لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ڕۆڵی وڵاتانی دەوروبەر لە ململانێی مەزهەبییەكانی عیراقدا

پێش 2 هەفتە


رزگار حاجی حەمید

لە ناوچەكەدا چەند سەدەیەك هەردوو ئیمپراتۆرییەتی (عوسمانی و سەفەوی) ململانێیەكی خوێناوی درێژەی هەبوو, مێژووی دەسەڵاتی سیاسی عوسمانییەكان لە مێژووی سەفەوییەكان(1501-1736) كۆنترە, سەرهەڵدانی فەرمانڕەواییەتی سەفەوی سەرەتا وەك بزووتنەوەیەكی ئاینی و دەسەڵاتی شیعەگەرایی ئیسلامی, بنەماڵەی سەفەوییەكان لە بنچینەدا دەگەڕێنەوە بۆ بنەماڵەیەكی توركمانی سۆفیگەری كە سەرۆكەكەیان (شێخ سەفییەدین ئیسحاقی ئەردەبلی)یە, لەبارەی مەزهەبەوە بزووتنەوەكە پشتی بە مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی دەبەست, دوای ماوەیەكی كەم لە دەركەوتنیان پەلاماری بەغدایاندا و  لە ساڵَی (1508) دا دەستیان بەسەردا گرت و دەسەڵاتی ئاق قۆینلو (1468-1508) یان ڕووخاند, هاوكات  لەگەڵ دەوڵەتێكی گەورە و بەرفراوانی وەك ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی (1299-1924) سوننەدا ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویدا, هەوڵدانی بەردەوامیان  بۆ فروانخوازی و زیادبوونی پانتایی ڕووبەری مەزهەبگەرایی, ململانێیەكانی عوسمانی-سەفەوی  قوڵتر دەبوونەوە و زیاتر لەسێ سەدەی خایاند, بە سەركردایەتی سوڵتان سەلیمی قانونی (1520-1566) توانی لە ساڵی (1534)دا شاری بەغدا بەبێ جەنگ داگیربكەن, چونكە لەشكری سەفەوییەكان بە بیستنی  گەیشتنی سوپای عوسمانی لە بەغدا كشانەوە, داكیركاری عوسمانییەكان جیا لەكیشوەری ئاسیا گەیشتە لیبیا و تونس و میسر و كیشوەرەكانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاشی گرتەوە, بەمەش ئیمپراتۆرییەتی پانوبەرینیان درووستكرد و بەردەوامبوون تا دامەزراندنی دەوڵەتی توركیا, شیعەكانی عیراق  وڵاتەكەیان بە پایتەختی ئاینزای  شیعە دەزانن, شیعە لە بنەڕەتدا ڕەگ و ڕیشەی  لە عیراقەوە سەریهەڵداوە, خەڵكی كوفە بوونە لایەنگری خەلیفە عەلی كوڕی ئەبوتاڵیب (656-660ز)  و دواتریش نەوەكانی, كە كوفەی كردبووە ناوەندی سەرەكی خیلافەتەكەی, زۆرینەی ئیمامەكانی  شیعەش لە شارەكانی عیراقدا نێژراون, بۆیە لە سەرتاسەری دنیاوە سەردانی گۆڕی پێشەوا و ئەهلی بەیت دەكەن لە نەجەف و كەربەلا, بەشێَكی بەرچاوی گەورە مەرجەعەكانی شیعە لە عێراق دەژین, هاوكات نەجەف گەورەترین حەوزەی  زانستی شیعەیە لە عیراقدا, هەر ئەمەش وایكردووە پەیوەستییەكی بەهێزی بە شیعەوە هەبێت, لە سەردەمی ئەمەوی و ململانێی لەگەڵ عەباسییەكاندا شیعەكان ڕووبەڕووی سزایی دارایی و بەندكردن و كوشتن بوونەوە, دوای سەرهەڵدانی دەوڵەتی سەفەوی لە ئێران, هەوڵدان بۆ دەستگرتن بەسەر ناوچەكانی عیراقیش لە بیری شا ئیسماعیل)دا بوو, لێرەشدا پاڵنەرە مەزهەبی و سیاسی ئابوورییەكان بوونە هۆكاری ئەوەی كە بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە بەرەو ئەم ئامانجە هەنگاوبنێن, پەل وپۆی هاویشت بۆناوچەكانی دەوروبەری عیراق و خستیە نێو بازنەی دەسەڵاتییەوە و شیعەگەرایی  بەسەریدا سەپاند, هاوكات دەست بەسەراگرتنی (كەربەلا و نەجەف)دا كە دوو شوێنی پیرۆزن لای شیعەكان ئەمەش بۆ بەدیهێنانی ئامانجە مەزهەبییەكانی, شیعەكانی عیراق وەك پارێزگارێك تەماشای ( شا ئیسماعیل)یان دەكرد, گەیشتنە ئەو بڕاوایەی دەوڵەتی سەفەوی پشتگیریان دەكات لەو دژایەتییەی كە لەگەڵ موسڵمانە سوننەكانی عیراق هەیانە, بەو ئومێدەش بوون ڕۆژێك دابێت ئێران حەكمڕانی عیراق بكات,  ئەنجامی ئەم فراوانخوازییەی سەفەوییەكان لە ناوچەكە مەترسی بۆ دەوڵەتی عوسمانییەكان درووستكرد, بەڵام ئەمە درێژەی  زۆر نەكێشا و عوسمانییەكان دەسەڵاتیان بەسەر بەغدادا كێشا بەمەش بەغدا لە بندەستی سوننە مایەوە لە سەردەمە جیاوازەكان تا ڕووخاندنی حزبی بەعس لە عیراقدا, ئیدی شیعەكانی عیراق  پێیان وابوو ئەمە كۆتایی هەژموونی سوننەیە ئیتر خۆیان دەتوانن ڕۆڵێكی زیاتر ببینن لە عیراقدا, ئەمیش لەبەر ئەم خاڵانە:

1-بەدرێژایی دەسەڵاتی  عوسمانییەكان  ئەمان لەدەسەڵاتدا بەشداریان پێنەكرا و هەمیشە خۆیان بە مەزوڵم  زانیووە.
2- لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە چ سەردەمی پاشایەتی و چ كۆماریش  ئەمان قوربانی دەسەڵاتی سوننەی كەمینە بوون.
3- لەو ماوەیەدا هەمیشە ئۆپۆزسیۆن بوون و چەندین حیزبیان درووستكرد بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی سوننە.
4- لە دوای داگیركاری كوەیت و لێدانی عیراق ئەمانیش ڕاپەڕین و كۆی پارێزگا شیعەنشینەكانیان  لە دەسەڵاتی بەعس  پاككردەوە, پاكتاوی ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی حیزبی بەعسیان كرد.
5- شیعەكان زۆرینەی دانیشتوانی عیراق پێكدێنن, بە هەڵبژاردنیش بێت زۆرینەی كورسییەكان بەدەستدێنن.
6-بواری ڕەخساند سەدان هەزار شیعە لە وڵاتانی ئێران و پاكستان و لوبنانەوە سەردانی كەربەلا و نەجەف بكەن.

ئیدی لە دوای  پرۆسەی ئازادی عیراقەوە دەسەڵات لای شیعەكانە جیا لە سەرۆك وەزیران زۆربەی وەزیر و جومگەكانی سەربازی و ئەمنی لای ئەوانە و لە پەرلەمانیش  گەورەترین قەوارەن و زۆربەی كورسییەكانیش هەر ئەوانن, هەرچەندە ئەمەیان شەرعییەتی هەڵبژادنە كە زۆرینەی دانیشتوان پێكدێنن, لایەنە سیاسییە شیعەكان چەندین میلیشیای چەكداریان درووستكرد, كە زۆرینەشیان لە ژێر هەژموونی ئێراندایە, ئەمەش لای سوننەكان هەرس نەدەكرا زۆرجار هەڕەشەی كشانەوەیان لە حكومەت دەدا, هەربۆیە لە كۆنگرەی دۆحەدا كە لە سەرەتای ساڵی(2007) دا لە شاری دۆحەی وڵاتی قەتەر سازكرا, بە بەشداری (216) زانا و بیرمەندی ئیسلامی كە لە(44) دەوڵەتەوە هاتبوون, كە سەرۆكی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمانان (یوسف قەرەزاوی) لە وتەكەیدا بە توندی هێرشی كردە سەر ئێران كە هەوڵی بڵاوكردنەوەی مەزهەبی شیعەگەری دەدا لە نێو ئەو وڵاتە موسڵمانانە كە سوننەن, داخۆ چ سوودێك لەوە دەبینن كە بچنە نێو وڵاتێكی سوننی وەك میسر و سودان و مەغریب و جەزائیر كە دانیشتوانەكەی بە تەواوی شافعی یا مالكین چ سوودێك لەوە دەبینن كە هەوڵ بدەن بیانكەنە شیعە, هەروەها سەبارەت بە عیراق زەرقاوی وتی:(خەڵكی سوننە لە ناوچەكانی خۆیان وەدەرنرێن و هەوڵ دەدەن بەغدا لەخەڵكی سوننە چۆڵبكەن, بۆیە نابێت بێدەنگ بین, تیمەكانی مەرگ و میلیشیاكان هەڵدەكوتنە سەر خەڵك و لە ماڵەكانی خۆیاندا دەیانكوژن و ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە ڕقێكی گەورە لە ئارادایە) ئەقسانەی زەرقاوی لایەنگیری بوو لە سوننەكان و ئاماژەیەكیش بوو دژ بە شیعەكان, بۆیە دەبێ شیعە بێبەریبوونی خۆیان لەمانە ڕابگەیەنن, ئێران لە نێو عیراقدا نفوزی هەیە و دەتوانێ‌ ئەم فیتنەیە بوەستێنێ و ئاوێك بەم ئاگرەدا بكات, كە خەریكە تەڕ و وشك بسووتێنێ‌, هەر لەساتەوەختی ڕزگاری عیراقەوە چەندین گروپی توندڕەوی جیهادی سوننی( سوپای ئیسلامی لەعیراق, كەتیبەكانی شۆڕشی بیست, سوپای ڕاشیدەین, قاعیدە..هتد) درووستبوون بۆ دژایەتی دەسەڵاتی نوێی عیراق, دەوڵەتە عەرەبییەكانیش هەرچی جیهادیی و ئیسلامی توندەڕەوە پۆستكران بۆ عیراق ئەویش لەبەرئەوەی:

1-ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستانە لە خۆیان دوور دەخەنەوە.
2-بۆ دژایەتیكردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعیراقدا, بۆ ئەوەی نەتوانن پرۆژەكانیان جێبەجێبكەن.
3-بۆ خوڵقاندنی ناسەقامگیری لە عیراقدا, بەتایبەتی دژایەتیكردنی شیعەكان و كەمكردنەوەی هەژموون و باڵادەستی ئێران. 

لەلایەن سوننەكانەوە چەندین ڕێكخراوی سەلەفی جیهادی درووستكران, هەرچەندە پێشتر لە هەرێمی كوردستان و لە سەرەتای ئەیلولی(2001)دا, دوو گروپی ئیسلامی چەكداری تیرۆریست (گروپی تەوحید و گروپی هێزی سۆران) یەكیان گرت و(جوند ئیسلام)یان درووستكرد بە سەرۆكایەتی(عەبدوڵڵای شافیعی), دواتر ئەمانیش لەگەڵ گروپی (اصلاح)یەكیان گرت و ڕێكخراوی(الانصار الاسلام)درووستكرد, دەستیان گرت بەسەر هەڵەبجە و بیارەدا ئامانجیان دەست بەسەراگرتنی كۆی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوو لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامی لە باشووری كوردستاندا, لەدوای پرۆسەی ڕزگاری عیراق ڕێكخراوی تەوحید و جیهاد كە بوونە باڵێك لە ڕێكخراوی  قاعیدەی تیرۆریستی جیهانی, بە سەرپەرشتی(موسعەب ئەلزەرقاوی) دەستیان كردە ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی بە دڕندەیی مرۆڤی مەدەنیان سەردەبڕی تەنانەت لەسەر ناویش بۆیە كەمتر دەپەرژانە سەر هێزە ئەمریكییەكان, ئیدی لێرەوە جەنگی خوێناوی و ڕەشەكوژی داعش دەستی پێكرد, بەتایبەت دوای داگیركردنی موسڵ و پارێزگا سوننە نشینەكانیتر لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە, بەمەش جیا لە دەسكەوتی سیاسی كۆمەڵێك دەسكەوتی ئابووری بە دەستهێنا لە بازرگانی و كڕینی نەوت بە پارەیەكی كەم لە داعش و ساغكردنەوەی بازاڕ بۆیان, لە پاڵ ئەمەشدا دژایەتیكردنی پرسی كورد لە سوریا و عیراقدا و زیندووكردنەوەی مەیلی مەزهەبگەرایی و خوڵقاندنی ململانێ‌ لە نێوان شیعە و سوننەدا, لە كاتێدا ئامانج سیاسییە نەوەك ئاینی, پاش ئەوەی هێزەكانی داعش لە بەغدا نزیكبوونەوە و مەترسی كەوتە سەر پایتەخت, سوپای عیراقیش هەڵوەشایەوە و هەرچی چەكی قورسیان هەبوو كەوتە دەست داعش و توانای بەرگریان نەما, فتواكەی ئایەتوڵڵا سیستانی و پەیڕەوكردنی لەلایەن گەنج و پیرەكانی شیعەوە ڕۆڵی گرنگیان بینی لە شكاندن و لاوازكردنی داعش, تەنانەت ئەو شوێنانەی كە گۆڕی ئیمامە شیعەكانی تێدایە نەیان هێشت بكەوێتە دەست تیرۆریستانی داعش بە نموونە شاری (سامەڕا), ئێرانیش شانبەشانی ئەوان ڕۆڵی گەورەی بینی لە شكاندن و ڕاودوونانی داعش لەو دۆخە مەترسیدارەدا, ناكرێ‌ ڕۆڵی هاوپەیمان و كورد نادیدە بگرین, وەلێ‌ باسەكە  قسەكردنە لەسەر  ناكۆكی مەزهەبیی و كاریگەری وڵاتان لەمەڕ ئەم پرسە, ئەگەرنا كوردیش یەكێكە لە ئامانجە سەرەكییەكانی ئەوان, دوای لاوازبوونی داعش و كەمبوونەوەی مەترسییەكانی, ئیدی عیراقییەكان بیریان بۆ خزمەتگوزاری و دامەزراندن و حكومەتێكی دادپەروەر و نەهێشتنی گەندەڵی كردەوە, كە ساڵانیكە بەدەم ئەو ئازارانەوە دەناڵێنن و لە ژیانێكی كوللە مەرگیدا دەژین, بۆ ئەم خواستانە گەلێ‌ جار هاتونەتە شەقام و ئەو داواكاریانەیان خستووەتە ڕوو, وەلێ‌ داواكاری و خواستەكانیان زۆر بەكەمی جێبەجێكراوە, دەبینین دوا جار خۆپیشاندان و دەنگی ناڕەزایی و جوڵەی شەقام جیا لە پایتەخت پارێزگا شیعەنشینەكانی گرتەوە, بەڵام ئەوەی جیاوازە بارەگای حیزبەكان و باڵوێزخانەكان سووتێنران و داوای دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆك وەزیران و هەڵوەشانەوەی حكومەت و پەرلەمان و هەڵبژاردنی پێشوەختیان دەكرد, كە خۆپیشاندانەكان ماوەیەكی زۆر و ڕووبەرێكی بەرفراوانی گرتەوە لەوانە شاری كەربەلا, ئەمەش مانای وایە:

1-ئارامگری شیعە لەسەر دەسەڵاتی دەستەبژێری شیعە كۆتایی هاتووە.
 2-دەركەوتنی درووشمی دژ بەئێران لەناو خۆپیشاندانەكاندا مانای وایە شەقامی عیراق هەژموونی ئێران ڕەتدەكاتەوە.
 3-شەقامی عیراق ئەو سیستەمە گەندەڵەی عیراق ڕەتدەكاتەوە كە لەسەر بنەمای تایفەگەری و بەشبەشێنە دامەزراوە.

جیا لە دەستەبەركردنی ئاو و كارەبا و هەلی كار و ..هتد هەر بۆیە هەموویان هاتنە سەر هێڵ و نەرمیان نواند بەرامبەر داواكارییەكانیان, تەنانەت ڕێبەرانی هەردوو هاوپەیمانی گەورەی پەرلەمان( موقتەدا سەدر و هادی عامری) ڕازیبوون(عادل عەبدولمەهدی) دەستبەرداری پۆستەكەی بێت و كەسێكی ناحیزبی جێی بگرێتەوە, هەژموونی ئێران لە لوبنان و سوریا و یەمەن و بەحرەین و عیراق دا هەیە و بەردەوام هەڕەشەن بۆ ئاسایشی ئیسرائیل و بەرژەوندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا جگە لە ناسەقامگیری ئەو دەوڵەتانە خۆیان, بە هێزبوونی هەردوو هەرێمی گەورە كە ئێرانی شیعە مەزهەب و لەگەڵ توركیای عوسمانی نوێ‌ كە ڕابەرایەتی بەشێك لە توندڕەوی سوننە مەزهەب دەكات, بۆ سەر لە نوێ‌  درووستكردنەوەی خەلافەتە, توركیا هەمیشە خەون بەویلایەتی موسڵەوە دەبینێ و بەبەشێك لەخۆی دەزانێ و لەو كاتەوە باس لە گەڕانەوەی دەكات, كە لە دوای ئاگربڕی(مۆدروس) ئینگلیزەكان چوونەتە نێو موسڵ و  ئەم كارەیان ئەنجامداوە, هەروەك سەرۆك كۆماری توركیا (سلێمان دیمیرێل) لە دیمانەیەكی تەلەفزوێنیدا لە ئایاری ( 1995) كە ڕۆژنامەنووسی تورك (محەمەد عەلی پیران)سازی كردبوو, كۆمەڵێك مەسەلەی هەستیاری وروژاند بەتایبەت  هەندێ شرۆڤەی لە سۆنگەی ڕەگەز پەرستییەوە بۆ سیڤەر و لۆزان وە كێشەی ویلایەتی موسڵ كرد, لە دوای سەدەیەك لە خوێن ڕشتن و چەوسانەوەی كورد و داگیركردن و زەبروزەنگ, كەچی ئەوان ئەم خەونە نەزۆكە بەردەوام دەبیننەوە خوازیارن بێتە فاكت, ئەوەتا هەرلەو دیمانەیەدا ( دیمیرێڵ ) دەڵێ‌ :( ویلایەتی موسڵ بەشێكە لەدەوڵەتی عوسمانی, توركیای ئێستایش میراتگری ئەو دەوڵەتەیە بۆیە مافی خۆیەتی داوای ئەم ویلایەتە بكات)دەكرێ‌ بڵێین ئەم نەتەوە شۆڤێنیانە هێندە ڕەگەز پەرەستن جگە لە خۆیان هیچ نەتەوەیەكی تر نابینن كە لە ئێستا ( 20 )ملیۆن كورد لە توركیادا دەژین, توركیا بەردەوام بیری فراوانخوازی و داگیركردن لەناخیا چەكەرە دەكات بەتایبەت لەودوایەدا بیست ساڵە هێزی هێناوەتە عیراق  و لە باشووری كوردستان جێگیری كردووە, ئەویش هۆكارەكانی دیارن.

1-پارێزگاری كردنە لە ئاسایشی نەتەوەیی توركیا و پاراستنی بەرژەوندییەكانی لە دەرەوە و ناوەوەدا.
 2-بۆدژایەتیكردنی پەكەكە و لێدانی گورزی سەربازی و چاودێریكردنی جموجوڵەكانیان.
 3-درووستكردنی ناكۆكی و ئەگەری پێكدادانی شەڕ لە نێوان كوردەكاندا ( پەكەكە و هەرێم)لە لایەك و حیزبەكانی باشووری كوردستان لە نێوان خۆیاندا, كە هەموو ئەمانە پێشینەیان هەیە و پێشتر ڕوویانداوە.
 4-هەڕەشەیە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان.
 5-بەرگریكردن لە توركمان و سوننەكان كە خۆی بەخەلیفە و سوڵتان و مەرجەعی كۆی سوننەكان دەزانێ‌ لە عیراقدا.
6- هەوڵدانە بۆ نزیكبوونەوە لە موسڵ و گەڕاندنەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆیان.

لە سوریایش بە هەمان شێوە دژایەتی ڕاگەیاندنی فیدراڵیەتی ڕۆژاوای كوردستانە و لەولاشەوە بەرگریكردن و ڕزگاركردنی شاری جەرابلوس و شارەدێ ی ڕاعی و ڕادەستكردنی بەچەكدارە توركمانەكان لە دامودەزگاكانیاندا وێنەی ئەتاتورك وئاڵای توركیایان داناوە, جگە لە دژایەتیكردنی پەیەدە هیچی تر نییە, لەگەڵ ئەوەشدا كێشەی سەروەری یونان و قوبرسیش قەیرانێكی تری لە مێژینەی دوور و درێژە و دەستێوەردانەكانی لە قەتەر و سودان و سوریا و عێراقیش لە لیبیا دژی حەفتەر, ئەمانە و بە ڕوونی دەردەكەوێت كە هەمیشە لە ناوچەكەدا كار بۆ زیندووكردنەوەی هەژموونی عوسمانی نوێ دەدەن, هەرچەندە ئەم خەونەیەی لە گۆڕ دەنرێ‌ و جگە لە خەیاڵێكی هەستریایی هیچیتر نییە, چونكە ئەم وڵاتە پەلكێشی زۆر جەنگ و گرفتی دەرەكی بووە, ناكۆكی و ئاڵۆزی لە نێوان توركیا و یونان و قوبرسدا, هاوكات ئەو وڵاتانەی كە دەكەونە سەر دەریای سپی ناوەڕاست, كە لە بەیاننامەیەكی هاوبەشیاندا, ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا ئەگەر لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆ لەگەڵ یوناندا نەكات, لەگەڵ ئەمەشدا فەڕەنسا پشتیوانی خۆی بۆ( ئەسینیا و نیقۆسیا) دەربڕی دژی توركیا, یەكێتی ئەوروپا هەمان هەڵوێستیان هەیە دژی ڕفتارەكانی توركیا لە ناوچەكەدا و ئامادەكاری سەپاندنی سزا دەكەن, جیا لەمانەش دواجار سەرۆك وەزیرانی عیراق لەمەڕ لەشكركێشی توركیا بۆ ناو خاكەكەی بە فەرمی سكاڵای یاسایی لە نەتەوەیەكگرتووەكان تۆمار كرد, كۆمكاری عەرەبیش پشتوانیان دەربڕی و ئەم هێرشانەیان بە تیرۆریست ناساند, نەتەوەیەگرتووەكانیش سزایان بەسەر بەرپرسانی توركیادا سەپاند نابێت سەردانی عیراق بكەن, لە بەرامبەردا وڵاتانی (میسر و سعودیە و ئیمارت) هەستیان بەم مەترسییە كردووە كە دژی بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانیانە, ماوەیەكە جەنگ و ململانێ‌ ئامادەیی هەیە و باس لە گۆڕانكاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوێندا دەكرێت, هاوكات تێكڕا كۆكین لەسەر ئەوەی سەردەمی پێش كۆرۆنا جیاوازە لە قۆناغی پاش كۆرۆنا, وەچەرخانێكی گەورە دێتە پێشێ لە ڕووی ئابووریی و سیاسییەوە و جەمسەرەكانیش گۆڕانیان بەسەردا دێت, بۆ ئەم مەبەستەش وڵاتانی دەوروبەر و زلهێزانیش پلانی تۆكمە و گشتگیریان هەیە بۆ ئێستا و ئایندە, بۆئەوەی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە پشكی خۆیان مسۆگەر بكەن, گەمە سیاسییەكان و هاوپەیمانێتی نێو جەمسەرەكان بەردەوامی هەیە, جیا لە هێزی سەربازی و دەزگای هەواڵگری و رێكخراوی مرۆیی چەندین كۆمپانیایان هێناوەتە ناوچەكە بۆ فەراهەمكردنی بەرژەوەندییەكانیان و مۆنۆپۆڵكردنی بازاڕ, بەجۆرێك بە قازانجی خۆیان بشكێتەوە, لە نێوان ئەمانیشدا بەرەی جیاواز و ململانێ‌ ئامادەیی هەیە, وەلێ‌ دواجار لەسەر دابەشكردنی پشكەكان دەگەنە ڕێككەوتن بەبێ ڕەچاوكردنی بەرژەوەندی گشتی ناوچەكە.

سەرچاوە:
1-گۆڤاری دۆسێی ئیسلام, ڕاپۆرت,  ژ4, نیسانی2007
2-گۆڤاری جۆرناڵ , عەرەب پۆست, و: ئیدریس سیوەیلی   ژ 49 ,  حوزەیرانی  2020
3-ئەحمەد حەمەد ئەمین,چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی نوێ‌ و هاوچەرخی عیراق, چ1, چاپخانەی ڕۆژهەڵات, 2010

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure