئەردۆگانییەكان... هتد.

بەهەر حاڵ، جیهانی عەرەبی، بگرە سەرتاپای كۆی جیهانی ئیسلامی، حاڵی حازر بۆ دوو بەرەی گەورەی دژ بە یەك دابەشبووە: بەشێكی كراوە بەسەر جیهاندا- بەشێكی هەڵكورماو بەسەر خودی خۆیدا. بەشێكی لێبووردە- بەشێكی تەكفیریی. بەشێكی ڕۆشنگەر- بەشێكی تاریكبین. بەشی یەكەم لە دوو بەڵگەنامەی گرنگدا بەرجەستە بووە: یەكەمیان بریتییە لە بەڵگەنامەی مەككەی پیرۆز كە لە رۆژی 30 ئایاری ساڵی 2019، لە پەراوێزی كۆنگرەی نێودەوڵەتی واژۆكرا، ئەم كۆنگرەیە رابیتەی جیهانی ئیسلامی سازیكردبوو، 1200 كەسایەتی ئیسلامی لە 139 وڵاتی خاوەن مەزهەب و تائیفەی ئیسلامی جیاوز جیاوازەوە، واژۆیان كردووە. بەڵگەنامەكە باس لە چەسپاندنی بەهای پێكەوە ژیان دەكات لە نێوان ئاینەكان و كلتورەكان و ڕەچەڵەكەكان و مەزهەبەكان. دانیناوە بە ڕەوایەتی فرە ڕەنگی و جیاوازیی لە ئاین و باوەڕ و مەزهەبدا و دەڵێن ئەمە سونەتێكی گەردوونییە. هەرچی بەڵگەنامەی دووەمیانە، واتە "بەڵگەنامەی برایەتی مرۆیی لە پێناو ئاشتی جیهانی و ژیانی هاوبەش"، ئەم بەڵگەنامەیە لە بەرواری 4 شوباتی ساڵی 2019 لە پایتەختی ئیماراتی یەكگرتوو، ئەبو زەبی بڵاوكرایەوە. هەر یەكە لە شێخی ئەزهەر و پاپای رۆما، بەسەرپەرشتی دەسەڵاتدارانی ئێستای ئیمارات، واژویان كرد. بەڵگەنامەكە داوای بڵاوبوونەوەی كەلتوری لێبوردەیی و پێكەوە ژیان و ئاشتی دەكات، لە نێوان سەرجەم گەلان و ئاینە جیاوازەكاندا، بێ هچ جیاكارییەكی تائیفی یان رەگەزپەرستی. ئەم ئاراستە گشتییە ڕۆشنگەرە، پێویستە لە جیهانی عەرەبیدا، بڵاوببێتەوە. هیچمان لەدەست نایەت، جگە لەوەی سەرسامبین بەم شۆڕشە فیكریی و ئاینییە كە لە ئێستادا، شانشینی عەرەبی سعودییە و ئیماراتی یەكگرتوو، دەستیان پێكردووە.

هەرچی ئاراستەی پێچەوانەیە، واتە ئاراستەی ئیخوان موسلمین و لق و پۆپەكانی، ئەوە دەبێت خۆمانی لێدوورخەینەوە. چونكە پێش هەر كەسێكی دیكە، مەترسییە بۆ سەر عەرەب و موسڵمانەكان. بۆچی؟ چونكە لە سەرتاپای جیهاندا، ناو و ناوبانگیان لەكەدار دەكات. هەروەها ئەوانی دیكە تەكفیر دەكات و دان بە ڕەوایەتی شوێنكەوتوانی ئاین و مەزهەبەكانی دیكەدا نانێت. بگرە داوا دەكات لە ڕەگ و ڕیشەوە دەریانبێنن و لەسەر شێوازی داعش، پاكتاویان بكەن. لەبەر ئەوە دەڵێم هێڵی دۆحە- ئەستەنبوڵ، واتە "هێڵی داخران و دەمارگیریی ئیخوانی"، هێڵێكی داخراوە، چونكە بە پێچەوانەی بزاوتی مێژوو هەنگاو دەنێت. تەنها هێڵی مەككە و ئەبو زەبی، كە هەر دوو بەڵگەنامەكەیان بۆ مرۆڤایەتی گەڵاڵەكرد، كونێك دەكاتە دیوارە داخراوەكەی مێژوو، بۆ كۆی عەرەب و موسڵمانەكان. تەنها ئەم هێڵە تازە ڕۆشنگەرە، ئومێدی كەمەكێك ڕووناكییە. ئەوە هیوای ئایندەیە. سەرەڕای هەمو ئەوانە، ئەمە تاقە هێڵە كە نوێنەرایەتی جەوهەری راستەقینەی ئیسلام و قورئانی پیرۆز دەكات:

يا اَيُهَا النَاسُ إِنَا خَلقْنَاكُم مِن ذَكَرٍ واُنثي و جَعَلْنَاكُمْ شُعُوباً وقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا...» (الحجرات، 13) صدق الله العظيم

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure