لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بۆچی پرۆژەی تابلۆی مێینە لە سلێمانی لابرا؟

27/10/2020


ئەو كارە هونەرییەی تێیدا جلوبەرگی ژمارەیەكی زۆر ژن كە تووندوتیژییان بەرامبەر كراوە، بەیەكەوە دوورابوون و بە شەقامی سالمی سلێمانی هەڵواسرابوون، لادرا، سەرپەرشتیاری پرۆژەكە دەڵێت " درێژی ئەو پارچە قوماشانە 4800 مەتر بوو كە بڕیار بوو كارەكە بۆ ماوەی دوو رۆژ بێت".

تارا عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیار و خاوەن بیرۆكەی تابلۆی (مێینە) كە درێژترین تابلۆی هونەری بوو لە شاری سلێمانی نمایشكرا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی شەوی رابردوو تابلۆ هونەرییەكە لە چەند شوێنێكەوە سووتێنرابوو و، بۆ ئەوەی پشێوی دروست نەبێت، بڕیارمان دا كارە هونەرییەكە كۆبكەینەوە و هەڵیگرین.
وتیشی :" شەوی رابردوو لە چەند شوێنێكەوە كارەكە سوتێندراوە، بۆ پاراستنی ئاسایشی شار و پاراستنی شۆفێران بڕیارۆاینداوە كارەكە لابەرن". 

ئەو هونەرمەندە وتیشی: " كارەكەیان ئامانجی خۆی پێكاوە، لەبەر ئەوەی كاردانەوەی لێدروست بوو ، بڕیاریشە ئەو پارچانەی لە كارەكەدا بەكارهاتوون بۆ كارێكی دیكەی هونەری بەكار دەهێندرێنەوە كە بە هەمانشێوە شۆك هێنەر دەبێت، كارەكەمان شوێنی خۆی گرت و پرسیاری خۆی كرد وە خەڵكیشی خستە ژێر پرسیارەوە".

تارا رەتیكردەوە لەسەر داخوازی هیچ كەسێك كارەكەیان لانەبردووە و هیچ هەڕەشەیەكیشیان لێنەكراوە، لەبارەی رێكاری یاساییشەوە لەبەرامبەر ئەو خەڵكانەی كارەكەیان سوتاندووە رایگەیاند كە دواتر كار دەكەن لەسەر ئەو ڤیدیۆیانەی بەدەستیان گەیشتووە". 

سەرپەرشتیاری پرۆژەی مێینە دەشڵێت :"ئێمە كاری دووەممان دەبێت كاری دووەمیش بەهەمانشێوە دەبێتە شۆكێك بۆ خەڵك، ئەم پرسە وایكرد خەڵك پرسیار بكات و قسەی لەسەر بكرێت و هزری خەڵكی جوڵاند، ئەوەی خەڵك كردی تەئكید كردنەوە بوو لەسەر كارەكەی من كە بەڵێ بە واقیع ئەمە توندوتیژییە".

تارا وتیشی :"سلێمانی ئەو شارەیە كە هەمووكات جێگەی شۆڕش و رای ئازاد بووە و هەموو شۆڕشەكان لێرەوە دەستیان پێكردووە بۆیە هەرگیز سوكایەتی نەبووە بە سلێمانی یان هیچ شارێك".

پرۆژەكە دوێنێ لە ناوبازاڕی سلێمانیەوە تا دووریانەكەی سەرچنار لە سلێمانی دانرا، بەڵام دوای ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كاردانەوەی لێكەوتەوە و شەوی رابردووش بەشێكی سوتێندرا، لابرا.

ئەو پرۆژە هونەرییە وەك هەموو پرۆژەكانی دیكە لەهەرێمی كوردستان خەڵكی كرد بە دوو بەشەوە، بەشێك هەرزوو هێرشیان كردە سەری و بە شتێكی نەشیاویان ناوبرد، بەڵام بەشێك لە هاوڵاتیان و رۆشنبیران پشتیوانی خۆیان بۆ پرۆژەكە راگەیاند و بە پرۆژەیەكی مانادار و كاریگەر ناویان برد.
 

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure