لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بنەما هزریەکانى ئەشعەری قوتابخانەى میانڕەوى لە مێژووى ئیسلامیى

پێش 3 هەفتە


عەدنان سەید ئەمین

پێشەكی
ئەشاعیرە بەو قوتابخانە هزریە دەوترێت کە لەسەر ڕێڕەوى (ئەبولحەسەنى ئەشعەرى)(874/936ز)(1)بوون، یەکێکە لە قوتابخانە گەورە و گرنگەکانى ناو هزرى ئیسلامیى، ئەم قوتابخانە بەوە ناسراوە کە زادەى دوو بۆچونى پەڕگیرى عەقڵگەراکان و دەقگەراکانە، هەربۆیە بە قوتابخانەیەکى میانڕەوخوازى لە مێژووى ئیسلامیدا بەناوبانگە. بەشێوەیەکى خێرا بڵاوبونەوەى بیروباوەڕی –عقیدە – زۆرینەى باوەڕداران. لە زۆرینەى بابەتە گرنگەکانى باوەڕدا هەوڵیانداوە زۆرترین هاوئاهەنگى لەنێوان عەقڵ و دەقدا دروست بکەن، لە پێشینەى ئەوانە بوون کە بەبێ پشتگوێخستنى دەقە ئایینیەکانى دیکە ڕاڤەى عەقڵانى دەقەکان بکەن، خاکى کوردستانیش بەشێک بووە لەو سەرزەمینەى کە بیروباوەڕى ئەشعەری پێ گەیشتووە و چەندین و قوتابخانە و ناوەندى گرنگ هەبوون کە ئەو باوەڕەیان بڵاوکردۆتەوە، ئەم لێكۆلینەوە هەوڵێكە بۆ دەرخستنی سەرەتاى دەرکەوتن و بنەما هزریەکانى ئەشعەری وەک هزرێکى نێوەندگیر لەنێوان بۆچونە جیاوازەکان و هەوڵدان بۆ هاوسەنگى لەنێوان و (عەقڵ) و (دەق) دا.

زەمینەى دەرکەوتنى ئەشعەری
پاش بڵاوبونەوەى ئایینى ئیسلام لە دەرەوەى ناوچەکانى دورگەى عەرەبى و گەیشتنى بەو ناوچانەى کە لە کۆندا خاوەنى ئایین و شارستانییەت بوون و ڕێسا و دەستورى تایبەت بە خۆیان هەبوو، ئیدى ژمارەیەکى زۆر خەڵکی نەتەوەكانی تر هاتنە ناو ئایینى ئیسلامەوە کە هەڵگرى پێشینەیەکى هزرى و ئایینى و کلتورى بوون، بەمەش جۆرێک لە تێکەڵاوى دروستبوو لە نێوان ئەو بیروباوەڕە کۆنانە و ئایینى ئیسلامدا. جۆرێکى دیکە لە بیرکردنەوە و تێڕوانین لە بەرامبەر تێڕوانینى ئیسلام هاتە ناو دنیاى ئیسلام و موسوڵمانانەوە، کە کاریگەرى گەورەیان دروست کرد، زۆرێک لە زانایانى ئیسلام کاریگەر بوون بەو هزر و فەلسەفانەى کە هەبوون لە کۆندا، لە ڕێگەى نووسراوەکانەوە(2). زۆرینەى ئەو نوسراوانەى لە زانا و فەیلەسوفەکانى (یۆنان، هیند و فارس) مابوونەوە لە سەردەمى دەوڵەتى (عەبباسى یەکەم)دا وەرگێڕدرانە سەر زمانى عەرەبى. واى لێهاتبوو گروپ و تاقمى جیاواز جیاواز دەرکەوتن لەناو بازنەى هزرى ئیسلامیدا، هەریەک لەوانە تێڕوانینى جیاوازى بۆ بەرامبەر چەمکەکانى مرۆڤ، بوون و خودا دروست ببوو(3)، ئەمەش پشێوییەکى زۆرى دروست کردبوو. هەندێک لەوانە گەیشتبوونە ڕادەیەک کە ئایینى ڕەسەنى خۆیان کە سەرچاوەکەى (قورئان و فەرموودە) بوو فەرامۆش کردبوو، کەوتبوونە ژێر کاریگەرى فەلسەفە و بیرى ئایینەکانى کۆن کە پێش ئیسلام هەبوون، هەریەک لەمانە شوێنکەوتەیەکى زۆرى هەبوو، چەندین قوتابخانە و ناوەند هەبوون بۆ بڵاوکردنەوەى بیروباوەڕیان. جۆرێکیش پرسیار لەبارەى ئایینەوە دروست ببوو،  باسیان لە بابەتگەلێک دەکرد کە پێشتر باسى لێوە نەدەکرا، لە سەردەمى پێغەمبەر (د.خ) و هاوەڵاندا، بە تایبەت بابەتەكانی ئازادى مرۆڤ، قەدەر، ناچاریەتى مرۆڤــ و ... هتد. هەروەها چەندین بابەتى دیکە. مرۆڤەکانى ئەو دەمە زیاتر دەیانویست لەو بابەتانە تێبگەن و چێژیان لێ دەبینى، لە لایەکى دیکەشەوە کەم تا زۆر هەوڵیان دەدا ئەو بابەتە فەلسەفى و جەدەلیانە بەکاربهێنن بۆ وەڵامدانەوەى ئەوانەى کە باوەڕدار نەبوون بە ئیسلام. واتە هەوڵێک بوو کە بە چەکى خۆیان ڕووبەڕوویان بوەستنەوە و گومانەکانیان وەڵام بدەنەوە. هەروەك وەرگێڕانى زۆرێک لە کتێبەکانى زانستى کیمیا، فیزیا، ئەستێرەناسى، بیرکارى و ... هتد لەوقۆناغەدا برەویان هەبوو(4)، ئەوکاتە بە بەڵگە هێنانەوەى دەق (ئایەت یان فەرموودە) تینوێتى پرسیارکەرى نەدەشکاند، پێویست وابوو بەو شێوازەى کە خۆى بڕوای پێیەتى و بە بەڵگەى لۆجیکى وەڵامی بدرێتەوە.  ئەو ژینگەیە ڕێگە خۆشکەرى دەرکەوتنى چەندین قوتابخانەى هزرى بوو لەناو بازنەى ئیسلامدا، لە پێشەنگى ئەوانەشەوە ئەهلى فەرمودە، جەبریەکان، قەدەریەکان، شیعە، موعتەزیلە و ... هتد. لە پێشەنگى عەقڵگەراکان موعتەزیلەکان بوون کە هەوڵیاندا زیاتر لە هەموو ئەو قوتابخانانە عەقڵانى تر بن و وەڵامى لۆجیکى بەشێک لە پرسە ئایینییەکان بدەنەوە، بێگومان ئەو باوەڕەى موعتەزیلە وەک کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر ئەو گروپانەى کە زیاتر پەیوەست بوون بە ڕاڤەى ڕووکەشى دەقە ئایینییەکان، چونکە هەریەک لەو گروپانە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەوى دیکە دروست بوو، تا گەیشتە ئەوەى کەسێک  لەناو موعتەزیلە بەناوى (ئەبولحەسەنى ئەشعەرى) بەهۆى جیاوازى هزریەوە لێیان جودابویەوە، ئەم کەسایەتییە بە دامەزرێنەرى ئەو ڕێچکە و ڕێباوەڕە دادەنرێت. ئەبولحەسەنى ئەشعەرى چەند پێوەرێکى دانا بۆ هزرى باوەڕەکەى، بەڵام پاش ئەوە چەندین کەسایەتى درێژەیان پێدا بە باوەڕەکەى وەک (ئەبوبەکرى باقەلانى)(950/1013ز) ئەم زانایە لەپاش ئەبولحەسەنى ئەشعەرى بە پاڵپشت و سەرخەرى بیروباوەڕەکانى دادەنرێت(5)، (ئەبو ئیسحاقى ئەسفەرایینى)(949/1027ز) و (جوەینى)(1028/1085ز)(1058/1111ز) و (غەزالى) هەریەک بە بناغەدانەرى هزرى ئەشعەری دادەنرێن و پاش ئەمانیش درێژە بە ڕاڤە و نووسراوەکانیان درا.

گەشەسەند و بڵاوبوونەوەی ئەشعەری
ئەشاعیرە بەو زانا و كەسایەتیانە دەوترێت کە دەگەڕێنەوە سەر ڕاکانى (ئەبولحەسەنى ئەشعەرى)، كە دواتر وەک قوتابخانەیەکى گەورەیان لێهات لەناو جیهانى ئیسلامیدا. یان وێناى بیروڕاى زۆرینەى موسوڵمانان دەکەن.(6)، لەپاش ئەوەى کە (ئەبولحەسەن) ڕووبەڕووى موعتەزیلەکان بوویەوە و بیروباوەڕى بۆ موسوڵمان دەرخست، ئیدى بیروباوەڕەکەى دەستى بە گەشەسەندن کرد لە ڕۆژهەڵاتى ئیسلامیدا، زانایانى سوننە بۆچونەکانى (ئەبولحەسەنى ئەشعەری)یان کردە پێشەنگ و سەرچاوەى خۆیان. زیاتر بڵاوبونەوەى بیروباوەڕى ئەشعەری دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى دەسەڵاتى سەلجوقیەکان و بەتایبەت لە سەردەمى (نیزامولموک)(1018/1092ز)(7)، زیاتر گرنگى بە بیروباوەڕى ئەشعەریەکان درا و قوتابخانەیان بۆ کرایەوە بەناوى (نیزامیە) لە بەغداد و نەیشابور(8)، قوتابخانەى (نیزامیەى بەغداد) گەورەترین مەڵبەندى زانست بوو لە جیهانى ئیسلامیدا لە كاتی خۆی کە پەیڕەو و بیروباوەڕى ئەشعەرى تێدا بڵاودەکرایەوە(9)، لە سەرەتاى جەنگى خاچدروشمەکانەوە ئیدى بیروباوەڕى ئەشعەری زۆربەی ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى گرتەوە، کاتێکیش (سەلاحەدینى ئەیوبى)(1138/1192ز) دەسەڵاتى (فاتیمیەکان)(10)ى ڕووخاند و لەناویبرد، ئیدى تەواو (ئەزهەر)ى کردە ناوەندێک بۆ بڵاوکردنەوە و گرنگى پێدانى بیروباوەڕەکانى ئەشعەری11)، خودى (سەلاحەدین)یەکێک بوو لەوانەى کە زۆر دەمارگیر بووە بۆ بیروباوەڕى (ئەشاعیرە)(12). ئەمەش دواجار بوەهۆى بڵاوبونەوەى بیروباوەڕەكە بەشێویەکى زۆر خێرا و گەیشتنی بە ناوچەکانى کەنارى ئەفریقیا و ئەندەلوس. ئەشعەریەکان  لەو زانایانەن کە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواى جیهانى ئیسلامیان گرتەوە، وەک (ئیبن تەیمیە)(1263/1328ز) لە وەسفیاندا دەڵێت: "زانایان سەرخەرى زانستە ئایینییەکان- علوم الدینیة- بوون"(13). ڕەخنە گیراوە لەوەى کە بیروباوەڕیان هەر دوبارەکەرەوەى موعتەزیلەکان و فەیلەسوفەکانە، یان ئەوەى کە لە زۆر بیروڕادا جیاواز نین(14). بەڵام ئەمە لەلایەن ژمارەیەکى زۆر لە زانایانى کۆن و نوێوە ڕەتکراوەتەوە و بە دور و درێژى ئەوە باسکراوە و بە بەڵگەوە کە بیروباوەڕى موعەزیلە و فەیلەسوفەكان نییە و جیاوازە(15).  (تاجەدینى سوبکى)(1327/1370ز)دەڵێت: "لە ڕۆژى قیامەت گەورە زانایانى ئەم ئوممەتە دەبینمەوە کە هەموویان ئەشعەرین، خودانەکردە دەترسم ئەگەر (ئەبولحەسەنى ئەشعەرى) دوچارى هەڵە بوبێت ئەوە کەسى تێدا دەرناچێ"(16). بێگومان ئەمەش وەک شایەتیەکە کە زۆرینەى ئەوانەى سەرقاڵى زانستە ئایینییەکان بوون لەسەر بیری ئەشعەری بوون و باوەڕى ئەبولحەسەنى ئەشعەرییان پەیڕەو کردووە.

ئەو کەسایەتیانەى کە هەوڵى بڵاوکردنەوەى هزرى ئەشعەریان دا ڕووبەڕووى چەندین کۆسپ بونەوە لەلایەن ئەو کەسانەى لەسەڕ ڕێباوەڕ و ڕێچکەکانى دیکە بوون، بەڵام دواجار بەشێوەیەکى خێرا بڵاوبونەوە و سەرنجى زۆرینەى باوەڕداری موسوڵمانیان بۆخۆیان ڕاکێشا. یەکێک لە ڕۆژهەڵاتناسەکان بەناوى (هینرى کوربان) دەڵێت: "لەگەل بوونى دژایەتییەکى زۆر لەلایەن نەیارەکانیانەوە، بەڵام دەکرێت دان بەوەدا بنێم کە ئەشعەرییەكان توانیان بیروباوەڕى خۆیان سەربخەن و باوەڕى موسوڵمانى سوننى ڕاستەقینە بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە"(17). هەروەها (ویل دیورانت)دەڵێت:" ئەشعەری گەورەترین گاریگەرى هەبووە لە سەرخستنى بیرو باوەڕى (سوننە)دا، بەرامبەر بە (موعتەزیلە) و گروپەکانى دیکە"(18).

بەڵام دەکرێت ئەوەش بڵێین لەپاش ئەبوحەسەن ئەشعەرى زۆر بیروباوەڕى فەلسەفى تێکەڵ بە (موتەکەلیمینى ئەشعەری) بووە و بە جۆرێک بە زەحمەت دەتوانرێت جیاوازى لە کتێبى ئەوان و فەیلەسوفەکان بکرێت. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ویستویانە لە ناخى ڕاوبۆچونە کەلامیەکاندا بیروباوەڕى (سوننە) بخەنەڕوو، ویستویانە بەو شێوازەی خودی فەیلەسوفەکان لە دژیان بوەستنەوە، هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا ویستویانە بە بابەتى (سمعیات)(19)یش پارێزگارى لە باوەڕى موسوڵمانان بکەن. لەبەر زۆرى ژمارەی شوێنکەوتوانی و بەربڵاویان لەناو جیهانى ئیسلامیدا، بە درێژایى سەردەمەکان و ئێستەشى لەگەڵدابێت، سەختە بتوانین بە دور و درێژى باس لە بڵاوبونەوەى بیروباوەڕى ئەشعەری و زاناکانى ئەو بیروباوەڕە بکەین.

پایەى هزری ئەشعەری
بەشێکى گرنگى پایەى هزرى ئەشعەری بریتیە لەو باوەڕەى کە وەک کاردانەویەک بەرامبەر هزرى گروپەکانى دیکە لەلایەن (ئەبولحەسەنى ئەشعەرى)یەوە خراوەتەڕوو رەنگڕێژكراوە. دواتریش لەلایەن چەند کەسایەتییەکەوە بیروڕاکانى تۆکمە کرا و بناغەی بۆ داڕێژرا، لەم بەشەدا بەشێک لە بنەما سەرەکیەکانى هزرى ئەشعەری دەخەینەڕوو:

مرۆڤـ و کار و کردەوەى و تێورى (کسب)
بابەتى کار و کردەوەى مرۆڤــ و پەیوەندى بە قەدەرى خوداوە(20)، یەکێکە لەو پرس و باسانەى کە هەر لە کۆنەوە جێگەى گفتوگۆ و گەنگەشەى ئایین و شارستانیەتە جیاوازەکان بووە، باس لەوە کراوە کە ئایا مرۆڤـ ئازادە لە کار و کردەوەکانیدا یان ناچارە بە کردنیان،  ڕاى مرۆڤەکان و توێژەرەکان بەتایبەتى لەمبارەیەوە دابەش بووە، هەندێک دەڵێن ناچاریە (اجبار) و هەندێک دەڵێن تەواو ئازادیە، هەندێکیش دەڵێن لەو نێوەندەدایە، بابەتى کار و کردەوەى مرۆڤــ و پەیوەندى بە قەدەرى خوداوە یەکێکە لە بابەتە گرنگ و بایەخدارەکانى ناو بیرى ئیسلامیى، هەندێک لە گروپ و تاقمى ناو موسوڵمانان بە پێى تێڕوانینیان بۆ بابەتى (قەدەر) دەناسرێنەوە، لەبارەى سەرهەڵدان گفتوگۆ کردن لەم بابەتە لە ناو بیرى ئیسلامیى توێژەران و مێژوونوسان دابەشبوون بۆ دوو گرووپ، بەشێکیان پێیان وایە کە ئەم بابەتە دەمەتەقێیەکى کۆنى لاهوتى (مەسیحیەت)ە و هاتۆتە ناو گفتوگۆکانى (موتەکەلیمین)ەوە، بەشێکى دیکەش پێیان وایە کە ئەم بابەتە بابەتێکى هەڵقوڵاوى ناو خودى ئایینى ئیسلامە و لە سەردەمى پێغەمبەر(د.خ) و هاوەڵاندا دەرکەوتووە، چونکە ئەمە بابەتێکى سەرەکى ناو بیرى ئیسلامییە و یەکێکە لە پایە سەرەکیەکانى باوەڕ(الایمان)، سەرەتاى باسلێکردنى بەپێى وتەى (موعتەزیلەکان) دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى خەلیغەكانی ڕاشیدین و بەتایبەتیش لە سەردەمى (عەلى کوڕى ئەبو تالیب)(559/661ز)، کاتێک لە جەنگى (سەفین) گەڕاوەتەوە کەسێک پرسیارى چۆنیەتى کشانەوەى لە جەنگەکە لێکردووە، کە ئایا ناچار بووە یان خۆى هەڵیبژاردووە؟ ئەویش وەڵامى داوەتەوە کە خۆى هەڵیبژاردووە(21). موعتەزیلەکان لە سەرەتاى ئەوانە بوون لەناو گروپە موسوڵمانەکاندا کە باسیان لە بابەتى قەدەر کردووە و درێژەپێدەرى بانگخوازەکانى پێش خۆیان بوون(22). (موعتەزیلەکان) پێیان وایە مرۆڤـ دروستکەرى کارى خۆیەتى، بێ ئەوەى خودا ڕۆڵى هەبێت تیایدا(23). لەبەرامبەریشدا بەشێک لە (ئەهلى فەرمودە)  پێیان وابووە مرۆڤـ ناچارە بە ئەنجامدانى کارەکانى و لەدەستى خۆیدا نیبە، واتە دوو شێوازى بیرکردنەوە هەبوون کە (ناچارکردن و هەڵبژاردن - الجبر و الاختیار) بووە(24). ئەشعەرییەكان لە نێوان ئەم دوو ڕایەدا ئەوەیان وت کە خودا دروستکەرى سروشتە و بە دەسەڵاتە، هەروەها مرۆڤیش ئازادە، لەم ڕوانگەیەوە تێورى سەربارکردن (کسب)یان خستە ڕوو، بەو مانایەى خودا کردەوەکان دروست دەکات و مرۆڤـــ بۆ خۆیى سەربارى دەکات و ئەنجامى دەدات. ئەمە دەبێتە دروستکردن لە خودا  و ئەنجامدانى لە مرۆڤــ، مرۆڤـ ئازادە لە ئەنجامدانى ئەو کارانەى کە خودا بۆى دروست کردووە، دواتریش دەتوانێ هەر بە دروستکراوى خۆى بزانێ(25)، واتە مرۆڤ دەبێتە بونەوەرێک کە دەبێتە خاوەنى ویست لە هەڵبژاردنى کارەکانیدا. ئەشعەرییەكان پێیان وابوو نابێت وەک ئەوەى موعتەزیلە دەیڵێن مرۆڤ خاوەنى هەموو ویستێک بێت و خۆى کارى خۆى دروست بکات و خودا هیچ ڕۆڵێکى نەبێت، یان بەشێک لەوانەی دەیانوت کە خودا کارەکانمان پێ دەکات و خاوەنى هیچ هەڵبژاردن و بڕیارێک نین. چونکە هەموو پێیان وابوو تێورى (کسب) هەموو ئازادیەکى داوە بە مرۆڤ و لە بەرامبەریشدا مافی خودایەتى بە خودا بەخشیوە، وەک دروستکەر و سەرپەرشتیار بەسەر مرۆڤەکانەوە.

باوەڕ (الایمان):
سەرهەڵدانى بابەتى باوەڕ دەگەڕێتەوە بۆ پاش ناکۆکیەکانى نێوان هاوەڵانى پێغەمبەر و دەرکەوتنى گرووپ و تاقمە جیاوازەکان. لەوکاتەدا موسوڵمانان دابەش بوون سەر چەند ڕایەک لەبارەى باوەڕەوە، (خەواریج) پێیان وابوو ئەو کەسەى کە موسوڵمان بێت و تاوانێکى گەورەى لێ دەرکەوێت ئەوە بێباوەڕە (کافر)، لە بەرامبەردا (مورجیئە) پێیان وابوو کە باوەڕدارە. (حەسەنى بەسرى)(642/728ز)یش پێى وابوو کە (منافق)ە، ئەشعەرییەكان لەم بابەتەدا زۆر هەوڵیانداوە کە موسوڵمانان لە بێباوەڕکردنى یەکدى دوربخەنەوە، هەوڵیانداوە لێک تێگەیشتن دروست بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش بەڵگەى دەقى ئایەت و فەرموودەیان هێناوەتەوە(26). (باوەڕ) لاى ئەشعەری بڕواهێنانە بەخودا بە دڵ، باوەڕدار باوەڕى هەیە و خاوەن باوەڕە (مؤمن) ئەگەر تاوانى گەورەش ئەنجام بدات، موسوڵمان بە تاوانى گەورە لە ئایین دەرناچێت، هەروەك پێیان وایە کە هیچ ڕێگرییەک نییە لەوەدا کە لە کەسێکدا باوەڕ و دووڕویى و فسق کۆ ببێتەوە، (موعتەزیلە) باوەڕیان بە (جێگەیەک لەنێو دوو جێگەدا)(27) هەیە کە نێوانى باوەڕ و بێباوەڕیە، بەڵام ئەشعەری ئەمە ڕەت دەکەنەوە(28).

پێیان وایە ئەگەر کەسى فاسق پێش دەرکەوتنى حوکمى (فسق) باوەڕدار بوبێت و یەکتاپەرست بوبێت، ئەوە لێدەرکەوتنى (زینا یان هەر تاوانێکى گەورە) لێى لەپاش یەکتاپەرستیەکەى، ناوى باوەڕەکەى بەتاڵ ناکاتەوە و لێى جیا نابێتەوە(29). ئەشعەرییەكان باوەڕیان وایە کەسێک کە تاوانى گەورە ئەنجام بدات ئەوە پاش مردنى کارى دەکەوێتە دەست خودا و پاداشت و سزاى لاى ئەوە، ئەگەر بیەوێت دەیخاتە ژێر بەزەییەوە و ئەگەریش بیەوێت سزاى دەدات بە ڕێژەى تاوانەکەى و پاشان دەیخاتە بەهەشتەوە، یان بەپێى دەقى فەرموودە پێغەمبەر (د.خ) تکاى(30) بۆ دەکات(31). بە هەموو شێوەیەک ئەشعەرییەكان خۆیان پاراستووە لە بێباوەڕکردن (تکفیر)، باوەڕ لاى ئەشعەرى بە تەواوى بریتییە لە بەڕاستزانین بە دڵ بە تەنها، کە وەستابێتەوە لەسەر بەڵگەى عەقڵى و بیستراو وەک یەک(32)

سیفاتى خودا:
ئەشاعیرە نێوەندگیریان کردووە لە نێوان (چوێنەران)(33) و موعتەزیلەکان لەبارەى سیفاتى خوداوە(34)، لەو بارەوەى کە گروپێکیان تەواو لە دەقەکان دەڕوانن و دەرئەنجامى دەبێتە هۆى جەستە (جسم) دانان بۆ خودا، هەروەها لەو لێکدانەوە تەمومژاویانەى کە موعتەزیلەکان بۆى چوبوون، ئەشعەرییەكان خودایان لەو هەموو شتە داماڵى کە پەیوەستبوو بە جەستە و چواندنى بە مرۆڤـ(35). لێکدانەوەیان کرد بۆ سیفاتى خودا لەوەى کە موعتەزیلەکان خودایان دادەماڵى لە سیفاتەکانى، ئەویش لە زۆرى هەوڵیان بۆ پاکڕاگرتنى خودا. سیفاتى خودا خودى (ذات)ی خودا نییە، لە خودیش جیا نەبۆتەوە و غەیرى نییە(36). بەپێچەوانەى موعتەزیلەکانەوە کە چەندین سیفەتى کۆن ڕەت ئەکەنەوە و پێیان وایە نابێت چەندین سیفەتى کۆنى لەگەڵ کۆنى خودادا هەبن. ئەشعەرییەكان هەموو سیفاتەکان بۆ خودا دەچەسپێنن لە (توانا و کەلام و بیستن و بینین و ... هتد) کە ژمارەیان حەوت سیفاتە و سیفاتەکانى دیکەیان لەژێر سایەى ئەو سیفاتانەدا جێگە کردۆتەوە. هەروەها سیفاتى (سلبی)یان بۆ خودا لەبەرچاو گرتووە، بۆ نموونە ئەگەر بوترێت خودا کۆنە (قدیم) کەواتە نوێ و دروستکراو (حادث) نییە، ئەمەش واتاى سلبى بوونى سیفات ناگەیەنێت بۆ خودا.

عەقڵ لاى ئەشعەرییەكان:
بە دەرکەوتنى ئەشعەرییەكان و جیابونەوەیان لە موعتەزیلەکان، ئیدى ڕێڕەوێکى نوێ لەنێو جیهانى موسوڵماناندا بڵاوبویەوە لە چوارچێوەى بیرى (سوننە)دا، شێوازى بیرکردنەوەکە هێڵێکى نێوەند و ناوەڕاستى پەیڕەو کردووە لە نێوان گروپ و تاقمە موسوڵمانەکاندا(37). بە پشتیوانى دەقەکان و عەقڵ توانیان هاوسەنگی دروست بکەن، توانیان لە لایەک دەرگا بکەنەوە بۆ ئازادى عەقڵ و لە لایەکى دیکەشەوە دەقەکان زیندوو بکەنەوە، ماناى دروستى عەقڵى بخەنەڕوو. ئەو دەرگایەیان کردەوە کە لەبارەى زۆر شتەوە بێدەنگى هەڵبژێردرێت، ئەو جۆرە لە باوەڕ مرۆڤى باوەڕدارى دەمارگیرى لە قاڵبى خۆى دەرهێنا و هانیدا بۆ گەڕانى بە دواى ڕاستیدا، توانى جارێکى دیکە پەیوەندیەک دروست بکات و خودا و مرۆڤـ بگەیەنێتەوە بە یەک(38). موعتەزیلە پێیان وابووە کە (عەقڵ بە ڕەهایى پەى بە ناوەڕۆکى ئایین دەبات). بەڵام ئەشعەری پێیانوایە ئەمە بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆى ڕەتکردنەوەى ئایین و لە بەرامبەریدا گۆڕینى بۆ باوەڕهێنان بە عەقڵ، ئەوکاتە نرخى باوەڕ (ئیمان) بە خودا چ دەبێت؟ یان بە کتێبە نێردراوەكان (قورئان)، زۆربەى جار دەقى قورئان ئاماژە بەوە دەدات کە ئیمان بە (غەیب)(39) بنەڕەتێکى سەرەکى ژیان و کاروبارى ئایینە، ئەگەر ئەوە هەرەس بهێنێت ئەوە پایەکانى ئایین هەرەسیان هێناوە (غەیبیات)، ئەمەش جۆرێكە کە لە سنورى بەڵگەی عەقڵى تێدەپەڕێنێت، بەکارهێنانى عەقڵ وەک پێوەرێکى ڕەها بۆ کاروبارى بیروباوەڕ دژ دەبێت لەگەڵ بنەڕەت و پایەى سەرەکى باوەڕ بە غەیب، هەربۆیە ئەشعەری لە چوارچێوەى بیروباوەڕدا هەوڵیانداوە کە پێکەوە گونجان دروست بکەن لە نێوان ئەو دوو بەرەدا، واتە بارە ئایینییە غەیبیەکان و عەقڵ. گرنگى بیرى ئەشعەری بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە توانیویەتى نێوەندگیرى لە عەقڵدا لەبەرامبەر موعتەزیلە دروستبکات.

هەروەها عەقل لە بەرامبەر نەقڵ دا وەک پێویستیەک بەکارخراوە، نەک ئەوەى بۆ هەر پرسێک عەقڵ پێش بخرێت بەسەر بار و فرمانە ئایینییەکاندا. عەقڵ وەک ئاسان تێگەیەشتنى دەقەکان بووە و ڕوونکردنەوەى بەشێک لەو دەقانەى کە ماناى پەنهانیان هەیە ماناى ڕوون نابەخشن و پێویستیەکە لاى ئەشعەری کە لێکدانەوە (تأویل)ى بۆ بکرێت.

ئافرێنراوى قورئان (خلق القران):
ئەم بابەتە کێشەیەکى گەورەى دروست کرد لە ناو جیهانى ئیسلامیدا لە سەردەمى (مەئمون)(786/833ز)، کە خەلیفەى عەبباسى بوو، مەئمون هەوڵى چەسپاندنى بیروباوەڕى ئافرێنراوی قورئانى دەدا، ژمارەیەکى زۆریش لە زانایان کە باوەڕیان بەم بابەتە نەبوو دەخرانە زیندانەکانەوە(40).، پشێویەکى گەورە دروست بوو، تا ئەوەى پێشەوا (ئەحمەدى کوڕى حەنبەل)(780/855ز)(41) لەسەرى زیندانى کرا، تەنانەت بە ئاستێک گەیشتووە کە پێشەوا (شافیعى)(767/820ز) نامەیەکى بۆ ناردووە و داواى لێکردووە دان بە خۆدا بگرێت لەو ستەمەى کە بەرامبەرى دەکرێت(42).

ئەشاعیرە لەم بابەتەدا نێوەندگیریان کرد لە نێوان (چوێنەران) کە پێیان وایە قورئان بە پیت و دەنگەکەى ئەزەلییە و موعتەزیلە کە پێیان وایە دروستکراوە لە شوێندا (فی مکان) کە پیت و دەنگە، وتویانە ئەگەر ئەزەلى بێت ئەوە سیفەتى خودایە و هاوبەشیەتى لە ئەزەلدا(43). ئەشعەری جیاکاریان کرد لە نێوان دوو شتدا: دەستەواژە و پیتەکان و دەنگەکان کە دروستکراوە، کەلامى سەربەخۆى خوداش کە کۆن و ئەزەلییە. چونکە کەلامى خودا سیفەت و حیکمەتى ئەزەلى ئەوە و ناگۆڕێت(44). بەو مانایەى پێیانوایە قورئان کۆنە، سیفەتى (کەلام)ى خودایە، کە دورە لە دەنگ و پیتەوە، بەڵام ئەگەر تەماشاى قورئانیش بکەین پێکهاتووە لە کتێبێکى نوسراوى دەستەواژەدار، لە ماوەیەک لە ماوەکان دابەزیوە، ئەوە دروستکراوە. کەواتە نێوەندگیرى بوو لە نێوان موعتەزیلەکان و بەشێک لە گروپەکانى دیکە، سەبارەت بەو پرسە، بابەتى قورئان و کەلامى خودا پەیوەندى بە سیفاتى خوداوە هەبوو کە پێشتر لەڕێى بەڵگەى عەقڵى و دەقى قورئان و فەرمودەوە وەڵامیان دابویەوە.

تەکفیركردن
باوەڕ لای ئەشعەری بڕوا هێنانە بەخودا بە دڵ، تاك باوەڕی هەیە و خاوەن باوەڕە (مۆمن)، ئەگەر تاوانی گەورەش ئەنجام بدات، موسوڵمان بە تاوانی گەورە لە ئایین دەرناچێت. خودى ئەشعەری کە پێشەواى گروپەکەیە پێی وایە هیچ ڕێگرییەك نییە لەوەدا كە لە كەسێكدا باوەڕ و دووڕویی كۆ ببێتەوە، موعتەزیلە باوەڕیان بە (جێگەیەك لەنێو دوو جێگەدا) هەیە كە نێوانی باوەڕ و بێ باوەڕییە، بەڵام ئەشعەری ئەمە ڕەت دەكاتەوە(45).

ئەشعەری باوەڕی وایە  كەسێك تاوانی گەورە ئەنجام بدات ئەوە پاش مردنی كاری دەكەوێتە دەست خودا و پاداشت و سزای لای ئەوە، ئەگەر بیەوێت دەیخاتە ژێر بەزەییەوە و ئەگەریش بیەوێت سزای دەدات بە ڕێژەی تاوانەكەی و پاشان دەیخاتە بەهەشتەوە. یان بەپێی دەقی فەرموودە پێغەمبەر (د.خ) تكای بۆ دەكات(46) وەك پێغەمبەر (د. خ) فەرموویەتی: تكای من بۆ باوەڕدارەكانی ئومەتمە كە تاوانی گەورەیان ئەنجام داوە(47). ئەبولحەسەنی ئەشعەری زۆر خۆی لەوە پاراستووە كە بەرامبەر لە بازنەی ئایین دەربكات و تەكفیریان بكات، (زەهەبی)(1274/1348ز) دەڵێت: لەو بەسەرهاتەی كە چەسپاوە، سەرسام بووم پێی، (بەیهەقی) گێڕاویەتیەوە ئەوەیە كە (زاهیری كوڕی ئەحمەدی سەرخەسی) دەڵێت: كاتێك مردنی ئەبولحەسەنی ئەشعەری نزیك بویەوە، چومە لای لە ماڵەكەی خۆی لە بەغداد، بانگی كردم و لێی نزیكبوومەوە و پێی وتم: شایەتی ئەوەم بۆ بدەن كە هەرگیز هیچ كەسێكم لە ئەهلی قیبلە تەكفیر نەكردووە، چونكە هەمووان بۆ یەك مەبەست هەوڵ دەدەن و یەك پەرستراویان هەیە،  بەڵام جیاوازی لە دەستەواژە و دەربڕینەكانیاندایە (48).

ئەوەی پێویستە بوترێت ئەوەیە كە ئەشعەری بەڵگەیان بەوە هێناوەتەوە کە کردەوەى مرۆڤ بەشێک نییە لە پایەکانى باوەڕهێنان و بەڵکو دڵ و پاشان کردەوەیە، كار و كردەوە(عمل)ی مرۆڤی نەخستۆتە بازنەی باوەڕەوە، بەڵام (خەواریج) كار و كردەوەی مرۆڤیان بە بەشێك لە باوەڕ داناوە، ئەگەر مرۆڤی باوەڕدار واز لە یەكێك لە كارەكان بهێنێت ئەوە پێی بێباوەڕ دەبێت، یان ئەگەر كارێكی پێچەوانەی باوەڕ بكات، ئەوە بێباوەڕ دەبێت. بەڵام ئەشعەری پێيان وایە كە باوەڕ پەیوەندی بە دڵەوە هەیە و مرۆڤی باوەڕدار بە كار و كردەوەیەك بێباوەڕ نابێت. كار و كردەوە بەشێك نییە لە باوەڕ،  ئەمەش ئەوپەڕی خۆپاراستنە لە بێباوەڕكردن.

دەسەڵات و دەوڵەتدارى:
ئایین و دەسەڵات لەناو جیهانى ئیسلامیدا پرسێکى کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانى دەرکەوتنى خەلیفەکانى ڕاشیدین. بەڵام بەشێوەیەکى زەق و دیار نەبووە، ئەو گروپانەى لەبارەى ئەو پرسەوە دواون بۆ ئەو سەرەدەمەیان گەڕاندۆتەوە. یەکێک لەو گروپانەى کە لە بابەتى شێوازى دەسەڵات و دەوڵەتدارى دواون ئەشعەرییەكانن.
بەشێوەیەکى گشتى پرسى پێشەوایەتى (الامامة) یەکێکە لە پرسە هەستیارەکان لای ئەشعەری، بەشێك پێیان وایە کە ئەوە بابەتێکى بنەماى ئایینە (اصول الدین) و لەزۆرینەى کتێبەکانى باوەڕ (عقیدە) لێى دواون، بەشێكی تریشیان دەیخەنە چوراچێوەی بابەتە فیقهییەكانەوە(49).

پێیان وایە کەسایەتى دەسەڵاتدار دەبێت چەندین مەرجى تێدابێت کە لە خەلیفەکانى (ڕاشیدین)دا وەک پێوەر دانراوە بۆ بوونیان بە دەسەڵاتدار، پێشەوایەتى پێویستیەکى سەرەکى موسوڵمانانە و دەبێت بە وریاییەوە مامەڵەى لەگەڵ بکرێت و کەسێکى شیاو لەسەر بنەماى شەریعەت هەڵبژێردێت، چونکە بە بڕواى ئەوان شەریعەت باڵاترین دەسەڵاتە بۆ هەڵبژاردنى دەسەڵاتدار، کۆمەڵێک لە شارەزایانى شەریعەت بەناوى (اهل الحل و العقد) دەستنیشان دەکرێن بۆ ئەوەى کەسێک وەک دەسەڵاتدار و خەلیفە هەڵبژێرن کە تەواوى مەرجەکانى تێدابێت و لە (قورەیش) بێت، هەربۆیە لەلاى ئەوان ئەو پێوەرانە دیارى کراون بۆ دەسەڵاتدار، خەلیفەکانى ڕاشیدین شیاوترینى هەڵبژێردراوەکانن و لەپاش ئەوان ئیتر دەسەڵاتى سیاسى لەژێر ویستەکانى شەریعەت دەرچووە، خیلافەت و سیاسەت لەلاى بەشێكی زۆری ئەشعەرییەكان زیاتر پرسێکى فیقهییە نەک عەقیدەیی و ناچێتە بازنەى باوەڕەوە. واتە وەک بابەتێکى دنیایى تەماشاى دەکرێت. هەرکات ئەو بابەتە مەرجەکانى بەجێ نەهات ئەوا پرسەکە ڕادەگیرێت و (تعطیل)دەبێت، وەک چۆن زۆر پرسى فیقهی هەیە لەگەڵ گۆڕینى سەردەمەکەیدا گوِڕانکارى بەسەردا هاتووە و نەماوە، کەواتە بابەتى خیلافەتیش لەگەڵ نەبوونى مەرجەکانیدا لە ئێستادا بە پێویست نازانرێت. هەروەها ئەشعەرییەكان بەزۆرى نێوەندگیریان کردووە لە نێوان خەواریج و بەشێک لە حەنبەلیەکان، لەلایەک خەواریج زۆر توندن بەرامبەر دەسەڵاتى سیاسى کە پێوەرەکانى تێدا بەدى نەهاتبێت و لەلایەکى دیکەش حەنبەلییەكان پێیان وایە هەرکەس هاتە سەر دەسەڵات دەبێ گوێڕایەڵى بکرێت لەهەر دۆخێکدا بوو. ئەشعەریەكان پێیان وایە لەکاتى بوونى دەسەڵاتێکى نادادپەروەر پێویست ناکات گوێڕایەڵى بکرێت ئەگەر لەژێر هەر ناوێکیشدا بێت، بەشێوەیەکى گشتى هزرى ئەشعەری نێوەندگیرییە لەنێوان گروپە جیاوازەکان لە تێڕوانییان بۆ بابەتى سیاسەت و دەسەڵات(50).

دەرئەنجام
ئەشعەری گروپێکى گرنگى ناو قوتابخانە هزریە ئیسلامییەکانن، لە ماوەیەکى کەمدا دەرکەوتن و گەشەیان بەخۆوە بینى، ئەم گروپە بویە ڕێباوەڕى زۆرینەى موسوڵمانى سوننە، ئەو پشێویەى لە جیهانى ئیسلامیدا بوونى هەبوو رێگەى بۆ دەرکەوتنى چەندین گروپ و تاقمى جواروجۆر خۆش کرد، لەو نێ،ەندەشدا ئەشعەری کە وەک کاردانەویەک لە بەرامبەر دوو گروپى عەقڵگەرا و دەقگەرادا دەرکەوت.

ئەبولحەسەنى ئەشعەری دامەزرێنەیر ئەم رێبازەیە، هەر بەناوی ئەویشەوە ناونرا، پاش ئەو چەندین نووسەر و کەسایەتى بنەماى گرنگیان بۆ ئەو ڕێباوەڕە داڕشت و فراوانیان کرد، دواتریش بە هاوکارى دەسەڵاتى سیاسى بەشێوەیەکى زۆر خێرا گەشەیان سەند و بڵاوبونەوە.

لەبارەى کردەوەى مرۆڤەوە ئەشعەری تیۆری سەربارکردن (کسب)ى هێنایە ناوەوە، لەبارەى سیفاتى خوداوە (موعتەزیلەکان) پێیان وایە کە خودا داماڵراوە لە سیفەتەکانى کە لەگەڵیدا بن و وەک خۆى کۆن بن. بەم شێوەیەش چەند کۆنێک دروست دەبێت لەپاڵ خودادا و ئەمەش مەحاڵە و ناکرێت. بەڵام (ئەشاعیرە) ئەم سیفەتانەى چەسپاند بۆ خودا و جەختى لەوە کردەوە کە ئەو سیفەتانە پەیوەستن بە خوداوە و کۆنن.

بەلای ئەشعەریەوە باوەڕ بریتییە لە باوەڕهێنان بە دڵ، کردەوەش نابێتە بەشێک لەو باوەڕە، بەڵکو بەهێزکاریەتى. بۆیە هیچ کەس تەكفیر ناکەن کاتێک تاوانێکى گەورەى لێ ڕوودەدات. زۆر خۆیان دەپارێزن لە تەكفیركردن. عەقڵ پێگەیەکى گەورەى هەیە لە هزرى ئەشعەریدا، پێش ڕووکەشى دەق دەکەوێت و لەڕێى عەقڵەوە بە مانا و مەبەستەکانى دەق دەگەن. هەندێک لەو دەقانەى کە مانایەکى ڕوونیان نییە و بەتایبەت لەبارەى سیفاتەوە، لێکدانەوەى (تأویل) بۆ دەکرێت. نێوەندگیریەکیان کرد کە بتوانن لەیەک کاتدا پشت بە عەقڵ و دەقیش ببەستن.

سەبارەت بە قورئان ئەشعەری ئەو بیرۆکەیەى دانا کە قورئان بە کەلامەکەى کۆنە و سیفەتى خودایە، بەڵام لە نووسراو و پیتدا دروستکراو و داهێنراوە. ئەمەش وەک نێوەندگیریەک لە نێوان ئەو هزرەدا کە هەریەک ئەوى دیکەى بە بێباوەڕ دەزانى.

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

1-ئەبولحەسەنى ئەشعەرى: ناوى تەواوى عەلى کوڕى ئیسماعیل کوڕى ئەبى بیشر. لە ساڵى (260ک/874ز) لە (بەسرە) لەدایک بووە. بە چەندین پشت دەگاتە هاوەڵى پێغەمبەر(ئەبو موساى ئەشعەرى)کە ساڵى (44ک)مردووە.  سەرەتاى خوێندنى لەسەر بیروباوەڕى (موعتەزیلەکان) بووە و لاى (ئەبو عەلى جوبائی)(849/916ز). لەسەر ئەم بیروباوەڕە ماوەتەوە تاوەکو چل ساڵ. بەڵام دواتر گۆڕانکارى بەسەر بۆچونیدا هاتووە و کەوتۆتە ڕەخنەگرتن لێیان و ڕێچکەیەکى لە بیروباوەڕ جودا کردەوە، بەم هۆیەشەوە نازناوى (ئەبولحەسەنى ئەشعەرى) بوو شوێنکەوتوانى پێیان وترا ئەشاعیرە یان ئەشعەری، وەک پەیڕەوییەک لە نازناوەکەى کە (ئەشعەرى)یە. ئەم کەسایەتیە ساڵى (324ک/936ز) لە (بەغداد) مردووە. ويكبيديا: ابوالحسن الاشعري، https://ar.wikipedia.org/wiki
2-د.حسن إبراهیم حسن: تاریخ اڵاسلام السیاسی-الدینی-الثقافی-الاجتماعی ، ط15، دارالجیل، (بیروت-1422هـ/2001م).ج3/ص138.
3-محمد عبدالعزيز المعايطة: الفلسفة الإسلامية، ط1، دار الحامد، عمان،  2007م، ص 18-19.
4-د.ماجد الفخري: تاريخ الفلسفة الإسلامية، ترجمة: د.كمال اليازجي، ط1، الدار المتحدة، بيروت، 2004م،  ص15 .
5-ابن خلكان: وفيات الأعيان وأنباء أبناء الزمان، ط7،  دار صادر، بيروت 1994م. ج3/ص284.
6-هنرى كوربان: تاريخ الفلسفة الاسلامية، ت: نصر مروه، حسن قبيسى، ط2، عويدات، بيروت1998م. ص١٨٨. عبدالرحمن بن صالح :موقف إبن تيمية من الأشاعرة، ط1، مكتبة الرشد، (الرياض- 1415هـ/1995م).ص437. اشعريان ضة كسانى هستند ؟ (8/5/2015)محافل مذهبي عقيق : http://aghigh.ir/fa/news/37222/
7-ئەبو عەلى حەسەن کوڕى عەلى کوڕى ئیسحاقى توسى، گەورە و بەتوانا و وەزیرى (ئەلب ئەرسەلان و مەلەکشا)، ساڵى (408ک/1018ز) لەدایکبووە، یەکێک بووە لەو کەسانەى کە لە ماوەى ژیانیدا زۆر گرنگى داوە بە بنیاتنان و دروستکردنى مزگەوت و پرۆژەى خزمەتگوزارى و زانستگە و قوتابخانە، لەوانە (نیزامیە) لە (نەیشابور) و (بەغداد)و (توس)، لەلایەن (ئیسماعیلیەکان)ەوە تیرۆر کراوە لە ساڵى (485ک/1092ز). بۆ زیاتر زانیارى بڕوانە، علي محمد الصلابي: دولة السلاجقة، ط1، مؤسسة إقرأ، القاهرة1427هـ/2006م، ص 122-123.
8-نەیشابور: یەکێکە لە شارە گەورەکان، فراوانییەکى زۆرى هەیە و ژمارەیەک ناوچە سەر بە ئەوە، لەسەر ڕێگەى (جورجان)ە، لە ساڵى(30/650ز) لە سەردەمى (عوسمانى کوڕى عەفان) لەلایەن (عەبدولاى کورى عامر) ئیسلامى پیگەیشتووە، دانیشتوانەکەى تێکەڵەن لە عەرەب و عەجەم. بۆ زیاتر زانیارى بڕوانە، اليعقوبي: البلدان، ط1، دار الكتب العلمية، بيروت1422هـ، ص20.
9-القريزي: المواعظ والاعتبار بذكر الخطط والآثار، ط1، دارالكتب العلمية، بيروت1418هـ. ج4/ص358.
10-یەکێکن لە دەسەڵاتە بەهێزەکان لە مێژووى ئیسلامیدا کە شیعە مەزهەب بوون، لە ناوچەکانى (میسر و مەغریب و یەمەن) لە ساڵانى (909-1171ز) دەسەڵاتیان هەبووە و هەوڵى بڵاوکردنەوەى بیروباوەڕى شیعەیان داوە لە ناوچەکانى باکورى ئەفریقیا، تا لەسەر دەستى (سەلاحەدین) دەوڵەتەکەیان دەڕوخێنرێت. بڕوانە، موقع (قصة الاسلام) http://islamstory.com
11-على محمد الصلابي: دولة الفاطمية، ط1،مؤسسة إقرأ، القاهرة1427هـ/2006م، ص 69؛ علي محمد الصلابي: صلاح الدين الأيوبي و جهوده في القضاء على الدولة الفاطمية، ط1، دار المعرفة، بيروت1429هـ/2008م، ص 263.
12-الذهبي: سير اعلام النبلاء، تحقيق: شعيب الارناؤوط،ط11،(1417هـ/1996م)،مؤسسة الرسالة، (بيروت-لبنان)،ج1/ص13.  وتەى (عبدالقادر الأرناؤوط).
13-السيد محمد بن علوى المالكى: مفاهيم يجب ان تصحح، ط5، وزارة الاوقاف، دبي-1415هـ/1993م، ص 111.
14-سفر بن عبدالرحمن الحوالى: منهج الاشعرة العقدية، دار منابر الفكر، السعودية، بدون سنة الطبع، ص 21. على باثير: زانايانى ئيَمة كيَن و ضؤنن ؟!، ض 1، هةوليَر، (1422ك/2001ز).ل184.
15-حمد الزنان، فوزى العنجرى: اهل السنة الاشاعرة و ادلة العلماء، دار الضياء، بيروت، بدون سنة الطبع،  ص74. السبكي: طبقات الشافعيية الكبرى، محقق:د.محمود محمد الطناحي ،  د.عبدالفتاح محمد الحلو،  طـ 2،  هجر للطباعة و النشر 1413هـ، ج6/ص129.
16-السبكي: م. س، ج2/ص13.
17-هنرى كوربان: تاريخ الفلسفة الاسلامية، ت: نصر مروه، حسن قبيسى، ط2، عويدات، بيروت1998م. ص190.
18-ول ديورانت: قصة الحضارة، دارالجيل، بيروت، 1408هـ/ 1988م. ج13/ص203.
19-واتە دەقەکان لە قورئان و سوننەت. کە باس لە گۆڕ و بەهەشت و دۆزەخ و سزا و پاداشت و سیرات و میزان و ... هتد دەکات. زانایانى کەلام هەوڵیانداوە کە ئەم بابەتانەش بە بەڵگەی عەقڵى بسەلمێنن.
20-قەزا: بوونى هەموو مومکیناتە لە ئەزەلەوە لە (لەوحلمەحفوز) بە کۆکراوەیى لاى خودا. قەدەر: دەرچونى مومکیناتە لە نەبونەوە بۆ بوون، یەک لەدواى یەک، ئەوەى لێرەدا و ئێستا دەبینرێت. قەدەریش بوونى پەرتەوازەیە لە بوندا پاش بەدیهاتنى مەرجەکانى تیایدا. بڕوانە، الجرجاني:التعريفات، ط1، دارالكتب العلمية، بيروت1403هـ/1983م. واتە بەو مەرجانەدا دەزانرێت کە قەدەرە.
21-ابن المرتضى: ذكر المعتزلة و طبقاتهم، تحقيق: توما آرنلد، ط1، دار الوراق، بيروت 2008م. ص 12.
22-الصفدي: الوافي بالوفيات: تحقيق: احمد الأرناؤوط و تركى مصطفى، دار إحياء التراث العربي، بيروت-1420هـ/2000م. ج27/ص245.
23-ابن خلدون: مقدمة ، بدون عدد الطبعة ،  شركة دار الارقم، (بيروت ، لبنان- 2001م).ص276.
24-د.سميح دغيم: فلسفة القدر في فكر المعتزلة، دار التنوير، بيروت2007م، ص56.
25-هنرى كوربان: م. س ، ص186.
26-دی بور: مێژووى فەلسەفە لە ئیسلامدا، و: ئارام ئەمین شوانى، چ1 ، چاپخانەی موکریان، هەولیر 2013ز. ل69.
27-د. عبدالرحمن بدوي: مذاهب الاسلاميين دار العلم للملايين،  بيروت، بدون سنة الطبع. ج1/ص555-556.
28-د.عبدالقادر محمود الحسين: امام اهل الحق (ابوالحسن الاشعري)، ط1، المشرق للكتاب، دمشق، 1431هـ/ 2001م. ص64-65.
29-لە ماناى (المنزلە بین المنزلتین)دا لە جیاتى هەر شتێک پیگەمان بەشیاو زانى بۆ (مەنزیلە)ى کە (موعتەزیلە) مەبەستیانە.(توێژەر).
30-الاب سهیل قاشا: المعتزلە ثورە فی الفکر اڵاسلامی الحر، ط1، التنویر للطباعە و النشر، لبنان2010م، ص 254.
31-الأشعري: اللمع في الرد على أهل الزيغ و البدع. تحقيق: محمود غرابة، مطبعة مصر 1965م. ص75-76.
32-مەبەست پێى ئەم فەرمودەیە: عن أنس بن مالک، عن النبى صلی الله علیه و سلم قال: ((شفاعتى لاهل الکبائر من امتی)). أبو داود: سنن ابو داود، تحقيق: محمد محي الدين عبدالحميد، باب الشفاعة،  المكبتة العصرية، بيروت، ج3/ص236رقم الحديث (4739).
33-عبدالرحمن البدوي: م.س، ج1/ص564.
34-عبدالرحمن البدوي: م.ن ،ج1/ص565.
35-المشبهە (چوێنەران): بەو تاقم و گروپە دەوترێت کە خودا دەچوێنن بە دروستكراوەكان (مخلوق) و دەڵێن (خودا لەسەر عەرش دانیشتووە و لەوێیە و خاوەن دوو قاچ و دەستە و مرۆڤی بە دەستى دروستکردووە. بە ئاشکرا ئەمە دانانى پەل و پۆیە بۆى،  دوو چاوى هەیە و دادەبەزێت و سەردەکەوێت، یان لە ڕۆژى قیامەت دێت لەگەڵ مەلائیکەکان. چەندین وتەى دیکە کە ئەمە جەستە (جسم) دانانە بۆ خودا. پێیان دەوترێت (موجەسیمە) بڕوانە الشهرستانى: الملل و النحل، تحقیق: محمد سید کیلانی، دار المعرفە، بیروت1404هـ. ج1/ص112-113.
36-الأب سهيل قاشا:المعتزلة ثورة في الفكر الاسلامي الحر ، ط1، التنوير للطباعة و النشر، بيروت، لبنان-2010م).ص251
37-ابن خلدون: م،س ص501.؛ المقريزي: م.س، ج4\ص193.
38-دى بور:سەرچاوەی پێشوو ل 69.
39-دى بور: ه،س، ل69. ؛ هنرى كوربان: م.س، ص181
40-د.ماجد الفخري: تاريخ الفلسفة الاسلامية، ت: د.كمال اليازجي، ط1، الدار المتحدة، بيروت2004م. ص289.
41-گومان یاخود ئەوەى لێت نادیارە (یؤمنون بالغیب) واتە ئەوانەى کە باوەڕیان هەیە بەوەى کە نەیاندیوە. دەنگێک لە غەیبەوە واتە لە شوێنێکەوە کە چاو نەیدیوە (غەیب) بە ماناى ئەوە دێت کە شتێک نادیار بێت لە چاو و نەتوانرێت درکى پێ بکرێت. بۆ زیاتر بڕوانە، ابن منظور: لسان العرب، ط3، دار صادر، بيروت1414هـ،  ج1/ص654. فصل الغين المعجمة.
42-ابن الجوزي: مناقب إمام احمد، تحقيق: د.عبدالله بن عبدالمحسن التركى، ط2، دار هجر، الرياض1409هـ، ص 348-349- 386.
43-ئەحمەد کوڕى محەمەد کوڕى حەنبەل، ئەبو عەبدوڵا شەیبانى وائیلى، پێشەواى مەزهەبى حەنبەلى، یەکێکە لە چوار پێشەواکە، لە بەغداد لەدایکبووە لە (164ک/780ز). ژمارەیەک نووسراوى هەیە، لە ماوەى (مەئمون)دا ناچارکراوە بە فتواى دروستکراوى قورئان، بەڵام رەتیکردۆتەوە و لەسەرى زیندانى کراوە. دواتر لە زیندان ئازادکراوە و ڕێزى لێگیراوە. لە (241ک/855ز)، مردووە، .بروانە الزركلى: الأعلام، ط 15، دار العلم للملايين، بدون مكان الطبع، 2002م. ج1/ص203-204
44-ابن عساكر: تاريخ دمشق، تحقيق: عمر بن غرامة، دار الفكر، السورية 1415هـ/1995م،  ج5/ص311.
45-سهيل قاشا: م.س، ص 252.
46-مصطفى بن عبدالرحمن العطاس: عقيدة الإمام الأشعري، ط1، دار الأصول، اليمن2004م، ص56. ؛ هنرى كوربان: م.س، ص186. ؛ دى بور: س.ث ، ل69.
47-د. عبدالرحمن بدوی: م.س. ج1/ص564.
48-أبو داود: سنن ابو داود، تحقیق: محمد محی الدین عبدالحمید، باب الشفاعة، المكتبة العصریة، بیروت ج3/ص236 رقم الحدیث (4739).
49-الذهبي: سير اعلام النبلاء، ج11/ص393.
50-د. بدرالدين شيخ رشيد: اصولية الامامة عند الاشاعرة، المثقف، 31/10/2019:  http://www.almothaqaf.com/a/b6/940870
51-‌‌‌‌‌‌‌‌ چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا عەدنان خالید ڕەسوڵ، هەڵگری بڕوانامەى ماستەر لە بنەماکانى ئایین،10/4/2020: سليمانى.

 

ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان

نوێترین

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure