لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

(11ی سێپتەمبەر) وەرچەرخانێكی مێژوویی!

پێش 2 هەفتە


كارۆخ خۆشناو

لەسەرەتای سەدەی (21) و لە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە (11/9/2001) ئەمریكا ڕووبەڕووی گەورەترین و دڕاندانەترین و بەناوبانگترین هێرشی تیرۆرستی بوویەوە، لەڕێگای چوار فڕۆكەی سڤیلی نەفەرهەڵگر، چەند پێگەیەكی ستراتیژی ئەمریكا كرانە ئامانج، لە ناویاندا هەردوو تاوەری بازرگانی جیهانی لە نیویوڕك و بارەگانی پەنتاگۆن لە واشنتن، بە هۆیەوە (2977) كەس گیانیان لەدەستدا و نزیكەی (25000) كەس بریندار بوون.

كاردانەوەی ئەمریكا بۆ ئەم هێرشانە وەرچەرخانێكی مێژووی دروستكرد، بە جۆرێك مێژووی مرۆڤایەتی پێش و دوای هێرشەكانی (11ی سێپتەمبەر) لە هەموو ڕووەكانەوە گۆڕانكاری زۆری بەدوای خۆیەوە هێنا، لە یەكەم گوتاریدا سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا (جۆرج W بۆش) جیهانی دابەشكرد بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەكدا (بەرەی تیرۆر و بەرەی ئەمریكا).

لەسەرەتای هێرشەكانەوە، ئەمریكا رێكخراوی تیرۆرستی  قاعیدەی تۆمەتبار كرد، دواتر ئەم ڕێكخراوە بەرپرسیاریەتی هێرشەكانی لەئەستۆی خۆی گرت.

پەرچەكرداری ئەمریكا بریتی بوو لە ڕاگەیاندنی شەڕێكی سەرتاسەری هەمەجۆر (سەربازی، ئابوری، ئایدۆلۆژی.....هتد) بەرامبەر بە تیرۆریستان لەسەر ئاستی جیهان، لە دەرەنجامی ئەم هیرشانەدا ئەمریكا هەردوو ڕژێمی ئەفغانسان و عێڕاقی ڕوخاند و كۆمەڵێك بنكە و پێگەی سەربازی نوێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستكرد، لە ئێستادا ئەمەریكا زیاتر لە (160) هەزار سەربازی لە (150) وڵاتدا بەسەر (865) بنكەدا دابەشكردووە، كە  لە (80) وڵاتدا دژایەتی تیرۆر دەكەن.

ئەم هێرشانە پرسی پاراستنی ئاسایشی كردە پرایۆرتی (ئەولەویەت) و گرنگی ئەم پرسەشی خستە پێش پرسەكانی تری وەك ئازادی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ، واتە بە هۆی ئەم هێرشانەوە ئازادی تاكەكان سنوردار كران و لە ڕێگای ئامێرە ئەلیكترۆنیەكانەوە مرۆڤەكان خرانە ژێر چاودێریەوە.

شەڕی تیرۆر تاكو ئێستاش بەردەوامە، ئەگەرچی ڕێكخراوی تیرۆرستی قاعیدە لاواز بووە، بەڵام گروپی تیروریستی تر لە فۆڕمی تردا دروست بوون، وەك لە چەند ساڵی ڕابردوودا (داعش) سەری هەڵدا و بووە مەترسیەكی ڕاستەقینە لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، لەو كاتەدا ئەمریكا بۆ لە ناوبردنی ئەم مەترسیە هاوپەیمانیەتێكی لە (70) وڵات پێكهێنا و بە هاوكاری و قوربانیدانی هێزەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانان، توانرا ئوستوڕەی داعش تێكبشكێنرێت.

دوای نزیكەی دوو دەیە لە شەڕی تیرۆر، ئەمریكا ستراتیژیەتێكی نوێی گرتۆتەبەر، كە بریتیە لە میكانیزمی پشت بەستن بە هاوپەیمانەكان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكانیان، واتە ئەمریكا چیتر بەشدار نابێت لە شەڕە بێكۆتاكان  و پێویستە وڵاتانی ناوچەكە خۆیان ئاسایشی خۆیان بپارێزن، لەم چوار چێوەیەدا ئەمریكا بڕیاریداوە هێزەكانی لە عێڕاق و ئەفغانستان بەڕێژەیەكی بەرچاو كەم بكاتەوە، هەروەها گفتوگۆشی دەست پێكردووە لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان.

یەكێك لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی ستراتیژە نوێیەكەی ئەمریكا بریتیە لە ئاسایكردنەوە پەیوەندی (عەڕەب-ئیسڕائیل) و بەرقەراركردنی ئاشتی لەژێر چەتری (گرێبەستی سەدە) بە مەبەستی دروستكردنی بەرەیەك لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی هەژموونی (چین و ڕوسیا و ئێران) و دەستەبەركردنی ئاسایش و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەگەرچی ئەمریكا قوربانی زۆری داوە لە شەڕی تیرۆردا، بە جۆرێك مەزەندە دەكرێت زیاتر لە (7) هەزار سەربازی كوژرا بن و نزیكەی (7) ترلیۆن دۆلاریشی خەرج كردبێت، بەڵام تاكو ئێستاش دەرهاویشتە و لێكەوتەكانی هێرشەكانی (11)ی سێپتەمبەر بەردەوامن و هەرشەی گروپە تیرۆرستیەكانیش هەر بەردەوامن.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure