لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئایین لە ژیانی مندا

پێش 2 هەفتە



مەهاباد قەرەداغی
ئەم وتارە ٧ی تەمووزی ٢٠٢٠ نوسراوە

مایەپووچەكانی نێو سیاسەت؛ جاروبار قسە بە دەمی منەوە لە دژایەتی ئایین و مەلا و مزگەوت هەڵدەبەستن و دەیدەن بە دەمی باوە (تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان). من نووسەرێكی رژدم و هیچ كاتێك سوكایەتی و جنێوم لە نووسیندا بەكار نەهێناوە و ناهێنم، تەنانەت ئەوانەی جنێویشیان پێ دابێتم، بەو پەڕی ڕێزەوە وەڵامم داونەتەوە.

بە پێویستی دەزانم ئەم بیرەوەرییەم بگێڕمەوە و زیاتر ڕوون ببێتەوە كە سوكایەتیكردن بە ئایین و ئایینپەروەران دوورە لە ئاكاری منەوە، چونكە گەر وابكەم سوكایەتی بە سەرچاوەی خۆم دەكەم، سەرچاوەیەك كە لێیانەوە فێری بەها خوداییەكان بووم ، ئەو سەرچاوانەش ئەمانەن:

یەكەم/ باپیرم، باوكی باوكم: مەلا مەحەمەد قەرەداغی كە نازناوی شیعری مەلاشوكری بوو، لەو مەلایانە بوو كە پێیان دەگوترا دوانزە عیلم، چەندین دەستنووسی لێ بەجێماوە بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی، توركی و فارسی. ئەو كتێبانەی باسی مێژووی شاری كفری دەكەن، لە ڕۆڵی ئەم پیاوە دواون. چەند مامۆستایەكی سەردەمی ئامادەییم پێیان دەگوتم ئێمە لە حوجرەكەی باپیرت خوێندمانە، لەوانە مامۆستای خوالێخۆشبوو عەلی حەمەخان. من منداڵ بووم ئەم باپیرەم كۆچی دوایی كردووە، بەڵام دەستنووسەكانی كاریگەرییان لەسەرم هەبوو، بە تایبەت چونكە بە دەستوخەتێكی ئەوەندە جوان نووسرابوون هەست و هۆشی منی ڕادەكێشا! بەهرەی شیعری وخەت خۆشی و ڕژدی، ئەگەر پەیوەندی بە بۆماوەوە هەبێت، لەم باپیرەیەمەوە بۆم ماوەتەوە.

دووەم/ باپیرەكەی ترم، باوكی دایكم: لەبەر ئەوەی هەموو كەس بە مام سۆفی ناوی دەبرد، تا بووم بە دە ساڵیش نەمدەزانی ناوی حەمۆمینە و هەر وام دەزانی سۆفی ناوی خۆیەتی. خۆشەویستی من بۆ ئەم باپیرەم بێسنوور بوو، كاریگەری ئەو لەسەرم زۆر بوو چونكە لەگەڵمان دەژیا و تا قۆناغی ناوەندیم لە ژیاندا مابوو. یەكەمین شیعر لە ژیانمدا بەبۆنەی كۆچی دوایی ئەو نووسیم كە هێشتا لە پۆلی دووەمی ناوەندی بووم. ئەم باپیرەم كلیلی مزگەوتەكەی حاجی عەلی لا بوو، شەو و رۆژی خۆی بە پەرستنی خوا و خزمەتی ئەو مزگەوتە بەسەر دەبرد، بانگی دەدا ئەگەرچی مزگەوتەكە بڵندگۆیشی نەبوو. دەچووە سەربانی مزگەوتەكە و دەستی دەنا بە پەناگوێیدا و بانگی دەدا. مزگەوتەكە نزیك بوو لە ماڵمانەوە، كاتی بانگ دەچوومە سەربانی ماڵی خۆمان و تەماشای باپیرم دەكرد و گوێم لە بانگەكەی دەگرت! ئەو بە بێ بڵندگۆ ئەوەندە باوەڕدارانە بانگی دەدا وای دەزانی هەموو دنیا گوێی لێیەتی، ئەگەرچی بە داخەوە خۆی گوێی گران بوو بەهۆی نەخۆشی ئاوڵەوە كە بە منداڵی تووشی بوو بوو.

مرۆڤ لە سۆفییەوە فێری خۆشەویستی بێسنووری خوا دەبێت، خۆشەویستییەكی بێ مەرج و ڕەها! خۆشەویستییەكی لەو جۆرە ڕۆح و دڵ و جەستەی مرۆڤ پڕ دەكات لە میهرەبانی و سۆز و ئاشتیخوازی. ئەو باپیرەم هەزار جنێوت پێی دابا دەیگووت: خوا عەفووت كات! هەندێ جار هەندێ كەس كە دەیانزانی مام سۆفی بەهیچ تووڕە نابێت، مەرجیان لەسەر ئەوە دەكرد كە دەتوانن تووڕەی كەن، جنێویان پێ دەدا، "من ئەو دیمەنەم دیووە"، بەڵام ئەو بە خەندەیەكی گەشەوە دەیگووت: خوا عەفووت كات! لە شاری كفری ئەو سەردەمە، كەسێ نەبوو ئەم پیاوەی خۆش نەوێت!

من خۆشەویستی تا پلەی عەشقی باڵام بۆ خوا، لەم سۆفییەوە فێر بووم! شیعری سۆفیگەری بەشێكی سەرەكی شیعرەكانم پێك دەهێنن. بەهۆی باپیرە سۆفییەكەمەوە، عەوداڵی ناسینی سۆفیگەرێتی و ئەدەبی سۆفییانە بووم و شاعیرانی سۆفیم ناسی، هەلاج، ئیبن عەرەبی، سەهراوەردی، مەولانای ڕومی و شەمسی تەورێزی و هتد.

شەوانی زستان، ژنان و منداڵانی گەڕەك دەهاتن لە دەوری مام سۆفی كۆدەبوونەوە و داوایان لێ دەكرد حیكایەتیان بۆ بگێڕێتەوە. باپیرەم، سەرچاوەیەكی دەوڵەمەندی حیكایەت بوو. حیكایەتی وای هەبوو بە سێ شەو ئینجا تەواو دەبوو، بۆیە شەوانی زستانی ساڵانی حەفتاكان هەموو شەوێ لە ماڵی ئێمە كۆمەڵێ كەس و خۆشمان بە تاسەوە لە دەوری دادەنیشتین و گوێمان لە حیكایەتە سەرنجڕاكێشەكانی دەگرت!
ئێستا كە چیرۆك یان ڕۆمان دەنووسم، هەست دەكەم هەناسەی ئەو باپیرەیەم لەگەڵمایە. خەیاڵی من پڕە لە سەدان حیكایەتی دورودرێژی سەرنجڕاكێش، كە حیكایەتخوانەكەی پیاوێكی سۆفی خوێنشیرین و میهرەبان بوو.

٣/ سۆفییەكی تر لە ژیانی مندا كاریگەری هەبووە و زۆر خۆشەویستە، ئەویش ماممە، عەبدوڵڵا قەرەداغی، كە دەكاتە كوڕی ئەو مەلایەی باسم كرد. یەكێكە لە لێكۆڵەرەوە دەگمەنەكانی بواری سۆفیگەرییە و سوپاس بۆ خوا هێشتا لە ژیاندایە و بەردەوامە لە مەلەوانی لە نێو ئۆقیانووسی بێبنی سۆفیزم. لەگەڵ ئەم مامەیەمدا وەك دوو هاورێ واین، هاندەرێكی سەرەكیم بوو لە دنیای نووسیندا و یەكەمین شیعرم كە لە سەرەتای ساڵی هەشتا بڵاوكرایەوە، ئەو هاوكارم بوو لە گەیاندنی بۆ دەزگا رۆشنبیرییەكانی ئەودەمی بەغدا، لە ڕۆژنامەی هاوكاری بڵاوكرایەوە.

٤/ دایكم، كچی مام سۆفی، پەپولەی سەر بەرماڵ بوو. دكتۆر حوسێن سمایل خانی دەلۆ كە دەیبینی پێی دەگوت: تۆ بێ سێ و دوو ئەچێتە بەهەشتەوە! ئەویش كۆڵی حۆشحاڵ دەبوو بەمە.

ئایین؛ لە ژیانی مندا ئەم مرۆڤانە نوێنەرایەتییان كردووە و تابلۆكەی ئەمان ڕەنگڕێژیان كردووە. سیاسەت مەخابن ئایین بۆ بەرژەوەندی بەكار دەهێنێت، بەڵام مرۆڤە بێ خەوش و پاكەكان ئایین وەك ئامرازێك بۆ گوزارەكردن لە خۆشەویستی خوا پەیڕەوی دەكەن. دژی ئەوانەم ئایین بۆ بەرژەوەندی كەسیی و سیاسی بەكار دەهێنن، دۆستی ئەوانەم باوەڕی ئایینییان بۆ بەهێزكردنی نێوانی خۆیان و خوا بەكار دەهێنن.

من وەكو لێكۆڵەرێك لە هەموو بابەتەكان دەكۆڵمەوە و لە هەموو ئایینەكان و سیاسەتەكان و بابەتە كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكان، بە میتود و پێوەری زانستە مرۆییەكان و بە كتێب بڵاویان دەكەمەوە. جگە لە نووسین لەوەتی خۆمم ناسیوە و لە دوانزەساڵیمەوە لە مەیدانی تێكۆشانم بۆ ئازادی، دادپەروەری و لە بواری سیاسەتیشدا تەنیا بۆ سەربەخۆیی كوردستان كار دەكەم و تێدەكۆشم.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure