لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

لەم پێنج ساڵەدا لە خواردن زیاتر هیچ شتێكی ترم نەكردووە

پێش 3 هەفتە



"بەختیار عەلی"

لەم پێنج ساڵەدا لە خواردن زیاتر هیچ شتێكی ترم نەكردووە، وڵاتەكە بە گشتی لە خواردن زیاتر هیچ شتێكی تری تێدا ناكرێت. گەنجەكانی وڵات دەخۆن و سەیری یاری دەكەن، ئێمەش دەخۆین و سەیری حیزبەكان دەكەین، ھیچ شتێك لەوە بەتامتر نییە سەیری ئەم جۆرە شتانە بكەیت، هەر كەسە و شتێكی دۆزیوەتەوە سەیری دەكات و تەواو، ئیتر هەموو بەختەوەرن. ژنان سەیری جل و میكیاج دەكەن، سیاسییەكان سەیری كۆمپانیا و دەنكەكانیان دەكەن، گەنجەكان سەیری فیلمی ڕووت و ڕیاڵ و بەرشە دەكەن، راستت دەوێت هیچ شتێك عەیبی نییە.

تاكە شتێك لەم چەند ساڵەدا لێرە باش فێربووم جنێودانە، لە سەعات شەشی ئێوارەوە لە هەمووە شوێنێكی وڵاتەكەدا بە ڕەسمی دەست پێدەكات، لە یانەكاندا، لە چێشتخانەكاندا، لە ماڵەوە، لە مزگەوتەكاندا، لە بارەگا حیزبییەكاندا، لە سەیرانگاكاندا، لە كافتریاكاندا، لە فەیسبوكدا، لە تویتەردا، ئیتر بە پێی شوێن هەر چەند كەسێك كۆدەبنەوە و جێگایەك دەگرن و جنێو بە حیزبێك یان بە بەرپرسێك یان بە ژنێك، بە دەوڵەمەندێك، بە گۆرانیبێژێك، ئەكتەرێك، نووسەرێك دەدەن. گەر هیچیان دەست نەكەوێت بۆ خۆشی جنێو بە یەك دەدەن، خەڵكانی زۆر بە موئەدەب و بە ئەسڵ و فەسڵیش كە ئەخلاقیان ڕێگایان پێ نادات جنێو بە خەڵكی تر بدەن، جنێو بە خۆیان دەدەن.

لە سەعات شەشەوە تا شەو درەنگ دادێت مەملەكەتەكە بەو جۆرە دەڕوات بەڕێوە، بەیانی هەموو گێژ هەڵدەستین و هەمان شت دوبارە دەكەینەوە. گەر دوو سەد ساڵی تر مێژوونوسێك بپرسێت ئەرێ لەسەرەتای قەڕنی بیست و یەكدا كوردی باشوور چیان كرد؟ وەڵامەكە ئەوەیە، جنێویان دا، تەقریبەن پازدە ساڵ زیاتر خەڵكی ئێرە بەس جنێو دەدەن، بە دونیا و بە یەك و بە خۆیان، وادەزانم درێژترین ماوەی جنێودان بێت لە مێژووی بەشەرییەتدا، دەوڵەت جنێو دەیبات بەڕێوە، حیزب جنێو دەیبات بەڕێوە، ئۆپۆزسیۆن جنێو دەیبات بەڕێوە، هەتا نووسەرە ڕەخنەگرەكانیشمان جنێوی سواغدراو بە شیعر، جنێوی بۆیەكراو بە شیكار و فەلسەفە دەنووسن. ژیانێكی خۆش نییە، بەڵام خراپیش نییە، ڕەنگە لە زۆر مەملەكەتی تر باشتر بێت، جنێو باشترە لە شەڕە تفەنگ. من ڕازیم... ناڕازی نیم، دەزانم وڵاتی خۆشتر هەیە، بەڵام بۆ خۆم لەمە باشترم نەدیوە، لایەنی كەم قەل و كەڵەشێری وا لە هیچ كوێ دەست ناكەوێت، بیخۆرەوە كاك سەلیم بیخۆرەوە، ڕۆناوەكەی عالەمییە، خۆشە...نا؟. من هەستدەكەم هەموو شت بە باشی فێربووم، كارێكی قوورس نییە، ببە بە زۆرخۆرێكی باش، دواتر بە جنێوفرۆشێكی باش، گەر مەشروبێكی باشیشی لەگەڵدا بخۆیتەوە، ئیتر بەوە بوویت بە هاوڵاتییەكی زۆر باش...

سەفا زێوان بۆ سین ئەسغەر
لە ڕۆمانی « كەشتی فریشتەكان » كتێبی سێیەم
لاپەڕە: ٦٤٤-٦٤٥

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure