لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دانوستانی ئاشتی نێوان حكومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان دەستیپێکرد

پێش 1 هەفتە


یەكەم دانوستانی راستەوخۆی ئاشتی لەنێوان حكومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تاڵیبان لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەستیپێكرد‌، ئامانجی دانوستانەکە کۆتاییهێنانە بەو شەڕەی ساڵانێكی زۆرە لە ئەفغانستان بەردەوامە.

لایەنەکانی بەشدار لە گفتوگۆی ئاشتی كە بڕیارە کۆتایی بە شەڕێكی 20 ساڵە بھێنێت لە ئەفغانستان، دەیانەوێت پرۆژه‌ و نه‌خشه‌ رێگه‌یه‌ك‌ گەڵاڵەبکەن بۆ بەڕێوەبردنی ئەفغانستانی دوای جەنگ.

مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێ "پێشوازی لەو ھەنگاوەی تاڵیبان دەکەین كە پابەندبوونی خۆیان راگەیاندووە بەوەی رێگە بە مانەوەی گرووپە تیرۆرستییەكان لەوانە قاعیدە نەدات، ڕێگەشیان پێنەدات خاکی ئەفغانستان بەکاربهێنن بۆ مەشقکردن و دامەزراندن یان کۆمەک کۆکردنەوە. لە هەمان كاتدا پێشوازی لە پابەندبوونی حکومەتی كۆماری ئیسلامیی ئەفغانستان دەکەین لەوەی رێگە بە گرووپە تووندڕەوەكان نادات خاكی وڵاته‌كه‌ی بۆ ھێرشكردنە سەر وڵاتانی دیكە به‌كاربهێنن".

هەرچی حکومەتی ئەفغانستانە، هیواخوازە دانوستانه‌كان ببنە هۆی کۆتاییهاتنی یەکجارەکی شەڕ و هێنانی خۆشگوزەرانی بۆ گەلی ئەفغانستان.

عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاشتەوایی ئەفغانستان دەڵێ "بۆ دەستپێكردنی پرۆسەی راگرتنی شەڕ و کردنەوەی دەرگای ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیان لەگەڵ ھاونیشتمانیانمان، کە نوێنەرایەتی کۆمەڵێک بیروڕای جیاواز دەکەن؛ ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بە نیازپاکی و ئاشتی گفتوگۆ بكەین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر لەنێوان هەردوولادا".

یەکەم گەڕی دانووستانی راستەوخۆی تاڵیبان و حكومەتی ئەفغانستان دوێنێ دەستیپێکرد، واتا رۆژێك دوای 19ـەیەمین ساڵیادی هێرشه‌كانی 11ـی سیپتەمبەری ئه‌مەریكا.

عەبدولغەنی برادەر، سەرکردەیەکی سەربازیی بزووتنەوەی تاڵیبان باسی لەوە کرد "دڵنیاتان دەكەینەوە بە راستگۆییەکی تەواوەوە درێژە بە دانوستاندنی ئاشتیی ئەفغانستان دەدەین و، هەوڵ بۆ ئاشتی و سه‌قامگیری دەدەین، زەمینەی ژیانێكی ئاسوودە بۆ ھاووڵاتییان لە ئەفغانستان خۆش دەکەین".

ئەو دانووستانانه‌ بەشێکن لە رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەمەریکا و تاڵیبان، کە لە 29ـی شوباتی رابردوو لە دەوحە واژۆکرا و مەبەست لێی؛ کۆتاییهێنانە بە شەڕ و کشاندنەوەی سەربازەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان.

 

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure