لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بەحرێن و ئیسرائیل پەیوەندییەكانیان لەگەڵ یەكتر ئاسایی دەكەنەوە

پێش 2 هەفتە


سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: ئیسرائیل و بەحرەین لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان رێککەوتوون.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند: “ئیسرائیل و بەحرەین رێککەوتنێکی ئاشتی لە نێوانیاندا واژوو دەکەن، ئەوەش دەبێتە دووەم وڵاتی عەرەبی کە لە 30 رۆژدا لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتنی ئاشتی واژوو بکات.

لەوبارەیەوە سەرۆکی ئەمریکا و پاشای بەحرەین و سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە: “ئەمە رێککەوتنێکی مێژووییە بۆ پێشخستنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەستپێکردنی گفتوگۆ و دروستکردنی پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان هەردوو کۆمەڵگای بەحرەینی و ئیسرائیلیدا”.

ئەوەش خراوەتەڕوو: “کۆبوونەوەکە دەبێتە هۆی پێشخستنی ئابووری هەردوو وڵاتەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەباتە قۆناغێکی نوێوە، سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا دروستدەکات”.

هەر لەو راگەیەندراوەدا سەرۆکی ئەمریکا سوپاسگوزاری خۆی نیشانی پاشای بەحرەین داوە بەوەی ساڵی رابردوو لە مەنامە کۆبوونەوەیەکی لوتکەی رێکخسرووە بە ئامانجی “ئاشتی و پێشخستنی ئابووری فەڵەستین”.
لە راگەیەندراوەکەدا بڵاویشکراوەتەوە: “بەحرەین و ئیسرائیل لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن لەپێناو واژووکردنی لێکتێگەیشتنێک و دۆزینەوەی چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ ناکۆکییەکانی فەڵەستین و ئیسرائیل”.

لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل باسی لە مزگەوتی ئەقسا کردووە و وتوویەتی، “هەموو موسڵمانێکی ئاشتیخواز” دەتوانێت بەردەوام سەردانی ئەو مزگەوتە و شوێنە پیرۆزەکانی دیکە لە قودس بکات و ئەو شارە بە ڕووی تەواوی خاوەن بیروباوەڕەکاندا کراوەیە.

هاوکات پاشای بەحرەین و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی دۆناڵد ترەمپیان کرد لە بەرامبەر “هەوڵەکانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی”، جەختکردنەوەی لە ئاڵنگارییە هاوبەشەکان و هەوڵەکانی بۆ نزیککردنەوەی وڵاتان لە یەکتری.

ئەوەش خراوەتەڕوو، شای بەحرەین لە رێوڕەسمی واژووکردنی رێککەوتنەکەی ئیمارات و ئیسرائیل لە 15ی ئەم مانگە لە کۆشکی سپی ئامادەیی دەبێت.

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure