لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سەردەمێکی نوێ بەڕێوەیە لەتەمەنی گۆی زەوی، سەردەمی شەوە ڕووناکەکان

پێش 1 هەفتە


لوقمان حەوێز/ تێکساس

گۆی زەوی تەمەنی پترە لە 4.5 ملیار ساڵ، بەدرێژایی تەمەنی گۆی لە ڕۆژدا نیوەی گۆی زەوی ڕووناک و درەوشاوە بووە بەهۆی ڕووناکی و تیشکی خۆر، نیوەکەی تری کە شەو بووە تەواو تاریک بووە، جگە لەهەندێ ڕووناکی سروشی وەکو مانگ و ئەستێرەکان یان ئاگری سروشتی، هەروەها ڕووناکی بروسکە جاروبار لێرەو لەوێ، هەموو ئەمانە ڕووناکیەکی زۆر کەم و سنوردار بڵاودەکەنەوە لە دیوە تاریکەکەی گۆی زەوی.

بەڵام سەرهەڵدانی مرۆڤی نوێ و دۆزینەوەی ئاگر وردە وردە سەردەمێکی نوێی دروستکرد لەسەر گۆی زەوی، تاوەکو دۆزینەوەی کارەباش بەر لە پتر لە سەدو پەنجا ساڵ کاریگەریەکە هێشتا زۆر سنورداربوو، لە ساڵی 1879 ی زایینی تۆماس ئەدیسۆن بۆ یەکەمجار گڵۆپی داهێنا، لە سەرەتا بەهۆی گڵۆپ و پێویستی ڕووناککردنەوەی ماڵەکان و شارەکان بوو کاتێک کتوپڕ خواست لەسەر دروستکردن وبەرهەمهێنانی کارەبا زۆر زیاتر بوو.

لە ئەمڕۆدا هەموو شوێنە نیشتەجێبووەکانی سەر ڕووی زەوی لەشەودا بە گڵۆپ ڕووناک دەکرێتەوە، وێنەی گۆی زەوی ئەگەر لە ئاسمانەوە تەماشا بکرێت لەشەودا بەتایبەتی لە سەد ساڵی ڕابردوو بەتەواوی گۆڕاوە و پڕ بووە لە پەڵەی ڕووناکی، هەر بوونەوەرێکی زیرەکی تری خاوەن شارستانی ئەگەر تا دووری نزیکەی سەد ساڵی تیشکی هەبێت و توانای چاودێریکردنی گۆی زەویان هەبێت، ئەوا لە ڕێگەی ئەو ڕووناکیەی لەشەودا دروستی دەکەین دەزانن چالاکی ناسروشتی بەڕێوەیە لەسەر هەسارەکەمان.

ئەم ڕووناکیە دەستکردەی شەوان لەسەر ڕووی زەوی جۆرێکی ترە لە پیسبوونی ژینگە کە پێی دەووترێت پیسبوونی ژینگە بەڕووناکی یان وردتر بڵێین بە ڕووناکی دەستکرد، سیستەمی ژینگەیی گۆی زەوی واتە تێکڕای زیندەوەران بە ڕووەکەکان و زیندەوەران بەشێوەیەک ڕاهاتوون کە ژینگە و دەوروبەریان لەشەودا تاریک بێت، لە ئێستادا گەلێک لەو زیندەوەرانەی پشت بەتاریکی شەو دەبەستن بۆ ئەنجامدانی زیندەچالاکیەکانیان ڕووبەڕووی مەترسی و لەناوچوون دەبنەوە و ژمارەیان لەکەمبوونەوەدایە، تا ئێستا نازانین مەترسیە درێژخایەنەکانی ئەم کارەی ئێمە چی دەبێت، بەڵام لەئێستادا لەوە دڵنیاین کە ئەمەش جۆرێکی ترە لە تێکدان و وێرانکردنی ئیکۆسیستەمی گۆی زەوی لەپێناو و خۆشی و خۆشگوزەرانی خۆمان.

لەئەمڕۆدا ئێمەی مرۆڤ بەبەردەوامی تێکڕا 24 تێرا وات کارەبا بەرهەمدەهێنین لەسەرتاسەری جیهان، ئەو بڕە دەکاتە 24 ملیۆن مێگاوات، بۆ ئەوەی مەزەندەی ئەو بڕە بکەن پێویستە بزانن هەموو هەرێمی کوردستان بە بەردەوام پێویستی تەنیا بە نزیکەی 5 بۆ 6 هەزار مێگاواتە لە ووزەی کارەبا.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure