لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دوو ژنی تر كوژران، بەربەرییەت لە ماڵەكانماندا!

پێش 2 هەفتە


جەعفەر عەلی 
(١)
دوو مرۆڤ؛ ئەگەر دیندار و باوەڕدارین، دوو خوڵقێنەری خودا، ئەگەر باوەڕیشمان بە مرۆڤایەتی و مافی ژیانكردنی ئازاد هەیە، دوو مرۆڤ كە شایستەی رێزلێگرتن و ماف و ئازادین.

ئەگەر باوەڕمان بە پرەنسیپەكانی مرۆڤایەتی، ئازادی و ماف و یاسا هەیە، ئەوە هیچ كەسێك، تەنانەت بە مافی باوكایەتی و برایەتی و هەر مافێكی دیكە، نابێ تا ئەو جێگەیە بڕوات، كە پێیوابێت مافی ژیان و مردنی ئەوانیدی، لە گیرفانی ئەودایە، چ كاتێك حەزبكات بژین، كاتێكیش ئارەزووی كرد بمرین! ئەگەر باوەڕیشمان بە خودا و پەیامی خودایی هەیە و ئیماندارین، ئەوا دیسان هیچ تێكست و دەقێكی خوداییش نامانگەیەنێت بە ئاستی خودا و بڕیاری خودایی. واتە بە هیچ پاساو و هیچ مافێك نابێ خۆمان لێ ببێت بە خودا و لە شوێنی خاڵقەوە بڕیار لە رۆژی ژیان و مردنی مرۆڤەكان بدەین.

ئاخر ئەمە چ یاسایەكی مرۆڤایەتی و چ روكنێكی ئیمانە، دوو شلكە دارمێوی ناسكی ئەم نیشتیمانە، بە ناوی باوكایەتی و بە پاساوێك، كە لە بەدئەخلاقی پیاوەكانەوە نەبێت، لە هیچ شتێكی دیكەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بە دەم شنەی بەهاری جوانییەوە هەڵوەرێنیت! ئاخر هەموومان؛ خوێندەوار و نەخوێندەوار، رۆشنبیر و جاهیل و گەمژە، ئیماندار و بێ ئیمانەكانیش، باش دەزانین، پاساوێك لەم نیشتیمانەدا، كە ژنی لەسەر دێتە كوشتن، ئەگەر بە هەمان پاساو پیاو بكوژرێت، دوور نییە وەك دایناسۆر ئینقیراز كەین و، رەنگە بە دەگمەن سێبەری پیاوێك لە شەقامەكانی ئەم رۆژهەڵاتە، بە كوردستانیشەوە، ببینیتەوە. 

هەر رۆژهەڵاتناس و كوردناسێكی رێی كەوتبێتە ئەم نیشتیمانەی ئێمە، باسی لە ئازادی ژنی كورد و كاركردنی هاوشانی پیاوان كردووە. ئەم دیدە ئەوروپییە هەرگیز لەوەوە نەهاتووە، كە پیاوی ئێمە باوەڕی بە ئازادی ژن و مافی ژن هەبووە. هۆشیاری ئێمە هێشتا زۆر لەوە بچووكترە سەر بە ماڵی ژیاندۆستی و ماف و ئازادیدا بكات، من ئێستا ئەوەم بۆ روونترە، كە ئەو كاتیش ژن لە ماشێنێكی كاركردن و نەوەخستنەوە زیاتر هیچی دی نەبووە.
    
(٢)
   
تراژیدیای ژیانی ئێمە لێرەوە نایەت، كە دوژمن گەمارۆی داوین، بەڵكو لەو ڤایرۆسە سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتییەوە دێت، كە شێوەی جوڵە و رەفتاری ئێمە و فۆرمی بینین و بیركردنەوەی داگیركردووین.

ئاخر دوژمنەكەی دەرەوەمان ناسراوە، دەزانین كەی توڕە دەبێ، كەی بۆمبەكانی دەبارێنێ، كەی جەستەی نیشتیمان بریندار دەكات و كەی دەمانكوژێت، بەڵام دوژمنەكەی ناوەوەمان، وا بە تەنیشتمانەوە، بە یەكەوە نان دەخۆین، پیاسە دەكەین، پێدەكەنین، دەگرین، دەخەوین، بەڵام هێشتا ناسراو نییە، لوغم و بۆمبەكانی ناخی دۆزراوە نین، نازانین كەی و لە كوێ دەیانچێنێت، چەند لە ناسینییەوە نزیكین، هێندەش لە نەناسینی، نازانین ئامادەیە چڕنوكی تیژی تا ئاستی بڕینی دوا هەناسەی هیوا و ژیان لە گەرووی ئازیزانی گیربكات، نازانین ئەو باوەڕی نەگۆڕی وایە، كە لە دونیای تایبەتی خۆی و بەپێی بچووكی بینینی، لە ماڵە بچكۆلانەكەی، هەم پاشا، هەم ئیمپراتۆر، هەم خودایە. پیاویش كە بوو بە پاشا، یان ئیمپراتۆر و خودای ماڵ، ئامادەیە لەسەر چاونوقاندن و چاوداگرتنێك، لەسەر نامەیەك، پیاسەیەك، گەڕانێكی ئێواران، وێنەیەك، تەنانەت لەسەر خەیاڵێكی پڕ لە گومانی درۆی ناوەوەی خۆی، هەموو هێزی گەمژەیی خۆی، لەسەر كۆیلە و دەست و پێوەندەكانی، لەسەر ژنەكەی، كچەكەی خۆی تاقیبكاتەوە.

تا ئەم هێزی گەمژەییە زەلیل نەكەین، تا ئەم هۆشیاری و ئەخلاقە كۆمەڵایەتییە ریسوا نەكەین، تا ئەم دەسەڵاتە پڕ لە شەرمە دادگایی و شەرمەزار نەكەین، كە لە پشتی ئەم بە دۆزەخبوونەی ژیان و ئەم دونیابینی و جەهل و گەمژەییەدا وەستاوە، هەم بەربەرییەتی ژنكوشتن دەتوانێ زیاتر بژی، هەم دوژمنی دەرەوەش دەتوانێ رەز و باخمان هەرچی زیاتر بسوتێنێ، چونكە ئەوەی ژن بكوژێ، مرۆڤ بكوژێ، بە دڵنیاییەوە ئامادەیە شابنەشانی دوژمنانیش، رەز و باخ و جوانی نیشتیمانیش بسوتێنێ.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure