سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

وتاری كۆتایی پێنجەمین كۆنفرانسی دابران لەلایەن "مەلا بەختیار"سەرپەرشتیاری پلاتفۆرمەوە

06/11/2020


ئەم كاتەتان باش سوپاس بۆ بەشداریتان بۆ ئەو بابەتانەی پێشكەشتان كردن بۆ ئەو دیالۆگە جوانەی لەنێوان ئەندامانی كۆنفرانسدا كرا، داوای لێبوردن لەو هاوبیر و رۆشنبیر و نوسەرانە دەكەین كە لە بازنەكانن، لە شارەكانن، ئومێدیان هەبوو بێن بەشدار بن لێرە، بەداخەوە بەهۆی كۆرۆناوە نەمانتوانی بانگهێشتیان بكەین و بەشداربن، ئەگەرنا ئەمساڵ لە هەموو ساڵێك قەرەباڵغتر دەبوو، بازنەكانی دابڕان لە 10 هەزار تێپەڕیوە، گەشەكردنێكی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، تەواوی بابەتەكانی كۆنفرانس بەڕێگەی ئۆنلاین بڵاودەكرێنەوە و بە چاپكراویش بڵاودەكرێنەوە، سەرەڕای ئەو هەموو ناكۆكی و فشارەی لەسەر دابڕان هەبوو خۆشحاڵم بە دوو شت، یەكەم ئەو فشارەی لەسەر دابڕانە دابڕانی رانەكێشا بۆ ئەوەی بە كاردانەوە بڕیار بدات، هەر بە ئارامی كاری خۆمان كرد و بەردەوامین.. بڕیاری كاردانەوە بەشێكی هەڵە دەردەچێت ئێمە خۆمان لەوە بوارد، دووەمیش خۆشحاڵم وردە وردە بە تەنگەوە هاتنی دابڕان بە وشیارییەوە زیاد دەكات لە كوردستان و توانیومانە بە راستی هەنگاوەكانمان وا بنێین متمانە دروست بكات.

سەبارەت بە خاڵێكی تر قسە دەكەم، پێشتر وتم ئێمە دابڕانمان بۆ ئەوە نییە نە بیكەین بە حزب نە حزبی لێ دروست بكەین، هیچ خەیاڵیشم لای شتی وا نییە، ئەوانەی ئەو پڕو پاگەندانەیان بۆ ئێمە بڵاودەكردەوە هیوادارم ئێستا خاترجەم بن كە ئێمە شتی وامان لە خەیاڵدا نییە و لەبەرنامەشماندا نییە، ئێمە بەردەوامین لەسەر رۆشنگەری و خەڵكیش چاوەڕوانی ئەوەمان لێناكات خەریكی كۆبوونەوە بین، ئەركی ئێمە لەوە زیاتر نییە پەیوەندیمان لەگەڵ بازنەكان هەیە تا رۆشنبیرتر ببن، ئەم كۆنفرانسەش لە هەلومەرجێكی زۆر دژواردایە، جگە لە كۆرۆنا كە هەموو مرۆڤایەتی خستووەتە ژێر فشارێكی ترسناكەوە، من وتارێكم نوسی دەربارەی پۆست كۆرۆنا كە دنیا بەرەو كوێ دەڕوات، زۆریش خوێنەری هەبوو، دنیا لە وەرچەرخاندایە، ژانی گرتووە و لە هەژاندایە، نەك هەر سەبارەت بە كۆرۆنا بەڵكو سەبارەت بەوەی ئەو رەوتەی ژیان و مۆنۆپۆڵی ئابووری و بە چاوچنۆكی كۆمپانیا گەورەكان و پیسكردنی ژینگە، بەوشێوەیەی دنیایان رووتاندووەتەوە، ئەمە مرۆڤایەتی ناتوانێت بەرگەی بگرێت بۆیە جۆرێك لە بیركردنەوە سەبارەت بە رێكخستنەوەی ژیان هەیە، لەلایەن بیرمەند و فەیلەسوف و ئابوریناسەكانەوە دەركەوت ئەو هەموو مەزن خوازیەی لە جیهان هەبوو، سەرۆكەكانی دنیا هەبوو هەموو ئەم خەیاڵە یان پڕكردنەوەی خەیاڵدانیان دەركەوت لەئاستی یەك ڤایرۆسدا چۆكیان دادا، هەرچی تواناشیان هەیە خستیانەكار، بەڵام هێشتا هەر دەوڵەتە و بەشێوەیەك قسە دەكات، ئەمە راچڵەكینە بۆ ویژدانیان سەبارەت بە جیاوازیەكان و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، باكووری زەوی هەمووی دەوڵەمەند، باشووری لەسەدا پەنجای لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژی لەزۆربەی وڵاتان، ئەمە مرۆڤایەتی خستووەتە مەترسییەوە ئیتر ئەمە بەرگەی ناگیرێت.

 خەریكە جارێكی تر بەهۆی كۆرۆناوە دیسانەوە پاشەكەوتی دزراوی ئێمە لە بانكەكانی دنیا نامێنێ و تووشی قەیران دەبنەوە، دەبێت ئەو سیستەمانە بیر لەوە بكەنەوە كە چەوساندنەوەی چینایەتی دەستەبەری مانەوەی ستەمكاری نییە، ئەبێ سەر لەنوێ ئەمە بیری لێ بكرێتەوە دەبێت سیاسەتی رێكخراو و وڵاتەكان بگۆڕێت ئەوەندەی ژینگە مەترسی لەسەر مرۆڤایەتی هەیە ئەوەش ئابوورییەكە دەبینن چی لێهاتووە، بۆیە دنیا لە ژاندایە، ئەم گۆرانكارییانە مەترسیەكانی دیكتاتۆری وداگیركارییەكانیش كەمدەكاتەوە، ئەوەی تائێستا بۆیان چووبووە سەر بۆیان ناچێتە سەر، ژینگە ئەوەندە مەترسی لەسەر مرۆڤایەتی هەیە كە ئیتر مرۆڤایەتی دەتۆقێت، میللەتانی ژێر دەستە چانسێكیان هەیە لەم گۆڕانكارییانەی دنیا، ئەم گۆڕانكاریانە مەترسییەكانی داگیركاریش كەمدەكاتەوە، لەمەودوا بۆیان ناچێتە سەر كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببەن بەڕێوە، دەزانم مەترسییەكیش هەیە كە رێككەوتنی دیكە بكرێت و مەترسی بۆ سەر ئێمە هەبێت، ئەمجارەش رێككەوتن ببێت تێدەگەین یان تێناگەین سەركردایەتی كورد، زلهێزەكان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی رێككەوتنێك بكەن لە سودی ئێمە نابێت  ئەمجارەش رێككەوتن ببێت مەترسییەكی گەورە هەیە،  دەوڵەتانی ئیقلیمی رێككەوتنێك بكەن كە سودی ئێمەی تیا نابێت ئەمە بەرێوەیە بۆ ئێمە، ئەم زەنگەم لە 24 ی 8 ی ئەمساڵ لێدا، ئێستاش ئەیڵێمەوە ساڵی ئایندە رەنگە رووداوی چاوەڕوان نەكراو رووبدات، ئەگەر نەزانین خۆمان لەگەڵ ئەم دۆخە بگونجێنین زیانی گەورە دەكەین وەكو كورد، ئەوە هەڵبژاردنی ئەمریكاش ئەوپەڕی دووهەفتەی دیكە ئەنجامی دەردەكەوێت ئەمریكا قسە لە ساختەكاری دەكەن ئەی ئێمە چی بكەین، پێموایە هەموو فێلكردنێك لە دیموكراسی تاوانە، كورد قسەیەكی جوانی هەیە (ئەسپێك بە پارەی بەفر بیكڕیت ئاو دەیبات)، هەر سەركەوتنێك ویژدانی میللەتی لەگەڵ نەبێت سەركەوتن نییە، ئەمریكا هەڵبژاردنەكەی تەواو دەبێت كە تەواو بوو دوو ئەگەر هەیە، یان ترامپە یان بایدن، بەپێی تەتەڵەی دەنگەكان بایدنە، مێژووی هەڵبژاردن پێمان دەڵێت ئەوەی لەپێشەوەیە ناچێتەوە دواوە، هەركامیان دەربچن، وڵاتانی عەرەبی هەڵەیەكی ستراتیژی گەورەیان كردووە، ئاراستەی ستراتیژی خۆیان گۆڕی بۆ ئیسرائیل و ئێرانیان كرد بە دوژمنی سەرەكی، ئەمە بەراستی لۆجیك قبوڵی ناكات بەجۆرێكی دیكە دەكرا كات بدەنە ئەوەی لەگەڵ ئەو دەوڵەتەش كێشە چارەسەر بكەن، ئێستا ئێران میحوەری سوڵحە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێستا ئێران میحوەری سوڵحە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو، بەبێ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كەنداو نابێت، ئێمە وەكو كورد لەبەرچاوی بگرین، ئەمریكا چۆن دەتوانێت بڵێت هیچ حسابێك بۆ ئێران ناكەم، هیچ كەسێك بیر لەوە ناكاتەوە جەنگ لەنێوان ئەمریكا و ئێران یان وڵاتانی كەنداو و ئێران رووبدات، تا ئێستا هیچ كەسێك ئەم قسانەی نەكردووە ئەگەر كەسێك هەیە با بیڵێت، ئەمریكا چی دەكات فەرموو ئەوە گەمارۆی داوە، بەڵام هیچ كەسێكی دیكە بیر لەوە ناكاتەوە ئەو جەنگەی سەدام دووبارە بكاتەوە، ئەمە چارەسەری دەوێت چارەسەرەكەش بە گفتوگۆ دەبێت پێشم وا نییە تا سەر ئێران بتوانێت گفتوگۆ رەتبكاتەوە.

 ئەم قسانەم بۆ ئەوەیە بڵێم لەبەردەم رووداوی چارەنوسسازداین هەر چوار بەشەكەی كوردستان لەبەردەم رووداوی چارەنوسسازداین، بەڵام ئایا ئامادەین بۆ ئەم رووداوە ئەگەر رووبدات؟ بریاری پێشوەختمان هەیە كە بریارەكان بەسەرماندا نەسەپێندرێت؟، بەڵكو تازە بەتازە باس لە شەڕی ناوخۆ دەكرێت لە كوردستان ، من ئێستا هیچ رایەكی خۆم لەوبارەیەوە ناڵێم بەڵام هیچ جۆرە شەڕێك براوە و دۆڕاوی تێدا نییە، لە ئەنجامدا هەر دەبێت گفتوگۆ بكرێت چی لێدەكەوێتەوە! ئەو قوربانیانەی لێدەكەوێتەوە كە پێشتر هەبووە یاخود دەستێكی ئیقلیمی دێتە ناوەوە، لەمە زیاتر لەسەری ناڕۆم لەكاتی خۆیدا قسەی لەسەر دەكەم.

 سوپاسی هەموولاتان دەكەم ئێمە لە هەموو حاڵەتێكدا پلاتفۆڕمی دابڕانین و بەردەوام دەبین، دابڕان ئاراستەكەی دژی هیچ لایەن و ئاین و مەزهەبێك نییە، دابڕان ئامانجەكەی تەنها گۆڕانكارییە لە زیهنی خەڵك، زەمینەی دیموكراسی لە وڵاتانی ئێمە نییە كە زەمینەی دیموكراسی نەبێت هەر چركەیەك دەسەڵات بە ئاسانی دەتوانێت دیموكراسی پێشێل بكات، بەڵام كە دیموكراسی بوو هێزێكی لەبن نەهاتووی خەڵك هیچ سەرۆكێك و دەسەڵاتێك ناتوانێت پێشێلی بكات، لە ئەوروپا  هیچ سەرۆكێك ناتوانێت خۆی بسەپێنێت، لەئەمریكاش ئێستا ترامپ هەموو هەوڵێك دەدات، بەڵام كە ئەنجام دەرچوو بایدن بردیەوە دەبێت ترەمپ ئاڵای سپی هەڵبكات.
 خەمی ئێمە ئەوەیە كۆمەڵی ئێمە ئاستی وشیاری و  رۆشنبیری بگاتە ئاستێك هیچ دەسەڵاتێك نەتوانێت دیموكراسی پیشێل بكات، بەخێر بێن زۆر خۆشحاڵ بووم ئەو میوانانە كۆنفرانسەكەیان دەوڵەمەند كرد وە هیوادارم ئەم رایەڵەی پێكەوە كاركردنە پەرەبسێنێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure