لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

هەسارەیەک لە ئاو

20/09/2020


لوقمان حەوێز/ تێکساس

وردە وردە بۆمان دەردەکەوێت کە ئاو ئاوێتەیەکی ئەوەندە دەگمەن نیە لە گەردوون.

هەسارەی Gliese1214b لەساڵی 2009 دۆزرایەوە، لەساڵی 2013 لە چاودێریەکان دەرکەوت کە هەور هەموو سەر ڕووەکەی داپۆشیوە، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەلایەن بەشی هەسارەکان لە ئاژانسی ناسا لە ساڵی 2017 بوو بە یەکەم هەسارە کە بڕوا وابێت ئاو هەموو ڕووەکەی دادەپۆشێت، بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانە هەسارەی Gliese1214b یەک پارچە زەریا هەموو ڕووەکەی داپۆشیوە، لە نێو گەردوونناسانیش بە هەسارەی ئاوی یان جیهانە ئاویەکە ناسراوە.

ئەم هەسارەیە دەرەکیە، واتە لە نێو کۆمەڵەی خۆری ئێمە نیە و لەجیاتی خۆر بە دەوری ئەستێرەیەکی تردا دەسوڕێتەوە، ئەستێرەکە ناوی Gliese1214 و نزیکەی 48 ساڵی تیشکی لە ئێمە دوورە، هەسارەکەش لە زەوی گەورەترە و کڕۆکەکەی بەردینیە.

چەند ساڵێکە وردە وردە بۆمان دەردەکەوێت کە ئاو ئاوێتەیەکی ئەوەندە دەگمەن نیە لەگەردوون، لایەنی کەم لەنێو گەلەئەستێرەکەمان، هەروەها ئێستا دڵنیاین کە ئاو بەڕێژەیەکی زۆرباش هەیە لەنێو کۆمەڵەی خۆرەکەمان، تەنیا بۆ نمونە زەریایەک لە ئاوی شل هەیە لەژێر چینە بەستووەکەی مانگی یورۆپا کە مانگێکی هەسارەی جوپیتەرە، بە پێی لێکۆڵینەوەکان قوڵی زەریاکە پترە لە 100 کیلۆمەتر و هەموو ڕووی مانگی یوڕوپای داپۆشیوە، کەواتە تەنیا لەسەر مانگی یوڕۆپا کە چوار جار لە هەسارەی زەوی بچوکترە بڕی ئەو ئاوەی هەیە لەهەموو ئاوی زەریاکانی سەر هەسارەکەمان زیاترە.


نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure