لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سەرهەڵدانی بیرۆكەی ئایین لە دیدی سەلامە موساوە

پێش 4 هەفتە



ئەردەڵان عەبدوڵڵا

میسر لە سەدەی نۆزدە و بیستدا، بووبوە مەڵبەندێكی گەورەی رۆشنگەری عەرەبیی و ئیسلامیش، دیارە ئەمەش بەهۆی بوونی كۆمەڵێك بیرمەند و رووناكبیری گەورەوە بوو، كە رۆڵی سەرەكیان گێڕا لە بووژانەوە و پێشخستنی فكری پێشكەوتخوازی لە گێتی عەرەبی و ئیسلامیدا، یەكێكیش لەو رووناكبیرە گەورانە "سەلامە موسا" بوو.

سەلامە موسا لە ساڵی ١٨٨٧ لەدایك بووە و لە ساڵی ١٩٥٨ كۆچی دواییكردووە. ئەو رۆژنامەنووس، چالاكوانی مەدەنی، جگە لەوەش رووناكبیر و نووسەرێكی مەزنیش بوو، بەتایبەتی لە بواری پێشخستن و بڵاوكردنەوەی فكری پێشكەوتخوازیی و سۆسیالیزمدا، قەڵەمێكی بەتوانا و پڕ بەرهەم بوو.

سەلامە موسا لە ژیانیدا كۆمەڵێك كتێبی لە بواری فكری چەپ و پێشكەوتنخوازیدا هەبووە، یەكێكیش لەو كتێبانەی "سەرهەڵدانی بیرۆكەی خودا"یە، ئەم كتێبە لەلایەن كاك سەرهەنگ سەركەوت كراوەتە كوردیی و لە لایەن ناوەندی رەهەندەوە چاپ و بڵاوكراوەتەوە.

ئەم كتێبە لێكۆڵینەوەیەكی زانستیانەیە لە بارەی چۆنێتی دروستبوونی ئایینەكان لە جیهاندا و كاریگەری ئەفسانەكان بەسەریانەوە، لە كۆتایشدا باسی چۆنێتی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوە گەشەسەندنی ئاینی مەسیحی دەكات لە جیهاندا.

ئایین

كرۆكی سەرەكی ئەم كتێبە شرۆڤەكردن و لێكۆڵینەوەیە لە بارەی ئایینەوە، نووسەر هەوڵیداوە بەدوای رەگوڕیشە و هۆكاری دروستبوونی ئایینەكان لە جیهاندا بگەڕێت، بۆ ئەمەش پشتی بەسەرچاوە مێژووییەكان و كارە زانستییەكان بەتایبەتی لە بواری ئەنترۆپۆلۆژیدا بەستووە.

نووسەر لە سەرەتای كتێبەكەیدا پێناسەیەكی تایبەت بۆ ئایین دەكات و دەڵێت:

ئایین بریتییە لە هێزێكی لەڕادەبەری – میتافیزیكی – دەرەوەی یاساكانی سروشت، كە مرۆڤ ڕێزی گرتووە و پەرستوویەتی.. ل٢١

ئایینەكان و ئەفسانە

زۆرێك لە مێژوونوس و سۆسیۆلۆژی و نووسەرانی بواری میتۆلۆژی "ئایینزانی" لەو باوەڕەدان كە ئایینەكان سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانە كۆنەكان، لێ سەلامە مووسا دژی ئەم بۆچوونە دەوەستێتەوە و خاوەنی تێزی خۆیەتی.

لەمبارەیەوە دەڵێت:

_وتراوە ئایینەكان لە ئەفسانەكانەوە سەریانهەڵداوە،بەڵام ئەمە هەڵەیە، چونكە ئەفسانەكان تەنیا كۆمەڵە چیرۆكێكن، زیادەڕۆییان تێداكراوە و كۆمەڵێك گێڕانەوەن، لەبارەی ئەو كەسانەی كە مردوون و گیانیان پەرستراوە . ئەفسانە هیچ ڕیشەیەكی لەناو ئاییندا نییە. ل ٢٢

ئەو بە پێچەوانەوە پێی وایە ئایینەكان لە پەرستنی گیانی مردووەكانەوە سەرچاوە دەگرێت.

ئایین و پەرستنی گیانی مردووەكان

نووسەر پێی وایە سەرچاوەی ئایینەكان لە پەرستنی گیانی مردووەكانەوە بووە، لەوانەبێت مردووەكان كەسێكی ناودار یان دەستڕۆیشتوی ناو خێڵكان بوو بێت، لێرەشەوە بیری قوربانی و پاشانیش ئایین سەرچاوەی گرتووە.

لەمبارەیەوە نووسەر دەڵێت:

_سادەترین شێوەی ئایینەكانی ئێستا لای وەحشییەكانن، كە لە هەندێك نەریت زیاتر نییە و مەبەستیان لێی رێزگرتنی كەسانی مردووە. ئەوان جیاوازی لە نێوان گیانی مردوو و خودایەكی دروستكەردا ناكەن. هەندێك لە خێڵەكانی كۆمبامە لە ئەفریقا، لە شوێنێكدا گیانی مردوو دەپەرستن، كە خاوەن گیانەكە لە پێش مردنیدا تێیدا نیشتەجێ بووە، ئەگەر مردووەكە كەسێكی گەورە بوو بێت، بیروباوەڕیان وابووە گیانەكە لە شاخێك یان لە پەڵە هەورێكدا نیشتەجێ بووە، بە چەشنێك ئەگەر بەلایاندا رۆیشتبان، دەیانپەرست و داوای بارانیان لێ دەكردن. بە قوربانیكردن و نوێژكردن لەسەر گۆڕەكەی،گیانی كەسە مردووەكەیان لە خۆیان ڕازیكردووە، لێرەشەوە لە قووربانیكردن و نوێژكردن تێدەگەیت. ل ٢١

نووسەر دواتر دەڵێت:

_پەرستنی گیانی پێشینان پێش پەرستنی خوداوەندەكان بووە. ل٦٢

بتپەرستی

نووسەر پێیوایە كە فكرەی بتپەرستیش لە پەرستنی گیانی مردووەكانەوە سەریهەڵداوە. سێ بەڵگەش دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی كە ئایینەكان لە پەرستنی گیانی مردووەكانەوە پەیدابوون، لەمبارەوە دەڵێت:

١ /ئەو پەرستگایانەی لە بنەڕەتدا گۆڕ بوون و شوێنی پێشكەشكردنی خواردن بوون.

٢/ ئەو بتانەی لە بنەڕەتدا، خودی مردووە مۆمیاكراوەكە بوون، كاتێك مۆمیاكردنی هەموو جەستە قورس بووە، هەناوی مرۆڤیان دەرهێناوە و بە كۆمەڵێك شتی بێگیان كە بۆگەن ناكەن، پڕیان كردوەتەوە بۆ ئەوەی شێوەی روخساریشی بپارێزن، وەكو مورو بەردیان لە شوێنی چاوی داناوە، دواتر كە زانیویانە بە تەواوی جەستە ناپارێزرێت، كەوتنە كێشانی وێنەی مردووەكە لەسەر قاپی تابووت، یان بتێكیان لەسەر شێوەی مردووەكە دادەتاشی. لەوەش ئاسانتر نییە، بتە تایبەتییەكە ببێت بە بتێكی گشتی.

٣/پیاوی ئایینی لە بنەڕەتدا خودی سەرخێڵ بوون، سەرخێڵیش كوڕی گیانی خوداوەند و كۆی خزمەتكارەكانیشن ئەوانە بوون، كە لای گۆڕەكەوە واتە پەرستگەگە قوربانیان پێشكەش بە گیانی دەكرد. ل٤٢

نوسەر لەرێگەی ئەم سێ بەڵگەیەوە، دەیەوێت بڵێت كە فكرەی ئایینەكان سەرچاوەیان لە فكرەی پەرستنی گیانی مردووەكانەوە بووە.

زیندووبونەوەی رۆحەكان

نوسەر باسی لایەنێكی گرنگی تری فكرەی ئایین دەكات، ئەوەش پەیوەندی بە فكرەی زیندووبوونەوەی رۆح یان ژیانی ئەو دونیا دەكات، نوسەر لەمبارەیەوە پێی وایە:

-مرۆڤی سەرەتایی مردنی راستی و بوورانەوەی كاتیی لێك جیا نەكردووەتەوە، ئەگەر یەكێكیان لە هۆش چووبایە، هەناسەی بۆ نەدرایە، بە نووشتە و نزاكان، گیانیان رازی كردووە، كە كەسە بووراوەكە هاتووەتەوە هۆش خۆی، لەوەوە تێبینی ئەوەیان كردووە كە گیان و جەستە دوو شتی جیان. ل ٣٥

پاشان دەڵێت:

-مرۆڤی سەرەتایی وا گومانی بردووە، چۆن لە كاتی بوورانەوەدا مرۆڤ هەناسەی دەبڕێت و پاشان لە كاتی هۆشهاتنەوەشدا هەناسەی بۆ دەگەڕێتەوە، ئاواش دوای مردنی، گیان بۆ جەستەی دەگەڕێتەوە، ل ٣٦

پاشان نوسەر باسی سووتاندنی مردووەكان دەكات، پێیوایە مرۆڤ لە ترسی زیندووبونەوەی مردووەكان جەستەی مردووەكانین سووتاندوە، لێرەشەوە ژیانی ئەو دونیا پەیدا بووە. لەمبارەیەوە دەڵێت:

-نەریتی سووتاندنی مردووان، بووەتە مایەی باوەڕهێنان بە جیابوونەوەی جەستە لە گیان بە تەواوەتی، لە خەیاڵگەی مرۆڤدا ئەوەی كە ناوی لێنراوە دووەم ( دونیا) گیانە خەیاڵییەكە، دروست بوو، ل ٣٩

بەردپەرستن

پاشان نوسەر باسی قۆناغێكی تری مێژوویی ئایینەكان دەكات كە ئەویش چۆنێتی پەیدابوونی بەردپەرستنی بەردە پیرۆزەكانە.

نوسەر پێیوایە: سەرەتا مرۆڤ مردووەكانی پەرستووە، پاشان كاتێك مرۆڤ گەشەی زیاتر دەكات، فێری ناشتنی مردووەكان بووە، ئەمەش لە شارستانی بابلییەوە پەیدا بووە، مرۆڤ ترسی لە زیندووبونەوەی ئەو مرۆڤانە بووە كە پێشتر لێیان ترساوە، هەربۆیە بەشێك لە جەستەی مردووەكەی بڕیوە یان بەردێكی گەورەیان خستووەتە سەر گۆڕەكەی بۆ ئەوەی نەتوانێت لە گۆڕەكە بێتە دەرەوە، لەمەشەوە بەرد خستنە سەر گۆڕی مردووەكان لای ئایینەكان پەیدا بووە.

سەلامە موسا دەڵێت:

– بتەكان لە مۆمیاكردنی كەسی مردوو، یان وێنەكێشانەوە پەیدا بوون، بە پیرۆز راگرتنی بەردەكانیش، دەشێت لە بەردی سەر گۆڕەكانەوە بێتە ئاراوە، ئەوەی خواردنی پێشكەش بە بەرد كردووە، وای زانیووە سروشتی جەستەی هەیە و دەمی هەیە، خواردنەكەی دەخوات.

پاشان دەڵێت:

لەلای یۆناییە كۆنەكان لەسەرەتای مێژوویانەوە كۆمەڵێك بەردی شێوێنراویان پەرستووە، لەناو عەرەبیشدا "مەنات و لاتیان" پەرستووە، ڤینیقییەكانیش بەردی "بەعل" یان پەرستووە، بەردی كەعبەش لە پێشوودا زۆر لای عەرەبەكان پیرۆز بووە، تەنانەت پێغەمبەری رابەری یەكتاپەرستیش ناچار بوو بەردی كەعبە بخاتە ناو ئاینەكەیەوە.ل٥٢

كشتوكاڵ و خوداپەرستی

خاڵێكی سەرنجراكێشی تر بەلای منەوە سەلامە موسا پێیوایە كە فكرەی كشتوكاڵكردن، سەرەتا فكرەیەكی ئایینی بووە، چونكە مرۆڤی سەرەتایی كاتێك خواردنی بردووەتە سەر گۆڕەكان بۆ نموونە گەنمی بردووە، پاش ماوەیەكی تر لەسەر گۆڕەكە گەنمەكە سەوز بووە، لێرەشەوە مرۆڤ فێری كشتوكاڵكردن بووە. ل٨٧/٨٨

وەحشیەكان كۆمەڵێك خواردنی وەك گۆشت و دانەوێڵە و بەربوومیان لەگەڵ مردوودا كە لە ژیانیدا خواردوویەتی، خستوەتە گۆڕەكەیەوە، ناشتنی مردووش پێویستی بەهەڵكەندنی گۆڕە، زەوییەكەیان هەڵدریوە و دواتریش زەوییە هەڵدراوەكە، بۆ چاندنی تۆوەكان ئامادە بوون، چەند رۆژێك بەسەر ئەو رۆژەی مردوووەكەیان تێدا ناشتووە تێپەڕیوە، پاشان بینیویانە تۆوە چێنراوەكان سەوز بووە، ئەمەش وا لێكرداوەتە، كە گیانی مردووەكە بەهۆی ئەوانەی كە پێشكەشیان كردووە، لێیان رازییە. ل ٨٨.٨٧.

مرۆڤ وەكو قوربانی

پاشان نوسەر باسی قۆناغێكی تری مێژووی مرۆڤایەتی دەكات، كە لە زۆر شوێندا بەتایبەتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆرجار مرۆڤەكان لەكاتی جەنگدا یان لە كاتی كشتوكاڵكردندا، وەكو قوربانی پێشكەش بە زەوی كراون، بۆئەوەی خێر و بەرەكەت بەسەر ئەو زەویەدا ببارێت، لە كاتی جەنگەكانیشدا مرۆڤێكیان كوشتووە، تاوەكو شانسی گەورەیان هەبێت لەسەركەوتن بەسەر دوژمنەكانیاندا.

پاشان نووسەر هاتووە باس لە پیرۆز راگرتنی خوێن دەكات و چۆن دواتر خوێن وەكو شەراب وابووە، هەربۆیە لای مەسیحییەكانیش شەراب پیرۆز بوو، كە لای ئەوان وەكو خوێنی مەسیحی دادەنێن.

كاریگەری ئەفسانەی یۆنانی كۆن بەسەر ئایینی مەسیحیەوە

نوسەر لە لێكۆڵینەوەكەیدا باسی كاریگەری گەورەی ئەفسانەكانی یۆنان دەكات بەسەر ئاینی مەسیحییەوە، لەمەشدا پشت بە چەند بەڵگەیەك دەبەستێت، كە نزیكییەكی زۆر لە نێوان مەسیحی و ئەو ئەفسانەدا هەیە.

دەرئەنجام

لە كۆتاییدا سەلامە موسا دەگاتە دوا خاڵ و دەڵێت: بە كورتی دەڵێم، لەو باوەڕەدام پەرستنی جەستەكان، ڕیشەی هەموو پەرستنەكانی ئێستان، باوەڕیشم بەوەیە، گیانەكان ڕیشەی خوداوەنددەكانی ئێستان، لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر دروستی دەرئەنجامەكانی سوور نیم، دەشێت لە داهاتوودا توێژینەوەی پێچەوانەی لێ بێتە ئاراوە، ل١٢٥

چەند سەرنجێك

دیارە راستە سەلامە موسا یەكێكە لە رووناكبیرە گەورەكانی رۆژهەڵاتی ناڤین و ئەم كتێبەشی یەكێكە لە كتێبە باشەكانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من چەند سەرنجێكم لا دروست بوو، پێمخۆشە لێرەدا بە كورتی باسیان لێوە بكەم.

١/ نووسەر لە سەرەتادا دەڵێت، ئایینەكان هیچ پەیوەندییەكیان بە ئەفسانەكانەوە نییە و ئایین شتێكە و ئەفسانەش شتێكی ترە، كەچی لە دواییدا دەڵێت، ئایینی مەسیحی لە ئەفسانەی یۆنانییەوە هاتووە یان نزیكە.

٢/كاریگەری گەورەی كتێبەكەی "بنەچەی خێزان"ی فریدریك ئەنجلسی بەسەرەوەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە فكرەی قوربانییەوە هەیە.

دوا قسە

بەدڵنیاییەوە ئەم كتێبە تیشێكی باشی خستووەتە سەر مێژووی ئایینەكان و بەرچاو روونییەك دەداتە خوێنەری كوردی، لەبارەی ئەو نیقاشانەی كە ساڵانێكی زۆرە لەناو فكر و فەلسفەی جیهاندا لەبارەی ئەم مەسەلە گرنگەوە كراوە. لێرەدا جێگەی خۆیەتی كە دەستخۆشی لە كاك سەرهەنگ سەركەوت بكەین، بۆ وەرگێڕانی ئەم كتێبە و هیوای كاری باشتری بۆ دەخوازین.

سەرچاوە:
سەلامە موسا. سەرهەڵدانی بیرۆكەی خودا. وەرگێرانی سەرهەنگ سەركەوت. چاپی یەكەم، ناوەندی رۆشنبیری رەهەند . سلێمانی 2019.
سەرچاوە/ئێن ئاڕ تی

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure