لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

​ مادام بە فەڕەنسا رازی نیت..!

27/10/2020


شاخەوان برایم عەبدوڵڵا

 فەڕەنسا، هەرگیز سێكۆلاریزمبوونی خۆی نەشاردووەتەوە و بە بەردەوامیش راشكاوانە بە گوێرەی خواستی كۆمەڵگە و لە پێناو پێكەوەژیان و ژیانكردن بە گشتی سیستەمەكە ئەبدێت دەكاتەوە، بە چەشنێك هەموو تاكێكی وڵاتەكە هەست بە سەقامگیری بكەن و كەشوهەوای كۆمەڵگە بە ئازادانە و لە چوارچێوەی یاسادا بەڕێوە بچێت، كاتێكیش گرووپە توندڕۆ ئیسلامییەكان، بە پرۆژەی سیاسی، بە سوودوەرگرتن لەو فەزا ئازادەی وڵاتەكە، دەبنە مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی فەڕەنسی و تەنانەت هەندێ لەو موسڵمانانەیشی وەك كۆچبەر روویان لەوێ كردووە. دەوڵەت ناچارە لە پێناو پاراستنی هەمووان رێكارەكانی رووبەڕووبوونەوەی فیكری توندڕۆیی بگۆڕێت یان توندتریان بكات، ئاخر تۆ بۆت نییە بە ناوی ئایینەوە ئازاری دەروونی كەس بدەیت، چ جای كوشتوبڕ كە ئەمە هێڵی سوورە. 

ئینجا بەشی زۆری ئەو كردە توندڕۆییانە چ كوشتن یان تۆقاندن راستەوخۆ لە دژی خەڵكانی بێتاوان ئەنجام دەدرێن و سوودیان بۆ موسڵمانان نەبووە و تەنیا وێنای تیرۆریست و توندڕۆی خۆیان نیشانی كۆمەڵگەكە دەدەن، وەك ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا مامۆستایەك لەلایەن توندڕۆ ئیسلامییەكان سەردەبڕدرێت و دەمودەست كاردانەوەی شەقامی فەڕەنسایی لێكەوتەوە، دواجار ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستیكرد بە گرتنەبەری چەندین رێكاری نوێ لە دژی گرووپە توندڕۆكانی وڵاتەكەی.

بابەتی سێكۆلاریزمبوون و ژینگەی ئازادیی فەڕەنسا، لە خۆیەوە نەهاتووە، ئەوان بە پرۆسە و بە ماندووبوون و دەیان پرۆژەی فیكری و یاسایی و ئابووری و قۆناغبەندی كۆمەڵایەتی هەتا ئەو ئاستەیان هێناوە، تا رادەی ئەوەی ئێستا مرۆڤدۆستی بووەتە كولتووری ئینسانی فەڕەنسایی، ئەمڕۆش ناتوانن لەبەر چاوی كاڵی تۆ و چەند گرووپێكی توندڕۆی ئیسلامی، پاشەكشە لەو بەها ئازادی و مرۆییەی خۆیان بكەن، هەر كە گرووپە توندڕۆ ئیسلامییەكانیش دەبنە بەربەست و گرفت بۆ ژیانی ئاسایی هاووڵاتییان و سێرە لە كەشوهەوای سەقامگیری وڵاتەكە دەگرن و سێكۆلاریزم كە ژیانی ئەوانە، دەپێكن، ئەوان دەستەوئەژنۆ ناوەستن و هەڵوێستییان دەبێت، چونكە بە خۆڕایی ئەو ژینگە سێكۆلاریزمییەیان دروست نەكردووە، قوربانییان بۆی داوە و بووەتە شووناسی هەر تاكێكی فەڕەنسایی، تۆ كەیفی خۆتە بە دڵتە یان نا، ئەوان ئەوها دەژین، گرنگە زیانیان بۆ تۆ نییە و سەرقاڵی ژیانكردنی خۆیانن، بە پێچەوانەی تۆەوە بەردەوام بەرەو پێش دەچن، ئەوە تۆی هێشتا بۆنی تۆز و خۆڵی بیابانت لێ دێت، ئەوە تۆی هانات بۆیان بردووە نەك ئەوان هاتبن لە وڵاتەكەی تۆدا داوای مافی پەنابەریان كردبێت، دەی ئەو لۆژیكە وەك خۆی قبووڵ بكە، بێ ئەوەی دووچاری هەڵچوون بیت، بیر بكەوە تۆ بۆ كوشتار چوویتەتە فەڕەنسا یان بۆ ژیان، ئەگەر بۆ ژیانكردن رووت لەوێ كردووە، دەتوانیت بژیت، خۆ ئەگەر بۆ كاری توندڕۆیی و كوشتوبڕ رووت چوویتەتە ئەوێ، جێگەت نابێتەوە، ئەوان ئەوها دەژین.

بەشێوەیەكی تر، فەڕەنسا نەهاتووە لە وڵاتانی ئیسلامیدا رێكارەكانی خۆی جێبەجێ بكات یان دەرگەی مزگەوت و قوتابخانە ئایینییەكان لەسەر موسڵمانان دابخات، ئێ ئەوەی لە وڵاتانی عەرەبی ئیسلامیدا دەگوزەرێت، سەدا یەكی پەیوەندی بە فەڕەنساوە نییە، بەڵكوو كۆمەڵگەی موسڵمانان خۆیان هۆكارن بەوەی بەربوونەتە گیانی یەكدی و هەر رۆژەی لەسەر شەقامێكدا بەهۆی تەقینەوە و كردەی تیرۆری سەدان كەسیان دەكوژرێن، سەرەڕای ئەوە هێشتا ناشیانەوێت دان بەو راستییە تاڵەدا بنێن، هەر ئەوەشە هۆكارەكەی ئیمانوێل ماكرۆن دەڵێ ئیسلام لە قەیراندایە! ئێ ئەگەر راست نییە، ئەو هەموو كوشتار و هێرش و شەڕ و شۆڕە، لە كۆمەڵگە ئیسلامییەكان بۆچی و لە پێناو چی و هەتا كەی بەردەوام دەبێت؟

كەوایە ترسی ئەوان (فەڕەنسا) لەوەیە، ئەگەر ئەمڕۆ مامۆستایەكیان سەردەبڕدرێت، ئەگەر بێدەنگ بن و سەیری رووداوەكان بكەن و چاوەڕێی قەدەری تر بن، رەنگە بەیانی و دووبەیانی دەیان و سەدانی تریان لێ بكوژن و باڵەخانەكانیان بتەقێننەوە و ئیسلامی توندڕۆ دەستبگرن بەسەر جومگەكانی وڵاتەكەیاندا، ئەوان باش درك بەو گەمانە دەكەن و دەزانن دەستێك هەیە بە بەرنامە كۆمەڵگەكەیان دەپێكێت، ئێ ئەوە قبووڵ ناكەن و دەریشت ناكەن، بەڵكوو دەڵێن وەك ئێمەی فەڕەنسی بژین، ئەگەر وەك ئێمەش ناژین، فەڕەنسییەكان مەكوژن و لەسەر خاكی ئێمەدا كەس تیرۆر مەكەن و سەقامگیری و كەشوهەوای ئازادیی كۆمەڵگەكە مەشێوێنن.

شتێكی تر، تۆی موسڵمان بە پێی خۆت چوویتەتە فەڕەنسا، لە ئیجەت داوە و پاسەپۆرتت تەزویر كردووە بۆ گەیشتن بەو وڵاتە، ئەگەر بە ژیان و كولتوور و جۆری هەڵسوكەوت و تەنانەت جلوبەرگ و سیستەمی خوێندن و بانك و ژیانیانیان بە گشتی رازی نیت و هەست دەكەی لەگەڵ بەهاكانی ئیسلامدا یەك ناگرنەوە، خۆ بەزۆر نییە و فەرموو بگەڕێوە بۆ سعوودیە، یەمەن، سووریا و عێراق، تەنانەت پارەی فڕۆكەشت بۆ دەدەن و ئەگەر خۆت داوای گەڕانەوەش بۆ وڵاتەكەت بكەیت، جگە لە پارەی فڕۆكە هەندێ پارەی دیكەشت بۆ دووبارە خۆدروستكردنەوە دەدەنێ، كەوایە مادام لەوێ دەمێنیتەوە، پێویست ناكات زەوق و ئایین و حەز و شێوازی ژیانت بەسەر ئەواندا بسەپێنیت، كاتێكیش دەزانیت بە گوێت ناكەن، پێویست ناكات بیانكوژیت و هەڕەشەیان لێ بكەیت، باشترین بژاردەی بەردەمت دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ كۆمەڵگە ئیسلامییەكەت. 
26ی ئۆكتۆبەری2020


نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure